Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

سووکه‌ کۆششێک بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌مێکی چر له‌سه‌ر رووی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم .

Be First!
by March 10, 2008 گشتی

دارا ئه‌حمه‌د ….. 

پێش ئه‌وه‌ی رژێمی دژه‌ مرۆیی تورکیا هێرشی سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی کوردستانی باشوور که‌ '' په‌که‌که‌ ''ی تێدایه بکات ‌.. ئه‌من گوتم: '' پێویست ناکا که‌س خۆی سه‌رقال بکاو قسه‌ی بێسه‌روبه‌ر هه‌ڵبزوڕکێنێ له‌و باره‌وه‌.. مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نیا نه‌خشه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکایه‌و ده‌یه‌وێ به‌ کوردی باشوور و '' په‌که‌که‌ '' و تورکیای پێشان بدا که‌ نه‌که‌ن وا بیرنه‌که‌نه‌وه‌ ‌ ئێوه‌ ده‌توانن هیچ کارتێکردنێکیان هه‌بێ له‌سه‌ر گؤڕانکارییه‌کاییه‌کانی ناوچه‌که‌و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بڕیاری له‌سه‌ر نه‌ده‌ین هه‌رگیز ناکرێ و نابێ ''.

هه‌ندێ که‌سی راستڕه‌وی پارتی و یه‌کێتیی و خه‌ڵکانی دی و دی  گوتیان نا تۆ هه‌رگیز هه‌ر گوێز  له‌ هه‌مبانه‌ی
'' چه‌پ''وه‌ ده‌ژمێری و ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌یتی کورد له‌وپه‌ڕی سه‌رکه‌وتنیش دابێ تۆ هه‌ر ده‌ته‌وێ ئه‌وان بشکێنی و…هتد، تۆ واز له‌وه‌ بهێنه‌ سه‌رۆکی فراکسێۆنی هاوپه‌یمانی کورردستان – فوئاد مه‌عسوم – قسان هه‌ڵده‌بزوڕکێنێ و ده‌بێژێ '' ئێمه‌ پشتگیریی له‌ ''په‌که‌که‌ ''ناکه‌ین و ئێمه‌ لایه‌ن نین له‌و شه‌ڕه‌ '' چونکه‌ بۆ ئه‌و نه‌ک هه‌ر به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی کێشه‌ی کورد له‌ کوردستانی باکوور به‌لکه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی کێشه‌ی کورد له‌کوردستانی باشووریش ئه‌گه‌ر له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی جه‌لال تاله‌بانییدا نه‌بێ به‌ زیان بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌گه‌ریی و دژه‌ گه‌لیی و دژه‌مرۆییانه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. یان فه‌له‌که‌دین و سه‌عدی پیره‌ و زیره‌ک که‌مال قسه‌ له‌ به‌ڕکی خۆیان ده‌رده‌که‌ن و به‌ ئاره‌زووی پیاوه‌کانی سه‌رووی خۆیان و به‌ گوێره‌ی  به‌رژه‌وه‌ندیی پاراستنی شوێنه‌کانیان گوزارشت و رسته‌ی جوان جوان ده‌هۆننه‌وه‌ و یه‌ک ده‌نکیش شه‌رم له‌وه‌ ناکه‌ن دوێنێ چیان ده‌گووت و ئه‌مڕۆ چی ده‌ڵێن و جه‌ماوه‌ر چۆن تێیانده‌روانێ  .
قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا بۆچی سه‌رکرده‌کانی کورد – حاشا له‌ کۆسره‌ت و نه‌وشێروان و نێچیروان و فازیل موتنی و مه‌لا به‌ختیار و شێوه‌کانیان که‌ ئه‌وانه‌ له‌هه‌موو شتێک بوونه‌ته‌وه‌ و شایانی باسکردن نین – ناتوانن هیچ هه‌ڵوێستێکی وایان هه‌بێ که‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ی کورد خوازیاری ئه‌وه‌ بوونه‌ که‌ با سیاسییه‌ ناسیونالیسته‌کانی ئه‌وانش هیچ نه‌بێ هه‌ڵوێستێکی ته‌نانه‌ت وه‌ک قاچاغچیه‌کی تورک یان فارس یان عاره‌بیان هه‌بێ بۆ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ، نا ئێمه‌ نه‌مانگوتووه‌ که‌ سه‌رکرده‌ خێله‌کییه‌کانی ئێمه‌ – بارزانی و تاله‌بانی – با دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و یه‌کسانیی و  مافی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتیی و تاکه‌که‌سییه‌کان له‌به‌رچاو بگرن و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببه‌ن و ژیانێکی ئازاد و ئارام و ئاسووده‌یان بۆ دابینبکه‌ن چونکه‌ ئه‌مه‌ له‌وان چاوه‌ڕوان ناکرێ .. به‌ڵکه‌ ئایا ده‌بێ سه‌رکردایه‌تی کورد هێنده‌ گێژ بێ له‌وه‌ تێنه‌گا که‌ ئێستا خه‌ڵکی کوردستان له‌ تێکڕای چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان ناڕازین لێیان و ته‌نانه‌ت خه‌ریکه‌ ئه‌و قیچه‌ ئازادییه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌ش که‌ قوربانییه‌کی زیادله‌پێویستیان بۆ داوه‌ به‌ یه‌کجاریی له‌به‌رچاویان ره‌ش ببێ چونکه‌ ئه‌وان سه‌رپه‌رشتیی ده‌که‌ن و ناهێڵن له‌وه‌ زیاتر بچێته‌ پێش که‌ داو ئامانجه‌که‌ سه‌ربه‌خۆییه‌؟! یان تێده‌گه‌ن به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌و مێژووه‌ ره‌شه‌ی که‌ هه‌یانه‌ ئیدی ناتوانن به‌ هیچ سه‌ره‌داوێک
خۆیان به‌ جه‌ماوه‌ر ببه‌ستنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌هۆی ئه‌و مێژووه‌شیان و دابڕانیان له‌ جه‌ماوه‌ر له‌ سیاسه‌ته‌ به‌کرێگیراوییه‌که‌شیان بۆ سیاسه‌تی نێوده‌وله‌تیی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوونه‌ و له‌کن ئه‌مه‌ریکای – به‌ناو هاوپه‌یمان- یشیان
وه‌ک خاڵی دوای کۆمه‌ ته‌ماشاده‌کرێن . هه‌ربۆیه‌ ئیدی با‌کیان به‌وه‌ نییه‌ که‌ بتوانن سه‌رکردایه‌تیی کێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لانی کوردستان بکه‌ن به‌ڵکه‌ تا بۆیان ده‌کرێ به‌ برسیکردنی خه‌ڵک و پێشێلکردنی ئازادییه‌کان و دروستکردنی کێشه‌ و نائارامیی و هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌نێو په‌یوه‌ندییه‌ دینیی و خێله‌کیی و نێرسالاریی دابونه‌ریته‌ کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه‌کان خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵات چیڕ بکه‌نه‌وه‌ و به‌ دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ مادییه‌ خۆپه‌رستییه‌کانی خۆیان و ناو و ناوبانگی خۆیان بکه‌ون.

ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر خۆله‌گێلیی نه‌درێ هه‌موو که‌سێک هه‌ستی پێده‌کاو ده‌بێ دانی پێدابندرێ . به‌ڵام ئه‌ی ئایا بۆچی ده‌بێ به‌پێ ئه‌و بارودۆخه‌ هێزی به‌رهه‌ڵستکار سه‌نگێکی ئاوه‌های نه‌بێ که‌ شایانی ئه‌وه‌ بێ ده‌سه‌ڵاتداران لێی بترسن و له‌به‌رچاوی بگرن و هه‌ندێک جار ده‌سه‌ڵات ناچار بێ بێته‌وه‌ سه‌ر هێل و هه‌ندێک هه‌نگاوی چاککاریی و گوڕانکاریی به‌ ره‌وتی به‌رژه‌وه‌ندی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکانی هه‌ژار و زه‌حمه‌تکێش  و فراونکردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان بنێ ؟ دیاره‌ بۆ ئه‌مه‌ کۆمه‌ڵێک هۆکاری مێژوویی و ئابووریی و سیاسی
هه‌یه‌ که‌ گرنگترینیان تاکجه‌مسه‌ریی که‌ڵه‌گایی هارترین رژێمی سه‌رمایه‌داریی و  هاتنه‌پێشی '' قۆناغی داته‌پینی هزر و فه‌لسه‌فه‌ '' به‌ شێوه‌یه‌کی کاتیی و دووچاربوونی ره‌وتی چه‌پگه‌ریی به‌ نه‌خۆشیی واقیعبینیی و داڕووخانی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی سۆسیالیستی ئۆکتۆبه‌ر و که‌ بۆماوه‌کی زۆرتریش خه‌لك به‌بێ وره‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ و سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش که‌ ده‌ست ئاواڵه‌ بووه‌ ده‌رفه‌ته‌که‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و چه‌نده‌ی بۆ بکرێ مرۆڤ به‌کالاده‌کا و ده‌یکاته‌ رۆبۆت..
ئه‌مه‌ چوارچێوه‌یه‌کی جیهانیی هه‌یه‌ و کوردستانیش دابڕاو نییه‌ له‌و بوون و دیاردانه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کورردستانیش به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و داگیرکارییه‌ی پێشان و ئێستای و داگیرکرانی له‌گه‌ڵ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌  له‌ بارودۆخێکی زۆر ناله‌بار و ناجێگیر و نائارم دایه‌ به‌جۆرێک که‌‌ هه‌رهه‌موو هاوسه‌نگییه‌کان به‌ قازانجی
سه‌رمایه‌دار و چه‌وسێنه‌ره‌ ده‌ره‌کیی و ناوه‌کییه‌کانه‌ و به‌ رێککه‌وتیش هه‌ر رێک له‌ کاتی ئه‌و دارووخانه‌ جیهانییه‌دا جۆرێکی که‌م له‌ ئازادیی نه‌ته‌وایه‌تیی به‌ده‌ستهێنا و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ به‌سه‌ریشی داسه‌پا ئه‌ویش به‌پێی خۆی ده‌رفه‌ته‌که‌ی قۆسته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی هاروهاج که‌وته‌ چه‌وسانه‌وه‌ و رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک و سه‌رکوتکردنیان.. ئیدیی بێ‌باوه‌ڕیی و دڵساردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ راپه‌ڕین و به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵات که‌ تا ئه‌وکات پێشمه‌رگه‌ و به‌رهه‌ڵستکاری رژێـمێکی درنده‌ بوون سه‌رتاپای جه‌ماوه‌ری ته‌نیه‌وه‌ و نه‌وه‌یه‌کی زۆر به‌ردباد له‌ناو ئه‌و بێباوه‌ڕی و برسیێتیی و شه‌ڕی ناوخۆ …هتد په‌روه‌رده‌بوون هه‌ربۆیه‌ دروستبوونی ره‌وتێک یان به‌ره‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکار که‌ به‌ڕاستیی به‌رهه‌ڵستکار بێ هێنده‌ ئاسان نییه‌ و کاتی گه‌ره‌که‌.. به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیشدا به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌ که‌ هێنده‌ ره‌شبین بین و وا تێبگه‌ین که‌ هیچ نووزه‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاریی نایێ .. نه‌خێر به‌رهه‌ڵستکار هه‌یه‌ و وا پێده‌چێ که‌ ئیدی له‌مه‌ودوا پتر و پتر جێی پێی خۆی له‌ناو جه‌ماوه‌ر بکاته‌وه‌ و کارتێکردنی له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و کایه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان په‌یدا بکا .

که‌واته‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵات وا بیر بکاته‌وه‌: '' (ئه‌رێ!) به‌رهه‌ڵستکار هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ نییه‌ و ده‌کرێ ئێمه‌ش به‌ یه‌کگرتووی نێوان خۆمان – پارتی و یه‌کێتی – قووڵکردنه‌وه‌ی پتری په‌وه‌ندییه‌کانمان دروستکردنی به‌ره‌یه‌کی به‌هێزو رێککه‌وتنمان له‌گه‌ل سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریکاو داگیرکه‌رانی کوردستان و جاش و به‌عسی و ئه‌نفالچیان و پشتبه‌ستن به‌ بوون و دیارده‌ نه‌رێنییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ پتر سه‌رکوتیان بکه‌ین و سه‌ریان لێبوه‌شێنین  و نه‌هێلێن بۆ ده‌یان ساڵی تریش سه‌رهه‌ڵبهده‌ن یان بگه‌نه‌ ئاستێك ببنه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌مان .'' .

ره‌نگه‌ هه‌ندێک که‌س هه‌بن بڵێن : بۆ ده‌بێ ئێمه‌ هه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ قسه‌ بکه‌ین که‌ به‌رهه‌ڵستکار هه‌بێ و کۆشش بکا بۆ رووخانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا ؟ ئاخر ئه‌و قسانه‌ باویان نه‌ما ئێستا سه‌رده‌مێکی تره‌ و بۆ ده‌بێ بیر له‌وه‌ نه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ با به‌رهه‌لستکارێک هه‌بێ بتوانێ ده‌سه‌ڵات چاک بکا یان ده‌سه‌ڵات ناچار بکا به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی خۆی بگۆڕێ ، دیاره‌ ئه‌م قسه‌یه‌ش زۆرکات توانیویه‌تی له‌زۆربارودۆخ و زور شوێن و ووڵاتان جێگای خۆی بکاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌من باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه‌ دروستیان کردووه‌ که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ژیانێکی پڕ له‌ برسیێتیی و به‌تاڵ له‌ ئازادیی و ئه‌وپه‌ڕی ناله‌باریان بۆ خه‌ڵک دروستکردووه‌ خۆیان له‌ ساده‌ترین هه‌ستی نیشتمانیی نه‌ته‌وه‌یی داشۆردووه‌ به‌ راده‌یه‌ک که‌ زۆربه‌ی زۆریان وه‌ک قاچاغچییه‌کی نه‌دیوبدی و هه‌ڵسوکوت ده‌که‌ن  هیچ سوودێکی هه‌بێ بۆ به‌رهه‌ڵستکاران و کێشه‌کانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ ، بیانوو گه‌لله‌ک زۆرن بیهێنینه‌وه‌ بۆ سه‌لماندنی راستی ئه‌و بۆچوونه‌مان به‌ڵام ئه‌من  ته‌نیا یه‌ک بیانوو له‌ شێوه‌ی پرسیار ده‌هێنمه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ : (ئایا که‌س هه‌یه‌ له‌م جیهانه‌ پانوبه‌رینه‌ که‌ له‌هه‌موو سامانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ته‌نیا خاوه‌نی جوتێک پێلاوی لاستیک بووبێ پاشان له‌ ماوه‌یه‌کی کورت و به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕه‌وا و هه‌زار فرتوفێل و شه‌ڕ و خوێنمژینی خه‌لك ببێته‌ ملیۆنێر یان ملیاردێر دان به‌ راستیی دابنێ ؟ ) . ئه‌وکه‌سه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ به‌ به‌ڵێ ده‌داته‌وه‌ ئه‌وا با  هه‌ر بۆخۆی  سیر بخوا و زورنا لێبدا و  تا گوپی ده‌دڕێ و ده‌چێته‌ رێزی شه‌هیده‌ زوڕناژه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات .

که‌واته‌ ده‌سه‌ڵات بێخه‌م بۆخۆی لێی داده‌نیشی چونکه‌ تا ئێستا ئه‌و به‌رهه‌ڵستکاره‌ بوونی نییه و کاتێکی زۆریشی ده‌وێ تا دروست ده‌بێ و ئه‌و هێزه‌ په‌یدا ده‌کا که‌ بتوانێ ده‌سه‌ڵات بڕووخێنێ، [ ئه‌ڵبه‌ته‌ پێویسته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ بڵێین که‌ با که‌س رووخاندنی ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌ڵه‌ لێکنه‌داته‌وه‌ که‌ واتای رووخاندنی ئه‌و تۆزه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر  شۆفێنیست و ئیسلامیسته‌ عه‌ره‌به‌کان ده‌گه‌یه‌نێ ، نه‌خێر ئه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌ناسه‌ ئازادییه‌ هه‌ر به‌هۆی قوربانیدانی چین و توێژه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ به‌دیهاتووه‌ هه‌رده‌م ده‌بێ پارێزگاریی لێبکرێ و قووڵتربکرێته‌وه‌.. به‌لکه‌ مه‌به‌ست له‌رووخاندنی ده‌سه‌ڵات لادانی ئه‌و ده‌ستوداره‌ خوێنمژ و قاچاغچییه‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵات که‌ ده‌سه‌ڵاتی داگیرکردووه‌.] به‌ڵام ده‌کرێ ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ دڵنیا بکه‌ینه‌وه‌ که‌  جیهان ته‌نیا به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و نه‌گۆڕاوه‌.. ئه‌وه‌ راسته‌ وه‌ک گوتمان ئێستا جیهان و به‌ تایبه‌تییش ناوچه‌ی ئێمه و‌ ووڵاتی ئێمه‌ تووشی داڕووخانێک بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ هه‌ندێک گۆڕانکاریی به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رهه‌ڵستکارانیش هاتۆته‌ ئارا هه‌ر بۆ نموونه‌ یه‌کێک له‌وانه‌ که‌ جیهانی ته‌کنه‌لۆژیا و زانست په‌یوندی مرۆڤه‌کانی زۆر ئاسان و چڕ کردۆته‌وه‌ که‌ کارتێکردنێکی زۆری هه‌یه‌ بۆسه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ جه‌ماوه‌ر زۆر به‌ساده‌یی و به‌ توانایه‌کی که‌م بتوانێ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا راپه‌ڕینی زۆر گه‌وره‌ ئه‌نجام بدا.. هه‌ربۆیه‌ ئێستا  کاتێک جه‌ماوه‌ر ده‌یه‌وێ که‌سانی خراپی ناو ده‌سه‌ڵاتێک یان تێکڕای که‌سه‌کانی ناوده‌سه‌ڵات لابدا و که‌سانێکی تر و ده‌سه‌ڵاتێکی باشتر دابنێ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ بۆ ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵ به‌ره‌یه‌کی توندوتیژو خوێناوی دروستبکا تا ده‌توانێ به‌ ئامانجه‌کانی خۆی بگا به‌ڵکه‌ ده‌توانێ له‌پاش خۆئاماده‌کردنی به‌ چه‌ند خۆپیشاندانێک کاری خۆی ئه‌نجام بدا.

به‌ کورتییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ئێستا دوو رێگای له‌پێشه‌ که‌ هه‌ردووکی هه‌ر رووخانه‌ به‌ڵام رووخانێکیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر وه‌ک ئێستایان هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتیان بکه‌ن.. بۆ نموونه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و هه‌ڵوێست و ده‌ستبه‌کاربوونه لاواز و بێزراوه‌ی ئێستایان له‌به‌رامبه‌ر رژێمی تورکیای داگیرکه‌ر و خوێنمژی گه‌ڵانی تورکیا که‌ رقی جه‌ماوه‌ری کوردستانی برده‌ ئاستێکی به‌رز و چه‌ند نموونه‌یه‌کی تری ئاوه‌ها دژه‌گه‌لیی جامی رقی جه‌ماوه‌ر پڕ بکا و له‌ خۆپیشاندانێکی سه‌راسه‌ریی ته‌ختو تاراجی ده‌سه‌ڵات به‌ خێرایی تێکبشکێندرێ ، رووخانی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێ به‌ پێی به‌هێزبوونی به‌رهه‌ڵستکاران که‌م که‌مه‌ رای گشتیی و به‌رژه‌وه‌ندیی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشی خه‌ڵک له‌به‌رچاوبگرن و هێنده‌ دڕندانه‌ نه‌که‌ونه‌ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵك و پێشێلکردنی ئازادییه‌کان تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ وورده‌ وورده‌ ده‌سه‌ڵات به‌ درێژبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی و که‌له‌که‌بوونی لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌کانی پتر و پتر بۆخۆی گه‌نده‌ڵ ده‌بێ  تا خۆبه‌خۆ له‌ناوخۆیدا داه‌خورێ و له‌سه‌ره‌خۆ به‌ ته‌کانپێدانێکی جه‌ماوه‌ر داده‌ڕووخێ.

جا ئه‌مه‌یان ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ردوو لای هاوکێشه‌که‌ – ده‌سه‌ڵات و به‌رهه‌ڵستکار – چاره‌نووسی هه‌ردوولایان به‌وه‌ به‌نده‌ که‌ چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخانه‌ ده‌که‌ن و چۆن ئه‌سپی خۆیان له‌و گۆڕه‌پانه‌ تاو ده‌ده‌ن ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ من زۆر لێی دڵنیام دوو شته‌ ئه‌وانیش یه‌که‌م : هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌لله‌ک گه‌وره‌یه‌ بۆ خه‌ڵکانی به‌رهه‌ڵستکار بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ین  ئه‌و‌ به‌ره‌ به‌رهه‌لستکاره‌ی که‌ له‌نێو هه‌ناوی گه‌ل بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ دروستببێ به‌رهه‌ڵستکارێکی سازشکار بێ و خۆی وه‌ک جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌خاته‌ڕوو و بیه‌وێ به‌ ڕێگای چاککاریی به‌شێک له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ خۆی بپچڕێنێ ، دووه‌میشیان : ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌ر وابزانێ خه‌ڵك له‌بن گوێی گادا نوستوونه‌ و ده‌توانن به‌ ئاسانیی رۆڵی خۆیان له‌ چه‌ندین سیناریۆی تری وه‌ک ئه‌مه‌ی ئه‌م دواییه‌ی تورکیا ببینن و که‌سیش هه‌ستیان پێ نه‌کا که‌ ئه‌وان کۆمه‌ڵه‌ ئه‌کته‌رێکی له‌و بابه‌تانه‌ن که چۆن‌ کۆمپانیایه‌کی سینه‌مایی ده‌چێ له‌بازار ده‌یانبینێته‌وه‌ و  بێ سێ و دوو  ده‌یانكڕێ.. ئه‌وا با باش بزانن که‌ ته‌مه‌نیان زۆر کورت ده‌بێ و رۆژێک دادێ جه‌ماوه‌ری ناڕازیی به‌ڕوویاندا ده‌ته‌قێته‌وه‌و چاره‌نووسیان له‌ چاره‌نووسی سه‌دام چاکتر نابێ.

dare@emrro.com


Previous
Next

Leave a Reply