Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

(سوڕێ خوێن) لە نێوان وێنە مێژوویی و کەلتوورەیەکاندا

Be First!
by January 10, 2013 ئەدەب

 

خوێندنەوەیەک بۆ شیعری (سوڕی خوێن)ی شەهید کەوڵۆسی

 

 

1. ماوەیەکی زۆرە دەمەوێت لە بارەی شیعرەکانی (شەهید کەو‌ڵۆسی)یەوە بنووسم، بە تایبەت دیوانە شیعرییەکەی (ئەو شمشێرانەی ئاوسبوون بە گوناه)، بەڵام لەبەر دوو هۆکار ئەوەم بۆ نەکراوە. یەکەمیان، نووسین لە بارەی شیعرەکانی پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە. هۆکاری دووەمیان پێوەندیی بە فرەڕەهەندی شیعرەکانییەوە هەیە، کە هەر شیعرێکی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئاڕاستەی جیاوازی لە خۆوە گرتووە.  ئەو نووسینەی بەرهەمی قووڵاییە، لەگەڵ خۆیدا چەندین ئاڕاستەی جیاواز دەئافرینێت، وەکو (ریلکە) ئاماژەی پێ دەدەت، کە هەموو شتێک لە قووڵاییدا دەبێت بە یاسا. هیچ تێکستێکی قووڵ بەرهەمێکی هەر لە خۆوە نییە، بەڵکو زادەی هۆشیاریی و فەنتازی نووسەر خۆیەتی. کاتێ شیعرێک رووبەڕووی چەندین بەکەیدادانی هزریمان دەکاتەوە، ئەوە مانای وایە خودی شاعیر لەنێو قووڵایی خودی خۆیدا دەست دەکات بە وێناکردنی دنیابینیی خۆی. 

2. نەبوونی وزەی بەردەوامی لە داهێناندا، بۆتە دیاردەیەکی ئاشکرا لە ئێستای ئەدەبی کوردیدا. ئەمەیش پێوەندیی بە کەمی مەودای دنیابینییانەوە هەیە. شاعیر پێویستی بە قووڵبوونەوەی بەردەوامە. پێم وانییە ئەوان شیعری جوان و قووڵیان نەبێت، بەڵام کێشەکە لێرەوە سەر هەڵدەدات، کە بە هۆی رووکەشییەوە وزەی قووڵبوونەوە لە دەست دەدەن. یەکەمیان پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە هەست دەکەن گەیشتوونەتە کەماڵی (ئەگەرچی لە شیعردا شتێک بە ناوی گەیشتن بە تەواوکۆییەوە نییە). دووەمیان قووڵبوونەوەی بەردەوام پێویستیی بە خۆتەرخانکردنەوە هەیە. قووڵایی لە قووڵاییدا بەرفراوان دەبێت. شتێکی نەکردەیە بە پەرەپێدانی رووکەشیی بگەین بە قووڵایی. تایبەتمەندی دنیابینی (شەهید کەوڵۆسی) ئەوەیە، کە توانیویەتی دابڕانێکی جیاواز لە ئەواندی دیکە بهێنێتە کایەوە. ئەمەیش بە هۆی قووڵبوونەوە لە ئازار. لای ئەو زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گەیاندن، بەڵکو خودی زمان لەنێو برینەکاندا دەدوێت.

3. ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە قسەکردنە لە بارەی شیعری (سوڕی خوێن)، کە لە ساڵی 2006ەوە بڵاو کراوەتەوە. (کەوڵۆسی) وێنای چەندین بەیەکدادانی کەلتوری و مێژووییمان دەکات. وەک لە دەستپێکی قەسیدەکەدا هاتوو:

من ئه‌مزانی به‌هه‌شت لێرە نییه‌ ، /که‌چی گومانم هه‌بوو له‌و ئه‌فسانه‌و کتێبانه‌ی که‌/ چیرۆکی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی شارلێنیان دەگێڕایه‌ / له‌ ژێر پۆستاڵی ڕۆمه‌کاندا ،/گومانم ئه‌کرد/ له‌وەی مرۆڤی جه‌هه‌نه‌می له‌م دونیا، / دڵی به‌هه‌شتیه‌کانی خۆشکات 

 

ئێرە ئەو شوێنەیە، کە وەک گۆڕەپانی ململانێکان وێنا کراوە، هەموو ئەو دیاردانەی لێرەن، زادەی مێژووییەکی دوور و درێژن لە بەیەکدادانی دژ بەیەک. تایبەتمەندیی شیعری قووڵ ئەوەیە لە کاتی خوێندنەوەیدا رووبەڕووی چەندین رەهەندی مێژوویی و کەلتوری دەبیتەوە. لێرەدا گێڕانەوەی ئەفسانە پرۆسێسێک نییە بۆ چەسپاندنی، بەڵکو ڕێگایەکی دیکەیە بۆ تێگەیشتن لە واقیع. بە تایبەت ئیشکرنێکی چڕ لە ئەفسانەدا لەو شیعرەدا دەبیندرێت. سەرهەڵدانی ئەفسانە پێوەندی بەوە هەیە، کە بیرکردنەوە و دنیابینی مرۆڤ توانای تێگەیشتنی لۆجیکی لە شتەکان نەبووە، ئەمەیش بووەتە هۆی ئافراندنی وێنای گەردوونی بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکان. بەڵام لێرەدا گێڕانەوەی ئەفسانە بۆ ناو تێکست پرۆسێسی تێکدانی واقیع و ئەفسانە خۆیەتی. لە وێنەی دوای ئەوە هاتووە:

 

به‌خته‌وەریم به‌ پێوەری کوژانه‌وەی چرای ماڵی که‌س هه‌رگیز نه‌ پێوا بوو !/ ئه‌مزانی یاسا وەحشه‌ت نا گۆرێت ،/به‌ڵام هه‌رگیز نه‌م پرسیبوو ئایا وەحشه‌ت ئه‌توانێت یاسا بگۆرێت/مرۆڤی بێ پرسیار له‌ژێر قورسای بلۆکدا ئه‌مرێت !/خه‌ون له‌ وەحشه‌تدا له‌ مشتێک خوێن زیاتر چیتر به‌رهه‌م دێنێت ؟/ ئه‌گه‌ر عه‌شق له‌ دڵدا تاسا ، جه‌سته‌ بۆ نه‌کوژرێت ؟/ ئه‌گه‌ر خه‌ون له‌ سه‌ردا مرد ، کاسه‌ی سه‌ر بۆ نه‌بێت به‌ تۆز ؟/ئه‌گه‌ر جوانی له‌ چاودا ژاکا ،ڕوخسار بۆ نه‌بێت غوبار ؟

 

کوژانەوەی چرای ماڵەکان وێناکردنی شێوە ژیانی تاکەکانە. ئەگەر سەرنج بدەین لە ژیانی مێژوویی تاکی کورددا، پرۆسێسی ئەنجامدانی سێکس لە ماڵەکاندا زۆربەی جار پاش کوژانەوەی رووناکی دەکرێت. ئەمەیش پێوەندیی بە شێوە ژیانی تاکی کوردەوە هەیە. لە لایەک ماڵ شوێنی کۆبوونەوەی هەمووانە لە یەک ژووردا، ئەمەیش پرۆسێسی کۆبوونەوەیە لە پێناو دانەبڕان لە یەکتر. ترس لە دابڕان ترسێکی مێژووییە، کە لای تاکی کورد هەمیشە ئامادەیی هەبووە. لە پاڵ ئەو ترسەدا پرۆسێسی ئەنجامدانی سێکس ئەگەرچی هەمیشە بە نهێنی ئەنجام دراوە، بەڵام سەرچاوەی بەختەوەرییەکی گەورە بووە. لای زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی ئەدەبی کوردی وێناکردنی بەختەوەری لە دەمی ئاوێزانبوون لەگەڵ رەگەزی بەرانبەردا زۆربەی جار وەکو کارێکی نەکردە دەردەکەوێت. تەنانەت ئەوەیان بە ئاشکرا لە شیعرەکانی (بێسارانی)، (وەلی دێوانە)، (نالی) و (مەحوی)دا دەبیندرێت. (کەوڵۆسی) بە سوود وەرگرتن لەو وێنە مێژوویە بۆ بەختەوەریی ئەو دیو کوژانەوەی چرای ماڵەکان، وێنای نەپێوانی بەختەوەری خۆی دەکات. 

لای (شەهید کەوڵۆسی) یاسا ئامرازێک نییە بۆ گۆڕینی وەحشەت، بەڵکو پەرەپێدانییەتی بە شێوەیەکی دیکە. یاسا زادەی وەحشەت خۆیەتی، کەواتە لە توانایدا نییە خودی وەحشەت تێ بپەڕێنێت. ئەو گەشەکردنەوەی ئەمڕۆ لە ژیاندا دەبیندرێت، مانای گۆڕانی وەحشەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو خودی سرووشت هەمیشە لە پەرەسەندنی بەردەوام دایە. ئەو هەوڵی داوە ئەو پرۆسێسە بخاتە ژێر پرسیارەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات مرۆڤی بێ پرسیار لەژێر قورسایی بلۆکدا دەمرێت. لێرەدا (بلۆک) ئاماژەیەکە بۆ ئەو قورساییە مێژوویی و کەلتورییەی، کە مرۆڤ بە چەندین شێوەی جیاواز کۆتوبەندی دەکەن. خستەژێر پرسیاری ئەو ڕەوشە سەرەتای ڕەتدانەوە و هەوڵدانە بۆ دەرچوون لەژێر ئەو قورساییە. 

وەحشەت لای ئەو شێوە ژیانی مێگەلە. ژیانی وەحشەت ئەو ژیانەیە، کە ئایین و چەوساندنەوە دوو باگراوندی سەرەکین. قوربانیدان یەکێکە لە سیما دیاردەکانی ژیانی وەحشەت. ئەگەر سەرنجی چیرۆکی (ئیبراهیم) بدەین، کاتێ خوداوەند دێتە خەونی و داوا دەکات (ئیسماعیل)ی کوڕی بکاتە قوربانی و سەری ببڕێت، لەوە تێدەگەین خوێن کرۆکی قوربانی دانە. لای (شەهید کەوڵۆسی) خەونبینین لە کۆمەڵگای وەحشەتدا وەکو خەونەکەی (ئیبراهیم) مانای ڕشتنی خوێنە بۆ ئەو خەونە. قوربانیدان بۆ خەون دەستخستنی ئەو ژیانەیە، کە خود دەیەوێت. سەری بێ خەون لای ئەو هیچ نییە، جگە لە ئامێرێک بۆ بەردەوامی دان بە وەحشەت.

(کەوڵۆسی) ڕوو لە بەرانبەرەکەی دەکات و دەلێت:

نا دڵی تۆ هه‌رگیز نه‌یتوانیوە بچێته‌ ژێر باری گوڵێک ،/ که‌چی کۆڵکێشێکی چالاکی مه‌رگی جوانییه‌ دڵی تۆ !/نا دەستی تۆ هه‌رگیز نه‌یتوانی بچێت بۆ گوڵ چنین ،/ که‌چی داچه‌کیوە له‌ژێر باری تاقم و تفه‌نگ و شمشێرو بلۆکدا دەستو مه‌چه‌کی تۆ / ماندوە سه‌ری تۆ به‌ هه‌ڵگرتنی مۆسیقای حیکایه‌ت و عه‌شقی ناو ئه‌فسانه‌و کتێب…../به‌ڵام چاودێرێرێکی به‌ ئه‌مه‌که‌ له‌ پاراستنی زاکیرەی خوێن بارین و رۆژانی خۆشی سه‌ر برینا سه‌ری تۆ !

 

لە ڕێگەی ئەوی دیکەوە وێنای تێڕامانی تاکەکان دەکات و خەونەکانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. (گوڵچنین) ئاماژەیە بۆ بونیادنانی مێژوویەکی جیاواز و ژیان بەو شێوە سرووشتییەی، کە سەرچاوەی بوونی مرۆڤە. بە گەڕانەوە بۆ لای (زەردەشت)ی پەیامبەر بۆمان دەردەکەوێت مەترسیی لە شەڕ و خراپەکاری ڕەگێکی مێژوویی دێرینی هەیە. بەرانبەر بەو هێزە خراپەکارییە گوڵچنین و دار ڕواندن  هەڵگەڕانەوەیە لە هەستی خراپەکاری و شەڕانگێزی. ئەو کەلتورەی شەڕ لەگەڵ خۆیدا دەیئافرێنێت، فەنتازیای خوێن و کوشتنە. لێرەدا (خوێن) دالێکە چەندین مەدلولی جیاواز لە خۆ دەگرێت. دەتوانم بڵێم هیچ دالێک هێندەی (خوێن) نامانخاتە بەردەم مەدلولی جیاواز. 

(کەوڵۆسی) سەر وەکو ئۆرگانێکی رێکخراو وێنا ناکات، بەڵکو بە سەرچاوەی هەموو شتەکانی دەوروبەری دەزانێت. سەر لە یەککاتدا هەم جەللادە و هەم قوربانی. سەر لێرەدا ئاماژەیەکە بۆ هۆشمەندی، کە خەونی جیاواز لە خۆی دەگرێت. مرۆڤ لە ڕێگەی هۆشمەندییەوە پەرەی بە بیرۆکی شەڕ داوە. لە کاتی شەڕیشدا سەر دەبێتە تاکە ئامانج بۆ لە ناوبردن. یەکێک لە شێوازانەی، کە (ستالین) بۆ کوشتنی نەیارەکانی پەیڕەوی دەکرد ئەوەبوو، کە بە تەور دەیكێشا بە سەریاندا، چونکە ئەو هەستی بەوە کردبوو بە لە ناوبردنی سەر بەربەستەکانی بەردەم خۆی دەبرێت. 

لای (کەوڵۆسی) سەری تاکەکان هیچ نییە جگە لە زاکیرەیەک بۆ هەڵگرتنی وێنەی شەڕ و کوشتار، کە ئەو وێنا کردنە گوزارشت لە دۆخێکی مێژوویی کورد دەکات. مەبەستی من ئەوەیە ئەو قەسیدەیە لە قووڵایی ئازارەکانی مێژوویی و کەلتووری کۆمەڵگای ئێمە هەڵقووڵاوە، بەڵام بە زمانێکی گەردوونی نووسراوە. هەر هەوڵێک بۆ وێناکردنی برینەکانی مرۆڤ و ئازارەکانی، هەوڵێکە بۆ وێناکردنی گەردوون. قسەکردن لە بارەی مرۆڤ، دۆزینەوەی نهێنییە گەردوونییەکانە. وێنەی دوای ئەوە هاتووە:

 

من ئه‌مزانی جه‌هه‌نه‌م له‌م دونیا گه‌ورە ئه‌بێت ،/ به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌موت مه‌رج نییه‌ رۆژگاری ئێمه‌ بێت ،/ که‌ شه‌ڕ هه‌ڵدەگیرسا مناڵ بووم له‌به‌ر بارانا دۆعام دەکرد ، خوایه‌ شه‌ڕ ڕاگیرێ ئه‌پاڕامه‌وە به‌و چاوە ڕەش و/ قژەلوله‌مه‌وە ئه‌موت خوایه‌ دونیا خۆش بێت ،/ دۆعام دەکرد خوایه‌ باوکم له‌ شه‌ڕەدا نه‌کوژرێت/ دۆعام دەکرد خوایه‌ نانمان لێبسه‌نه‌رەوەو هێمنی بدە به‌ باوکم له‌ جیاتی،،/دۆعام دەکرد له‌ ترسی برا گه‌ورەکه‌م میزم ئه‌کرد به‌ خۆمدا، / ئه‌موت خوایه‌ زوو گه‌ورە بم و ببم به‌ پێشمه‌رگه‌

 

جەهەنەم مێتافۆرێکە بۆ شوێن و کاتێک، کە تێیدا دنیا هیچ نییە جگە لە کات بردنە سەر لە ناو کارەساتدا. ئەگەر وێنای جەهەنەم وا کراوە، کە شوێنی سزادانی گوناهبارانە و جەستەیان تێدا دەسوتێندرێت، ئەوا لەو شیعرەدا  جەهەنەم دەستکردی خودی خراپکار خۆیەتی. ئەوەی لە جەهەنەمی خراپەکاران دەسووتێت جەللاد نییە، بەڵکو قوربانییە. شەڕ بەشێکە لەو جەهەنەمەی، کە هەموو شتێک دەخاتە دۆخی نائاساییەوە. ئەو شەڕەی وێنا کراوە، پەرەپێدانە بە دەستەڵاتی باوک. لێرەدا باوک تاکە قارەمانی شەڕەکانە، کە ماڵ جێ دەهێڵێت و ڕوو لە جەنگ دەکات. هەستکردن بە بێ باوکی لای منداڵ چەسپاندنەوەی دەستەڵاتی باوکە بە شێوەیەکی دیکە. ئەگەر باوکیش وەکو خاوەن دەستەڵات ماڵ جێ بهێڵێت، ئەوا براگەورە شوێنی دەگرێتەوە. براگەورە بە ناوی تەمەن و شوێن گرتنی باوکی دەبێتە بوونەوەرێکی سەرکوتکەر. ترس لە براگەورە، هەمان ئەو ترسە مێژووییەیە، کە لە ئەنجامی دەستخستنی دەستەڵاتی ئەوانی دیکەوە سەر هەڵدەدات. براگەورە بە بیانووی پارێزگاریکردن لە دەستەڵاتی ماڵ دەکەوێتە چەسپاندنی دەستەڵات. بە گەرانەوەی باوک دابڕانێکی دیکە روو دەدات، ئەویش دەستبەرداربوونە لە شێوە ژیانی بەر لە جەنگ. وەک لە قەسیدەکە هاتووە:

که‌ مناڵ بووم تا به‌یانی خه‌وم ئه‌بینی: /باوکم له‌ شه‌ڕ دەگه‌ڕایه‌وە ئه‌سپه‌که‌ی دەبه‌سته‌وەو کڵاشینکۆفه‌که‌ی له‌ سه‌ری سه‌رەوەی ژوری میوان هه‌ڵدەپه‌سارد، /قسه‌ی نه‌ دەکردو له‌سه‌ر یه‌ک چای خه‌ستی دەخواردەوە ،

له‌خه‌وما هه‌رگیز/باوکم دەربارەی مه‌کته‌ب منی نه‌ ئه‌دواند /ئه‌یوت تۆ ئه‌بێت فێر بێت تفه‌ننگ له‌ خێرای یه‌ک دەقیقه‌دا هه‌ڵوەشێنیتو بیبه‌ستیته‌و/ ئه‌بێت بزانی له‌ دوریا چۆن مشت له‌ که‌له‌ی سه‌ر دەگریت و ئه‌یپێکیت ،/ئه‌بێت فێر بیت له‌ نزیکیدا باشترین فیشه‌ک دەنێیت به‌ کوێی کابراوەو ئه‌تۆپێت ،/ئه‌بێت ته‌نها له‌ خوێن ڕشتنا به‌ر له‌وەی گوله‌ بنێیت به‌/ سنگی کابراوە یه‌که‌مین قورشون بگریته‌ هه‌ناوی شه‌رم ،/چونکه‌ شه‌رم ته‌نها له‌ خوێن ڕشتندا پیاوەتیت ئه‌ڕوشێنێت ،

 

ئەگەر وەکو (فرۆید) هەوڵ بدەین پرۆسێسی گەڕانەوەی باوک شیکار بکەین، بۆمان دەردەکەوت ترس لە باوک بە چەندین شیوەی جیا خۆی نمایش دەکات. باوکی (هانی تەمەن 3 ساڵ) نامەیەک بۆ (فرۆید) دەنێرێت و ئاماژە بەوە دەدات، کە (هان) دەترسێت لە شەقامدا ئەسپ قەپاڵی تێ بگرێت، ئەو ترسە وا دەردەکەوێت، کە پێوەندیی بە دەرکەوتنی چووکی گەورەی ئەسپەکەوە بێت. (فرۆید) وا لێکی دایەوە، کە ئەسپەکە هێمایەکە بۆ باوکی. لای (فرۆید) ئەو ترسە پێوەندیی بە گرێێ ئۆدیپەوە هەیە. ئەو پارچە ڕەشەی بە دەوری رووخساری ئەسپەوەیە، (هان) دەخاتە بیری سمێڵەکانی باوکیەوە. ئەو ترسە لە باوک لە ئەنجامی هەبوونی حەزی سێکسوالەیتییە بۆ دایک. دەکرێت بڵێین ماڵ لەو قەسیدەیەدا ئاماژەیە بۆ دایک و گەڕانەوەی باوکیش لە جەنگ دووبارە مەلکەچ بوونەوەیە بۆ دەستەڵاتی ئەو.  لە هاوکێشەی نێوان دەستەڵاتی باوک و رێبەرایەتیکردن بۆ سەرهەڵدانی مێژوویەکی دیکە لە خوێن، دۆخێک هەیە ئەویش دەتوانم بە (دۆناودۆنی کەلتووری خوێن) ناوی ببەم. واتە ئەو کەلتوورەی لەسەر بنەمای خوێن گەشەی کردووە، هەمیشە بە شێوەی جیاواز لە گەڕانەوە دایە. بە ئێستایشەوە جیهان نەیتوانیوە دەستبەرداری کەلتووری خوێنڕشتن بێت. کامە کۆمەڵگا هەیە تا گەیشتنی بەو دۆخە مێژوویەکی درێژی لەگەڵ خوێن دروست نەکردبێت؟ کەلتووری خوێنرشتن لە خوێن ڕشتنی ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ درێژ بووەتەوە. مرۆڤ لە سەرەتادا خوێنی ئاژەڵەکانی ڕشتووە. ئەو دیاردەیە لەگەڵ خۆیدا خوێنڕشتنی مرۆڤی کردووەتە کردەیەکی ئاسایی. گەشەکردن یاسایەکی چەسپیوی سرووشتە و مرۆڤ هەمیشە لە پەرەسەندنی بەردەوام دایە. قسەکردن لە بارەی باشی و خراپی ئەو پەرەسەندنە نامانگەیەنێتە هیچ ئەنجامێک، بەڵکو دەبێت قسە لەسەر دەرکەوتەکانی ئەو پەرەسەندنە بکرێت، کە لەگەڵ خۆیدا کەلتووری خوێنڕشتنی ئافراندووە. 

ئەو کەلتوورەی باوک لەو وێنەیەدا دەیچەسپێنێت هەمان بەردوامی دانە بە کەلتووری خوێنڕشتن. لێرەدا تاکە پێوەری پیاوەتی خوێنڕشتنە. با بزانین دەستەڵاتی ژن لەو هاوکێشەیەدا چۆنە؟ لە قەسیدەکەی (شەهید کەوڵۆسی) ئەو دیاردانە وەکو زنجیرەی دوای یەک وێنا کراون. وەک هاتووە:

که‌ مناڵ بووم:/ برا گه‌ورەکه‌م تاقم و تفه‌نگی ئه‌به‌ست و ئه‌چوو بۆ پیاسه‌ی کۆڵان،/ هه‌ر کچ بوو وەک گوڵه‌ ژاڵه‌ له‌ به‌ر پێیدا لار دەبوونه‌وە ، / ژنانی ڕەنگ زەردی به‌ردەرگا ، / لوله‌ی تفه‌نگیان له‌ خویێنی خۆیاندا ئه‌بینی وەک ماینێکی تینوو دەمی نابوە هه‌ناویان ،/ له‌ترسا ئه‌یان وت:/ کچه‌کانم له‌ ئاوی کانی پاک ترن / وەک نۆبه‌رەی به‌فر سپین 

مه‌ریه‌می عوزارن کچانی ئێمه‌ ،/دەست بخه‌یته‌ سه‌ر کامیان حه‌ڵالت بێت ئه‌ی پیاوی شان به‌ فیشه‌ک لۆق ،/ برا گه‌وەرەکه‌م دەستی له‌سه‌ر به‌له‌پیتکه‌ی تفه‌نگ و ژنانیش دەستیان له‌سه‌ر دڵیان خۆیان، / برای گه‌ورەی من که‌ هه‌رگیز له‌ ژیانیا پێنه‌که‌نیبوو له‌ خه‌وما ئه‌یوت/ :که‌رێک بگێم له‌ ژنی مه‌کرباز خۆشترە/ سواری ماینێکی که‌حیله‌ زوڵێخای میسر دێنێت ،

ژن له‌ قه‌رەوڵی تفه‌نگ بترازێت دۆستێکی دیکه‌ی کوا ؟/ برا گه‌ورەکه‌م هه‌ر له‌ خه‌وما ئه‌یوت ژن ته‌نها خه‌نجه‌ر ئه‌توانێت ڕاوی کات ،/ من ئه‌توانم هه‌رچی ژنه‌ له‌م نیشتیمانادا په‌تکه‌م / به‌ڵام قه‌تاوقات ناتوانم خه‌یاڵیان لێبسه‌نمه‌وە ،/ ئه‌توانم به‌ پرچی خۆیان بیان به‌ستمه‌وە به‌ کێلی قه‌برەکانه‌وە / به‌ڵام ناتوانم دڵیان یه‌خسیر که‌م / لوله‌ی تفه‌نگه‌که‌ی ماچ دەکردو وەک شێری بێشه‌ ئه‌ینه‌ڕاند، / ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌مه‌ ئه‌توانێت/ له‌ قوڵای ژندا که‌ دەستی منی پێناگات شه‌رەفمم وەک یاقوت بۆ دەر بهێنێت،/ من و ژن ته‌نها یه‌ک دۆستمان هه‌یه‌ /که‌ بتوانێت له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ردوکمان ڕازی کات ئه‌وێش خوێنه‌ خوێنن ،/ فیشه‌کێک ئه‌توانێت من بگه‌یه‌نێته‌ به‌خته‌وەری ، / هه‌مان فیشه‌ک ئه‌توانێت ژن بگه‌یه‌نێته‌ کۆتایی که‌ مه‌رگه‌ ،/ بڕوانه‌ برای من ،/ من و ژن چی کۆمان ئه‌که‌ته‌وە تفه‌نگ ،/ به‌ڵێ تفه‌نگ ،

 

بە هەمان شێوە لەو وێنە شیعرییانەشدا وێنای کەلتووری پیاوسالاری کراوە و دەرکەوتەکانی خراوەتەڕوو. بۆ نزیکبوونەوە لە ماناکان، پێویستیامان بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی هەیە بۆ شیکارکردنی دۆخی کۆمەڵگا لە ژنسالارییەوە بۆ پیاوسالاری. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە لە چاخی بەردینی کۆندا، ئەو چاخەی مرۆڤ لە ڕێگەی بەردەوە پێویستییەکانی ژیانی فەراهەم دەکرد، بۆ نموونە ڕاوکردن و ئاگرکردنەوە، تەنانەت بەرگریکردن لە خۆیشی، ئەوا ژن وەکو ڕێبەڕایەتی کۆمەڵگا دەستنیشان کراوە. ئەرکی خستەنەوەی منداڵ، کە مانای درێژەدانە بە ژیانی مرۆڤایەتی لەسەر زەویدا، بە ئەرکێکی پیرۆز و گەورە سەیر کراوە. هەر بۆ ئەو مەبەستە زۆربەی خوداوەندەکان لە سەرەتادا خوداوەنی ژن بووینە. زێی ژن پیرۆزترین ئۆرگانی جەستە بووە. کاتێ ژن لە ئەشکەوتەکاندا پاشا بووە و پیاو بۆ ڕاوکردن چووەتە دەرەوە، هەستی بە دوو نهێنی کردووە. یەکەمیان بازوو و هێزی پیاو لە هیی ژن زیاترە، دووەمیشیان هۆکاری یەکەمی منداڵخستنەوە پیاوە نەوەک ژن. لێرەدا هەوڵ دەدرێت دەستەڵات لە ژن بسەندرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت. پیاو بۆ یەکەمجار هەست دەکات باوکە و ویستی خاوەنداریەتیکردنی بەرانبەر بە ژن لە لا سەر هەڵدەدات. ئەوە یەکەم کۆتە بۆ سنووردارکردنی ژن. جگە لەوەی کردارە سێکسواڵەیتییەکانی لە چوارچێوەی خاوەنداریەتی پیاو سنووردار دەکرێت. ئەوەی پیاو ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت ئەندێشەی ژنە. تاکە نیشتیمانی ژن بۆ دەستخستەوەی ئازادی و دەرچوون لە کۆتوبەندی پیاو پەنابردنەبەر ئەندێشەیە. دەتوانرێت ژن بکوژرێت و سەریشی بکێشرێت بە کێلەکاندا، بەڵام کارێکی نەکردەیە بە هۆی هێزەوە خەیاڵی لێ زەوت بکرێت. بە درێژایی مێژوویش پیاو ویستوویەتی هێزی خۆی لای ژن بچەسپێنێت، بەڵام لەوە بێ ئاگا بووە هێزی ئەو بە هۆی ژنەوە پەرە دەستێنێت. لە ئەفسانەکاندا پیاو لەگەڵ خۆیدا ژن دەبات بۆ شەڕکردن لەگەڵ دێوەکاندا تاکو پیشانی بدات، کە چەند بە هێزە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە بە هۆی ئامادەیی ژنەوە ترسی لە دێوەکان دەڕوێتەوە و بیر لە شکست ناکاتەوە، چونکە ئەوە دەبێتە لاوازییەکی گەورە. هۆکاری شکستنەهێنانیش ئەوەیە، کە بیر لە شکست نەکرێتەوە. ئەگەرچی وا دەردەکەوێت پیاو لە چەسپاندنی دەستەڵاتی بازوودا بەسەر ژندا سەر کەوتووە، بەڵام هەرگیز لە چەسپاندنی بەو شێوەیەی، کە دەیەوێت نەیتوانیوە دەست بەسەر ئەندێشەیدا بگرێت. 

(شەهید کەوڵۆسی) زۆر بە ئاگاییەوە ئەو دۆخەی وێنا کردووە. براگەورە ئاماژەیە بۆ هەمان نوێنەرایەتیکردن و درێژەپیدان بە کەلتووری پیاوسالاری. (تفەنگ) ئاماژەیە بۆ پەنابردنە بەر هێز لە لایەن پیاوانەوە. لای براگەورە جەستەی ژن ئامێرێکی هەڵخەڵەتێنەرە. جووتبوون لەگەڵ ژنەکاندا مانای ئەوە نییە دەستی بەسەر ژندا گرتووە. لێرەدا جەستە نوێنەراییەتی ئیرادە و بوونی ژن لە خۆی ناگرێت، چونکە ئەوەیان لە ڕێگەی هێزەوە داگیر کراوە، بەڵکو ئەندێشەی ژن مانای راستەقینەی ژن خۆیەتی. مەکر ئاماژەیە بۆ مەتەڵە شاراوەکانی ژن، وەکو (نیتچە) ئاماژەی پێ دەدات، کە هەموو شت لە ژندا مەتەڵێکە. هێزی پیاو لە کردنەوەی مەتەڵەکانی ژندا دەردەکەوێت، نەوەک چەسپاندنی دەستەڵات بەسەریاندا. براگەورە هەستی بە مەتەڵە ئاڵۆەزەکانی ژن کردووە، بەڵام نەیتوانیوە هەڵیانبهێنێت. لە ئەنجامی ئەوەدا دەگەڕێتەوە هەمان دۆخی سەرەتایی بۆ چەسپاندنی دەستەڵات بەسەر ژندا، کە لە ڕێگەی هێزەوە پێی گەیشتووە. تفەنگ وەک دالێک ئاماژەیە بۆ مەدلوولی توندوتیژی و شەڕ، کەوا گومان دەکرێت هەر لە کۆمەڵگای پیاوسالارییەوە سەرچاوەی گرتبێت. سەرەتای سەندنەوەی دەستەڵات لە ژن لە ڕێگەی بازوو و شەڕەوە بووە. 

لە باشترین دۆخدا لە کۆمەڵگای پیاوسالاری، ئەگەر ژن دەستەمۆ نەبێت، ئەوا ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. بۆیە براگەورە نوێنەرایەتی هەمان بەردەوامیدان بە نەریتی پیاوسالاری دەکات. (کەوڵۆسی) دۆخی هەڵگەڕانەوەیشی وێنا کردووە، هەر وەک لە دوای ئەوە هاتووە:

ئه‌م زەویه‌ی تا ئه‌مڕۆ گومانم ئه‌کرد خودی جه‌هه‌نه‌م بێت بۆ عه‌شق/ ئه‌و عه‌شقه‌ی که‌ ته‌نها تۆ حه‌رامت کرد ،/ ئه‌و حه‌رامه‌ی که‌ تاکه‌ گه‌رانتی ته‌حه‌مول کردنی ژیانه‌ له‌ دونیا ڕای گرە/ من دەپاڕامه‌وەو ، پیاوانی موحه‌مه‌د ژنیان سه‌ر دەبڕی…/ من دۆعام دەکردو کوڕانی یه‌زید دۆعایان به‌ردباران ئه‌کرد…/ من ڕجام دەکردو خودا پشتی کردبوە من ،/ من ئه‌کڕوزامه‌وەو پێغەمبه‌ران ڕوی خۆیان لێوەرگێڕام ؛/ ئێستا که‌/ گه‌ورەبووم و دوور دوور لا دووری وەحشه‌ت دەژیم ، / ژن فێری کردم ئه‌توانم بۆ هه‌میشه‌ دڵارام بژێم/ دۆعا که‌ گه‌ورە ببوو نزیک نزیکی وەحشه‌ت ، / پیاو فێری کرد ئه‌توانێت بۆ ئه‌به‌د بێ خه‌یاڵ بمرێت 

 

ئەو خودەی دەدوێت منداڵێکی هەرزەکارە لە بەردەم گەورەبوون دایە، منداڵێک هەست بە شێوە ژیانی پیاوسالارانەی کۆمەڵگای خۆی دەکات و ویستی هەڵگەڕانەوەی لە لا سەر هەڵدەدات. گشت دۆخ و وێنە مێژوویەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە و ڕوو لە شێوە ژیانێکی دیکە دەکات. یاخیبوون بەرانبەر بەو شێوە ژیانە لە ئەنجامی ئەوەوە هاتووە، کە خود هەست بە دابڕان لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکات. ئەو خودە توانای بەردەوامیدانی ئەو شێوە ژیانەی نییە، بۆیە یاخی دەبێت و ڕەت دەکاتەوە. پیاوی بێخەیاڵ، ئاماژەیە بۆ لە دەستدانی خۆ لەنێو کۆتە کەلتووری و مێژووییەکاندا. لێرەدا شەڕ بە تەنیا ئاماژەیەک نییە بۆ کارەسات، بەڵکو دووبارە چەسپاندنەوەی هێزی پیاوە، چونکە پیاو بەو بیانووە هەمیشە لە دۆخی سەلماندن و چەسپاندنی دەستەڵاتەکەی دایە. پرۆسێسە مێژووییەکان، کە بە چەندین شێوەی جیا خۆیان مانیفێست دەکەن، وەکو ئایین، ئایدۆلۆجیای ترادسیۆنی، یاسای خێڵ و ئەفسانە، هەمان پەیامن بۆ چەسپاندنەوەی دەستەڵاتی پیاو. ئەگەر لە زۆربەی ئایینەکان پیاو ڕۆڵی پەیامبەر دەگێڕێت، ئەوا هۆکاری سەرەکیی ئەوە پێوەندیی بە دۆخی پراکتیزەکردنی دەستەڵاتەوە هەیە لە لایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە. 

پاش هەموو ئەمانە، دەتوانین هەڵوێستەیەک لەسەر کەشی گشتیی شیعرەکە بکەین. ئەو شیعرە مێژوویەک لە خوێن و بەیەکدادانی کەلتووری وێنا دەکات، کە تێیدا کارەکتەرەکان لە سوڕی بەردەوامی خوێندا دەخولێنەوە. دەرکەوتەکانی جەنگ و کوشتار لە ڕێگەی ناخی کارەکتەرەکانەوە وێنا کراوە، بە تایبەت لە ڕێگەی مۆنۆلۆگی خودی کارەکتەری شیعرەکە، کە دەست دەکات بە گوزارشتکردن لە خۆی و ئەو دیاردانەی، کە بە دەوریدا رایەڵە کراون. جەنگ بەرهەمی گەشەکردنی مرۆڤە و یەکێکیشە لەو دیاردانەی لەگەڵ شارستانیەتەوە هاتووە. ناسەقامگیری، کە ڕوویەکی هەرە دیاری شارستانیەتە و بە چەندین شێوەی جیا خۆی مانیفێست دەکات. دەتوانم بڵێم جەنگ گەورەترین ناسەقامگیریی شارستانیەتی دەخوڵقێنێت. لەو شیعرەدا ژیان لە دوو زەمەنی جیاواز دایە، زەمەنێک گەڕانەوەیە بۆ ژیانی پێش شارستانی لە ڕێگەی وێنا خودییەکانی کارەکتەر بۆ رابڕدوو، بۆ نموونە هێزی ئەندێشەی ژن لە بەرانبەر هێزی بازووی پیاودا. زەمەنی دووەم ئەو شوێنەیە، کە کارەکتەر واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ شارستەنیەت دەکات، چونکە خۆی لە ناو دیاردەکانی شارستانیەت دەبینێتەوە. بۆیە ژیانی شارستەنیەتی هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی تەکانی گەورە دایە، چونکە ئەو تەکانە یەکێکە لەو دەرکەوتەکانەی، کە لە هەناوی شارستەنیەتەوە خۆی حەشار داوە. 

Previous
Next

Leave a Reply