Skip to Content

Tuesday, January 25th, 2022

سكرتارییه‌ته‌كه‌ی عیماد ئه‌حمه‌دو …..

Be First!
by August 26, 2009 گشتی

سكرتارییه‌ته‌كه‌ی عیماد ئه‌حمه‌دو سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چیان پێكردین ؟

كامه‌ران سوبحان

له‌ مانگی نیسانی ئه‌مساڵدا له‌گه‌ڵ حه‌وت هونه‌رمه‌ندی تر له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی له‌ سلێمانییه‌وه‌و له‌سه‌ر ئیفادی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداری فێستیڤاڵێكی هونه‌رییمان كرد له‌ به‌ریتانیا، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئوردن نزیكه‌ی(10) رۆژ سه‌فاره‌تی به‌ریتانیا فیزه‌كه‌ی دواخستین، دواتریش فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ (10)رۆژ دواكه‌وت، ئه‌مه‌ وایكرد ئه‌و سه‌فه‌ره‌مان یه‌ك مانگ بخایه‌نێت، بۆ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش سه‌رۆكی وه‌فده‌كمان هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو سه‌روی خۆی له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی ئاگادار ده‌كرده‌وه‌.
 دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕاینه‌وه‌، له‌ 20/5/2009دا مامه‌ڵه‌ی ئیفادمان ده‌ستپێكرد و به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌زیری رۆشنبیریی به‌ دوو كتابی جیاواز و له‌ دوو كاتی جیاوازدا به‌ ژماره‌ (3952 له‌ 7/6، 5649 له‌ 20/7) دوو جار ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئاگاداركرده‌وه‌، چونكه‌ ئیفاد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ سه‌رووی 15رۆژه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندایه‌.بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ رۆتینیات هه‌ردووكتابه‌كه‌ خۆمان بردمانه‌ سكرتارییه‌تی به‌ڕێز  عیماد ئه‌حمه‌دی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، یه‌كه‌مجارییان نزیكه‌ی یه‌ك مانگی پێچوو، له‌كاتێكدا به‌پێی زانیاری ئێمه‌ دوای دوو رۆژ كاك عیماد ئیمزای كردبوو. بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و كتابه‌ به‌ بێ زیاده‌رۆیی زیاتر له‌ 30 كه‌سایه‌تی گرنگی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ هه‌ر له‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، وه‌زیر، سكرتێری وه‌زیر، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ و ئه‌دیبی گه‌وره‌، رۆژنامه‌نووس، راوێژكارێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و چه‌ندین راوێژكاری حكومه‌ت و زۆر كه‌س و كه‌سایه‌تی تر، ته‌له‌فوونی كرد بۆ نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ مه‌به‌ستی به‌ دواداچوونی ئه‌و كیتابانه‌.. پێشتریش هه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆمان كه‌سانێك بۆ ماوه‌ی 48 رۆژ، 25 رۆژ ،30 رۆژ، ئیفادی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان بۆ كراوه‌ به‌بێ هیچ سه‌ر ئێشه‌یه‌ك، به‌ڵام دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌سانێك هه‌بوون له‌ ناو نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ مه‌به‌ستی ته‌سفیه‌ حسابی تایبه‌تی، كۆسپیان ده‌خسته‌ به‌رده‌م كتابه‌كه‌مان و هه‌ر جاره‌ی به‌ شێوازێك ونیان ده‌كرد، تا دواجار هاوڕێه‌یه‌كی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت (كه‌ ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و مه‌عریفه‌ته‌) به‌ شه‌خسی خۆمی وت:"ئه‌وه‌ی رۆی رۆی، ئه‌توانی نوسخه‌یه‌كی ترمان له‌و كیتابه‌ بۆ بێنیت؟". پاشان ئه‌وه‌شمانكرد، تا گه‌یشتینه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران زۆر حیكایه‌ت و زۆر سه‌ر ئێشه‌ روویدا، دواتر چووینه‌ ژووری به‌ڕێز سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران (محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی) دوای چه‌ند ژوور و ئه‌م دیودیوكردن وتیان ده‌بێت جارێكی تر سیغه‌ی ئه‌م كیتابه‌ بگۆڕێت، دواتر چوینه‌ وه‌زارتی رۆشنبیریی سیغه‌ی كیتابه‌كه‌مان گۆڕی.. جارێكیتر  كیتابمان گه‌یانده‌وه‌ سكرتارییه‌تی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، بڕیاربوو له‌ دوای دوو رۆژ ئیمزامان بۆ بكه‌ن و كاره‌كه‌مان ته‌واوبێت، به‌ڵام نه‌ك دوو رۆژ، نزیكه‌ی دوو مانگه‌ ئێمه‌ هه‌ر به‌ دوای ئه‌و ئیمزایه‌وه‌ین به‌ هه‌مان شێوه‌و به‌ هه‌مان تاس و حه‌مام كیتابه‌كه‌ له‌ نێوان (شێركۆ عه‌بدوڵڵا و نه‌وزاد) له‌ سكرتارییه‌تی جێگری سه‌رۆك غه‌رقی ئاو بوو..ده‌یان و سه‌دان به‌رپرسمان كرد به‌ گژی ئه‌م دوو كه‌ڵه‌ پیاوه‌دا بێفایده‌ بوو، دواجار رۆژێك له‌ رێگه‌ی به‌رپرسێكه‌وه‌ خۆم كرد به‌ نووسینگه‌كه‌یاندا بینیم ده‌یان مامه‌ڵه‌ له‌و ناوه‌ له‌سه‌ر مێز و زه‌وی كه‌وتبوون، گوایه‌ ئیمزاكراون و ده‌نێرن بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام مه‌گه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی سلێمانی بكه‌وێته‌ ئیش و ئه‌و كیتابانه‌ به‌رێت!
به‌ هه‌ر حاڵ دواتر وتیان كیتابه‌كه‌تان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ له‌ هه‌ولێر لای (محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی) سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،  ئێمه‌ش كه‌ چووینه‌ لای وتی:"ئه‌مه‌ی ئێوه‌ زۆر ئاسان و یاساییه‌ دوو رۆژی تر ته‌واو ده‌بێت".
 دوو رۆژه‌كه‌ی جه‌نابی سكرتێر بوو به‌ دوو مانگ و زیاتریش، تا دوو رۆژ پێش هه‌ڵبژاردن جارێكی تر رۆیشتینه‌ لای وتی:"وه‌عدی شه‌ره‌فبێت هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌كه‌ی ئێوه‌ یاساییشه‌، به‌ڵام نا یاساییش بێت به‌ ئیستسنا بۆتان ده‌كه‌ین".
 دوای هه‌ڵبژاردن من خۆم ته‌له‌فونم بۆكرد دیسانه‌وه‌ محه‌مه‌د قه‌ره‌داخی وتی:"كتابه‌كه‌تان نێراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا". به‌راستی توشی سه‌رسوڕمان بووم! پێم وت بۆ به‌ڕێز ئێمه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ هه‌یه‌، وتی:"په‌یوه‌ندیتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ كاری زانكۆیه‌ و ئیفاد و زه‌ماله‌ی خوێندن!".
دوای ئه‌وه‌ یه‌كسه‌ر تێگه‌یشتم جه‌نابی سكرتێری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ ئه‌و ره‌قه‌مه‌ی لێدابێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ به‌ به‌رپرسێكی وتبوو سبه‌ی مامه‌ڵه‌كه‌یان ته‌واو ده‌كه‌م، دواتر و دوای چه‌ند په‌یوه‌ندی تر، دیسانه‌وه‌ وتی:"به‌یانی وه‌رنه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆتان ته‌واوده‌كه‌م". كه‌ چووینه‌ ژووره‌كه‌ی نه‌یهێشت ده‌مبكه‌ینه‌وه‌ كتابه‌كه‌ی لێوه‌رگرتین وتی:"چه‌ند رۆژێكی تر به‌ چاوان  كاره‌كه‌تان ته‌واوده‌بێت".  ئێستا سێ مانگ و چوار رۆژی رێك به‌سه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌ماندا تێپه‌ڕێوه‌و ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و دێڕه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ر كیتابه‌كه‌مان به‌ قه‌ڵه‌مێكی سه‌وز بنووسرێت "ره‌زامه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردن"، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو جار جه‌نابی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و دێڕه‌ی نووسی، به‌ڵام گروپه‌كه‌ی چوارده‌وری  دیزه‌ به‌رخۆنه‌یان پێكرد!
  به‌ڕێزان كتابێك دووجار به‌ جه‌نابی وه‌زیر ئیمزا بكرێت و سێجار له‌ سكرتارییه‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ون بێت و دووجار  جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئیمزای بكات، به‌ڵام هێشتا پاره‌ی ئیفاده‌كه‌ نه‌گه‌شتبێته‌وه‌ ده‌ستی ئێمه‌، كێ له‌م كێشه‌یه‌ تاوانباره‌ و كێ گه‌نده‌ڵه‌ و كێ سیماو كاری به‌رپرسه‌كان ناشیرین ده‌كات؟ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بزانین ئه‌وه‌ كاك عیماد ئه‌حمه‌ده‌ كاره‌كان جێبه‌جێناكات یان سكرتارییه‌ته‌كه‌یه‌تی كه‌ له‌ پشتی ئه‌وه‌وه‌ هه‌ر جاره‌ی به‌ شێوازێك و به‌ بیانوویه‌ك ده‌یانه‌وێت كێشه‌ بۆ ئێمه‌ درووست بكه‌ن و له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئیشه‌كه‌ماندا دروستبكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن به‌رپرسی نووسینگه‌ی سلێمانی عیماد ئه‌حمه‌د به‌ ته‌له‌فون سیخورمه‌یه‌كی وه‌شاند له‌ من و به‌ناوی گاڵته‌و گه‌په‌وه‌ وتی:"هه‌رچه‌نده‌ ئێوه‌ ره‌خنه‌شمان لێده‌گرن، به‌ڵام ئێمه‌ كاره‌كه‌تان بۆ ده‌كه‌ین".، دیاره‌ جوان كاره‌كه‌یان بۆ كردووین!

Kamaran977@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply