Skip to Content

Monday, January 18th, 2021

سه‌ركرده‌كانی كوردو دوالیزم له‌ بڕیاری سیاسیدا

Be First!
by June 22, 2013 گشتی

 

 

 

یه‌كێك له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه‌ ڕابه‌رو سه‌ركرده‌ی به‌رجه‌سته‌ی  پێیده‌ناسرێته‌وه‌ ، هه‌ڵوێست و ئۆتۆریته‌ بوونه‌ له‌ فه‌رمانه‌كانیدا ،  ڕاشكاوانه‌ و ڕاست گۆیی  دوور له‌ دوالیزم له‌ بڕیاری سیاسیدا ، هه‌روه‌ها سوور بوون و جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر پراكتیك كردنی میتودو  به‌رنامه‌ و په‌یامی سیاسی  كه‌ له‌و گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی  كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ری  ڕێكه‌وتوون به‌ شێوه‌یه‌كی كرداری له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا .  دیسان چاودێری كردنی  زۆر  ووردو درشت  له‌ مه‌ڕ پاراستنی مافی مرۆڤ و پانتایی ئازادیه‌ مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كانی هاو نیشتمانیان , ئه‌ركێكی دیكه‌ی زۆر هه‌ستیار بۆ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك بریتیه‌ له‌ به‌ دواداچوون و هه‌ڵ َسه‌نگاندنی  پایه‌ی ئابووری و ئاستی  ژیان و گوزه‌ران و ڕه‌فاهیه‌ت و ئاسوده‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی  هاوڵاتیان  له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی  وڵات كه‌ له‌ به‌ر ده‌ستدایه‌  ،  به‌ مه‌رجێك ژیان و توانای گوزه‌رانیان  هاوتا  بێت له‌ گه‌ڵ دۆخی نرخی بازاڕ به‌ پێی ڕۆژ ،  هه‌روه‌ها گونجاو و ته‌با  بێت به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كه‌ قورسایی نه‌خاته‌ سه‌ر شانی هاوڵاتیان  ، ڕه‌وشی ژیان به‌ چه‌شنێك بێت  ببێته‌ فاكته‌ر و بارته‌قای  به‌ ده‌ست هێنانی دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وڵاتدا , به‌و مانایه‌ی  دۆخی ئابووری و پله‌ به‌ندی  ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی  جێوازی چینایه‌تی نه‌خوڵقێنێت له‌ نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگاو په‌شێوی و ته‌قینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ دوای خۆیدا بێنێت  و ، هێزه‌ جێوازه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نیشتمان  به‌ره‌و ناكۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی  و به‌ریه‌ك كه‌وتن و وێرانه‌ و  پێكه‌وه‌ نه‌گونجان  ئاراسته‌ بكات . (فینۆمینۆی سه‌ركرده‌) به‌رپرسیاریه‌كی مۆراڵی مێژووی و ئینسانی  زۆر گه‌وره‌یه‌ ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا خه‌سڵه‌تێكی جێواز تری هه‌یه‌ كه‌ ڕۆشنبیری  و بوێری و جه‌ساره‌ته‌ به‌ بێ‌ دوو دڵی له‌ هه‌ڵوێستی سیاسیدا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پیلان و نه‌خشه‌ و بڕیاره‌ سیاسیه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی دژ به‌ ولاته‌كه‌ی و هاونیشتمانه‌كانی ئاراسته‌ ده‌كرێن بۆ  پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌و پرۆتستۆ كردنیان . له‌ كۆی ئه‌و پیناسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ كردمانن بۆ ((سه‌رۆك   و  سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان)) ئه‌گه‌ر سرنجێكی خێرا بده‌ینه‌ مێژووی ژیانی سیاسی زۆربه‌ی زۆری سه‌ركرده‌و مه‌كته‌ب سیاسیه‌ كلاسیكیه‌كان و به‌ میراتی جێگره‌وه‌ نوێكانیان له‌ دنیای سیاسی ئێمه‌دا ، مێژوویه‌ك بووه‌ پڕ له‌ شكست و  سوڕانه‌وه‌ له‌ نێو بازنه‌یه‌كی  پووچدا ، هه‌نگاوو بڕیاره‌كانیان مه‌ودایه‌كی زۆر دوور بووه‌ له‌ لۆژیك و زانستی سیاسه‌ت ، پتر چڕبوونه‌وه‌  بووه‌ له‌ نێو عه‌قڵی خێڵ و به‌ دیهێنانی خواست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خێڵ ، بچووك بون و خۆ به‌ كه‌مزانین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تری بێگانه‌و !!، سته‌مكارو كۆلكه‌ دكداتۆر له‌ ڕه‌فتاره‌كانیدا به‌رامبه‌ر وویست و ماف و ئازادیه‌كانی  هاونیشتمانیان ,  دوگم بوون و ته‌سلیم بوون به‌ ترادیسیۆن و كولتوری ئێكس پایه‌رو، تێنه‌گه‌یشتن له‌ تاكتیك و ستراتیژ و عه‌قڵی پراكماتیكی له‌ سیاسه‌ت كردندا ، دژایه‌تی كردنی چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی مۆدێرن و بیر كردنه‌وه‌ی نوێ‌  كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهێنان و پێشكه‌وتنه‌ له‌ دنیای هاوچه‌رخدا ، ئه‌مانه‌و  ده‌یان ڕه‌فتاری كۆنسێرفاتیزمی دیكه‌ش  هاو نشینی ژیانی سیاسی سه‌ركرده‌ كلاسیكه‌كانی كورد بووه‌ به‌ جۆرێك ڕۆ چووه‌ته‌ نێو  ((هیمۆگلۆبینی خوێنیانه‌وه‌و)) بووه‌ته‌ فاكتێك بۆ ته‌ریك بوونه‌وه‌  له‌ به‌ ده‌ست هێنانی به‌های زانیاریه‌ نوێكان و ڕۆڵی كۆمیكایشن و په‌یوه‌ندی به‌ دنیای هاو چه‌رخه‌وه‌ ، لوت به‌رزی و تاكڕه‌وی له‌ بڕیارو حوكم كردندا بۆته‌ هۆی  به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی پانتای ئازادیه‌كان و دیمۆكراسی   . ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی  كه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ مێژووی سیاسی سه‌ركرده‌كان ، نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ ،  قۆناغ له‌ دوای قۆناغ  پاراستویانه‌و  درێژه‌یان پێداوه‌  بریتی بووه‌ له‌ دوالیزمه‌ بوونی مۆراڵی سیاسیان و  ،  كۆنسێرفاتیزم له‌ ڕه‌فتارو بیركردنه‌وه‌یاندا ، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ش  بۆته‌  په‌تایه‌كی  سه‌ره‌كی  شكست و دواكه‌وتنه‌كان، له‌ ڕه‌وتی شارستانیه‌ت و پرۆژه‌ی سیاسی مۆددێرنه‌  هاو شێوه‌ی   وڵاتانی ده‌ورو به‌رمان . له‌ گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌سته‌ بژێرێكی قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستیش هه‌بووه‌ له‌ نێو گێڵگه‌ی ڕۆشنبیری و میدیای حزبدا پیشه‌یان  له‌ ده‌ربارا پیاهه‌ڵدان  بووه‌ ،  دیسان  به‌هایان به‌خشیوه‌ته‌ گوتاری خێڵه‌كیانه‌ و دوالیزمی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی كورد ، كه‌سایه‌تی سه‌ر كرده‌ سیاسیه‌كانیان به‌ چه‌شنێك وێنا و پێناسه‌ كردووه‌ ، له‌ نوسینه‌كانیاندا پله‌و پایه‌ی موقه‌ده‌س و ئه‌فسانه‌و خوایه‌تیان  به‌وان به‌خشیوه‌  ، له‌ نێو هه‌واداران و لایه‌نگرانیان گوفتارو قسه‌كانیان وه‌كو تێكستێكی ئاینی  نرخێنراوه‌ ، ئه‌گه‌ر چركه‌یه‌ك واوه‌تر بڕۆین و  له‌ یاداشت و گوتاره‌كانیان و ئه‌ده‌بیاتیان  وورد ببینه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند  تێزێكی خێڵه‌كیانه‌ و ،  گێڕانه‌وه‌ی ڕیوایه‌ت و ئه‌مجادی خۆیان له‌ ڕێگه‌ی شه‌ڕو شۆڕه‌كانیان وته‌خوین كردن و  چه‌پاندنی هاوڕێ‌ و هاو سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیان ، هیچ به‌هایه‌كی زانستی و مه‌عریفی و سیاسی له‌ ئه‌ده‌بیاتیان و یاداشته‌كانیان به‌ دیناكرێت . كاره‌ساتی گه‌وره‌و نه‌هامه‌تی له‌وه‌دایه‌ ئه‌م پیاهه‌ڵدان و نرخاندنه‌ی گوتاری سیاسیه‌كان له‌ لایه‌ن كه‌سان و نووسه‌رانی ده‌رباره‌وه‌  دروست كردنی  سه‌ره‌تای مێژوویه‌كه‌ له‌ كۆیلایه‌تی و چێ‌ كردنی  پانتایه‌كه‌ بۆ سته‌مكاری  ، گڵاڵه‌ كردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌ك ڕه‌نگ و تاكێكی بێده‌نگ و بێ پرسیارو بێ‌ پرۆژه‌ و بێ‌ خه‌ونه‌ !!. ڕه‌نگه‌ پرسیاری بونیادی و سۆسۆلۆژی  لێره‌دا ئه‌وه‌ بێت ، ئایا سه‌ركرده‌و ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ ڕێی باگراوه‌ندی ئه‌كادیمی سیاسی و ئه‌زموونی قووڵ و قاڵ بوونه‌وه‌ له‌ نێو ڕه‌وتی ڕوداوه‌كان هاتۆته‌ نێو دنیای سیاسی  ئێمه‌وه‌و ، خۆی وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی  مانه‌ڤێست كردووه‌  ؟  یان له‌ ڕێی پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خێڵه‌كیه‌وه‌ پله‌و پایه‌ی سه‌ركرده‌ی سیاسی  به‌ میراتی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و ،  بۆیه‌  به‌رده‌وامه‌ له‌ گوتارو دوالیزمه‌ سیاسیه‌كانیدا ؟ . ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانین هه‌ندێكیش  له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كانی مێژووی سیاسی  كوردستان به‌ ڕێكه‌وت و له‌ ڕێی شه‌قاوه‌تی و چه‌قۆكێشی نێو كوچه‌و كۆڵانه‌كانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ نێو مه‌كته‌ب سیاسی حیزبه‌كان و دواجاریش له‌ نێو دنیای سیاسی ئێمه‌دا گیرساونه‌ته‌وه‌و خۆیان سه‌پاندووه‌  به‌ ناوی  سه‌ركرده‌ی سیاسیه‌وه‌  .  ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی بڵێن مێژووی ژیانی سیاسی سه‌رۆكی حزبه‌كان به‌ ناوی كورد و سه‌ركرده‌ی كوردستانه‌وه‌  به‌ ڕواڵه‌ت خاوه‌نداریان له‌ پرس گه‌لێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی و دیمۆكراسی كردووه‌  ، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا زۆر ڕاڕاو له‌رزۆك  و  دوالیزم بوون  له‌ كرداری سیاسییاندا ، بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داگیركه‌ران ڕاشكاوانه‌ دیفاع له‌و پرسانه‌ بكه‌ن كه‌ داواكاری سه‌ره‌كی هاونیشتمانانه‌ .  هه‌میشه‌  پتر كوزارشتیان  له‌ به‌رژه‌وه‌ندی  حزبه‌كانیان  كردووه‌  وه‌كو ڕابه‌ری حزبێك  ، حزبه‌كانیشیان به‌ موڵكی خێڵ  زانیوه‌و ، له‌ نێو خێڵیشدا تاكه‌ خێزانێكیان  به‌ خاوه‌نی ته‌واوی  كوردستان زانیوه‌  .

یاسین له‌تیف
Previous
Next

Leave a Reply