Skip to Content

Thursday, October 22nd, 2020

شۆڕشی ٦٨ەکانی ئەڵمانيا(٢)، با لە مێژووەوە فێربين

Be First!
by March 18, 2012 گشتی


لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا هەوڵماندا، بەکورتیشبێ، ئەم باسانەیی خوارەوە ڕونبکەینەوە:
هەندێک لە دەستەخوشکەکانی ئەم شۆڕشە لە چەند ووڵاتێکی تری دنیا، چۆنیەتی ناونانی ئەم شۆڕشە و ڕوداوە هەرە گرنگەکانی پەیوەند بەو ناوەوە، خەسڵەتە گشتیەکانی ئەو شۆڕشە، بار و دۆخی لەبار و پێشکەوتوی ئابوری ئەو کاتەی ئەڵمانیا و ڕێگەلێنەگرتنی ئەو پێشکەوتنە سەرسوڕمێنەرە لەو شۆڕشە وە هەروەها کاريگەری شۆڕشی پێشکەوتوخوازی لەسەر پەروەردەکردنی نەوەیەکی پێشکەوتوخواز لەسەر پەروەردەکردنی نەوەیەکی بیرفراوان و هەستکەر بە لێپرسینەوە بەرامبەر بە گەل و نیشتمان.
لەم بەشەدا پلەیەکی تر ئەچینە باسەکەوە و لەسەر زمانی چالاکەوان، نوسەران و توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەرونی و سیاسی و لایەنەکانیتر، ڕەهەندە فرە لایەنەکانی ئەو شۆڕشە ڕون ئەکەینەوە. 


سيما وە هۆکارەکانی ئەم شۆرشە:


بۆ ئەوەی لەو گيانی گۆڕانخوازيە تێبگەين کە لەو ساڵانەدا لەناودا بو، حەزئەکەم بەشێک لە دەقی ئەو ووتارەی خاتو هێلکە زاندەر بکەم بە دەستپێکی ئەم بەشە، چونکە زمانێکی ساکارە ودەروازەيەکی باشە بۆ باسەکە. بەم خاتونە ئەوترێ کە نامەيەک بۆ منداڵێ يان مێردمنداڵێ بنوسێ و تيايدا شۆڕشی ٦٨ەکان بە زمانێکی ساکار وە بە شێوازێک کە بەهۆی ئەو نامەيەوە، هانی ئەوان بدات کە زياتر حەز لە مێژو بکات. ئەويش بەم شێوەيە ئەنوسێ:
<ئەوەی بێگومان تايبەت بوو لەمەڕ ئەم شۆڕشە ئەوە بو کە هەر ئەوەندەت ئەزانی کە کەسانی زۆر ئاسايی کە هەندێ شتيان بيستبوو لەبارەی شۆڕشەکان ووڵاتانی ترەوە بەخۆيان ئەووت “ئاوواااا!،ئێ!ئێ! مرۆڤ خودی خۆی ئەتوانێ شتێ بگۆڕێ؟! ئێمە چيدی ئيتر پێويست ناکات هەميشە چاوەنواڕی ئەوە بکەين کە سياسيە کارامەکان(ئەوانەی کارەکەيان ئيشکردنە لە سياسەتدا و خاوەنی بڕياردانی سياسين) بڕيارەکانيان بدەن، ئەو بڕيارانەی کە لە ئەنجامدا بە باشی نازانين و لەدژی ئەوەستينەوە. بۆچی ئەبێ بەردەوام خواردنە خراپەکەی مێنزا(چێشتخانەی زانکۆ) بخۆين؟! بۆچی ئەبێ ڕۆژنامەکان ڕاستيەکان دەربارەی شەڕی ڤێتنام بشارنەوە و درۆمان بۆباسبکەن و ئێمەش باوەڕيان پێبکەين؟!
٦٨ەکان پەيوەندی بەوەوە هەيە کە هەمو کەسێ لەگەڵ يەکتريدا بەيەکەوە قسەئەکەن! ئيتر تەنها سياسيەکان قسە ناکەن، بەڵکو  دراوسێکان کە هەتا ئەو کاتە بەيەکەوە تەنها باسی ئاو و هەوايان بە يەکەوە ئەکرد، بە يەکەوە دائەنيشن، بۆنمونە باسی کۆمونەکشتوکاڵيەکانی ووڵاتی چين ئەکەن. ئەکرێ کەسانێ کە يەکتريش نا ناسن وە بە ڕێکەوت بە يەک ئەگەن، لە ناوەڕاست ڕێگادا دەست بکەن بە دەمەتەقێ. خەڵکەکەی تر (کە ئەوانيش يەکتری ناناسن) ڕائەوەستن و گوێ لە قسەکانيان ئەگرن وە ئەوانيش تێهەڵکێشی ئەکەنە دەمەتەقێکە و بەبێ ئەوەی ئەمە بە خۆتێهەڵقورتاندن لەقەڵەمبدرێ. دواتر هەمويان برسيان ئەبێ و  کەچی حەزناکەن لە يەکتری جياببنەوە. يەکێکيان بانگەوازی ئەوانيتر ئەکات بۆ ماڵەوە، شتێکی خواردنيان بۆ ئامادە ئەکات و لەبەريەوە هەر قسە ئەکەن. هەمو شەوەکە هەر قسە ئەکەن و هەر هەمويان ئەو ڕۆژە بە ڕۆژێکی زۆر چاک و خۆش لەقەڵەم ئەدەن! وە ئەم جۆرە دەمەتەقێيە نەک جارێ بەڵکو  چەندان جار  وە زوو زوو بە درێژايی چەند هەفتە و مانگێ چەندبارەئەبێتەوە. ئەم ١٩٦٨ە بۆ من پەيوەندی بەوەوە هەيە کە تۆ  هەست ئەکەيت کە خەڵکێکی زۆر بير ئەکەنەوە، هەوڵ ئەدەن بيری تازە لە بارەی زۆر شت بکەنەوە، کە پێشتر هەرگيز بيريان لێنەئەکردەوە و بەلايانەوە ئاسايی بووە. بۆ نمونە:
بۆچی ژنان لەسەر کار  پارەی کەمتريان ئەدرێتێ؟!
ووڵاتە يەکگرتووەکان ئەمريکا چی ئەکەن لە ڤێتنام، وە بەدوای چيدا ئەگەڕێن؟!
لەبەر ئەوەی کە لەو کاتانەدا خەڵک زۆر بيريان ئەکردەوە، ئەمە ئەو هۆيەيە کە هەتا ئێستاش خەڵک  لە بارەی ئەو ماوە کورتەوە(شۆڕشە) قسەئەکاو ئەو کاتانەيان بير نە چۆتەوە.>(١)٧٩، ٨٠
<هەمو ڕۆژێ زانياری نوێ پەيدا ئەبو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کەسانێ کە تا ئەو کاتە دەميان نەکردبووەوە، دەستيان بەوەکرد زۆر قسەبکەن وە سەرسامی خۆيان گوزارشت پێبکەن لەبارەی شتانێکی زۆرەوە. لاوەکان وازيان لە قژيان هێنا درێژببێ، بە پێچەوانە، وە دژ بە قژکورتکردن لە کاتی سەربازيدا.
سەربازە هەڵهاتووەکان ڕێزيان لێئەگيرا و لەترسی مييری ئەشاررانەوە. ئارەزوی ئەوان کە خۆيان بپارێزن لە گوللە و هەروەها ڕێزلێنان و يارمەتيدانی ويستی ئەوکەسانە کە نەيان ئەويست تەقە لە کەس بکەن. پۆليسە توڕەکان گوڵيان ئەدرايە دەست. “خۆشەويستی بکە نەک شەڕ” ئەو دروشمە بو کە هەميشە ئەوترايەوە و هەمو کەسێ بە وتەيەکی باشی ئەزانی. لە هەمو شوێنێکەوە لاوان، ژنان وە پياوان خۆيان ڕێکئەخست. ئەوەی کە بەتايبەتی ژنانی يەک ئەخست وە وزەيەکی زۆری ژيانی ئەدانێ ئەو هەستە بەهێزە بو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەريکا کە ئەوان ڕاستی ڕاستی کۆت و زنجيری يەک هەزار ساڵ چەوساندنەوە تێکئەشکێنن..>(١) ١٠٦،٩٢
<٦٨ەکان لەسەرەتادا جيابونەوه‌ی بەشێکی توێژی گەنجانی دوای شەڕی دوهەمی جيهانی بوو لە زۆرينەی ئەو کۆمەڵگايەی کە هەتا ئەوکاتە لەژێر کاريگەريەکی زۆری ئەو جه‌نگه دا‌ بوو. بەڵام پرسيارەکە ئەوەيە کە ئايا بۆچی ئەبێ لە شەستەکاندا سەرهەڵبدا؟!>(1)139
<کەواتە ئەبی هۆکاری ئەوە چيبێ کە نەوەيەکی تا ئەو کاتە لەلايەنی سياسييەوە بێوەی وە بێدەنگ، کوتوپڕ وە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشينەو وە زۆر بە تەوژم و هەڵچونەوە دێنە سەر ڕێگاو گۆڕەپانەکان و دروشمی سياسی بەرزئەکەنەوە. ئەوەی زۆر شايەنی سەرنجڕاکێشانە ئەوەيە کە ئەم بزوتنەوەيە زۆربەی زۆری ووڵاتانی جيهانی گرته‌وه‌. ئه‌مه‌يه‌ که‌ ڕوداوه‌کانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ زۆر ده‌گمه‌ن ئه‌کات.>(1)14
<٦٨ەکان، نەوەی٠ “دژ” بوون، دژی جه‌نگ، دژی سيستەمی خوێندنی باو، دژی ئەوجۆرە ژيانەی کە سياسيەکان وە دايک و باوکەکانيان هەتائەوکاتە گرتبويانەبەر، دژی ئەوەی لەجياتی ئەوان قسەئەکراو کردار ئەنجامئەدرا بەبێ ڕەزامەندی ئەوان، دژی چەوسانەوە، دژی وەڵامە کۆنەکان بۆ پرسيارە نوێکان، دژی تەسکی بارتقا و ئاسۆ و بير و هەستی باوی کۆمەڵگا.>(1). هه‌روه‌ها، دژی “شەڕی سارد”، دژی ئەو کردار و خۆئامادەکردنی سەربازی و شەڕەنگێزيانەی کە دەوڵەتانی” بەناو ديموکراتی” بەردەوام ئەنجاميان ئەدا بەتايبەتيش ئەگەر ئەو ڕاستيە بزانين کە لەدوای جەنگی جيهانی دوهەمەوە لايەنگرانی ئاشتی و ديموکراتی دروشمی “ئيتر جه‌نگ بۆ هەتاهەتايە تەواو”يان بەرزکردبوەوە.   
هەموو باسە گرنگەکانی کۆمەڵگای پەيوەست بەمانەی خوارەوە ئەخرايە ژێر توێژينەوە و لێکۆڵينەوە: پەروەردە و خوێندنی کۆن، زاڵبوونی  بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ بەسەر هەمو پيەيوەنديەکاندا، لێکۆڵينەوە لەو هەمو ئەو تاوان و ئازارانەی کە وڵاتی ئەڵمانيای فاشتی لە ڕابوردودا بەسەر مرۆڤايەتیدا هێنای و تا ئەو کاتە گەورەکان نەيان ئەهێشت لەبارەيەوە قسەبکرێ، ئيمپرياليستی ئەمريکی، مامەڵەی ڕەگەزەکان لەگەڵ يەکتريدا، مامەڵەی نەوە کۆن و تازەکان لەگەڵ يەکتريدا، وە پەيوەندی هاووڵاتی لەگەڵ دەوڵەت، بەژداريکردنی هاووڵاتی لە ژيانی سياسی، بەديهێنانی دادوەری کۆمەڵايەتی، هاوبەشيکردن لە بڕياردان لە ناو کۆمپانيا و کارگەکاندا، دژی بەکارهێنانی ووزەی ئەتۆمی(بەتايبەتی وەک چەک)، لێکۆڵينەوە لە پەيوەنديەکانی سروشت و مرۆڤ.  هەمو ئەم باسانە بووبوە هۆی چالاکی ڕۆژانە و ڕەخنە و باسوخواستی ئەم نەوەيە و هەوڵيان ئەدا بۆ ئەم باسانە پێناسەی نوێی بۆ بدۆزرێتەوە.
“ئێوە  پيرن، ئێمە گەنجين” ئەمە هيتافی خۆپيشاندەران بوو لە يادی شەهيدکردنی ڕۆزا لوکسمبۆرگ (١\٦\١٩١٩) وە کارل ليبکنێشت، ئەوترایەوە و ئەوترایەوە.(١)١٣٩
<لەلايەنەکانیکەوە، بۆ نمونە کۆمەڵايەتی و تێنەگەيشتنی ئازادی تاکەکەسی و زاڵبوونی بيری باوی کۆن بەسەر کۆمەڵگادا به‌شێوه‌يه‌کی به‌رچاو له‌ ناودا بوو. به‌ گشتی، هه‌مو جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وتێکی تۆزێ لادراو له‌ هی باو، له‌ ژێر چاودێريه‌کی به‌رده‌وامدا بوو. ئه‌مه‌ بووه‌ هوی  ئەوەی کە کۆمەڵگا بەتايبەتی توێژی گەنجان هەميشە لەژێر چاودێريدابێ و وا هەستبکات کە مافی ئازاديان زەوت و کۆت و زنجيرکرابێ.>(1)22
کۆنراد ئادنئاوەر(١٩٤٩/١٩٦٣) سەرۆکی ئەوکاتەی ئەڵمانيا پير بوو بوو بەڵام لەخۆی پيرتر هەندی لە بيرو باوەڕاکانی بو. لەدوای سەرۆکایەتیەکەی ئەویش، واتە لەساڵی ١٩٦٦ەوە هەردو پارتی زلهێز(سۆسيالديموکراتەکان و پارتی ديموکراتی مەسيحی يەکگرتو) حکومەتیان پێکەوەناو لەهەمانکاتدا لە ناو پەڕلەمانيشدا زۆرينەيەکی ڕەهایان هەبو کە بەئاسانی وە بە حوکمی ئەو زۆرينەیە ئەيان توانی هەمو جۆرە یاسايەک بە پەرلەماندا بەرن. دژی ئەم حوکمە ڕەهايە وە بەتايبەتی دژی داڕشتن و پيادەکردنی  یاسای “دۆخی ئاوارتە”، هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمێنت لەداییک بو.(تکایە بڕوانە بڕگەکانی دوایی ئەم نوسراوە).
< هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمێنت لەو هێزە ڕقەبەرانەوە پەرەی سەند کە دژی ئەو حکومەتەی کە هەردو پارتی زلهێز(سۆسيالديموکراتەکان و پارتی ديموکراتی مەسيحی يەکگرتو) لە ساڵی ١٩٦٦ەوە ووڵاتيان بەڕێوە ئەبرد. ئەويش بەتايبەتی لەبەر ئەوەی کە ئەو دوو پارتە بەنيازبوون کە پڕۆژەياسای “دۆخی ئاوارتە” بە پەرلەمێنتا بەرن و بيخەنە دۆخی جێبەجێکردنەوە. ئەم کارە بۆ ئەوان ئاسان بو ئەويش لەبەر ئەوەی کە لەو کاتەدا پارلەمان تەنها يەک پارتی نەياری تيادابو کە ئەويش ليبراڵکان بوون. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە “هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمێنت” دروستببێ، چونکە هەستکردنێکی بڵاو لەناودابو کە جەماوەر لەلايەن هيچ پارتێکەوە بە باشی نوێنەرايەتی ناکرێ، هەر ئەمەش بووەهۆی ئەوەی کە هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمێنت زۆر بەهێز ببێ.>(٥) (بۆ درێژەپێدانی ئەم باسە بڕوانە بڕگەکانی دوایی ئەم نوسراوە)
لێرەدا پێويستە ڕەچاوی ئەوەش بکەين کە جگە لەو دوو پارتە زلهێزە لە پاڕلەماندا پارتی ليبرالەکانيش هەبوو بەڵام ئەوانيش ئەوەندە بەهێزنەبون کە ڕێگە لەو پڕۆژە ياسايە بگرن.جگە لەوەش بیروباوەری ئەم پارتە خۆی لەخۆيدا نزیکە لە بیروڕاکانی پارتی ديموکراتی مەسيحی يەکگرتو(واتە زیادتر بەلای کۆنزەرڤەتیڤەتیڤەکاندا بایانئەدایەوە). کەواتە ئەوان نەيانئەتوانی بەرگری لە ماف و دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەرە چەپەکان بگرن. بەم شێوەيە خەڵک وا هەستی ئەکرد کە لە پارلەماندا هيچ پارتێ نيە بەرگری لە داواکاريەکانی ئەوان بکات. کەواتە هیچ چارێ نەما جگە لە خۆپيشاندان و مانگرتن و هەندێ جاريش ياخيبون(چونکە هەندێ لە خۆپيشاندانەکان بەبێ مۆڵەت ئەنجام ئەدران).
٦٨ەکان کوڕ و کچی ئەو نەوانە بوون کە بەشداری شەڕی دوهەمی جيهانیان کردبوو کە زۆر لەمانە سەربە پارتەکەی هێتلەربوون(نەتەوەييە سۆسياليستيەکان). لەبەر ئەوە ئەم شەپۆلی بيری نوێیە هەر لەسەرتاوە بريتيبو لە دژايەتی “نەوەی نوێ” لەگەڵ “نەوەی کۆن”دا.
نوسەری ئەمريکايی ئێرنست هێمەنگووای دەربارەی “نەوەی کۆن” ئەڵێ کە ئەوان “نەوەيەکی ون بوون” چونکە لە گرنگترين ساڵەکانی تەمەنياندا، “کاتی بە شارستانيبوونيان لەدەست داوە”.
يەکێ لە فەيلەسوفەکانی ئەم شۆڕشە کە تيۆدۆر ئەدۆرنۆ بوو ئەيوت:
 “هەمووی چەوتە، کەواتە ژيانێکی ڕاستەقينە نيە لە ناو چەوتێتيدا!”
خوێندکاران گيانێکی تريان بەبەرداهاتەوە و نوێنەرەکانيان ئامادە نەبوون کە چيتر بێدەنگ بن لە باسە سياسيەکانی ئەڵمانيا و جيهانيش. لەبەر ئەوە کاتێ لە زانکۆی بەرلين کۆڕێک لەسەر شەڕی ڤێتنام قەدەغەکرا ڕێکخراوی خوێندکاران زۆر بە توندی دژی بڕيارەکەی حکومەت وەستانەوە.
 ئەمە هۆيەکی لەبار بوو بۆ خوێندکاران کە دژی “پەيوەندييە باوەکان” بوەستنەوە. بەتايبەتی لە شارە گەورەکان وەکو بەرلين وە فرانکفۆرت و ميونخ خۆپيشاندانی گەورەو توندوتيژ ئامێز ئەنجامدرا. (ڕودی دوشکە) خوێندکاری ووتەبێژ و قسەزان ئەيوت:
 “کە ئەم سيستەمە بە ڕواڵەت ديموکراتيە وە لەڕاستيدا دروستکراوە لە سەر هێز وە بناغەيەکی درۆ و زەبروزەنگ.”
ڕەنگە ئەو” گەشەسەندنی ئابووريە سەرسورمهێنەر”ەش کە ساڵەکانی  پەنجاکان و شەستەکان بەخۆيانەوە بينيان هۆکاربوبن بۆ ئەوەی مرۆڤی دوای شەڕی کاولکەری دوهەمی جيهانی ئەوەندە هەوڵنەدا ئەو مێژووە هەڵسەنگێنێ وە وەڵامی پرسيارەکانی لەمەڕ “گوناح” ە “خەتا”ی هەمو ئەو ساڵە پڕ تاوان و کوشتن و بڕينانە بداتەوە. ئەم بێدەنگيە مەنگەی دروستکراوەی “گەورەکان” هۆکارێکی دی بوون بۆ بە چەواشەبوونی گەنجەکان، چونکە هەموو پرسيارەکانيان بەبێ وەڵام مانەوە. ئەمە ئەو گۆمە مەنگە بوو ٦٨ەکان شڵەقانيان و لەمەنگييەوە کرديان بە ئاوێکی بەخوڕ، لە کۆمەڵگايەکی پڕ لە باسی “بڤاوی” و “هێلی سور” و “تابو” بۆ کۆمەڵگايەکی کراوە و ئاوی.
<فەيلەسوفی ئەڵمانی ئێرنست بلۆخ (1885 1977) له‌ ساڵانی نێوان 1938 وه‌ 1947دا  له‌ تاراوگه‌(ئه‌مريکا) هه‌ڵسا به‌ نوسينی‌ شاکاره‌ فه‌يله‌سوفيه‌ به‌ناوبانگەکەی (پرينسيپه‌که‌: هيوا و ئاوات) که‌ له‌ڕاستيدا ئه‌بوايه‌  ناوی بنايه‌ (خه‌ونه‌کانی ژيانێکی باشتر) که‌ به‌ سێ به‌رگ له‌ نێوان ساڵانی 1954 وه‌ 1947 بڵاوی کرده‌وه‌. ئيتر له‌و کاته‌وه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه‌ (پرينسيپه‌که‌: هيوا و ئاوات) بووه‌ به‌ ‌ويردی سه‌رزمانی ده‌وروبه‌ره‌ ڕۆشنبيريە ئه‌ڵمانيه‌کان که‌ تيايدا با‌سی  “فه‌يله‌سوفی ئوتۆپی کۆنکرێتی ئه‌کات” که‌ کاريگه‌ره‌ به‌ بيروباوه‌ڕه‌کانی هێگل و مارکس.>(1) . 
<بۆ جاری دوايی لە سەدەی بيستەمدا دەيان هەزار وە بگرە سەدان هەزاريش لە ئەڵمانيا لەوباوەڕەدابوون کە” ئەگەری گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانەی بنەڕەتی بهێننە دی، لێرە وە هەر ئێستا!”. هيچ جۆره‌ ڕێگه‌ چاره‌يه‌کی ناوکۆيی و هاوبه‌ش نه‌کرێ، ياخيبوون دژی ئەو بيرەی کە ئەڵێ “هەموو شتێ باشە وەکو ئەوەی کە هەيە، وە پێويستە وەکو خۆی بمێنێتەوە لەبەر ئەوەی کە دنيا وايە و ئەبێ هەر واش بمێنێتەوە.” بە هەمو شێوەيەک هەوڵئەدرا کە هەست و بيری سياسی خەڵک زيندوبکرێتەوە، بەگژاچونەوە لەهەمبەر نادادپەروەريەکان وە هەروەها کردنەوەی چاو و هۆش بۆ دۆزينەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆيان. ئەم ڕێگەچارانە ناوئەبرا بە “ئوتۆپی کۆنکرێتی” کە خۆی لە چەند شێوەيەکدا ئەبينيەوە، هەندێجار ناوئەنرا بە “کۆمەڵگای سۆسياليستی”،  “کۆمەڵگای ئازاد” ، “ديموکراتی بەشێوەی نوێنەر وکۆميتەی ڕاستەوخۆی جەماوەر”..هتد. واتە بەکورتی هێنانەکايەی کۆمەڵگايەک دور لە چەوساندنەوە ی مرۆڤ له‌لايه‌ن مرۆڤەوە.
ئەوترا ئەگەر بتەوێ دنيا بگۆڕی، ئەبێ لە هەموو تيۆريەکان بگەيت ئينجا جارێکيتر دنيا بە شێوەيەکی تر دروستبکيتەوە. لەبەر ئەوە لەم ساڵانەدا کتێب زۆر زۆر ئەخوێنرايەوە بە تايبەتی کتێبەکانی ئێرش فرۆم، ئەلێکسەندەر ميتشەرليش(بەتايبەتی ووتارەکانی لەمەڕ شيکردنەوەی دەروونی)، کارل مارکس و ئەنگلس، ڤيلهێلم ڕايش، تيۆدۆر ئەدۆرنۆ(بەتايبەتی وتار و کۆڕەکانی لەبارەی کولتور و بەڕێوەبردنەوە)، ماکس هۆرکهايمە(بەتايبەتی نوسينەکانی لەبارەی فەلسەفە و ڕەخنەی کولتوريەوە)، و لينين و ماوتسيتۆنگ و ڕۆزالوکسمبۆرگ بۆ ئەوەی کە سود وە دەرس لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسەکان وەربگيررێ. بەڵام لەهەمان کاتدا کتێبەکانی کانت، هێگل، ئەرێستۆتێلەس و پلاتۆن، ئەرنست بلۆخ، هەربەرت مارکويز(بەتايبەتی بڵاوکراوەکانی لەمەڕ چۆنيەتی ژيانی مرۆڤ لە دنيايەکی سۆسياليستيدا)  وە سارتەرو …يش ئەخوێنرايەوە .
<بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لەم دە ساڵە وه‌ له‌ کاريگه‌ريه‌کانی تێبگەين ئەبێ هەڵسانگاندنێکی فراوانتر بکرێ لەوەی تەنها هەلومەرجەکانی هەڵدانی شۆرشی خوێنکارانی زانکۆ چەقبەستبين. هەموو ڕوداوەکان وە پەشێويەکان کە لەو ماوەيەدا ڕويانداوە پێشەمێژو وە پاشەمێژو وه‌ چه‌ندان ڕوداوی لاوه‌کی تری خۆيان هه‌يه‌ که‌ تێگه‌يشتنيان يارمه‌تيده‌ره‌ له‌ تێگه‌يشتنی ئه‌م چرکه‌ساته‌ مێژويه‌ی ئێستامان. هه‌روه‌ها، به‌لايه‌نی که‌مه‌وه‌ وه‌کو ئه‌مانه‌ گرنگه‌ که‌ پاڵنه‌ر وه‌ داواکاريه‌کانی نه‌وه‌يه‌کی ياخی بوی دوای جه‌نگی جيهانی وه‌بيرخۆمانی بهێنينه‌وه‌. وە چەندان ڕوداو و هەڵسوکەوتی تر هەيە کە لەو ميانەيەدا ڕويانداوە، هەمو ئەمانە ئەبێ بخرێتە ژێر باس و توێژەنەوە.>(1)
 ٦٨ەکان  تەنها ئاماژە نيە بۆ ساڵێکی دياريکراو بەڵکو هەروەها ئاماژەيە بۆ ژمارەيەک لە ڕوداو کە هەمو ئەوانە بەيەکەوە کۆتاييان بە چۆنيەتی ژيانی سياسی دوای جەنگی جيهانيەوە هێنا کە لەئەنجامدا کۆمەڵگای ئەڵمانی گۆڕانی ڕيشەيی بەخۆيەوەبينی. لەبەر ئەوە هەروەکو چۆن ١٩٨٩ بە ساڵی دامەزراندنەوەی”کۆماری ئەڵمانيای يەکگرتوی تازە” دائەنرێ هەروەها هەندێ کەس وا لێکیئەدەنەوە کە ١٩٦٨ بريتيە لە ساڵی ڕاستەقينەی دامەزراندنەوەی “کۆماری ئەڵمانيای يەکگرتوی کۆن”ی دوای جەنگی جيهانی.


* * * * *
لەڕاستيدا بۆ ٦٨ەکان زۆر گرانبو کە بگەنە ئامانجەکانيان، بەڵام ئەو کاتانە لە هەمو لايەکی دنيادا خۆپيشاندان و ناڕەزايی هەبوو، بۆ نمونە ئەوروپا، ئەمريکا هەروەها لە زۆر لە ووڵاتانی ئەفريقا و ئەمريکای لاتينی و ئاسيا هەڵئەستان بە بزوتنەوەی ڕزگاريخوازی و شەری چەکداری دژی چەوساندنەوە و ژێردەستی و کۆليناليزم، بۆ نموونە کوبا، بۆليڤيا، جەزائير، مۆزامبيق، فەلەستين، ئێران، ڤێتنام… وە بەتايبەتی کاتێ کە شۆڕشی کوبا سەرکەوت وە شی گیڤارا وەکو ئەستيرەيەکی پرشنگداری ئەو شۆڕشە ئەدرەوشايەوە واهەستئەکرا کە هەنگاو نراوەتە ناو چەرخێکی نوێوە وە پڕۆژەی شۆڕشی جيهانی خەياڵپڵاوی نييە و ئەکرێ بيگەينێ.
<“ئێوە پيرن، ئێمە گەنجين” (ماو تسی تۆنگ) يەکێبو لەو دروشمانەی کە لە خۆپيشاندنەکاندا بەرزئەکرايەوە. ئەم دروشمە کورتکردنەوەی بەهێزی بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زايه‌کانی ٦٨ەکان بوو دژی باوکسالاری و توندوتيژی و هێڵەسورەکانی ناو کۆمڵگا. “ئێوەی پير” ئاماژەيەکی ڕون و ئاشکرا بوو بۆ ئەو مێژووەی کە لە سەرەنوێلک و گردۆڵکەی پيسايی ئەچو: گەورەکانيان کە هەمو هەوڵێکيان ئەوەبو مێژوی شەڕ و تاوان لەبير خۆيان وە منداڵەکانيان ببەنەوە،  چينی دەسەڵاتدار و دەوڵەت، سەرمايەدارەکان و ووڵاتە ئيمپرياليستەکان (ته‌نانه‌ت گۆڕانخوازه‌ ڕوکه‌شيه‌کان به‌ کۆنه‌په‌رستان) له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دران. بەرامبەر ئەم هێزانە کە لە ژێر چەتری “کۆندا” کۆکراونەتەوە تارمايی ئەو “ئێمە” يە بەرزئەکرێتەوە کە لەو کاتانەدا لە ژمارەيەکی زۆری ووڵاتانی دنيا وەکو خێو يان وەکو گيانێکی ياخی هاتبونە سەر ڕێگاو مەيدانەکان.>(1)139
<٦٨ەکان لەسەرەتادا جيابونەوەی بەشێکی توێژی گەنجانی دوای شەڕی دوهەمی جيهان بوو لە زۆرينەی ئەو کۆمەڵگايەی کە هەتا ئەوکاتە لەژێر کاريگەريەکی زۆری ئەو شەڕەوە بوو. بەڵام پرسيارەکە ئەوەيە کە ئايا بۆچی ئەو خۆڕسککردنو يەکگرتنە، ئەبێ لە شەستەکاندا سەرهەڵبدا؟!>(1)139
<خاڵی هاوبەشی هەمو گەنجە ياخيە “بەرگريکەرەکان” ئەوەبوو کە لە لايەن “گەورەکان”ەوە لەبەهاو نرخ و پێگەيان کەم ئەکرێتەوە ئەويش بەوەی کە گەورەکان بەردەوام ئاماژەيان بۆ ئەو هەمو ئەرکانە کە لە ڕابوردودا بەجێيانگەياندووە ئەدا. لەو ساڵانەدا “گەورە”ەکان بەشێوەيەکی سەرسۆڕمێنەر سەريانکردبوە سەر کۆنزوم: سەيارە کڕين و خانو دروستکردن و هتد.
 ئەم خاڵە هاوبەشە، سەرەتايەک بو بۆ ئەوەی لاوان هەوڵبدەن ڕێگەيەکی تر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی کە خۆيان لە “گەورەکان” جيابکەنەوە بۆ نمونە گوێبگرتن لە جۆرێکيتر لە مۆسيقا(جاز، ڕۆکن رۆڵ،…)، پۆشينی جياواز(جلی کاوبۆی،..)، قژ درێژکردن، هتد،…
ئەمانە شێوە سەرزارەکيەکەی بوو، هەرچی ئەو بيرەی کە لە پشتی ئەم هەڵچونەوە بوو بەهەمان شێوە لە گەڵاڵە بوون و نشونما بوو. بەڵام لە سەرەتادا، هەمو ئەو لێکۆڵينەوە فەرمييانەی حکومەت ئاماژە بەوە ئەکەن کە جوڵانەوەکە سياسی نەبوە بەڵکو ئيراديەک، بۆ هێنانەدی ئازادانەی خەونەکان. کەواتە پرسيارەکە ئەوەيە کەبۆچی دوای ڕاپرسيەک لە مانگی يانزەی ١٩٦٧ سێ يەکی هەموو پرسيارلێکراوەکان ئەڵێن کە ئەوانيش هەردەم وەکو ڕودی دۆشکە بيريانکردۆتەوە؟! يان بۆچی دوای کوشتنی بێنۆ ئۆونە زۆرگی خۆپيشاندەر(٢ حوزەيران ١٩٦٧) هەمو گەنجەکان وايان بيرئەکردەوە کە ڕاستی ڕاستی تەقە لە هەر يەکێ لەوان کراوە؟! هەروەها لە دواييدا ئەيان وت گوللە بە “ئێمە”ەوە نراوە. بۆچی لە دواييدا مۆتەکەی “فاشييەت”  بە ڕون و ئاشکرا لە ناودابو وەکو ئەوەی کە ئەو بيرە قەت لانەچوبێ؟
بۆچی داواکاريەکان کە لەسەرەتادا خۆی تەنها لە چاکسازی و “ديموکراتی ڕاستەقينە” يان “چارەسەرێکی ئاشتيخوازانە” ئەبينيەوە کەچی لەپڕ بوون بە “شۆڕشی سۆسياليستی” و “سەرکەوتن لە شەڕێکی ميلليدا”؟!
بۆ وەڵامی ئەم پرسيارانە ئەبێ هەروەها لايەنە دەرونيەکانی ئەوکاتەی ئەو نەوەيە ڕەچاو بکرێ. هەروەها هەمو ئەو هەڵچون و ياخيبونانەی لاوان کە لەسەرەتای شەستەکاندا ڕوياندابوو.>(1)142
<ئەم توڕەبون و هەڵچونەی گەنجان وەکو ئەوە وابو کە نەوەيەک دوای ئەو هەمو شەڕانە لە هەڵچونو حاڵلێهاتنێکی شەيدايانەی تا ئەوکاتە، بێوێنەدا ڕاپەڕێت و بەو شێوەيە خۆی لە ترس و ئازارەکانی ساڵانی پێشو بتەکێنێ.
ئەو شێوە نوێيە بۆ دەربڕينی ناڕەزاييەکانی گەنجەکان هەروەها پەرچەکرداری “گەورەکان”ی بە دوای خۆيدا هێنا، کە لەلايەن گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە ئەوەندەی تر ئاگرەکەيان خۆشتر ئەکرد. لەم مييانەيەدا لە سەر ئاستی سياسييەکان و نوسەرانی دۆست بە سيستەمی حکومڕانی ئەوکاتە وتار و ڕای جۆراو جۆری ڕوخێنەريان بڵاوئەکردەوە لەسەر ئەو بزوتنەوە نوێيە. بۆ نمونە کە زۆريان داوای <دەرکردنی ياسايەکی توندوتيژتر وە نوێيان ئەکرد بۆ “پاراستنی گەنجان”.
گوايە گەنجەکان فەرامۆشی بنەما گرنگەکانی بەرەوپێشەوە چون ئەکەن بۆ نمونە ناڕێکوپێکی، حەز لە ياخيبونکردن و جرت و فرتکردنی بێ مانا و بێ هۆ کە لە ئەنجامدا ئەبنە هۆی نەگونجان وە نامۆبونیان لە ناو کۆمەڵگادا. جۆرە پەيوەنديەک دروست بو لە نێوان “گەنجەکانی دوای شه‌ڕی جيهانی” و “گەورەکانی نه‌وه‌ی شه‌ڕکه‌ری جيهانی” کە پڕ بوو لە خەشخەشە و لەيەک نەگەيشتن، کە بە دياردەيەکی قۆناغی دوای شەڕی جيهانی لەقەڵمئەدرا. ئەمە دياردەيەک بو نەک تەنها لە ئەڵمانيا بەڵکو لە زۆر ووڵاتانی ديکە بەديئەکرا وە بوبوە هەوێنی چەندان فليمی ئەمريکی فەرەنسی(بۆنمونە جەيمس ديين و جين پاوڵ بيلمۆندۆ و جين زيربێرگ هتد.) کە هەر هەمويان باس لەو ويست و ئارەزوی ياخيبونەی  “گەنجەکان” ئەکات و لەهەمانکاتدا بەرپەرچدانەوەی ڕقاويانەی “گەورەکان” بۆ ئەو جۆرە ياخيبونە. >(١)١٤٣
بێگومان گەنينی وادەی حکومڕانی کۆنراد ئادنئاوەر و ئەو شێوە ڕەهايەی حکومڕانيەکەی کە لە کۆتايی جەنگی جيهانی دوهەمەوە درێژەی هەبو بەشێک بوو لە واقيعی ژيانی سياسی ئەڵمانيا.>143
بەم شێوەيە گەردەلولێکی “چەپ”  هەڵيکرد کە خۆی لە هەموو ئەو نوسراوانەدا  ئەبينيەوە کە “چەپەکان” ترسی خۆيان لە “نۆژەنکردنی” سيستەمی فاشيەکان و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەردەوامی ئەوسيستەمە دەرئەخست. بەتايبەتيش هەتا ئەو کاتە هێشتا ژماريەکی زۆر فاشيەکان و نازيەکان لەناو هەمو جومگەيەکی دەوڵەتدا ئەبينران.
هەر وەک ڕالف دارندۆرف ١٩٦١ لە توێژينەوەيکی وورددا  بەناوی “کۆمەڵگا و ديموکراتی لە ئەڵمانيا”  ئەيسەلمێنێ کە هەڵکەندن و گوێزانەوەی بيرکردنەوەی کۆنی سەربازيگەری و ديسيپلين و ڕێکوپێکی مه‌ييو دەستيپێکردبو بەئاڕاستەی سيڤيل و نوێخوازی لە ژيان و کار و بيرکردنەوە و لەدايکبونی بەهای نوێ… >145(1)
<  لە ٢١ ئۆکتۆبەری ١٩٦٩ ڤيلی دراند بە يەکەم سەرۆکوەزيری سۆسيالديموکراتەکان هەڵبژێررا. ئەم مرۆڤە، بوو بە هەڵگری هيوای گەنجان و لاوان يەکەم دروشمی ئەو “بوێری و نەترسان لە پراکتيسەکردنی ديموکراتی زياتر”. ئەو لاپەڕەيەکی نوێی هەڵدايەوە و لە مامەڵکردن لەگەڵ مێژو وە ووڵاتانی دراوسێ، بەتايبەتی پۆلۆنيا. بەناوبانگترين ديمەنی چەمانەوە وە کڕنوشبردنێتی لەسەر مەزاری  قوربانيانی هێتلەريەکان “وارشاوە گێتۆ” وە داوای لێبوردنکردنی بوو. ئەمە يادەکانی هەمو نەوەکانی هەژاند. هاتنی ئەو، بووە هۆ ئەوەی کە شانۆی مێدياکان لە ماوەيکی کورتدا لە لايەن گەنجەکان وە “هێزی ڕقەبەری دەروەی پەرلەمان”ەوە داگيربکرێ. ئەمەش خۆی لەو هەموو رێپۆرتاج و ووتارانەدا ئەبينێتەوە کە شپيگل و تسايت و بيلد وە هەموو ئەوانيتر لە سەر گەنج و خوێندکارە ياخيەکان بڵاويانئەکردەوە. کاتێ رۆدی دوشکە ی چەپ بريندارئەکرێ، خۆپيشاندەران ئەمە ئه هێنن بەسەر ڕۆژنامەی بيلد/شپرينگەر و خۆپيشاندانی زۆر گەورە و بێوێنەی خوێناوی ئەکرێ بە سوتاندنی سەيارە وچەندان برينداربون و هەروەها کوشتنيش، کە هەتا ئەو کاتە شتی بەو شێوەیە ڕوينەدابو.
ڤيلی دراند  ١٩٧١ پاداشتی نۆبلی ئاشتی وەرئەگرێ. دوای ئەوەی کە سيخوڕێکی ئەڵمانيای ڕۆژهەڵات لە يەکێ لە مەکتەبەکانيدا پێئەزانرێ، دەست لە کار ئەکشێنێتەوە.>(1)147
 <نادڵنيايی دايکوباوکەکان، کە زياتر سەربە نەوەی “کۆن” لە قەڵەمئەدران لەدوو سەرچاوەوە سەريهەڵئەگرت، لەلايەک زاڵيەکی(ئەوتۆريتێر)ی بۆش و خۆبەڕاست زانينێکی توندوتيژ ئاسا، وە لە لاکەی ترەوە پەرۆشی دايکو باوکێکی دڵسۆز بۆ پێشناسی منداڵەکەی. لەهەردو حاڵەتەکەدا ئەبوە هۆی زيادکردنی هەستی قينی لاوان و خوێندکاران و دژايەتيکردن و بەدگومانی بەرامبەر زاڵێتی دەسەڵاتەکان( واتە “ئەنتي ئەوتۆريتێر”). ئەو هەستە خۆی لەو دروشم و دەستەواژانەدا ئەبينرايەوە کە لاوان دژی کەسانێک بەکاريان ئەهێنا کە هەڵگری بيروباوەڕی ليبراڵەکان بوون بۆ نمونە بەوانيان ئەوت “کۆنە نازی” و “کۆنەپەرست” و بە سۆسيالديموکراتەکان “خيانەتکار”.>(1)148
<68ەکان بارکرابو بە ئەو هەمو هەست و سۆزە وە بيروباوەرە کە ئەم نەوەيەی پاڵپێوەئەنا بە درێژايی ئەو “دە ساڵە سورە” لە هەموو جۆرەکانی بازنەکانی پيوەنديەکانی کۆمەڵگاوە بەرەو ڕۆچون و توندڕەوی بە بيروباوەڕەکانی باوی حەفتاکان(بەتايبەتی سۆسياليستی و چەپ). ئەمە لە ئەڵمانيا و ووڵاتانی تر لەو چوارچێوە تەسکەکەيدا کە گوايە “ناکۆکيەکی ئاسايی نەوەکان” بێ، دەرچوبوو. ئەم گرفتە زياتر لەژێر کاريگەری مێژوی زۆرداری ساڵانی شەڕەجيهانيەکان بو کە تا ئەو کاتە بەگوێرەی پێويست شەنوکەو نەکرا بو. کە ساڵی ١٩٦٤\١٩٦٥ لە قودس تاوانباری نازی ئايشمان دادگايی ئەکرێ، جارێکيتر هەموو تاوانەکان بە بەرچاوی هەمو دنياوە باسئەکرێتەوە. هەمو هەوڵەکانی حکومەتەکەی کۆنڕاد ئادنئاوەر کە بە شێوەيەکی ياسايی هەمو باسەکانی تاوانەکانی نازيە هێتلەريەکان وەکو “کۆن و بەسەرچو” بناسێنێ و ديزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ی بکات، بەتەواوەتی سەرنەکەوتن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو تاوان و  ڕوداوانە بە هەمو تەوژم و تينێکەوە هاتەوە ناو مەيدان و شانۆ. لێرەوە “لاوەکان” ی ئەڵمانيا هەمو متمانەيەکيان بە کۆمەڵگاکەی خۆيان لەدەستدا.
زانا دەرونيە کۆمەڵايەتييەکان بەگشتی باسی لەناويەکابونێکی تايبەتی نەوەکانی جەنگەجيهانيەکان لەگەڵ ئەو نەوەيەی کە لە کەلاوەکانی کارەساتەکاندا گەورەبوبون ئەکەن. ئەو نەوەيەی کە بە ڕقاچونێکی مناڵانە هەوڵيانئەدا کە بچنە ناوەکرۆکی ئەزمونی سەرسەختی ژيانی دايک و باوکەکانيانەوە.>(1)149
 <ئه‌و هه‌سته‌ نێرگسيه‌ نه‌خۆشه‌ی “گه‌وره‌کان” ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ “لاوه‌کاندا” دوباره‌يان ئه‌کرده‌وه‌، وه‌کو: “ئێوە چ چەرمەسەريەکتان بينيوە؟ لەوەئەچێ کە ئێوە شايەنی ئەم خۆشيە نەبن کە تێيدان!” ئەمە ئەو ڕستەيە بو کە “گەورەکان” ڕۆژانە بە لاوەکانيان ئەوتەوە. “لاوەکانيش” ئەيانوت ئێوە هەتا هەتايە بۆتان تێچاندين بەشێوەيەک کە لەسەرانسەری دنيادا وەکو تاوانکەر و دۆڕاو سەيربکرێين.>(1)151
<کەواتە بۆ ئەوەی کە لە باری دەرونی چالاکەوانەکانی ٦٨ەکان تێبگەين ئەبێ پەيوەندی ئەو دو کايە بارگاويە تێبگەين لەلايەک هەوڵدان بۆ ڕاکردن لەو ڕابوردووە زەهراويە بۆگەنە کە لە ژێر ديکۆری ديموکراتی و ” بازاڕی ئابوريی ” ئەيويست بەردەوامبێ، وە لە لايەکيتر کە وای بيرئەکردەوە کە پێويستيەک وە ئەگەرێک هەيە که‌ ئه‌و نه‌وه‌يه‌ خۆيان وە دنيا جارێکيتر سەرلەنوێ بدۆزنەوە.>(1)152
<بە هەرکامێک لەڕاو بۆچونەکانی مارکس، ماو، مارکويز يان ئەدۆرنۆ بێ ئەو خۆشیوشاديە کە بڵاوە، ڕوکەشە وە بناغەکەی بۆ ناوەوە وە بۆ دەرەوە لەسەر بنچينەی چەوساندنەوە دامەزراوە وە لە ئەنجامدا هەر ئەبێ قەیرانێکی گەردونی ڕوبدات کە قوڵتر وە سەرتاسەريتر بێ لە وانەی جاران. وه‌ سيسته‌می سه‌رمايه‌داری له‌ قۆناغی ئيمپرياليستيا به‌بێ هيچ گومانێ هه‌ر به‌ره‌و سيسته‌مێکی فاشيانه‌ سه‌رئه‌نێ>(1)153
<مارکويز ئەڵێ ئەو وڵاتە چەوسێنەرەی کە خێر ئەکا بە هاووڵاتيەکانی، نوێترين وە ئەوپەڕی شێوەی فاشيزمە. ئەويش لەبەر ئەوەی کە ئەو جۆرە ووڵاتە بە دابينکردنی چەند “پێداويستيەکی هەڵە”ی ڕوکه‌ش، هەڵئەسێ بە فڕاندنی هەستکردنی ئەو مرۆڤە بێهيوايانە بەو ناخۆشيەی کە تييايدا ئەژين و لە ئەنجامدا ئه‌و ووڵاته‌ کەسايەتی زۆردار بەرهەمئەهێنێ. ئەم کەسايەتيە زۆردارانە زۆر بە ووردی و متک خۆيان تێکەڵی کۆمەڵگا ئەکەن و ئەبنە هۆی بەرهەمهێنانی بێکۆتايی مرۆڤی وەک خۆيان زۆردار.>(1)154  
<بيئاتە کلارفێلدی رۆژنامەنوسی ئەڵمانی\فەرەنسی ئەيويست کە دژی ئەو ‌هەوڵانە بووەستێتەوە کە ئەدرا بۆ ئەوەی کە ئەو مێژووە کارەساتاويە نزيکەی ئەڵمانيا لەبيربکرێ و باسيلێوەنەکرێ. ئەو لەو باوەڕەدابو کە بەکردنی چالاکيەکی سەرنجڕاکێشەر ئەتوانێ ئەو باسە بخاتەوە ناو مێدياکان. لەبەر ئەوە لە رۆژی ٣ نۆڤەمبەری ١٩٦٨ هەڵئەستێ بە کێشانی شه‌پازلەيەک بە ڕاوێژکاری ئەوکاتەی ئەڵمانيا(واتە سەرک وەزیرانی ئەڵمانیا) کۆرت گيورگ کيسينگەر. ئەو بەو شێوەيە ناڕەزايی بەرامبەر بە دانی پۆست و بەرپرسيارێتی بە “کۆنە نازيەکان” دەربڕی. بەڵام سەرۆکی پێش ئەويش ئادنئاوەر هەمان ڕێچکەی گرتبووە بەر. لە پاساوی ئەم کارە ناشياوەيدا، ئەو ئەيوت کە “تۆ ناتوانی ئاوە پيسەکە بڕێژی لەکاتێکدا هێشتا ئاوی پاکت نييە!”. >(1)166
 

ئەوەی شایەنی باسە کە خاتو بيئاتە کلارفێلدی رۆژنامەنوس هەڵبژێرراوە بە کاندیدی پارتی چەپ بۆ هەڵبژاردنەکەی رۆژی ١٨ ئازاری ٢٠١٢ بۆ سەرۆکی ئەڵمانیای یەکگرتو.
<ئەلەکسەندەر ميچەرليش شيکەرەوەی دەرونناسی ئەڵمانی و پزيشک(١٩٠٨/١٩٨٢) وە ڕاوەدونراو و چەوساوەی دەست نازيەکان لە کتێبێکيدا بەناوی “بێتوانايی بۆ ماتەمينی کردن” که‌ ساڵی 1967 بڵاويکرده‌وه‌، هۆکارەکانی ئەو دۆخە باسئەکات کە چۆن زۆرينەی ئەڵمانيەکان کوێرانە دوای هێتلەر کەوتبوون. وە هەروەها بۆچی ئەڵمانيەکان بە گشتی و بە کۆ هەوڵئەدەن کە ئەو تاوانانەی کە ئەڵمانيەکان کرديان لەو کاتانەدا لەبيرخۆيانی ببەنەوە. ڕونيئەکاتەوە کە چۆن “پێشکەوتنی ئابوريەکی سەرسوڕمێنەر” ئەبێتە هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جارێکيکە ئەڵمانيا هەست بەزاڵی خۆی بکات(“ئێمە جارێکيتر ئەوەی جارانين!”). ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خەريکە تاوانەکانی نازيەکان لەبيربچێتەوە. ناڕەزايی خۆی دەرئەبڕێ و ئەڵێ کە زۆربەی زۆری ئەڵمانی وا حەزئەکەن وە پيشانی ئەدەن کە “نازيەکان” نەبون. ئەمانە بووە هۆی ئەوەی کە سه‌ره‌تايه‌کی ڕاسته‌قينه‌ی ديموکراتييانه‌ هه‌رگيز وه‌ هه‌تا ئێستاش ڕونه‌دات. خوێنکاره‌ ناڕه‌زاکان ئه‌ڕگومێنته‌کانی ئه‌م دەرونناسه‌يان له‌م کتێبه‌دا به‌کارئه‌هێنا بۆ پاساودانی شۆڕشه‌که‌يان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئادنئاوه‌ر.>(1)170  
<٦٨ەکان پێويست بوو هەڵوێستە بکەن لەسەر دوو “کەموکوڕی، کەماسی” کە دايک و باوکەکانيان هەيانبوو لە ئەنجامدانی شەڕ و ناخۆشيەکان دوای شەڕ و ماوەی فەرمانڕەوايی نازيەکان. بەهاکانی نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی دايک و باوکەکانيان لە دوای شکانيان لە جەنگدا، نەمان. لە جێگەی ئەو بەهايانە، بەهای تر هاتە جێيان کە بريتيبوون لە ئاسايش، ڕێککەوتن و گونجان و گەڕانەوە بۆ تراديسيۆن. هەر هەمو ئەمانەش خۆيان ئەبينيەوە لە سەر رێچکەی سەرکەوتنی ئابوری و هەروەها گەڕان بە دوای جەختکردن لەسەر داننان بەو سەرکەوتنە گەورانەدا کە لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامدرابو.
ئەکرێ کە ئەو دايک و باوکانە وازيان نەهێنابێ لە بەها بەرزەکانی گەنجێتی بەهۆی نزيکيان يان ناسنامەکەيان لە بەهاکانی نازييەکانەوە بەڵکو خۆيان کپيان کردبێتەوە و بە بۆيەيەکی تەڵخ و تاريک شاردبێتيانەوە.
ئەوان گەڕانەوە بۆ ئەو تراديسيۆنەی پێش گرتنە دەسەڵاتی هێتلەر بۆ نمونە دينی مەسيحی و ڕۆشنبيری ميللی کە بنکەيەکی بتەوی بۆ مسۆگەر ئەکردن. ياخود ئەوان بەها ديموکراتی و سەروەری دەوڵەت و ياسای هێزە براوەکانی جەنگی جيهانی دەووەميان وەرگرت. بەگشتی هەڵوێستەکانيان بەرگريکەرانە بوو بەو مانايەی کە ئەيان وت بەهاکان پێويستە وەکو خۆيان بهێڵرێتەوە بەرگريلێبکرێ وە بپارێزرێن. ئەوان ئەيان ووت کە ناتوانن کە بەرگەی دەستپێکی تێهەڵچونێکی تر بگرن، يان بناغەيەکی بتەو بۆ داهاتو دابنێن يان ناتوانن ئاسۆيەکی گەشتر بۆ کۆمەڵگايەکی باشتر ووێنا بکێشن. بەو شێوەيە ٦٨ەکان نمە و گەشەيانکرد لە ژينگەيەکدا کە بەهاکانی زياتر گرنگييان بە ئاسايشێکی ڕوکەشانە ئەدا و لە هەمان کاتدا بەرپەرچدانەوە و گومان و بەدگومانی بەرامبەر بە شەيدابوون و خۆلەبيرکردن و خۆنەويستن. ئەم بار و دۆخە پێويست بوو کە پێکادان بهێنێتە گۆڕ.
لە ئەنجامی خۆشی لە نەترسی لە مەترسيەکان و گەنجينەيەکی دەوڵەمەندی بيرکردنەوەی بزوتنەوەی ناڕەزاييکەران، شەيدابوون بۆ سياسەت، تازەگەری بەخۆيەوە بيينی. ئەو شەيدابوونەی کە دايک و باوکەکان لە ئەنجامی ئازار و جەنگ و شەرمەزاری و دەربەدەری لەدەستياندابوو. تەڤگەری خوێندکاران تەنها گۆشەنيگايەکی ئەو شەيدابوونە بوو،  ئەوانيتر بريتيبوو لە حەزێکی زۆر لە گەشت و گوزار، وە لە گەڕان و سەردانی شوێنە دورەکان وە يان خۆشی دەربڕين بۆ ئاشنابوون بە کلوکلتوری ميللەتانيتر وە يان تێکۆشان دژی ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوەی ميللەتان بۆ نمونە بەشداريکردن لە ناڕەزايی دژی شای ئێران وە دژی شەڕی ئەمريکا لە ڤێتنام.
ڕەنگە ئەو پەيوەنديە دەگمەنەی نێوان داڕشتنی ڕەشنوسی پڕۆژەی بەها بەرزەکانی دايکو باوکەکان لەلايەک و  پێويستيە کۆمەڵايەتيەکان بۆ تاودان بەرەو نوێکردنەوە و ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەلايەکی ترەوە بووبێ کە لەلايەنی مێژوييەوە شۆڕشی  ٦٨ەکان بە گرنگترين بزوتنەوەی کۆمەڵايەتی لە نێوان جەنگی جيهانی دووەم وە هەڵوەشانەوەی پەيمانی وارشۆ  لەقەڵەمبدرێ. هيچ کەسێ ئەو بزوتنەوەيەی نەدۆزيوەتەوە. هەروەها هيچ کەسێ (لە سەرەتادا) ئەو بزوتنەوەيەی ناو نەنا بەڵکو ئەو خۆی خۆی دۆزیييەوە و لە دواييدا بە ناوی ڕۆژی لەداييک بوونەکەيەوە ناونرا.>(١)١٧٢-١٧٤



کەواتە ئەتوانین چ سودێ لە شۆڕشی ٦٨ەکان وەرگرین؟:

بەراوردکردنی ئەو بزوتنەوە گۆڕانخوازيەی کە ئێستا کوردستان و ناوچەکەی تەنيوەتەوە لەگەڵ شۆڕشی ٦٨ەکان، کارێکی ئاسان نيە ئەويش لەبەر ئەوەی کات و شوێن و بارودۆخی کەشی سياسی ناوچەکە و نێودەوڵتی کوردستان و بەتایبەتی پێشەمێژینەی ئەوکاتەی ئەڵمانيا و ئێستای کوردستان زۆر جياوازە. بەڵام ئەم جیاوازیە ڕێگەی ئەوەمان لێناگرێ کە باسی هەندێ ڕوداو وە هۆکار نەکەین کە دەستنیشانکردنیان سود بە ڕەتی بزوتنەوەی ڕیفۆرمخوازی حوکمڕانی کوردستان ئەگەیەنێ. هەر لێرەشەوە ئەتوانين سود لە مێژوی ٦٨ەکان وەرگرین.
بۆ ئەم مەبەستەش من زیاتر بە هەندێ لە جیاوازیەکانی هەردو ئەزمونەکەدا ڕۆئەچم وەک لە لەیەکچونەکانیان. ئەویش لەبەر ئەوەی لەیەکچونەکان ئاسانە و هەر مرۆڤێ کەمێ ئاگاداری بارودۆخی ئەم دواییەی کوردستان بێت، ئەتوانێ زۆرجار لەیەکچونێکی دەقاودەق وە هەندێجاری تر ژمارەیەکی زۆر یەکگرتنەوە و هێڵی تەريبی ئاشکرا و ڕون لە هۆکارەکان، خەسڵەتەکان وە داواکاریەکانی نێوان شۆڕشی ٦٨ەکان وە بزوتنەوەی لاوان و ڕيفۆرمخوازی کوردستان ببینێتەوە.
هەندێ لە ڕوداوەکان ڕێکەوتێکی مێژویی سەیرن. بۆ نمونە بە قوربانیبونی هەر یەک لە ڕێژوانی مێرمنداڵ و بێنۆ ئۆونەزۆرگی خوێندکاری ٢٦ ساڵە بۆ هەردو بزوتنەوەکە بە خاڵێکی وەرچەرخان لەقەڵەمدراوە لە مێژودا، چونکە دوای ئەو ڕوداوە نەک تەنها پارتە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەڵکو کۆمەڵانی خەڵک لە هەمو چین و توێژەکان هەڵوێستی سیاسی خۆیان وەرگرت. دۆخێکی بارگەکراو بە سیاسەت لە هەردو کۆمەڵگای ئەڵمانی وە کوردستان هاتە گۆڕ، کە(بەلایەنی کەمەوە لە کوردستاندا) هەتا ئێستاش هەر شەپۆلداندایە و لە ئەڵمانیاش گەرموگوڕیەکەی ١٠ ساڵی خایاند.
هەروەها خەسڵەتێکی تری هاوبەش و لەیەکچوی تری بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و ئەڵمانیای ناوەڕاستی شەستەکان، هەژمونی دوو زلحيزب بە سەر پەرلەماندا و دەرکردنی جۆرە یاسایەک کە خەڵک(بەتایبەتی خوێندکاران و سەندیکاکان و ..) بە دژی ئازادی و بەرژەوەندی خۆیان لە قەڵەمیان ئەدا، هۆکارێکی تری ناڕەزاییەکانی میللەت بوو.
ئەم دۆخە لە ئەڵمانیا لایەن هەردو حیزبی دەسەڵاتدار (سۆسيالديموکراتەکان و پارتی ديموکراتی مەسيحی يەکگرتو) لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی ١٩٦٥ەوە هێنرابووە گۆڕ.
ئەوەبو یاسای “دۆخی ئاوارتە”، داڕێژرا و پيادەشکرا کە لە ئەنجامدا ئازادی هەمو چینەکانی کۆمەڵگای سنوردار ئەکرد.
زۆر چین و توێژی کۆمەڵ کە دژی ئەم جۆرە یاسایانە بوون وایان هەست ئەکرد و بیر ئەکردەوە کە لە ناو پەرلەماندا هیچ حیزب و لایەنێک نوێنەرایەتی ئەوان ناکات. لەبەر ئەوە ناچار کران کە بکەونە خۆيان و خۆیان لە شێوەی ڕێکخراوە مرۆیی و پیشەیی و سەنديکاکانن و خوێندکاراندا ڕێکبخەن. هەر لێرەوە بەرژەوەندی هاوبەشی زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵ هەتا بوایە گەورە ئەبو. لە ئەنجامدا بووە هۆی دروستبونی “هێزی ڕقەبەرەکانی دەرەوەی پارلەمان”.
ئەم دۆخە کە دو پارتی دەسەڵاتدار هەمو جومگە گرنگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگا بۆ خۆیان قۆرغ ئەکەن و دواتر یاساش بە گوێرەی بەرژەوەندی تايبەتی خۆیان ئەسەپێنن، بە شێوەیەکی زەقتر و درێژخایەنتر چەند ساڵێکە لە کوردستانەکەی دوای سەدام هەر بەرقەرارە. ئەوەبو پێش ١٧ی شوباتی ٢٠١١ یاسای خۆپیشاندان بە پەرلەماندا تێپەڕێنرا و سەرۆکی هەرێمیش دواتر ڕەزامەندی خۆی لەسەر دەربری. ئەمەو لەکاتێکدا لەسەر و بەندی داڕشتنی ئەو یاسیەدا ناڕەزاییەکی زۆر دەربڕێنرا، بەڵام بەداخەوە گوێ لەو خەڵکە نەگيررا و هەمان هەستی ئەڵمانیەکان لای خەڵکی کوردوستانیش دروستبو کە لە پەرلەماندا وە هەروەها لە لوتکەکانی هەرەمی حوکمڕانی کوردیدا کەسانێک حوکم ئەکەن کە بەرژەوەندی میللەت بەهەند وەرناگێ و ئەبێ ڕێگەی بەرگریکردن هەڵبژێررێ.
بەڵام ئەوەی کە لە کوردستان جیاوازبێ ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنیش لە ناو پەرلەماندا جێگەی خۆی هەیە، بە پێچەوانەی ئەڵمانیاوە(کە ئۆپۆزیسیۆن زۆر زۆر بچوک بوو: % ٥،٩) . ئەبوایە ئەمە بۆ کوردستان زۆر سودبەخشەبوایە وە وەک و هەلێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان بیقۆزینەوە.
بەڵام بەداخەوە کە ئەمە نيوەی ڕاستيەکەیە، ئەويش لەبەر ئەوەی کە پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی گۆجە و ناتوانێ بە ئەرکە گرنگەکانی خۆی (کە یاسا داڕشتن و کۆنترۆڵکردن و سەرپێچیکردنەوەیە لە حکومەت و وەزیرەکان) بکات. ئەويش لەبەر ئەوەی کە پراکتیسەکردنی سیستەمی حیزبایەتیکردن لە هەرێمدا هەر لەبنچينەوە ناتەواوە. ئەویش لەبەر ئەوەی کە ئیرادەی بڕیاردان و پێشنیار و بیرکردنەوە و هەڵوێستی سەربەخۆ لە پەرلەمانتاران و ئەندامان سەنراوەتەوە و ئەبێ پێشتر بە فلتەری بەرژەوەندی حیزبیدا بڕوات. واتە بەرژەوەندی حیزبی ئەخرێتە سەرو بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، نەک تەنها لە پەرلەمان بەڵکو لە هەمو دەستگاگرنگەکانی تری بەڕێوەبردنی هەرێمیشدا.
 و هیچ ئیرادەیەکی ناوەکیش پێشبینی ناکرێ کە چاکسازی لەو سیستەمەدا بکرێ. بەردەوام بونی ئەم دۆخە کە هەژمونی حیزبە کلاسیکەکانە و نەبونی هیچ هیوایەک و گزنگی ڕزگاربونە لەو دۆخە ئەوەندەیتر خەڵکەکەی بێزار کردووە.
کەواتە تێپەڕاندن و کۆتایی هێنانی حیزبە دەساڵاتدارەکان بەو هەژمونەیان هەمو دەرگاو دەلاقەکان واڵا ئەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان و هەنگاوێکی گەورە ئەبێ بەرەو سیستەمێکی دیموکراتی ڕاستەقینەتر لە ڕابوردو. 
* * * * *
هەڵبەتە پێویستە ئەو جیاوازیە بکەین کە لە ئەڵمانیادا هەمیشە هەوڵ ئەدرێ لە دوای هەڵبژاردنەکان و سەروبەندی دروستکردنی حکومەتدا کە تیایدا پارتە سیاسیەکان(بەتایبەتی پارتی براوە) کابینە پێکبهێنن،  کە بەهیج جۆرێ نزیکی دروستکردنی کابينەیەک نەکەون کە لە دوو (زلحیزب) دروسبکرێ. ئەمە هەمیشە لە ئەڵمانیا بە خراپترین بڕیار و حکومەت دائەنرێ. لەبەر ئەوە بە درێژایی مێژوی دوای جەنگی جیهانی دووەم زۆر بە دانسقە بووە کە ئەو جۆرە کابینەیە دروستکرابێ و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستبهێنابێ و ڕەزامەندی خەڵکبوبێ.
جگە لەمەش هەژمونی حیزب لە ئەڵمانیا تەنها بەسەر پەرلەماندایەو تەنها چوار ساڵ ئەخایەنێ. دوای ئەوەی کە هەڵبژاردنێکی تر ئەکرێ و هەمو ئەگەرەکانی تر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەکرێنەوە، کە تیایدا حیزبە بچوکەکانیش ئەگەری بەشداریکردنیان لە کابینە نوێکەدا ئەدرێتێ. بۆ نمونە هانس دیتریش گێنشەر چوار ٤ ساڵ وەزیری ناوخۆ و ١٨ ساڵ بەردەوام وە بەبێ دابڕان وەزیری دەرەوە بوو. بەمەرجێ پارتەکەی ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا کەم جار بووە کە  لە سەدا ١٠% زیاتری هێنابێ.
بە داخەوە هەژمونی “زلحیزب”ی لە کوردستاندا زۆر لەمە وێرانتر و مەترسیدارترە. لە دوای ڕزگار بونی کوردستانەوە (بەهاری ١٩٩١ ) هەتا ئێستاش ئەم هەژمونە بەردەوامە. جگە لەمەش هەژمونەکە تەنها بەسەر کابینە وەیان بارودۆخی سیاسیدا نییە بەڵکو بەسەر هەمو جومگەکانی ژیاندایە(بۆ نمونە ئابوری، ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی هەمو پيشەکان وەکو مامۆستایان و کارمەندان و پزیشکان و قوتابیان و …هتد). تەنانەت وەرزشیش کە هەر بە هیج جۆرێ ئەبوایە بە سیاسەتەوە پەیوەندی نەبوایە، بەم هەژمونەوە ئەناڵێنێ.
 ئەوەی پەیوەندی بەو ڕێکخراوە دیموکراتیانەوە هەیە، هەر حەزئەکەم ئەوە بڵێم کە لە ڕاستیدا، مەبەست لە دروستکردنیان لە وڵاتانی پێشکەوتودا زیاتر پاراستنی پیشەکە وە پاراستنی بەرژەوەندی هەمو ئەو کەسانەیە کە لەو بوارەدا کار ئەکەن. ئیتر ئەم بەرژەوەندیانە چ پەیوەندیەکی بە “بەحیزبیکردنی” ئەو ڕێکخراوانەوە هەیە؟! یان چۆن ئەبێ ڕێکخراوێکی لەم بابەتانە “حیزبیبێ”؟!.
 ئەم دۆخە، ئەم جیاوازیەی هەژمونی “زلحیزبەکان”ی ئەڵمانیا و کوردستان ئێجگار گەورەیە، چونکە ئەوەی کوردستان زیاتر لە ٢٠ ساڵە و تەنها ناو پەرلەمان ناگرێتەوە بەڵکو خۆ تێکەڵی کردنی بێمانا و ڕاستوخۆی ژیانی میللەتە لە هەمو بوارەکاندا.  ڕوناکیش لە تونێلەکەوە هیچ دیار نیە.
ئەی ئەگەر هەژمونی حیزبەکان لە ئەڵمانیا وەکو کوردستانبوایە، میللەتی ئەڵمان چیان ئەکرد؟! ئەوان بۆ ئەو دۆخە کاتیە، وە لە دژی تاقە یاسایەک کە یاسای دۆخی ئاوارتە بو، شۆڕشێکیان بەرپا کرد، ئەی ئەگەر هێندەی خەڵک لەم هەرێمەدا لەم جۆرە حوکمڕانیە پڕ بونایە و توڕەبونایە، ئەوان چیان ئەکرد،( دەمێ فیفتی فیفتی و دەمێ شەڕی براکوژی و دەمێکی تریش “ڕێککەوتنی ستراتیژی” ). هەر هەمو ئەم ئەزمونانەی هەژمونی “زلحیزب”ەکانەو  کارەسات و کاولکاری زۆری بۆ هەرێمەکەمان هێنا.
هەر جۆرە گۆڕانێ لە کابینە یان هەر جۆرە پۆستێکی گرنگی بەڕێوەبردنی هەرێم بکرێ لەسەر بنچینەی پاراستنی ئەو هاوسەنگییەی ئەو “ڕێککەوتنە ستراتیژی”یە.
تا ئێستا نەبیستراوە وە یان لە هیچ سەرچاوەیەکدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە هیچ کەس و توێژێکی ئەڵمانی ترسی هەبێ لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا، ئەی ئەگەر ئەوان هێندەی لاوانی کوردستان ئەو ترسەشیان ببوایە، چی ڕویئەدا؟!.


* * * * *
یەکی لە هۆکارە ناوەکیەکانی تری سەرهەڵدانی شوڕشی ٦٨ەکان بريتيبووە لە بەرەنگاربونەوەی ئەو دۆخەی کۆمەڵگا، کە تیایدا ژمارەیەک شێوە و ستروکتوری ژیانی کۆمەڵایەتی باو هەبوە کە کۆن بووە و هاوچەرخ نەبوە. بەتايبەتی ئەو مێژووە ترسناکە کە نە ئەبوایە بەهيچ شێوەیەک قسەی لەبارەیەوە بکرێ.
ئەم گرفتە، بەڕاشکاوی نەک تەنها لە کوردستاندا بەڵکو لە هەمو وڵاتانی ناوچەکە گرفتێکی گەورەی توێژی لاوان و ڕۆشنبیرانە و بارێکی گرانە بەسەر حوکمڕانیەوە. لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵەکەکانی ژیان و پەیوەندیەکانی کۆمەڵگا لەسەر بناغەیەکی خێڵەکی و هۆز و بنەماڵەیی و حیزبایەتی دامەزراوە، ئەبينین ئەم دياردەیە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو پارتە سیاسیەکان. ئەم پارتانەش لەباتی ئەوەی وردە وردە دژی ئەو پەیوەندیە خێڵەکی و بنەماڵەییانە بووەستنەوە، پڕۆسێسی مۆدێرنە دەستپێبکەن، بە پێچەوانەوە ئەوانيش بەهەمان شێوە ئەم جۆرە ستروکتورەی کۆمەڵگا بۆ مەبەستەکانی خۆيان بەکارئەهێنن و برەوی پێئەدەن. بەم شیوەیە کۆمەڵگا بەردەوام بە دواکەوتویی ئەمێنێتەوە و هەمو پێشکەوتنێکی کۆمەڵگای کوردستانی پەک ئەخا. جگە لەوەش، ئەو جۆرە ستروکتورەی کۆمەڵگا ئەتوانرێ بەهەمان شێوە لە لایەن دوژمنەکانی کوردیشەوە بەکار بهێنرێ دژی خودی کورد خۆی. هاوکات ئەو حیزبە سیاسیانە کە ناتوانن خۆیان لەو کۆت و زنجیرە ڕزگاربکەن هەمیشە لەکاتی دانی پۆستە گرنگەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم خەڵکی نەگونجاوی ئەو سەرۆک خێڵ و بنەماڵانە بۆ شوێنی هەستیار و گرنگ دەستنيشان ئەکەن. ئەمەش هەر لە سەرەتاوە کانيەکە لێڵ ئەکاو و سيستەمێکی سياسی کۆن و سەقەت بەسەر خەڵکدا ئەسەپێنرێ کە لە لایەن لاوان و ڕۆشنبیران و هەمو نیشتمانپەروەرانەوە شایەنی قەبوڵکردن نیە. لەم حاڵەتەدا، شتێکی سروشتیە کە لاوان و گەنجان بەرەنگاری دەسەڵاتداران ببنەوە.
هيچ پەرلەمانێکی چالاک و کارا نیە بەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و کارا. پێش ئەوەی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان هەڵسن بە دەرخستنی نیەتێکی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیە بنەڕەتیەکان، بەشداریکردنی ئۆپۆزیسیۆن لەو کابینە نوێیەدا، هەڵەیەکی گەورەیە چونکە لە ئەنجامدا بە پاشەکشەکردن لە هەمو ئەو گۆڕانکاريە بنچينەیی و گرنگانە کە ئۆپۆزيسیۆن و شەقام لە ساڵانی ڕابوردودا داوای ئەکرد دوایی دێت. لەم هەل و مەرجەی ئێستادا بەشداريکردنی ئۆپۆزيسیۆن لەو کابینەیەدا، خەڵکەکە زیاتر بێ ئومێد ئەکات و ئۆپۆزیسیۆنیش قورسایی و پێگەی لە ناو جەماوەردا لەدەست ئەدا، چونکە وێنەی ئۆپۆزیسیۆنێک دروست ئەبێ لای خەڵک، کە هەڵپەی کورسی دەسەڵاتێتی و فەرامۆشی بەرژەوەندی و داواکاریەکانی خەڵک و شەقامی کردووە. ئۆپۆزيسیۆن بۆیە لە پەرلەماندایە کە داواکاریەکانی گەل و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەیەنێتە گوێی حکومەت. ئەگەر ئۆپۆزيسیۆن ئەو دەورەی لێسەنرایەوە ئەو پەیوەندیە ئەبچڕێ و میللەت نائومێد ئەبێ و ئەو دۆخە دێتەپێش کە لە پەرلەمانی ئەڵمانی کاتی شۆڕشی ٦٨ەکاندا هەبو کە ئەویش نەبونی نوێنەری ناڕەزاییدەربڕانە لە ناو پەرلەماندا.
بەڵام ئەگەر بڕیارێکی ڕاستگۆیانە هەبێ بۆ جێبەجێکردنی ڕیفۆرمێکی ڕاستەقینە، ئەو کاتە ئەبێ نەک ئۆپۆزیسیۆن،
بەڵکو هەموکەسێ یارمەتیدەربێ و بەشداری بکا.
لەجیاتی ئەو جۆرە هەوڵانەی حکومەت بۆ فشارخستنە سەر ئۆپۆزیسیۆن بۆ بەشداری لەو کابینە نوێیەدا، پێویستە هەمو هەوڵەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەو ئاڕاستەيە بێت کە بانگی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵک بکات بۆ هێنانەکایەی هاودەنگیەکی نیشتمانی(تەوافوق) لەسەر بنچینەی ئەرک و مافی یەکسان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی باش بۆ هەمو گیروگرفت و کێشە هەڵپەسێرراوەکان، بۆ نمونە:
داڕێژانی سیاسەتێکی تۆکمە بۆ گەڕانەوەی هەمو ناوچەکانیتری ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی بۆ ناو سنوری هەرێمی کوردستان.
وە یان دروستکردنی هاودەنگیەکی نیشتمانی لەسەر داڕشتنی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان و هەموارکردنی هەمو ئەو یاسایانەی کە ناکۆکی لەسەر هەیە.
ڕۆژی ٨ ئایاری ١٩٤٥ بە رۆژی تەسلیمبونی فەرمی ئەڵمانیا دائەنرێ لە جەنگی جیهانی دوهەمدا. ئەڵمانیەکان توانیان لە ٨ ئایاری ١٩٤٩ دا (واتە دوای ٤ ساڵی تەواو) لە پەرلەمانی ئەڵمانیدا لەسەر دەستوری نوێ دەنگ بدەن و بە زۆرینەی دەنگ (٥٣ دژی ١٢) بانگی بە گوێدا بدەن. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەڵمانیەکان ڕاستەوخۆ دوای تەسلیمبونیان لەو شەڕەدا، لەسەر کەلاوە ڕوخاوەکانیان، وە پێش هەموشتێ دەستیان کردووە بە داڕشتنی دەستور.
لەسەر ئەو دەستورە ڕێفراندوم نەکرا بەڵکو لە پەرلەماندا بەزۆرینەی دەنگ (واتە هاودەنگی نیشتمانی) پەسەندکرا.
ئێمەی کوردی تینوی سەربەخۆیی و ئازادی نەمانتوانیوە هەتا ئێستاش دەستوری هەرێم داڕێژین. ، واتە دوای ٢٠ ساڵ لە بونی توانایەکی مادی و مەعنەوی  گونجاو ئەم پڕۆژە هەرە گرنگەمان نە گەیاندۆتە ئەنجام. ئەمەو بەمەرجێ کۆدەنگیەکی نیشتمانی هەمو پارتەکانی کوردستان  لە سەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی بەو شێوەیە کارێکی مەحاڵ نیە. ئەی کەواتە بۆچی ناکرێ؟!
لەدوای بەهاری ١٩٩١ و دەرکەوتنی ڕۆژی گەشی ئازادی، ئێمە لەجیاتی داڕێژانی دەستوری هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی گوند و لادێکان، بەسەر ٤٥٠٠ گوند و شارۆچکەی ڕوخاو و سوتێنراوی دەست بەعسیەکان، هەستاین بە ئاودیوکردنی هەموو ئەو ئامێرانەی کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوان پێویستمان پێیان ئەبو. گومرگی ئەم هەڵە گەورانە ئێستا ئەیدەین. نەگەڕانەوەی گوندیەکان بۆ گوندەکانیان و کوردستانێکی داڕوخاوی کەرتی کشتوکاڵی و لەبەر ئەوەش وابەستەی وڵاتانی دراوسێ.
سەدام گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی سوتاند و ئێمەیش لەو کاتە هەستیارەدا کە لەجیاتی ئەوەی ئاوەدانمان بکردایەتەوە، هەڕاجمانکرد. 
بێگومان لە وڵاتێکدا دەستوری تیادا نەبێ و یاسا ناوبژیکەر نەبێ، هەڕاجکردنی نەوت و گاز، حوکمکردنێکی عەشایەریانە و گەندەڵی ئاسانتر ئەبێ، کەواتە ئیتر ئەم دەستورە بۆچی باشە؟!
ئایا بەم شێوەیە ئەتوانرێ حوکمێکی ڕەوا و سەردەمیانە بهێنرێتە گۆڕ؟ ئایا خۆ ئامادەکردن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئاوا ئەبێ؟!
بەبێ دەستورێکی سەردەمیانە و سەربەخۆکردنی دەستگاکانی دادوەری و مسۆگەرکردنی هەمو هەل و مەرجێ کە یاسا سەروەربێ بۆ هەمو کەسێ بێ جیاوازی و بەبێ هێنانەگۆڕی هەمو هەل و مەرجێکی باش بۆ دروستکردنی هەمو ئەو دەستگایانەی کە ترانسپەرێنی و ڕوونی لە بڕياردان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، دەرهێنانی نەوت و داهاتی گومرگی سنورەکان و سەرفکردنی بودجەی هەرێم هتد… ئەپارێزێ، بەبێ پرسەکانیتری لە مەڕ بەنەتەوی کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەستگاکانی پاراستن و ئاسایش و دەرهێنانیان لە ژێر دەستی حیزبەکان، دەوڵتێکی سەردەمیان و ڕەوای کوردستان مەحاڵە. بەبێ ئەو مەرجانە و زۆری تریش ناتوانرێ ماڵی کوردی ڕێکخرێ بۆ بەرەنگاربونەوەی هەمو ئەگەرەکان کە دەوڵەتەکانی دراوسێ دژی ئێمە پێیهەڵبسن. بەڵام بەداخەوە لە هەمو ئەو پرسانەدا حیزبە دەسەڵتدارەکانی کوردستان لەدواوەن و لەتر ئەدەن. 


* * * * *
لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ بەشێک لە شۆڕشی ٦٨ەکان چۆنیەتی تێکۆشانی خۆی لە شێوازێکی ئاشتیخوازانەوە گواستەوە بۆ شەڕی چەکداری ناو شارەکان و تێرۆرکردنی سەرانی گەورەی دەستگا دەوڵەتیەکانی ئەڵمانیا. بۆ نمونە ١٩٧٧ هانس مارتی شلایەر سەرۆکی کاردەرانی هەمو ئەڵمانیا ئەڕفێنرێ و دوای ٤٥ ڕۆژ لە ڕفاندنی لەلایەن ر.ئ.ف ە ئەکوژرێ. لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەست (٦٠) کەس ئەبێتە قوربانی کە زیاتر لە ٢٧ کەسیان ئەندامان و هەوادەرانی ر.ئ.ف. بوون.
بەداخەوە کە هەمو ئەو توندوتیژیانەی لەسەردەستی ئەو توندڕەوانەدا ڕویدا ڕێبازی شۆڕشەکەی بە لایەکی کەدا برد و بو بە ساربونەوە و خاوبونەوەی چالاکەوانەکان. بۆ نمونە یوشکار فيشەر خۆی کرد بە کرێکارێکی ساکاری کۆمپانیای ئۆپڵ و دواتر بو بە تەکسی لێخوڕ لە شاری فرانکفۆرت. هەتا دامەزراندنی پارتی سەوز ١٩٨٠ وازی لە هەمو چالاکیەکی سیاسی ناو ڕایگشتی هێنا. هەروەها ( دانیەل کۆن بەندیت) یش و زۆری تریش لە چالاکەوانەکان بەهەمان شێوە بۆ ماوەک خۆیان کشاندەوە لە شانۆی سیاسەت.
کەواتە ئەو شەڕە چەکداريە لە ئەنجامدا بو بەهۆی دامرکاندنەوەی هەمو شۆڕشەکە و کاڵبونەوی هەندێ لە ئامانجەکان.
بە هەمان شێوەش دروستبون و ئەنجامدانی هەرجۆرە توندوتیژیەک دژی دەستگاکان و سەرانی حکومەتی هەرێمەکەمان زەرەر و زیان بە بزوتنەوەی چاکسازی و ئەزمونی حوکمڕانی کوردی ئەگەیەنێ و بەرەو ئاقارێکی ناديار و مەترسيداری ئەبات. چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتيانە ئەبێ بە گرنگترین سیمای ئەم بزوتنەوەیە بمێنێتەوە. ئەم ڕێگەیە گۆڕینی ئەو ڕێگە پڕ کەند و نشێوەیە کە لەسەدەی پێشودا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان گرتبویانەبەر، کە ئەویش بەکارهێنانی چەک بو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەم نەوە نوێیە ئەبێ زۆرێکیتر لەم جۆرە ڕێگەچارانە بۆ ماڵی کورد بدۆزێتەوە کە هێشتا حیزبە دەسەڵاتدارەکانیتری کوردستان نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە، ئەگینا هەر لەو بازنەیەدا ئەسوڕێینەوە کە پەنجا(٥٠) ساڵی پێشو تیایدا سوڕاوینەتەوە.


بەشی دووەمی ئەم وتارە تەواو.


لە بەشی سێهەمدا پلەیەکی تر ڕۆ ئەچین بۆ تێگەیشتنی ئەو بیروباوەڕانەی کە خوێندکاران هەيان بو بۆ نۆژەکردن یان گۆڕینی کۆمەڵگاو سيستەمی دیموکراتی. بەتایبەتی ئەو بیروباوەڕانەی کە بزوێنەری ڕاستەقینەی شۆڕشەکە بو. هەروەها کەمێ بە دروشمەکاندا ئەچینەوە و جارێکیتر کاریگەریە دەرەکیەکان لە سەر شۆڕشەکە ئەهێنینەوە زمان.
بەداخەوە وە بە داوای لێبوردنەوە ئەم بەشە کەمێ دوا ئەکەوێ.

1968 die Revolte ،Daniel Cohn-Bendit & Ruediger Dammann:(1)
ئەوەی کە شايه‌نی باسە کە دانيەل کۆن بێندیت يه‌کێ بوو له‌ چالاکه‌وانه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی شۆڕشی ١٩٦٨ەکانە. زياتر لە ١٩ ساڵە وەکو نوێنەری پارتی سەوز(ئەڵمانيا و فەرەنسا) لە پەرلەمانی ئەوروپیدایە و ئێستا سه‌رۆک فراکسيۆنی ئەو پارتەیە‌ له‌و په‌ڕله‌مانەدا. پێشتریش بۆ نوێنەری پارتی سەوز سێ ساڵ لە پارلەمانی شاری فرانکفۆرتدا بوو. دەورێکی باڵای هەبو لە داڕشتن و هێنانەکايەی بيرۆکەی کۆمەڵگای موڵتی کولتور(کۆمەڵگای فرە کولتوری) کە بۆيەکەم جار بوو نەک تەنها لەو شارەدا بەڵکو لەهەمو ئەڵمانيادا بەکراوەيی بخرێتە سەر بەرنامە و جێبەجێکردنەوە لەلايەن پارتی سەوزەوە. هەروەها يەکێکە لە دۆستەکانی کورد. لە زۆرێک لە خۆپيشاندانە زەبروزەنگ ئامێزەکانی ( لە کۆتايی هەشتاکاندا) کوردەکانی شاری فرانکفۆرت لەگەڵ پۆليسدا(بۆ نمونە کاتێ کوردەکان قونسليەی تورکيايان دەگيرکرد)، دەوری ناوبژیکەرو ئاشتکەرەوەی ئەبينی و کوردەکان متمانەيان پێئەکرد.
1998 ,Argon(2): 68 و ئه‌نجامه‌کانی، له‌ نوسينی چه‌ند نوسه‌رێ، ماڵی په‌خشکردنی
)3)
www.deutschegeschichten.de/zeitraum/themaindex.asp?KategorieID=1005&InhaltID=1646
(4)
1968 Vom Ereignis zum Mythos, Herausgegeben von Ingrid Gilcher-Holtey, edition  (١٩٦٨ەکان لە ڕوداوەوە بۆ داستان ) suhrkamp SV
  Wickypedia (زۆرتر بەشی ئەڵمانيەکەی) (5)
پیاوەتی چییە) هەفتەنامەی ئاوێنە، کۆتایی ساڵی ٢٠١١?(٦)(

Previous
Next

Leave a Reply