شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک …. به‌شی سێیه‌م کۆتایی
خه‌ونه نمایشێک
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
دایک گه‌وره‌یه و به‌رئه‌نجامه‌کان ئه‌زانێ چییه و هه‌روه‌ها له ژیانیش گه‌یشتووه ( ئۆف له‌م ژیانه!) دواتر دایک له شانۆنامه‌که‌دا ده‌مرێت و هیچ ئاماده‌بوونێکی فیزیکی نامێنێت. هه‌روه‌ها باوکیش دیارنامێنێ. له پهیوهندییهکهشیاندا له ئازاردانی یه‌کتر به‌ولاوه هیج شتێکی تریان نه‌کردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن بۆچی20.
له خه‌ونه نمایشێکدا چه‌ندین کاره‌کته‌ر ئه‌و پرسیاره دووباره ده‌که‌نه‌وه که بۆچی هێنده ئازار و ژان له دونیادا هه‌ن، بۆچی مرۆڤ یه‌کتر ده‌چه‌وسێننه‌وه، دایک و باوکه‌که هیچ وه‌ڵامێک و لێکدانه‌وه‌یه‌کیان بۆ (بۆچی) پرسیاره‌کانی خۆیان وه‌رناگرن و نییه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو دایک دووپاتی ئه‌وه‌ش ده‌کاته‌وه که پرسیاره‌کان ژیان زیاتر ئاڵۆز ده‌که‌ن. باوک و دایک له شانۆنامه‌که‌دا هێماگه‌لی وه‌چه پیره‌که، وه‌چه کۆنه‌که‌ن و به‌ڕێگای مه‌رگه‌وه‌ن، ئه‌وان ده‌مرن و له‌به‌رچاو ون ده‌بن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌لای هه‌ندێ له کاره‌کته‌ره‌کان ده‌مێننه‌وه و جارناجارێک وه‌بیرده‌هێنرێنه‌وه.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه هه‌ستی قه‌رزارباری له ڕابردوودا و هه‌روه‌ها له ئێستاشدا، مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگه. له‌وانه‌یه شانۆنامه‌که بۆ خودی ستریندباری باسی ئه‌و دایکه بکات که له سه‌ره‌مه‌رگدایه، یان به ته‌واوه‌تی مردووه و به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی له ترۆپکدایه و هه‌ستی قه‌رزارباری خۆی وه‌ک چه‌کێک دژی منداڵه‌کانی به‌کارده‌هێنێ.• ده‌رگاوان/ پارێزه‌ر
هه‌ردوو کاره‌کته‌ری ده‌رگاوانه‌که و پارێزه‌ر هێماگه‌لێکی به‌هێز و ڕاسته‌وخۆی ئازارچێشتنن، خه‌م و ژان و ئازار له سیمایاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره باسی کڵۆڵی و خه‌مه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن و به‌مه‌ش له په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامدان به که‌سایه‌تییه‌کانی تره‌وه. ده‌رگاوانه‌که له ماوه‌ی سی ساڵدا جێگای متمانه‌ی که‌سه کڵۆڵه‌کان بووه و ئه‌و که‌سانه گله‌یی به‌ختی خۆیان لای ئه‌و کردووه، ڕاڕه‌وی شانۆکه‌ش شوێنی کاره‌که‌ی ئه‌وه. مرۆڤه به‌دبه‌خته‌کان خه‌ڵکانی سه‌ر شانۆکه‌ن، ئه‌و شانۆیه‌ی که ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌رگاوانه‌که سهمازانێکی بلیمه‌ت و ناودار بووه، ئێستاش کاری ئه‌وه که گوێ له په‌ژاره‌کانی خه‌ڵکی بگرێت. ده‌رگاوانه‌که ده‌ڵێت:( خه‌م شتێکی ناپه‌سه‌ند نییه … ئه‌وه شتێکه … به‌هه‌رحاڵ شتێک باشتره له هیچ.)
به‌ر له سی ساڵ ده‌رگاوانه‌که په‌یوه‌ندی به خودی خۆیه‌وه له ده‌ست ئه‌دات، له‌گه‌ڵ (ئه‌و، من) ی خۆیدا داده‌بڕێت، هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش توانای سه‌ماکردن له‌ده‌ست ئه‌دات و تروسکه‌ی سه‌ما له جه‌سته‌یدا نامێنێ و له‌بری ئه‌وه ده‌بێته ده‌رگاوان. ده‌رگاوانه‌که ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و خه‌ڵکه دڵشکاو و غه‌مگینانه بێت و ده‌بێت شه‌و و ڕۆژ به به‌رده‌وامی کار بکات، به کچه‌که ده‌ڵێت:( به‌ڵام مرۆڤ نابێت له‌کاتی ئیشدا بنوێت، هه‌رگیز نابێ بنوێت، نه به شه‌و و نه به ڕۆژ ….) کچه‌که‌ش له ده‌رگاوانه‌که نزیک ده‌بێته‌وه و جێگاکه‌شی ده‌گرێته‌وه و شاڵهکهشی ده‌دات به شانی‌دا، ئه‌و شاڵه‌ی که چه‌نده‌ها ساڵه ئازار و ژانی خه‌ڵکی هه‌ڵمژیوه.کچه‌که
( بۆ ژنه ده‌رگه‌وان )
ئێستا شاڵه‌که‌م بده‌رێ، ده‌توانم لێره‌دا دانیشم و له عه‌بده‌کانی خودا بنۆڕم! به‌ڵام تۆ له دواوه ڕاوه‌سته و قسه‌م بۆ بکه!
( شاڵه‌که به خۆیدا ده‌دا و لای ده‌روازه‌که‌وه داده‌نیشێت )ژنه ده‌رگه‌وان
ئه‌مڕۆ دوایه‌مین ڕۆژه و ئۆپێراکه داده‌خرێت … ئه‌مڕۆ ئه‌وان ده‌زانن که ئاخۆ داده‌مه‌زرێن …..کچه‌که
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که دانامه‌زرێن … چی؟ژنه ده‌رگه‌وان
ئا، ئه‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح، ده‌بینین …. من شاڵه‌که ده‌ده‌م به سه‌رمدا، من …..کچه‌که
ئای مرۆڤی داماو!ژنه ده‌رگه‌وان
بنۆڕه وا یه‌کێک هات … ئه‌و هه‌ڵنه‌بژێردراوه .. بنۆڕه چۆن ده‌گری …شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
پارێزه‌ره‌که‌ش به‌هۆی کاره‌که‌یه‌وه ناتوانێت دووره‌په‌رێز بێت له مرۆڤ و گیروگرفتهکانییهوه. مرۆڤه‌کان خۆیان ده‌خزێننه ژیانییه‌وه، ئه‌وان به شکایه‌ت و ناڕه‌زایی و گیروگرفتهکانیانهوه، به کێشه و ئاژاوهکانیانهوه ڕووده‌که‌نه پارێزه‌ره‌که، خه‌ڵکی هه‌ست ده‌که‌ن که به ناڕه‌وایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه دێنه لای پارێزه‌ره‌که تا داواکانیان بگه‌یه‌نێته دادگا. پارێزه‌ره‌که خۆی له یه‌کسانیدا ده‌بینێته‌وه و دژی دووباره‌بوونه‌وه‌یه، به‌ڵام ژیانی خۆی له دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامدایه، نه ئه‌توانێ واز بهێنێت و نه ئه‌شتوانێ شتێک له هه‌ڵوێسته‌کانی ژیانی بگۆڕێت. ده‌بێت به‌رده‌وام بێت وه‌ک پارێزه‌رێک، دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌کی هه‌تاهه‌تایی. پارێزه‌ره‌که و ئه‌و مرۆڤانه‌ی که گله‌ییان هه‌یه پێویستیان به یه‌کتر هه‌یه و یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن.
• شاعیره‌که/ کچه‌که
هه‌ردوو کاره‌کته‌ری کچه‌که و شاعیره‌که ڕۆڵێکی تایبه‌تمه‌ندیان هه‌یه، دیالۆژه‌کانی نێوانیان زۆر جیاوازتره له دیالۆژه‌کانی تری هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی تر، هه‌ر بۆ نموونه زمانه چڕ و لیریک ئامێزه‌که‌یان، ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ستریندباری له ده‌روازه‌کانی ڕۆڵی کچه‌که و شاعیره‌که‌وه ده‌یانخاته ڕوو، قه‌رزارباری، ویژدانێکی بێ ئازار و ئاسووده، باوه‌ڕ و گومان، ئازاره‌کانی مرۆڤ …. هتد له ڕوانگه‌یه‌کی گه‌لێ هۆشیارییه‌وه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی تری شانۆنامه‌که و کاره‌کته‌ره‌کانی تریش، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردوون. ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره ڕۆڵ و که‌سایه‌تییه‌کانی یه‌کتر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن، یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن و ڕووداوه‌کان به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌به‌ن. له دیالۆژهکانیاندا زۆر نزیکن له یه‌کتره‌وه، هه‌ردووکیان باسی خه‌ون، شیعر، ڕاستی و واقیع ده‌که‌ن.شاعیر
من که‌ڕه‌تێک ئه‌وه‌م کردۆته شیعر!
کچه‌که
که‌واته تۆ ده‌زانیت شیعر چییه …
شاعیر
که‌واته ده‌زانم خه‌ون چییه … ئه‌دی شیعر چییه؟
کچه‌که
واقیع نییه، به‌ڵام له واقیع زیاتره … خه‌ون نییه به‌ڵام خه‌ونێکه به بێداریی ده‌بینرێ …
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێککچهکه وه‌ک میوانێکی سه‌ر زه‌وی زوربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌که ده‌بینێ و نوێنه‌ری ئه‌و ڕووداوه، کرداره‌یه له شانۆنامه‌که‌دا که بوونی بۆ نییه. به‌ڵام شاعێرهکه زیاتر له به‌شی کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت، خێرا چه‌ندین هێڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ کچه‌که‌دا ده‌دۆزێته‌وه.
کچه‌که و شاعیره‌که هه‌روه‌ک ئه‌وه وایه که پێناسی یه‌کتر ئاڵوگۆڕ بکه‌ن، لهچاوتروکانیکدا کچه‌که ده‌بێته وێنه‌یه‌کی، ئاوێنه‌یه‌کی ئه‌و، له چاوتروکانێکی تریشدا شاعیره‌که ده‌بێته هی ئه‌و. به‌ڵام دواتر ئه‌م پێکداچوونه ده‌وه‌ستێت و کچه‌که له‌پڕ هه‌ست به‌وه ده‌کات که بوونی به مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتی ئینکهرناشونی ئه‌و له‌سه‌ر زه‌وی چی له‌خۆ ده‌گرێت.کچه‌که
تۆ حه‌قی خۆته سه‌رزه‌نشتم بکه‌یت، من له‌م خواره‌وه زۆرم پێچوو، وه‌ک تۆ له گه‌رماوی قوڕدا خۆم شت …
ئیدی ئه‌ندێشه‌کانم نافڕن، باڵه‌کانم قوڕاویین …
پێوپلم خۆڵاویین … منیش خۆم … ( باسکه‌کانی بڵند ده‌کات )
من غه‌رق ده‌بم، غه‌رق ده‌بم …. باوکه ئه‌دی خودای ئاسمان
یارمه‌تیم بده! ( بێده‌نگی ) من ئیدی وه‌ڵامی نابیستم! ئیدی ئهتمۆسفار ده‌نگ له لێوی ئه‌وه‌وه ناگه‌یه‌نێته سه‌ده‌فی گوێچکه‌ی من …. ئیدی داوی زیویین پچڕا … بێچاره خۆم، من به ئه‌رزه‌وه به‌ستراوم.
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێککێ به‌رپرسیاره له‌وه‌ی که ژیان ئاسووده نییه؟ ئایا مرۆڤ خۆی به‌رپرسیاره یان هێزه ئاسمانییه‌کان؟ شاعیره‌که هه‌ندێ جار مرۆڤ تاوانبار ده‌کات و هه‌ندێ جاری تر ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات که مرۆڤ به‌ته‌واوه‌تی بێتاوانه. هه‌روه‌ها شاعیره‌که هانی کچه‌که ئه‌دات که هه‌موو ئاخ و داخی مرۆڤ وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانێک که (نه‌مره‌کان) تێیبگه‌ن.
شاعیره‌که ئه‌و نایه‌کسانییانه ده‌بینێت که لێپرسراوی قه‌ره‌نتینه، به‌هۆی پابه‌ندبوونییه‌وه به ده‌سه‌ڵاته‌وه ناتوانێت بیانبینێت.
لێپرسراوی قه‌ره‌نتینه دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که مرۆڤ خۆی به‌رپرسیاره له ناخۆشی و په‌ژاره‌کانی خۆی، شاعیره‌که‌ش دژی ئه‌م دیده ده‌بێته‌وه. شاعیره‌که هه‌ندێ جار له گومان و دانایی و بڕواوه ده‌ڕوانێته بوونی خوا، زۆرجار هه‌ست و هۆشێکی قووڵ و تێفکرینێکی به‌رزی هه‌یه، به‌ڵام دوای چه‌ند ساتێک ون ده‌بێت، هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێت:” نه‌ء! من زۆرجار خاوه‌ن دڵنیایی بووم، به‌ڵام دوای سه‌رده‌مێک ئه‌و دڵنیاییه نه‌ما، وه‌ک خه‌ونێک کاتێک که مرۆڤ بێ‌دار ده‌بێته‌وه!”
کچه‌که‌ش ده‌کرێت وه‌ک هاووێنهیهکی، هاوشێوه‌یه‌کی به‌سه‌رهاته‌کانی هه‌زار و یه‌ک شه‌وه بخوێنرێته‌وه، ستریندباری خۆیشی له‌م شرۆڤه‌یه نزیک بۆته‌وه و له دیمهنهخهونێکدا ئه‌و لێکچوونه ده‌خاته‌ڕوو: هارونه ڕه‌شید، خه‌لیفه‌ی به‌غدا که له به‌رگی که‌سێکی ئاسایی‌دا خۆی ده‌گۆڕێت و ده‌چێته ناو خه‌ڵکییه‌وه تا بزانێت چۆنچۆنی په‌یڕه‌وی یاساکانی ده‌که‌ن. له‌هه‌مانکاتدا شاعیره‌که داوای لێده‌کات که باسی ئه‌و نایه‌کسانییانه‌ی بۆ بکات که له سه‌فه‌ره‌که‌یدا بینیویه‌تی.کچه‌که
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانتان زۆر قورسه، چونکه چه‌ندان شت هه‌ن که پێشبینی ناکرێن ….شاعیر
خه‌لیفه هارونه ڕه‌شید*یش هه‌ر وای ده‌بینی! بێجووڵه له‌سه‌ر عه‌رشه‌که‌ی داده‌نیشت و قه‌ت له‌و سه‌ره‌وه ته‌ماشای نه‌ده‌کرد که له خواره‌وه چ باسه! دواجار دادوبێدادی خه‌ڵک گه‌ییه گوێ به‌رزه‌کانی. ئه‌وسا له ڕۆژێکی خۆشدا هاته خواره‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک که نه‌ناسرێته‌وه، خۆی گۆڕی و بێ سرته خۆی کرد به‌نێو حه‌شاماتی خه‌ڵکدا تا بزانێ وه‌زعی عه‌داله‌ت چۆنه.کچه‌که
هه‌ڵبه‌ت خۆ پێتانوانییه که من هارونه ڕه‌شید بم؟
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێککچهکه چاره‌سه‌ری مه‌ته‌ڵه گه‌وره‌که، نهێنییه‌کانی ژیان ده‌کات: ژیان وێنه‌یه‌کی خه‌ونه (خه‌ونه وێنه‌یه‌که). شاعیره‌که‌ش ده‌یه‌وێت کچه‌که وه‌ڵامی نهێنییه‌کانی ژیانی بداته‌وه، ده‌یه‌وێت به‌هۆی پرسیارێکی ڕاسته‌وخۆ و کۆنکرێتییه‌وه له کچه‌که بگات، شاعیره‌که ده‌یه‌وێت بزانێت که کچه‌که له‌سه‌ر زه‌وی زیاتر به چی ئازاری چه‌شتووه، کچه‌که‌ش ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی که هه‌بم، واته بوونی ئه‌و له‌سه‌ر زه‌وی و له‌ناو مرۆڤدا ئازاراوی بووه:” من هه‌موو عه‌زابه‌کانی ئێوه‌م چه‌شتووه”.
شاعیر
که‌واته به‌رله‌وه‌ی بڕۆیت … پیمبڵێ: له خواره‌وه، چ شتێک له‌هه‌موو شته‌کانی تر زیاتر ئازاری دایت؟
کچه‌که
شتێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی … که هه‌بم، ئه‌وه‌ی که هه‌ست بکه‌م چاوێک ڕوانینمی لاواز کردووه، که گوێیه‌ک بیستنمی ته‌مبه‌ڵ کردووه، ئه‌وه‌ی که ئه‌ندێشه‌م، ئه‌ندێشه بهرئاوهڵه و ڕووناکهکهم له پێچاوپێچی چه‌ورایی ئه‌قڵدا شه‌ته‌ک بدرێ. هه‌ڵبه‌ت تۆ مێشکێکت بینیوه .. ج ڕێگه‌گه‌لێکی پێچاوپێچ … چ ڕێگه‌گه‌لێکی خشۆکیی …
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکله کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا کچه‌که ئاماده‌یی خۆی ده‌رده‌بڕێت که په‌یامی شاعیره‌که له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێت بۆ ئیندرای خواوه‌ند، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئاسمان، پیڵاوه‌کانی داده‌که‌نێ و فڕێیده‌داته نێو ئاگره‌که‌وه، کچه‌که ده‌یه‌وێت به‌مه هه‌موو وه‌همه‌کانی سه‌ر زه‌وی بسوتێنێ و به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی به جیهانی سه‌ر زه‌وییه‌وه نه‌مێنێ. دوای ئه‌وه و له‌هه‌مان کات و به‌پێی هه‌مان ڕیتواڵ کاره‌کته‌ره‌کانی تریش شته تایبه‌تمه‌نده‌کانی خۆیان: ژنه ده‌رگاوانه‌که شاڵه‌که‌ی، ئه‌فسه‌ر گوڵه‌کانی ده‌ستی، پۆستهرههڵواسهرهکه پۆسته‌ره‌کانی، وه‌ستای شووشه ئه‌ڵماسه‌که‌ی، پارێزه‌ر پرۆتۆکۆڵی دادگاییه‌که‌ی …. هتد به‌م شێوه‌یه‌ش کاره‌کته‌ره‌کان وه‌همه‌کانی خۆیان، وه‌همه زه‌مینییه‌کانیان فڕێده‌ده‌نه نێو ئه‌و ئاگره‌وه که ئه‌گنێس، کچه‌که‌ی خودا خۆی پێدهگهڕێنێتهوه بۆ ئاسمان. که کچه‌که ده‌چێته کۆشکه‌که‌وه، هێماگه‌لێکه بۆ ڕزگاربوون له وه‌همه‌کان و ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له وانه گرنگه‌کان و په‌یامه سه‌ره‌کییه‌که‌ی دیانه‌تی هیندیش.
کچه‌که
ماڵئاواییمان به‌ڕێوه‌یه و کۆتایی نزیک ده‌بێته‌وه
خوداحافیز ئه‌ی زارۆکی ئینسان، ئه‌ی خه‌ونبین
خواحافیز تۆ ئه‌ی شاعیر که باشترین ژیان ده‌ژی
به باڵی شه‌کاوه‌وه به‌سه‌ر ئه‌رزدا ده‌سووڕێته‌وه
جار به‌جار له خۆڵدا غه‌رق ده‌بێ
تا ئه‌وه‌ی که به ئه‌سپایی به‌ری که‌وتووه، پێیه‌وه
نه‌نووسێت
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک• ئه‌فسون و هێماگه‌لی ”ده‌رگا”
له خه‌ونه نمایشێکدا چه‌ندین هێماگه‌لی به‌هێز هه‌ن و ئه‌م هێمایانه‌ش یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن و پێکه‌وه وێنه‌یه‌کی گشتگیر و سه‌راپاگیر له سرکتوری شانۆنامه‌که‌دا ده‌خوڵقێنن: کۆشک، شانۆ، ئه‌شکه‌وت و ده‌رگا داخراوه‌که به‌شێکن له‌و هێماگهلانه. لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌شێک له نهێنییه‌کانی هیماگه‌لی ده‌رگاکه بکه‌ینه‌وه.
یه‌کێک له ناوه‌نده گرنگ و هێما ئاشکرا‌کانی خه‌ونه نمایشێک، بوونی ده‌رگایه‌کی داخراوه، ئه‌م ده‌رگایه‌ش به درێژایی شانۆنامه‌که ده‌بێته جێگای سه‌رنج و هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان له تێڕامانێکی به‌رده‌وامدان که چ شتێک له پشتی ئه‌و ده‌رگایه‌وه‌یه.
له پشت ئه‌و ده‌رگایه‌وه چاره‌سه‌ری گه‌ردوون خۆی شاردۆته‌وه، وه‌ڵامی نهێنییه‌کانی ژیان. ده‌رگاکه بکرێته‌وه یان نه‌کرێته‌وه، له‌وانه‌یه له‌پشت ده‌رگاکه‌وه ڕاستییه دڵته‌زێنه‌کان، خه‌ته‌رناکه‌کان، جیهانه نادیار و شاراوه‌کان، شته قه‌ده‌خه‌کراوه‌کان و نائاگاکان خۆیان شاردبێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه ڕه‌نگه هه‌موو که‌سێک نه‌یه‌وێت که ئه‌و ده‌رگایه بکرێته‌وه.
چی له پشت ده‌رگاکه‌وه‌یه؟ چاوه‌ڕوانییه‌کان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که‌دا گه‌وره ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ک له‌به‌رئه‌نجامدا ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه ده‌گاته ئاستێکی به‌رز و له‌هه‌مانکاتدا جیاواز و نامۆ.
کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه ئاشکراکردنی نهێنییه‌کانی گه‌ردوونه و وه‌ڵامیش بۆ ئاشکراکردنی نهێنی و هه‌ڵهێنانی مه‌ته‌ڵێکی وه‌ها گه‌وره ته‌نها یه‌ک شته: عه‌ده‌م21.
ستریندباری له یه‌کی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1901 دا، که ئه‌و کاته به ته‌واوه‌تی شانۆنامه‌که‌ی نووسی بوو، له یه‌کێک له یاداشته‌کانیدا نووسیویه‌تی که ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی گرنگی سه‌باره‌ت به خه‌ونه نمایشه‌که‌ی له کتێبێک‌دا سه‌باره‌ت به ئاینی هیندی دۆزیوه‌ته‌وه:” نهینی ده‌رگاکه، هیچ، عه‌ده‌مه.” مه‌ته‌ڵی جیهان له هیچدا ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه و بۆچوونی تر و جیاواز ده‌خوڵقێنێ.
خه‌ونبینه‌کان ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌که‌ن که ده‌رگاکه به‌ره‌و کوێمان ده‌بات و نهێنییه‌کانیش له چاوی ئه‌و که‌سانه‌دایه که چاودێری شته‌کان ده‌که‌ن. کاتێک ئه‌فسه‌ره‌که خه‌ون به منداڵی خۆیه‌وه ده‌بینێت، ده‌رگاکه له دۆڵابێکدایه که ڕۆژێک له ڕۆژان کتێبێکی دڕاوی تێدا شاردۆته‌وه، له‌دوای ساتێکی تر خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه که له چاوه‌ڕوانی ژنێکدایه که هه‌رگیز نایه‌ت، ده‌رگاکه‌شی دوو هه‌زار و پێنج سه‌د و په‌نجاو پێنج جار دیوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه بگات که چ نهێنییه‌کی له‌خۆیدا حه‌شار دابێت.
ئه‌فسه‌ره‌که
حه‌وت ساڵه من بێره‌دا دێم و ده‌چم! حه‌وت زه‌ربی سێ سه‌د و شه‌ست و پێنج ده‌کاته دوو هه‌زار و پێنج سه‌د و پێنج! ( ڕاده‌وه‌ستێ و په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ده‌رگاکه که گوڵه چوار په‌ڕه‌که‌ی پێوه‌یه ) دوو هه‌زار و پێنج سه‌د و په‌نجا و پێنج که‌ڕه‌ت ته‌ماشای ئه‌م ده‌رگایه‌م کردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی توانیبێتم حاڵی بم له‌وه‌ی که ئاخۆ ده‌چێته‌وه سه‌ر کوێ! ئه‌م گوڵه چوار پهڕهیش که بۆ ڕووناکی ده‌که‌وێته سه‌ر پشت … ئه‌دی ده‌بێ بۆ کێ، ڕێگه بداته ڕووناکی بێته ژوورێ؟ ئاخۆ که‌سێک هه‌یه له ناوه‌وه؟ ئاخۆ که‌سێک له‌وێ ده‌ژی؟ژنه ده‌رگه‌وان
نازانم! من قه‌ت نه‌مدیوه بکرێته‌وه.شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک
ده‌رگاکه له دیمه‌نێکه‌وه بۆ دیمه‌نێکی تر ده‌گۆڕێت، ماناکانی، ناواخنه‌که‌ی و ته‌نانه‌ت شێوازه‌کانیشی، ده‌بێته ده‌رگای ژووری جلوبه‌رگ، بۆ ئه‌وانه‌شی که له ژیانی ژن و مێردایه‌تیدا به‌ندکراون، ده‌بێته قوفڵی به‌ندیخانه، بۆ پارێزه‌ره‌که‌ش ده‌بێته ئه‌و ده‌رگایه‌ی که شکاته‌کانی له پشته‌وه شاردۆته‌وه، به‌ڵام له‌لای کچه‌که پاڵه‌وانێک له‌پشت ئه‌و ده‌رگایه‌وه به‌ندکراوه و پێویسته له‌پشت ده‌روازه‌ی ده‌رگای کۆشکه‌که‌وه ئازاد بکرێت.
خه‌ونه نمایشێک له یه‌ک کاتدا و له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستی جیاواز، ڕاستی و واقیع و شیعرێکی خه‌یاڵئامێزه، ئه‌و کۆشکه‌ی که گه‌وره ده‌بێت و هه‌ڵده‌کشێت، ئه‌و گه‌شته‌ی که له ئاسمانه‌وه ده‌ستپێده‌کات و شوێن و کات تێکه‌ڵاو ده‌کات، وه‌ک ڕاستییه‌کی ڕه‌ها ده‌رده‌که‌وێت، له‌هه‌مانکاتدا ژیانی ڕۆژانه و ڕاستی و واقیع مه‌ودا و سۆنگه‌یه‌کی پڕ له ڕاز و نهێنی له‌خۆده‌گرێت.
بینه‌ران و ڕووداوه‌کان له‌یه‌ک کاتدا وه‌ک خه‌ون، فه‌نتازیا و واقیع ده‌بینێت. خه‌ونه نمایشێک گه‌مه‌ی وێنه‌کانه، ده‌رگاکه‌ش بینه‌ران له یه‌که‌م وێنه‌ی ئه‌و گه‌شته‌وه ده‌بات تا دوا وێنه‌کان. ده‌رگاکه ده‌رگایه، سینۆگرافیایه‌کی کۆنکرێتییه، له‌هه‌مانکاتدا وێنه‌یه‌کی میتافۆریشه، ده‌رگاکه به‌ڕووی بێئاگایی، جیهانه تاریک و نادیاره‌کاندا داده‌خرێت، بهخهبهرهاتنهوهش مه‌رگه!
له کۆتاییشدا که ده‌رگاکه ده‌کرێته‌وه، هیچ شتێک له پشت ئه‌و ده‌رگایه‌وه له عه‌ده‌م_ له هیچ زیاتر نابینین، سه‌رله‌نوێ لێره‌دا، ده‌رگاکه ده‌بێته‌وه به هێماگه‌لێکی نوێ، ئه‌مه‌ش گوزارشتێکه له بیروبۆچوونه بودیست و ڕه‌شبینییه فه‌لسه‌فییه‌کانی ستریندباری. له‌هه‌مانکاتدا ئاماژه‌یه‌کیشه بۆ خوێنه‌ر و بینه‌ران تا خۆیان به‌دوای فه‌لسه‌فه نادیار و شاراوه‌کانی پشت ئه‌و ده‌رگایه‌دا بگه‌ڕێن22. له‌به‌رئه‌نجامدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌رده‌می ڕاڕه‌وی شانۆ و خه‌ڵکه‌که کۆده‌بنه‌وه و چاوه‌ڕوانی کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌ن، چونکه چاره‌سه‌ری مه‌ته‌ڵی جیهان له‌پشت ده‌رگاکه‌وه‌یه، به‌ڵام که‌س دڵخۆش نییه که ده‌رگاکه ده‌کرێته‌وه و وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵه‌که‌ش بریتییه له: هیچ.
ئاییناسهکه به‌م به‌ره‌نجامه توشی هیچ حه‌په‌سانێک نابێت و دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که:” هیچ! ئه‌مه هه‌ڵهێنانی مه‌ته‌ڵی جیهانه! خودا له سه‌ره‌تادا له هیچه ئاسمان و ئه‌رزی خوڵقاند.”
ڕاست بیرکهوهرهکان، مافناس، پزیشک و وه‌زیری داد هه‌موو مه‌سه‌له‌که به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ناوزه‌د ده‌که‌ن و وه‌زیری داد داوای ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌کات.وه‌زیری داد
کچه‌که حه‌ز ده‌کا بفه‌رموی پێمان بڵێ مه‌به‌ستی له‌م ده‌رگا کردنه‌وه‌یه چی بوو؟
کچه‌که
نه‌ء، هاوڕێیانی میهره‌بان! گه‌ر بیڵێم باوه‌ڕم پێ ناکه‌ن!
پزیشک
هه‌ڵبه‌ت هیچه!
کچه‌که
تۆ زانیت! به‌ڵام تێی نه‌گه‌یشتوویت!
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکئهگنێس له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ده‌گاته ئاستێکی تری ڕاستییه‌کان له‌سه‌ر زه‌وی و به چاوێکی تره‌وه مه‌ته‌ڵه‌که‌ی گه‌ردوون ده‌بینێ: له سه‌ره‌تادا هه‌ر زوو له‌وه حاڵی ده‌بێت که مرۆڤ شایانی به‌زه‌ییه، وه‌ک هاوسۆزی و هاوخه‌مییه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌موو مرۆڤایه‌تی، به دهرگاکردنهوهکهش ده‌گاته ئه‌و ڕاستییه‌ی که گه‌ردوونیش هیچه، به‌تاڵه یان بۆشه.
له‌م ڕه‌وشه هه‌مه‌چه‌شن پڕ له جیاوازییه‌دا، ته‌نها شاعیره‌که ده‌یه‌وێت گوێ له کچه‌که بگرێت. دیمه‌نه‌که ده‌گۆڕێت بۆ به‌رده‌می کۆشکه‌که، هه‌موو شتێکیش هه‌ر لێره‌وه ده‌ستیپیکرد، ئه‌گنێس/ کچه‌که به یارمه‌تی ئاگر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاسمان.شاعیر
باوه‌ڕ به تۆ ده‌که‌م، چونکه ده‌زانم تۆ کێیت!
کچه‌که
ئێ باشه، پێت ده‌ڵیم!
له به‌رایی دونیادا به‌رله‌وه‌ی هه‌تاو بکه‌وێت، براما، هێزی مه‌زنی خودایی، ڕۆیشت تا مایا ی دایکی دونیا بۆ زاووزی فریو بدا. ئه‌م به‌ریه‌ککه‌وتنه‌ی توخمه خودایی له‌گه‌ڵ توخمی ئه‌رزیدا، گوناهی مه‌زن بوو، به‌م شێوه‌یه دونیا و ژیان و خه‌ڵک ته‌نها تارماییه‌کن، سهرابێکن، خهونهوێنهیهکن …..
شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێکپهراوێزهکان
1. یاداشته‌کانی ستریندباری له کۆتایی مانگی ئۆگۆستییهوه تا گه‌ڕانه‌وه‌ی هارییه‌ت بوسه له شه‌شی ئۆکتۆبه‌ردا، بریتییه له خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی قووڵ و هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌شدا بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که کۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، هه‌ر بۆ نموونه له یه‌کێک له‌و یاداشتانه‌دا ده‌ڵێت: هه‌ست ده‌که‌م که چۆن ئه‌م ئافره‌ته به جوانترین به‌شه‌کانی ڕۆحی منه‌وه هاتوچۆ ده‌کات و بانگهێشتم ده‌کات بۆ هاوده‌می و پێکه‌وه‌بوون. من هه‌ست ده‌که‌م به‌هۆی ئه‌وه‌وه پیس بووم. پیاوی نامۆ به تێڕوانینه ناپاکه‌کانیان ئه‌و پیس ده‌که‌ن و به‌و شێوه‌یه منیش پیس ده‌که‌ن. به‌هۆی ئه‌م ئافره‌ته‌وه ڕۆده‌چمه خواره‌وه به‌نێو چڵپاودا، هه‌رچه‌نده ئێمه جیابووینه‌ته‌وه، به‌ڵآم هه‌میشه له دووره‌وه ده‌نگی له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه.
2. ستریندباری له ساڵی 1901 دا حه‌وت شانۆنامه‌ی نووسیوه، هه‌ر بۆ نموونه: به‌شی دووه‌می به‌ره‌و دیمه‌شق، کارڵی چوارده، به‌شی سێیه‌می به‌ره‌و دیمه‌شق، کریستینا و خه‌ونه نمایشێک.
3. شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک بۆ یه‌که‌م جار له‌سه‌ر شانۆی سوێدی له 17 ی ئه‌پرێلی ساڵی 1907 دا نه‌مایشکراوه. دوای نه‌مایشه‌که بینه‌ران قایل نه‌بوون بچنه ده‌ره‌وه تا خودی ستیندباری نه‌بینن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوای چه‌پڵه‌ڕێزان و به یه‌که‌وه به پی کێشاویانه به زه‌ویه‌که‌دا، تا له به‌ره‌نجامدا به‌رێوه‌به‌ری شانۆکه ناچار ده‌بێت که بێته ده‌ره‌وه و په‌یمانیان بداتێ که به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی بکات به ستیندبارییهوه و ئه‌م داوا و کاردانه‌وه به‌هێزه‌ی بینه‌رانی بۆ بگێرێته‌وه. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه هارییه‌ت بوسه له‌م نه‌مایشه‌دا ڕۆڵی کچه‌که‌ی بینیوه.
4. ستریندباری له یاداشته‌کانی ساڵی 1907 دا نوسیویه‌تی: ئه‌م شانۆنامه‌یه دوای چل ڕۆژی پڕ له ژان و ئازار نووسراوه.
5. ستریندباری زۆر باس ئاگاداری ته‌کنیک و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شانۆیه‌کی هاوچه‌رخ و مۆدێرن بووه، خه‌ونه نمایشێک بۆ ئه‌و شانۆ مۆدێرنه نووسراوه. ستریندباری پلانی هه‌بووه که خه‌ونه نمایشێک له شانۆی ئه‌نتیم نه‌مایش بکات و پرۆجێکته‌ر و ته‌کنیکێکی ساکاری جیاواز بۆ دیمه‌نی هه‌ڵکشانی کۆشکه‌که به‌کاربهێنێ و سه‌ما و گۆرانی بخاته نێو به‌ش و دیمه‌نه‌کانی نه‌مایشه‌که‌وه.
6. پێنج ساڵ دوای نووسینی شانۆنامه‌که، ستریندباری دیمه‌نێک وه‌ک ده‌روازه و ده‌سپێک به‌ناوی (ده‌سپێکه نواندن بۆ خه‌ونه نمایشێک) ده‌نووسێت. وا پێده‌چێ که ئه‌م دیمه‌نه‌ی له ساڵی 1906 دا نووسیبێت و کچه‌که‌ی ئیندرا و ئیندرای خواوه‌ند کۆده‌کاته‌وه. ئه‌و دیمه‌نه سیمایه‌کی میتۆلۆژی، چڕ و پاکژ له‌خۆده‌گرێت، له ئاسماندا ڕووئه‌دات و ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ هه‌موو شانۆنامه‌که.
7. وه‌ستای شووشه به باوکی کچه‌که له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نرێت و که کچه‌که ده‌ڵێت ئه‌م کۆشکه به‌رده‌وام له زه‌وییه‌وه گه‌وره ده‌بێت، به گومان و حه‌په‌سانه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی کچه‌که ده‌داته‌وه و دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه هه‌رگیز نه‌یبنیوه که کۆشکێک گه‌وره ببێت، به‌ڵام خێرا قسه ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێت وایه کۆشکه‌که گه‌وره بووه.
8. ستریندباری هینده بودییه‌ت سه‌رنجی ڕاکێشاوه و کتێبی جۆراوجۆری له‌باره‌وه خوێندووه‌ته‌وه، له ئه‌نجامدا خۆیشی کتێبێکی له‌سه‌ر بودییه‌ت نووسیوه.
9. دروستکردنی سینۆگرافیایه‌کی واقیعی هیچ هونه‌رێکی تێدا نییه، به‌ڵام چۆن بتوانین ئه‌و واقیعه وا به‌رجه‌سته بکه‌ین که وا له بینه‌ران بگه‌یه‌نێ ئه‌وه‌ی ده‌یبینن واقیعێکی ئاشکرای ژیان نییه، به‌ڵکو له‌هه‌مانکاتدا خه‌ون و شیعریشه.
10. خه‌ونه نمایشێک له 28 ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1921 دا له‌سه‌ر شانۆی پادشایه‌تی له ستۆکهۆڵم و له ڕیژی ڕیژیسۆری گه‌وره‌ی ئه‌و ده‌مه (ماکس ڕاینهارت) نه‌مایش ده‌کرێت. ماکس ڕاینهارت له‌و سه‌رده‌مه‌دا کۆمه‌ڵێ له شانۆنامه‌کانی ستریندباری پێشکه‌ش ده‌کات، هه‌ر بۆ نموونه سه‌مای مه‌رگ 1915، سۆناتای تارمایی 1917، که‌ڵک و باوبۆران 1920 و زوربه‌شیان به گه‌شتی هونه‌ری سه‌ردانی سووید ده‌کرێن و له شاره گه‌وره‌کاندا نمایش ده‌کرێنه‌وه.
11. ڕیژیسۆری که‌نه‌دی ڕۆبێرت لێپاک له ساڵی 1994 دا، له‌سه‌ر شانۆی پادشایه‌تی له ستۆکهۆڵم خه‌ونه نمایشێک پێشکه‌ش ده‌کات، لێپاک ڕۆڵی ئه‌فسه‌ره‌که دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر سێ ئه‌کته‌ری پیاوی به ته‌مه‌ن جیاوازدا. به‌ڵام ڕیژیسۆری ئه‌مه‌ریکی ڕۆبه‌رت یۆڵسۆن که له ساڵی 1998 دا له‌سه‌ر شانۆی شار له ستۆکهۆڵم خه‌ونه نمایشێک پێشکه‌ش ده‌کات، وێنه‌یه‌کی ئه‌بستراکت و شانۆیه‌کی پۆست مۆدێرنیزمی باڵا له خه‌ونه‌کانی ستریندبارییدا ئه‌دۆزێته‌وه.
12. ئینگمار بێرگمان بۆ یه‌که‌م جار شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک له ساڵی 1970 دا له‌سه‌ر شانۆی پادشایه‌تی نه‌مایش ده‌کات. بێرگمان ڕۆڵی کچه‌که‌ی له‌نێوان دوو کاره‌کته‌ری ئافره‌تدا دابه‌ش کردووه، کچه‌که‌ی ئیندرا ی خواوه‌ند و کچێکی مرۆڤ و ئاسایش له‌سه‌ر زه‌وی. ئینگمار بێرگمان سه‌رله‌نوێ و له ساڵی 1981 دا خه‌ونه نمایشێک نمایش ده‌کاته‌وه، ئه‌مجاره‌شیان ڕۆڵی کچه‌که دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر سێ به‌شدا، له دیمه‌نی یه‌که‌مدا له‌لایه‌ن کچێکی گه‌نجه‌وه، له دیمه‌نی دووه‌مدا کچێکی ته‌مه‌ن مامناوه‌ندی و له دواییشدا له‌لایه‌ن ئافره‌تێکی به ته‌مه‌نه‌وه.
13. ستریندباری پێشه‌کییه‌کی گرنگی بۆ شانۆنامه‌ی خه‌ونه نمایشێک نووسیوه و ئه‌و پێشه‌کییه داده‌نرێت به ڕاپۆرتێکی گرنگی دیدێکی قووڵی شانۆیی. ستریدنباری له ساڵی 1888یشدا که شانۆنامه‌ی خاتوو ژۆلیا ده‌نووسێت، پێشه‌کییه‌کی تایبه‌تیش بۆ شانۆنامه‌که ده‌نووسێ. له‌و پێشه‌کییه‌دا نموونه‌یه‌کی باڵای شانۆیه‌کی ناتورالیست ده‌خاته ڕوو، دواجار ئه‌و پێشه‌کییه نه‌ک ته‌نها بووه مانیفێستێکی گرنگ بۆ بزووتنه‌وه‌ی ناتورالیزم له ئه‌وروپادا، به‌ڵکو بووه دۆکیومێنتێکی گرنگ له مێژووی شانۆ و درامای هاوچه‌رخدا.
14. ئیندرا خواوه‌ندێکی هیندییه و له میتۆلۆژیا دێرینه‌کانی هیندیستاندا مانای هه‌ور و تریشقه و باران ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هێماگه‌لێک بووه بۆ (خوای جه‌نگ). ئیندرای خواوه‌ند به‌وه ناسراوه که هێز و توانای شه‌یتانه‌کانی تێکشکاندووه. چه‌کی به‌کارهێنانی ئیندرا ”تریشقه” بووه، سه‌رچاوه میتۆلۆژییه‌کان ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئیندرا له‌کاتی جه‌نگدا خۆی به‌هێز و ووزه‌ی هه‌ور و تریشقه‌ی ئاسمانی به‌هێز کردووه.
15. ئیندرای خواوه‌ند هیچ کچێکی نه‌بووه و ستریندباری له فه‌نتازیا و داهێنانی خۆیه‌وه ئه‌م کچه خواوهندییهی خوڵقاندووه.
16. هه‌ندێ لێکۆڵینه‌وه ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که کاره‌کته‌ری پارێزه‌ره‌که به‌رجه‌سته‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، قووڵ و ئاشکرای حه‌زره‌تی مه‌سیحه، ئه‌م کاره‌کته‌ره شیکایه‌ت و ژان و ئازار و نایه‌کسانییه‌کانی مرۆڤایه‌تی به‌سه‌ر شانییه‌وه‌یه‌تی، به‌ڵام ناتوانێ هیج بکات و ڕزگارکه‌ر نییه.
17. ستریندباری زۆر به وردی ئه‌تمۆسفێر و دیمه‌نی شانۆنامه‌که‌ی له ستۆکهۆڵمه‌وه هێناوه، کۆشکه‌که، که‌نیسه، به‌نده‌ر، پاپۆڕ و زۆر شتی تر، ئه‌و شوێن و شتانه‌ی که ستریندباری هه‌موو ڕۆژێک له پیاسه‌ی به‌یانیاندا بینیونین، یان له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌یه‌وه له ناوچه‌ی کاڵاپلان تهماشایکردوون.
18. خوێندنه‌وه و خستنه سه‌ر شانۆی خه‌ونه نمایشێک هه‌میشه جۆراوجۆر بووه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیی پیهسهکه و ڕه‌خسینی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز. بۆ نموونه هه‌ندێک وه‌ک وێنه‌یه‌کی ڕاستی ژیان، یان خه‌ونێک و هه‌ندێکیش وه‌ک شیعرێک به‌رجه‌سته‌یان کردووه. به‌ڵام بۆ خودی ستریندباری ئه‌و سێ دیده یه‌ک شت بوون و ویستوویه‌تی ئێمه‌یش زۆر به ساکاری و وریایی به‌نێو ئه‌و سێ دیده‌دا گوزه‌ر بکه‌ین. ستریندباری خۆی له ڕوانگه‌ی ئه‌م دیالۆژه‌ی نێوان شاعیر و کچه‌که‌وه دووپاتی ماناکانی شانۆنامه‌که ده‌کاته‌وه:
شاعیر
که‌واته به‌و زووانه ده‌زانیت واقیع چییه!
کچه‌که
یان خه‌ون!
شاعیر
یان شیعر!19. ئیندرای خواوه‌ند وه‌ک خوایه‌ک ناتوانێ له خواره‌وه، له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ناسه بدات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه له‌بری خۆی کچه‌که‌ی ده‌نێرێته خواره‌وه.
20. هه‌ندێ سه‌رچاوه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان کردووه که ئه‌م دیمه‌نه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی ستریندبارییه بۆ ژیانی تایبه‌تی خۆی و دایکی و باوکی. دایکی کاره‌که‌ر بووه له‌لای باوکی و، دایکی چه‌ندین منداڵی بووه و دواجار باوکی ناچاربووه که ماره‌ی بکات.
21. ئێمه له‌لای ستریندباری هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له خهونداین، ده‌رگا داخراوه‌که‌ش که له کۆتاییدا ده‌کرێته‌وه، خه‌ونه‌که‌ش ته‌واو ده‌بێت.
22. ده‌رگاکه مۆتیڤێکی واقیعی هه‌بووه و یه‌کێک بووه له ده‌رگاکانی نێو ڕاڕه‌وه‌کانی شانۆی پادشایه‌تی و ستریندباری زۆرجار به ڕامانه‌وه لێیڕوانیوه و پرسیاری کردووه که ئاخۆ ئه‌و ده‌رگایه ده‌چێته‌وه سه‌ر کوێ.سه‌رچاوه‌کان
بۆ نووسینی ئه‌م باسه چه‌ندین سه‌رچاوه‌م خوێندۆته‌وه، به‌دوای چه‌ندین کتێبی کۆندا گه‌ڕاوم و بۆ چه‌ندین جار خودی شانۆنامه‌که‌م خوێندۆته‌وه، لاپه‌ڕه‌کانیم هه‌ڵداوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌کاندا دواوم. به‌ڵام گرنگترین ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که سوودم لێوه‌رگرتوون بریتیین له مانه‌ی خواره‌وه:
1. Strindbergs drömspelsteknik i drama och teater, av Richard Bark, 1981
2. Strindbergs inre landskap, av Sara Rydin, 1999
3. Det gäckande könet, strindberg och genusteori, av Anna Cavallin och Anna Westerståhl stenport (red.), 2006
4. Svensk litteratur 1870-1970, av Cunnar Brandell, 1974
5. Strindbergs dramatik, av Gunnar Ollen, 1982
6. August Strindberg, svenska folkets litteratur historia, av Sven Stople. 1978
7. Strindberg och myterna, av Harry G. Carlson, 1979
8. Strindberg- ett författarliv, av Gunnar Brandell. Fjärde delen, 1979
9. Två Drömspel, från strindbergs modernism till potters television, av Staffan Ericson, 2004
10. Ett drömspel av August Strindberg, nationalupplagan, 1988