
هاتنه‌دی پاییزه خه‌ونێ
خێرهاتی بانچاو
قه‌دری دڵ و
قه‌دری گیانم،
ئه‌ی کیژۆڵه‌ی گوندی ..
ئاسکۆڵه بزێوی یاداوه‌رییه‌کانم،
ئه‌وکات؛
مه‌مکۆڵه‌کانی تۆ
تازه به ترپه‌ی دڵه ئهوینگرتووهکهت،
هه‌ڵتۆقیبوون..
منیش بۆ دڵداری، مناڵ و
بۆ پارتیزانی هه‌رزه‌کاربووم.
که‌چی ئه‌وڕۆ؛
کیژۆڵه‌که‌ی تۆ،
له‌نێو بۆره‌قه و سه‌رپۆشدا..
پیره‌ژنێکی حه‌فتاساڵه
منیش بۆ دڵداری، پیرهك و
بۆ رامیاری چه‌پێکی هه‌رزه‌کار.
گشت ئه‌مانه، ڕێکه‌وت نین،
هه‌رچه‌ند زۆرجار؛
ڕیکه‌وت منی کردۆته ئه‌کته‌ری،
نیۆ فیلمه هیندییه‌کان..
بمبوره،
گه‌ر بڵێم به‌ڕاده‌یه‌ك له‌بیرم کردبووی..
بیست و سێ ساڵ ته‌مه‌نێکه و
کیمیابارانیش قه‌ده‌ری نه‌گه‌ڕانه‌وه و
ئاواره‌ییش،
زۆر دیمه‌نی تێدا کرده خه‌زان
بیست وسێ ساڵ ناوبه‌ناو،
کراسێکی سه‌وزی واڵا..
وێنای تۆی ده‌هێنایه‌وه سه‌ر شانۆی یاداوه‌ریم؛
وه‌ك کارمامزێ،
له‌نێو شه‌خه‌ڵی ڕووداوه‌کاندا،
سهرهتاتکێت له‌گه‌ڵ ده‌کردم.
به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ك مناڵیی،
به خه‌یاڵ نه‌ده‌فڕیم..
نه‌مده‌توانی پاش بیست و سێ ساڵ
دیدارت، وێنا بکه‌م.
من بگه‌ڕێمه‌وه کوردستان و
تۆش بێیت بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌م..
تۆ کیژۆڵه‌که‌ت له باوه‌شتدا و
منیش کوڕه‌که‌م له هه‌نده‌ران،
دڵته‌نگ بێ به سه‌ردانه‌وه‌م.
هه‌ردووکمان له خه‌ونێکدا؛
به‌ده‌م خه‌م و شه‌رمه‌وه،
یاداوه‌ری بیست و سێ ساڵ له‌وه‌وبه‌ر..
بۆ یه‌كتر بگێڕینه‌وه.
تۆ پێتوابوو ماندووم و خه‌وم دێ..
منیش، چاوم بڕوای نه‌ده‌کرد،
یاداوه‌رییه‌کی بیست و سێ ساڵ له‌وه‌وبه‌ر..
له‌ته‌کم بکه‌وێته گفتوگۆ.
ئه‌مه بۆ من خه‌ون بوو و ڕوودانی،
ته‌نیا ده‌متوانی له فیلمه هیندییه‌کاندا وێنا بکه‌م.
ماندوو نه‌بووم و خه‌وم نه‌ده‌هات،
نا؛
ئه‌وه‌ی تۆ به‌رامبه‌ری دانیشتبووی..
جه‌سته‌یه‌کی داهزراو بوو و
گیانی شه‌که‌تی،
یاداوه‌ری گه‌شتێكی بیست و سێ ساڵه..
ئه‌وه‌ی بۆم چێ نه‌ده‌بوو،
به‌راوردی وێنه و وێنای
کیژۆڵه‌یه‌کی سروشتیی گوندی و
ژنێکی بورقه پۆشی شاری بوو.
ئاسمان و ڕێسمانه،
نێوان خه‌ون و خۆزگه
خه‌یاڵ و که‌توار
بۆره‌قه و کراسی واڵا
ژنکردن و ئه‌وینداری،
ئه‌مانه‌م پێکه‌وه بۆ کۆناکرێنه‌وه..
ناچارم هانا به‌رمه‌وه به‌ر فیلمه‌که‌ی سه‌نگام.
هه‌رچه‌ند ئه‌وینی من و تۆ،
له چه‌ند نیگانامه، ته‌مه‌نی تێنه‌په‌ڕی..
به‌لام له شایی ئهوینداریما،
له‌شانی سه‌رچۆپییه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕی.
نازانم تۆ چه‌نده منت له‌بیر مابوو؟
به‌لام که هاتی،
دیتم حهسرهتێك له هه‌نگاوه‌کانت ئاڵابوو..
هێشتا نیگای هه‌رزه‌کارانه‌ی بیست و سێ ساڵ له‌وه‌به‌ر،
سروشتی سروشته گوندییه‌که‌ی له‌ده‌ست نه‌دابوو.
ساتێك وڕوکاسبوون..
بڕوانهکهردنیی ئه‌م خه‌ونه،
له بهرامبهریهکدا بێده‌نگ دایناین..
ویستم بڵێم، لێومان هاوسات که‌وته بزوان.
وتت خۆزگه به‌وسا..
به‌و ڕۆژانه‌ی دوور له ئێستا..
بێده‌نگبووم، شه‌رم دایگرتم..
له‌ناخه‌وه حه‌زم ده‌کرد له ئامێزت گرم؛
ساتێ دوو به دوو،
چیرۆکه‌کانی بیست و سێ ساڵی ڕابوردووت بۆ بگێڕمه‌وه.
بدرکێنم وه‌ڵامی نیگانامهکانت..
ئه‌و نامانه‌ی له کیمیابارانه‌که‌دا لێم به‌جێمان.
بۆت باسکه‌م،
چۆن شار به شار، ولات به ولات..
هه‌ر ئارامگه‌یه‌ك هاتبێته سه‌ر ڕێم،
له گڵکۆیه‌کی بێ ناو و نێشاندا..
به‌و هیوایه‌ی بگه‌نه‌وه ده‌ستت،
وه‌ڵامه‌کانم به خاك سپاردوون..
چونکه له زیندوومانت دڵنیا نه‌بووم،
دڵنیا نه‌بووم..
له ڕه‌هێڵه‌ی کیمیاباران و
کاروانی ئه‌نفالدا زیندوو گه‌ڕابیته‌وه.
من فیلمه هیندییهکانم پێخۆش بوون..
چون ئه‌وه‌ی له که‌تواردا ئه‌سته‌م بوو،
له‌وێدا ده‌متوانی ئه‌گه‌ر بۆ ساتێکیش بێت،
خه‌ون به خۆزگه‌کانمه‌وه ببینم.
له‌گه‌ڵ خه‌نده‌یاندا سه‌ماکه‌م و
له‌به‌ر ڕێژنه‌ی گریانیاندا،
گوناهه‌کانم بشۆمه‌وه.
له‌گه‌ڵ داره‌داره‌یان، هه‌ڵبێم و
له سه‌رمادا خۆم به ئاگری،
داره‌مه‌یتی مردووه‌کانیان گه‌رم که‌مه‌وه.
زۆرجار شه‌وان..
خه‌یاڵ هه‌ڵیده‌پێچام و
به دزی حهسحهسهکانهوه،
زیخم ده‌گرته په‌نجه‌ره‌که‌تان..
تۆش خه‌یاڵ ههڵیدهگرتی و
په‌نجه‌ره‌که‌ت ده‌کرده‌وه و
له پشت تارمایی دارتووه‌که‌دا..
جارجاره وهرزهبایێ،
له‌به‌ر رۆسنایی مانگه‌شه‌و
سه‌مای جه‌سته‌مانی،
له‌سه‌ر دیواره قوڕینهکهتان، وێنه ده‌کێشا.
ده‌زانی چه‌نده خۆشه به‌خه‌یاڵ فڕین..
زۆرجار له زیندانه‌وه،
به‌ره‌و گونده‌که‌تان هه‌ڵده‌هاتم.
چون دڵنیابووم گونده‌که‌ی ئه‌نگۆ،
هێشتا لاقی ئاسایشه‌کانی پێڕانه‌گه‌یشتووه.
ئه‌گه‌ر به بۆنی سێبهرهکهشمدا،
شوێن پێم هه‌ڵگرن..
هیشتاکه هیوایه‌کم به کادانهکهی ئێوه ده‌ما..
قه‌دری گیان ئه‌وه مه‌رگی سروشته،
منی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران و
شوێن ماڵه‌که‌ی ئه‌نگۆشی،
کردۆته چۆڵه‌وان.
ده‌زانم تۆ،
که سه‌رنجی شه‌قامه ئه‌سفالت و
هاندییهکهی باخه‌ڵت ده‌ده‌ی..
حه‌زت به گه‌رانه‌وه،
بۆ دۆشینی مانگا زههرد و
بژار و پاچه‌کۆڵه نییه.
به‌ڵام من ئاره‌زووم له گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سروشت،
چون ده‌توانم بێ پشکنین و مۆڵه‌ت
به‌ره‌و شاره‌زوور..
بفڕ‌م و له خوار ئاوایی،
تاوێك به بۆنی پوشوپه‌ڵاش ..
گڵ و کارگی بن داربییهکان، خۆم مه‌ست که‌م
به یادی جاران، بچمه ژووانه‌وه و
لاقه ماندووه‌کانم، بخه‌مه نێو
ئاوی کانییه‌که‌ی خوار ئاوایی
تاوێ گوێ بۆ هۆره‌ی ڕێبواران ڕادێرم و
خه‌مه‌کانی دووره ولاتیم
بۆ داربییهکان بگێڕمه‌وه..
17ی ئایاری 2008