Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئاوات ئەحمەد لە تەوەرى نوسینو خوێندنەوەدا

ئاوات ئەحمەد لە تەوەرى نوسینو خوێندنەوەدا

Closed
by July 24, 2008 گشتی

      
 ئەمڕۆ نێوەندى روناكبیرى كوردى لەكۆمیدیایەكدا ژیان دەكات، بەدەست دەردێكەوە دەناڵێنێت كەدەتوانین بەپەتاى نەخوێندنەوە ناوزەدى بكەین! دەیان روژنامەى زەردو سەدان كتێبى هیچ لەبازاڕدا بەرچاودەكەون، دەزگاگەلێكى چاپو پەخش لەم هەرێمە بچوكەى ئێمەدا دەبینرێن كەبەزەحمەت لە بیۆگرافیاكانیاندا كتێبێك، تەنها یەك كتێبى چاك دەدۆزیتەوە، ئەگەر بەختت هەبێت.
 رۆژنامەى هەرزان، نوسەرانى سادەگۆو پیشەیى، روشنبیرى موزەیەفو بەناو روناكبیرى بێئاگا لەدونیا، دەسەڵاتێكى سیاسى بێخەمو بێخەبەر، لە زەمینە سازیەكانى ئەم نەخۆشیەن… ئەمڕۆ لەلاى ئێمە تاڕادەیەك هاوكێشەى نوسەرو خوێنەر لەپێچەوانەبونەوەدان، خوێنەرانێكمان لە ئاستێكدا هەن كەلێناگەڕێن هەموو شتێك بەسەریاندا تێپەڕێت، لەحاڵێكى وادا دەبێت نوسەرى ئێمە حسابێكى جدى تر لەدەیەكانى پێشوو بۆ خوێنەر بكات.
 ئێمە لێرەدا لەبارەى گرنگى خوێندنەوەو ئاشنابوون بە كتێبو كلتور، وەك دەروازەیەك بۆ دۆزینەوەى پێگەى خۆمان جارێك وەك مرۆڤو جارێك وەك نەتەوە، لەمەڕ بەهەند وەرگرتنى مەعریفە وەك مەرجى یەكەم لەپرۆسەى نوسیندا، ئیشى ئیلهامو رۆڵى مەعریفە لەبەرهەم هێنانى دەقدا، لەمەڕ ئەو پاشا گەردانیەى رۆژنامەوانىو رۆشنبیرى كوردى، دەستەیەك روناكبیرو نوسەرى جدیمان لەم تەوەرەدا كۆكردەوەو لەم پرسیارەدا پەیامى خۆمان كورتكردەوە:
  
 لەكاتێكدا تێكستە گەورەكانى دونیا زادەى مەعریفەن نەك ئیلهام، كەچى نووسەرى ئێمە كەم دەخوێنێتەوەو زۆر دەنووسێت! نووسینى دواى ئەم هەموو نەخوێندنەوەیە رۆشنبیریى كوردىو بەتایبەتیش ئەدەبیات بەرەو سادەگۆیىو هیچ نەوتن نابات؟

 
 
 ئاوات ئەحمەد:
 
 كە جیاوازى لە بیركردنەوەو بۆچوونەكاندا نەبوو، ئیتر بونەوەرەكان هەموویان لە یەكتریی دەچنو وەكو یەك بیردەكەنەوە، بونەوەرێكى لەمجۆرەو لەناو ژینگەیەكى ئاواهیدا غەدرێَكى گەورەى لێدەكرێت داواى داهێنانى لێبكرێت
 
 بەڵام زانین خۆى زادەى چیە؟ باشترین وەڵامێك بەم پرسیارەى بدەینەوە ئەوەیە بڵێین زادەى ئازادییە، ئازادى بە چ مانایەك؟ ئازادى بە مانا لۆكییەكەى، واتە ئازادى لە دەسەڵاتێكى ناڕەواى ستەمكار، ئەو چەشنە ئازادییەى كە دەبێتە هۆى خوڵقاندنى مرۆڤى سەربەخۆى خاوەن بیركردنەوەى سەربەخۆ. لەم كەلتورەدا ئازادییەكى لەوجۆرە بوونى نیە. مرۆڤى ناو ئەم كەلتورە چواردەورى بە سانسۆر تەنراوە، ژیانى پڕێتى لەهێڵی سوور، ناتوانێت بە ئازادى بیربكاتەوە (بیركردنەوەى ئازاد بەماناى ئازادبوون لە جیاوازییدا، لە كردە ناوەڕەواكانى دەسەڵاتى نهێنىو ئاشكرا، كە پێچەوانەى ئەوانیدى بیربكاتەوە، كە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆى بدات). ئەو بوونەوەرەى خاوەنى ئازادى بیركردنەوە نەبێت، وردە وردە تواناى بیركردنەوەش لەدەستدەداتو سەرەنجام دەبێت بە بونەوەرێكى نەرآ. بوونەوەرە نەرێكانیش جیاوازى بنەڕەتى لەتێڕوانینەكانیاندا نیە، تێڕوانینەكانى بەتاڵن لە ماناى ئەقڵیو پڕن لە ماناى عاتیفى. كە جیاوازى لە بیركردنەوەو بۆچوونەكاندا نەبوو، ئیتر بونەوەرەكان هەموویان لە یەكتریی دەچنو وەكو یەك بیردەكەنەوە. بونەوەرێكى لەمجۆرەو لەناو ژینگەیەكى ئاواهیدا، غەدرێَكى گەورەى لێدەكرێت ئەگەر داواى داهێنانو بەرهەمهێنانى زانینى لێبكرێت.
 دەقە مەزنەكان شارستانێتى گەورەیان لەپشتەوە هەیە، ئەوە شارستانێتییە كە بونەوەرە جەنگەڵییەكەى كرد بە مرۆڤ، مرۆڤێك ئازاد نەبێت، ناتوانێت ژیانى خۆى تاقیبكاتەوە، ژیانێكیش كە تاقینەكرابێتەوە، ژیانێكى رەمەكییانەیە نەك ئەقڵییانە، ژیانى رەمەكییانەش دەقی گەورە بەرهەم ناهێنێت، چونكە هەرگیز وەكو سۆكرات پرسیارە ناكات: پێویستە چۆن بژین.
 خوێنەرێك كە بەرهەمى بونەوەرێكى رەمەكییانەى لەبەردەستدا بێت، چى دەخوێنێتەوە جگە لە شیعر؟ چ جۆرە شیعرێك؟ لێوانلێو لە هەستو بەتەواویی خاڵی لە هزر. شاعیر كێیە؟ كەسێكە لەسەر شعور (هەست) كاردەكات، هەربۆیەشە لە یەكێك لە هەوڵەكانى وەرگێڕانى وشەكەدا بۆ سەر زمانى كوردى، یەكێك هەوڵیدا بیكات بە (هەستیار). دەمەوێت بڵێم كە من زاراوەى شاعیر زۆر بە فراوانى وەردەگرم، واتە تەنها مەبەستم لەوانە نیە كە سەرقاڵی شیعر نوسینن، بەڵكو مەبەستم لە تەواوی ئەوانەیە كە وەك شاعیر بیردەكەنەوەو جیهان دەبیننو لە ئەندێشە شیعرییەكاندا بەشدارن، بگرە تەنانەت مەبەستم لەوانەشە كە بەبۆچوونى خۆیان لەكایەى دیكەى غەیرى شیعردا كاردەكەن، بەڵام بەشێوەیەك لە شێوەكان، هەموویان هەر شاعیرن.
 شاعیر شارەزایە لە بوارى هەستدا، هەستى ناسكە، لە ئازارو ژانەكان، لە جوانى…هتد تێدەگات. ئەمانە ئەو دەستەواژانەن كە بەردەوام لەم كەلتورەدا دووبارە دەكرێنەوە، خودى شاعیرەكان كێبڕكێیانە لەسەر ئەوەى كآ باشتر ئەم گوزارشتە بكات. شاعیرترین كەس نزیكترین كەسە لە هەستەوە، نزیكترین كەسیش لە هەست، دوورترین كەسە لە هزرەوە، لێرەدا شتێكى مانادارە كە دەبینین شاعیر لەناو هەموو توێژەكانى كۆمەڵگاوە دێتە دەرەوە، شاعیر تەنها پێویستى بە هەستێكى ناسكە، لەپالأ كەمێك شارەزاییو دەستڕەنگینیدا كە بە ئەزمون فێرى دەبێت. هۆى ئەمەش پێمان سەیر نیە كە كەسێكى نەخوێندەوار، نابینا، كەسێك لە رووى سایكۆلۆجییەوە دروست نەبێت، ئاستى پەرەسەندنى ئەقڵیی بەرز نەبێت، هەموو ئەمانە بۆیان هەیە ببن بە شاعیر.
 بەشى هەرەزۆرى قەڵەمبدەستانى ئەم كەلتورە شاعیرن، بۆیە بەشى هەرە زۆرى تێكستەكانمان تێكستگەلێكن كە تێڕامانى هەستییانە بەرهەمیانهێناون، نەك تێڕامانى ئەقڵییانە. شاعیر ئەوەندە پێویستى بە خوێندنەوەى شیعرو گەڕان بەدواى وشەى دڵگیرو سەرنجڕاكێشدا هەیە، ئەوەندە پێویستى بە خوێندنەوەى تێكستە مەزنەكان نیە. شاعیر كەسێكى ئەندێشەیی نغرۆى ناو هەستە ناوەكییەكانەو دوورە لە واقیع، ئەو هەمیشە لە ژیان رادەكات، بۆیە هەرگیز ناتوانێت لەوە تێبگات كە بۆچى سۆكرات دەڵێت ژیانێك تاقینەكرابێتەوە، شایستەى ژین نیە، هەرگیز پرسیار لە ژیانى چاكو ژیانى خراپ ناكات، بە هیچ شێوەیەك گرفتە هاملێتییەكەى لەمەڕ بوون یان نەبوون نایهەژێنێت.
 ئەو كەلتورەى لەبەرهەمهێنانى دەقی هزرییدا لاوازبێت، بە دڵنیایی لەبەرهەمهێنانى دەقى هەستیدا دەوڵەمەندە، لەبەرامبەرى بیرمەندەكاندا شاعیرەكانى هەیە، لەكاتێكدا كە هیچ گومانێكم نیە لەوەى لە ساتەوەختى ئێستادا كەمترین ژمارەى ئەوانەى بیردەكەنەوە، دەكەونە ئەم ناوچە جوگرافییەى ئێمەوە، گومانیشم نیە لەوەى كە زۆرترین ژمارەى شاعیران هەر لەم ناوچەیەدایە.
  خوێنەر تەمەلأ نیە، خوێنەر بەرهەمى ئەم كەلتورەیە، كە تێیدا هەندێك كتێب هەن كە جارەها چاپدەكرێنەوەو ژمارەى زۆریان لـآ كۆپی دەكرێت، دەوانە دەقگەلێكن كە لەگەلأ ئەوو میزاجەدا دەسازێن كە خودى كەلتورەكە بەرهەمى هێناوە. لاى ئەوانە خوێندنەوە كردەیەكى ئینفیعالییانەى سادەیە، تەنها لە ئاستى یەكەمى پرۆسەكەدا دەوەستێت، واتە بریتیە لەوەى هێماكانو وێنەكان لە رێگەى چاوەوە بگوێزرێنەوە بۆ سەنتەرەكانى هەستكردن، بۆ ئەوەى بەشێوەیەكى هەستییانە ماناى ئەو هێماو وێنانە لەگەلأ ئەزمونى رابردووى بوونەوەرەكەدا دیاریی بكاتو هاوشوناسیی لەگەڵدا بكاتو سەرەنجام بە چێژێكى هەستییەوە لە پرۆسەكە بێتە دەرەوە. ئەم پرۆسەیە هەرگیز ناچێتە ئاستێكى دیكەوە، واتە لە سەنتەرەكانى هەستكردنەوە ناگوێزرێتەوە بۆ سەنتەرەكانى هەڵسەنگاندن (مەبەستم لەو سەنتەرانە زیاتر مەبەستێكى وەسفییە نەك جێگەیی)، واتە خوێنەر هەوڵی پوختەكردنى ماناو مەبەستى نوسەرو رێكخستنەوەى نادات بە خواستى ئەوەى ئەزمونێكى نوآ بخاتە سەر ئەزمونەكانى خۆى، لەبرى دووبارەكردنەوەى ئەزمونێكى رابردوو، تا سەرەنجام توانا ئەقڵییەكانى خۆى زیاتر گەشەپێبكاتو ئاستەكانى وردبوونەوەو تێڕامانى بڵندتر بكاتەوە.
 ئەو تێكستانەى لەگەلأ ئاستى یەكەمى خوێندنەوەدا دەسازێن، چین جگە لە شیعر، وتارى ئاینى، پەندو ئامۆژگارى، خوێندنەوەى بەخت، شێوازەككانى ئامادەكردنى خۆراك…هتد؟ ئەم تێكستانەش لەم كەلتورەدا رەواجى خۆیان هەیەو بەهاى مینۆكىو ئابوریشیان بەرزە. بە پێچەوانەوە ئەو تێكستانەى تایبەتن بە ئاستى دووهەمى خوێندنەوە، بە زەحمەت جێگەیان دەبێتەوەو لە جوغزێكى تەسكى دەستەبژێرییدا دەمێننەوە.
 
 مەسەلەكە نە پەیوەندى بە تەمەڵی خوێنەرەوە هەیەو نە بزریی دەقە مەزنەكانەوە (زۆرێك لە دەقە مەزنەكان لە سەردەمى نوسرانیاندا بێزراو بوونو رەواجیان نەبووە) مەسەلەكە كەلتورێكە كە شورایەكى سۆزییانەى بەدەورى خۆیدا كێشاوەو ماوەیەكى یەكجار درێژە خەریكى دووبارەكردنەوەى خۆیەتى. هۆیەكانى ئەمە چین؟ ئەمە مەسەلەیەكە دەكەوێتە دەرەوەى ئەو چوارچێوەیەوە كە بۆ نوسینى ئەم دێڕانە دیاریكراوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.