Skip to Content

Wednesday, January 20th, 2021

عەمرە لەنێوان ئەرکی ئاینی و حەزی گەشتکردندا

Be First!
by September 2, 2012 گشتی

عەمرە لەنێوان ئەرکی ئاینی و حەزی گەشتکردندا  : تێڕوانینێکی سۆسیۆلۆژی و کەلتوری 

عەلی موحمەد زەڵمی 

 

عەمرە لەزمانی عەرەبیدا بە مانای ‘الزیار‌‌‌ه’ واتە گەشتکردن دێت بۆ جێگەیەکی ئاوەدان ؛ لەپاڵ چەمکی حەج ، عەمرەش ماناکەیان دیاریکراوە لە ئاینی ئیسلامدا واتە   گەشت بۆ شوێنە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینەو دەوروبەریان؛ وەک بەجێهێنانی ئەرکێکی ئاینی. هەرچەندە هەندێ رای زانایانی شەرع وایە عەمرە واجبە بەڵام رەئی سەرکی و زۆربەی زانایانی مەزهەبە سەرەکیەکان وایە سونەت و موستەحەبە.  ئەمه کاری من نییە لێرەدا گفتوگۆی حوکمی ئەو سروتە ئاینیە بکەم بەڵکو من ئەمەوێت لە دیدێکی کۆمەڵناسیەوە عەمرە وەک دیاردەیەکی بەرچاو بخوێنمەوە کە لەمدوایانەوە بەهۆی باشتربوونی باری ئابوری کوردستان و داهاتی تاک گەشتی عەمرە داوایەکی زۆری لەسەرە بەتایبەتی کە حەج کات و ڕێژەی بەشداربووی سنوردارە. گەلی کورد وەک گەلێکی زۆرینەی موسڵمان بەردەوام قافڵەی حاجیانی هەبووە و سەرباری دووری ڕێگاو مەترسی گەشتی وڵاتی سعودیەی ئێستا کە نزیکەی ٢٠٠٠  کیلۆمەتر لە کوردستانەوە دوورە و هەروەها نەبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە ، کەچی کورد دانەبڕاوە لەم گەشتە. ئەشێ  ئەم چالاکیە ئاینییە کە لەهەمان کاتیشدا چالاکیەکی کۆمەڵایەتیە بۆ چاودێریکی ئاینی یان رۆژنامەنوسێک ئەم کارە لە جوغزە ئاینیەکەی تێنەپەڕێت( واتە چ ڕەخنەی لێبگرێ یان ستایشی بکات ) بەڵام بێگومان بۆ کۆمەڵناسێک لە کۆنتێکستی تردا دەیبینێت و رهەندی تری هەیە.   

تا ساڵانی کۆتایی نەوەدکانی سەدەی ڕابردوو  کۆمەڵگەی کوردی ئەشێ وەک پێکهاتەی کۆمەڵگەیەکی ترادیسۆن و نیمچە کشتوکاڵی دابنرێت بەڵام کتوپڕ و دواتر ئەمە ڕوداوی گەورەی بەسەردا دێت و سروشتی بەرهەمهێنان گۆڕانی بەسەردا دێت و ئاسانتر دەبێت پاشان جۆری کار زۆرتر دەبێت و بەتایبەتی کاری نوسینگەو فەرمانگە زۆردەبێت و هێزی دەستی کاری مێنیەش بەکارتر دەبێت. ئەمجارە لەبری یەک سەرچاوەی داهات کە تەنها باوک بوو دایکیش دەچێتە دونیای کارکردن و وەدەستهێنانی داهاتەوە، لێرەوەش خودی خێزانی تەقلیدی گۆڕانی بەسەردا دێت و مناڵ دروستکردن لە شەش و پێنج و چوار منداڵەوە کەمدەکرێتەوە بۆ سێ و دوو  ویەک منداڵ. لێرەوەش ئەم گۆڕانکاریانە لە چەمکی خێزان و چەمکی کارکردن و چەمکی داهات سەردەکێشن بۆ گۆڕانکاری گرنگ لە شێوەژیاندا، لەوانە باری خەرجکردن زۆرتر دەبێ ، هەروەها کاتی کات بەسەر( leisure ) بردن زۆرتر دەبێت. ئەوەی کە لەزانستی کۆمەڵناسیدا پێدەوترێت ڕاگوێزان لە کۆمەڵگەی پیشەسازیەوە بۆ کۆمەڵگەی پاش-پیشەسازی و هەروەها لە فۆردیزمەوە بۆ پۆست- فۆردیزم؛ هەڵبەت لەگەڵ تێبینمان بۆ جۆری ڕاگوێزان لە هەرێمی کوردستان. هەربۆیە بەدەر لە ڕەهەندە ئاینیەکەی ئێمە لێرەدا هەوڵدەدین لە دوو گۆشەنیگای دیکەوە ئەو چالاکیە بخوێنینەوە، کە ناومان ناون یەک؛ عەمرە وەک خەرجگەرایی (consumerism )  و بەکاڵاکردن دوو؛ عەمرە وەک کات بەسەربردن((leisure  و  وەک پشوو (holiday ). ئەگەرچی عەمرە ڕەهەندی  لەمانە زیاتریش هەیە بۆ نمونە سایکۆلۆجستیک  ئەتوانی ئەوەمان پێ بڵیت کە چۆن خەڵک هەن نەخۆشەکانیان وەک تیمارێکی دەروونی دەبەن بۆ گەشتی عەمرە.  

عەمرەوەک حەزی خەرجکردن : 

ئەگەرچی لە سەرەتادا مارکس زۆر بە جوانی لەسەر چەمکی خەرجکردن و ئارەزووی هەبوون و کڕین قسەمان بۆ دەکات ،کاتی باس لە ژیانی نوێ خەڵکی دەکات لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی سیستمی کەپیتالیزمدا. تیۆرەکەی مارکس لەسەر ئەو دیدە بەند بوو کە کەپیتال بە جیاواز لە ژیانی فیودالیزم و کۆمەڵگە کشتوکاڵیەکان کە بەرهەمهێنان و کارکردن لەپێناو ئاڵوگۆڕی راستەوخۆدا بوو لەنێوان خاوەنکار و کرێکار بۆ بژێوی، بەڵام کەپیتالیزم لەتوانایدابوو ئەم سروشتە بگۆڕێت بۆ کارکردن و بەرهەمهێنان لەپێناو هەبووندا، بەجۆرێ مرۆڤەکان عەوداڵی کڕین و خاوەنداری دەبن ئەویش لەڕیگەی فرۆشتنی وزەی جەستەوە بەرامبەر بە بەهای کڕین. لێرەوە رەخنەی مارکس لە کەپیتاڵدا ڕاست پەیوەستە بەو ڕاگوێزانەی ڕوودەدات لە سروشتی پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لەسەردەمی کەپیتالیزمدا بۆ پەیوەندی نێوان کاڵاو پارە کە ئەمەش پێدەوترێت بەندایەتی شتومەک (commodity fetishism) .  بێگومان دواتر بەسود وەرگرتن لە تیۆرەکانی فرۆید هەریەک لە هۆرکهایمەر و ئادەرنۆ و هەروەها فرۆم لەم گۆشەنیگا مارکسیەوە برەو بە تێزەکانیان دەدەن و بۆ نمونە چەمکی’ پیشەسازی کەلتور’ بە یەکێک لەو بەخشینە فکریانە دێت پاش مارکس لەمڕوەوە. بەڵام چەمکی کەلتوری خەرجکردن وەک چەمکێکی نوێ و سەردەمیانە بێگومان ماناو تێگەیشتنی خۆی  هەیە و زیاتر پەیوەستە بە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆوە. سەرباری ئەمەش مادام هەنووکە هەموان بەستراوین بەیەکەوە و کۆمەڵگەکان کارلێک دەکەن لەنێوان خۆیاندا لەمسەری دونیاو بۆ ئەوسەری جیهان بە لەبەرچاونەگرتنی ئاستی پێشکەوتن و دواکەوتنیان چونکە دواجار هەموان کڕیارین و بەکاربەرین ( بینەر ، بیسەر ، خوینەر، بەکاربەری ئینتەرنیت، جل و بەرگ و خواردنی جیهانی و کەلوپەلی کارەبای و تەکەنەلۆژیای گەیاندن و گواستنەوە). هەبوونی سامان و داهاتی زۆر لەم هەرێمەدا و جێگیرنەبوونی  کەپیتاڵیزمی نوێ لە کوردستاندا هێشتا زۆر بە خەستی لەبەر دڵنیانەبوونی کۆمپانیاکانی وەبەرهەمهێنان ( لێرەدا مەبەست لەو کۆمپانیا بچوکانە نییە کاری بازرگانی و بیناسازی دەکەن بەڵکو مەبەست کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وێنەی مایکرۆسۆفت ، بانکە نێودەوڵتیەکان HSBCبۆ نمونە ، ئاکسیڵ ، تێسکۆ ، هێڵە ئاسمانیەکان هتد..) ، ئەمە وایکردوە پارەیەکی مۆڵی زۆر لە کوردستاندا هەبێت.  بۆ نمونە  گران بوونی  زەوی نیشتەجێبوون و گەشتیاری  بەوشێوە ناماقووڵە هۆکارەکەی ئەمەیە چونکە خەڵکی پارەکەی دەدات بەو شتانە لەبری ئەوەی خەرجی بکات یان لە بانک داینێت. وەک ئاماژەمان پێدا حەزی کڕین و هەبوون تا ڕادەیەکی زۆر گەشەی کردوە لە کوردستاندا و بوونە خاوەنی خانووی تایبەت و ئۆتۆمۆبیلی  تایبەت ڕێژەکەی لەچاو ساڵانی پێشوتردا چەند قات زۆری کردوە. هەربۆیە ئارەزوی بەجێهێنانی عەمرە وەک مومارەسەکردنی هەبوون و کڕین بۆ مرۆڤەکان لە لەڕێگەی پاساوە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکەیەوە  ئاسانترە هەتا کڕینی بلێتی گەشتێکی دەریاچەی مەڕمەرە یان بەیروت. ئەگەرچی لەڕووی تێچوون و کات و ناڕەحەتیەکانی عەمرە گەشتی پشوو ئاسانترە.  چاک بیرم دێت لەکۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەکاتی داگرتنی لادێکانی هەورامان لە هێڵە سنوریەکانی ئێران/ عێراق  و وەرگرتنی قەرەبوێکی زۆر لەلایەن ڕژێمەوە بۆ خێزانەکان کە باخ و موڵکو ماڵیان لەدەست دابوو ، یەکەم وەرزی حەجی ئەوساڵە بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر خەڵک سەفەری حەجیان کرد. ئەگەر لەلایەک بەجێهێنانی ئەو ئەرکە ئاینیە لەو کاتەدا بۆ پاکردنەوە ببوبێت لە ژەنگی ژیانی ئۆردگاو شار و دابڕان لە سروشتی پاکی هەورامان وەک سیمبۆلیک بۆ ژیانی بەرائەت و سادەیی ؛ ئەوا لەلایەکی ترەوە رۆشتنی ئەو ژمارە بێشومارە بۆ حەج دەلالەتی هەبوون و خەرجکردنی هەیە. چونکە ئەو پارە زۆرەی خەڵک بۆ یەکەم جار بەخۆیەوە بینی نەیاندەزانی چۆن خەرجی کەن بۆیە حەج و عەمرە فرسەتێکی باش بوو خەرجکردنی لەکاتێکدا هۆکاری ئاینی و کۆمەڵایەتیشی هەبوو. بەهەمان شێوەش ئەمساڵانەی دوایی هەبوونی پارەیەکی زۆری مۆڵ و کاش ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی عەمرە و حەج. 

عەمرە وەک پشوو و گەشت : 

بەهەمان شێوە کاتێ شێوەژیانی مرۆڤەکان دەگۆڕدرێت لە کۆمەڵگا بەرهەمهێنەرکانەوە بۆ کۆمەڵگا بەرخۆرو مەسرەفگەراکان  ؛ ئیدی خودی پشوو و کات بەسەربردن بە بازرگانی دەکرێن. هەروەک چۆن ئادەرنۆ و هۆرکهیامەر پێمان دەڵین لە روونکردنەوەکانیان لەسەر چەمکی ‘ پیشەسازی کەلتور ‘ ، کە هونەر لە چالاکی مللیەوە واتە گۆرانی و سەما و نواندن لە لادێکان لەلایەن خەڵکی لادێەوە بۆ خۆیان و بۆخۆشی دەگۆڕدرێت بۆ پیشەسازیکردن و بەبازرگانیکردن و لەشارەکاندا لەبری ئەوەی بەخۆڕای سەیری بکەیت بلیتی بۆ دەکڕی. هەر بەوشێوەش گەشتکردن لەسەردەمی پێش مۆدێرنە  لە کاری جاسوسی و نێردەی سەربازی و رۆژهەڵاتناسی ( بۆ نمونە ) و گەڕان بەدوایی فێربوون و کاری مژدەدەر و بانگخوازی  ئاینی  ؛ دەبێتە پیشەسازی و بە بازرگانی دەکرێت و خەڵک بۆ پشوو وەرگرتن لە سەر  کارەکانیان   گەشت دەکەن بۆ ناوچە گەشتیارەکان و هەنووکە گەشت لە دونیادا  بووە بە نەریت و  بەشێک لە ژیانی تاکی سەردەم. دیسانەوە ئێمەی کوردیش بەهۆی زۆر هۆی جوگرافی و سیاسی و ئابوری  هەلی چوونە دەرەوەمان زۆر کەم بووە ، بۆ نمونە کۆچی سەدان هەزار پەنابەری کورد لەدوایی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لەپاڵ فاکتەرە ئابوری و سیاسیەکانی شکاندنی ئەو سنوربەندیە بوو لە نێوان کوردو ئەویدی و ئێرەو ئەوێدا.  کە ئەمە ئەشێ وەک قۆناغی یەکەمی چوونە دەرەوە ناو بەرین و ئەمێستاش کە کورد دەتوانێ سەفەر بکات و هێڵی ئاسمانی و فرۆکەخانە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە قۆناغێکی تری چوونە دەرەوەیە. بەندە لەپاڵ هەر پاساوێکی ئاینی و چاوەڕێی پاداشتێکی دوارۆژی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە ، هەنووکە گەشتی عەمرە وەک حەزی چوونە دەروەش دەبینم ، ئارەزوی بینینی ئەویدی و نەزانراوەکان و هەروەها ئەزمونکردنی سواری فڕۆکەو پیشاندانی بەڵگەی سەفەر و پاشان خۆکردنە ڕاوی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ئەوێ. ئەو چیرۆکانەی چیتر رازی نابین لە دەمی ئەوانی ترەوە بیان بیستن بەڵکو دەبێت خۆمان نەک هەر ببینە گێڕرەوەیان بەڵکو پاڵەوانیان. 

 

 

سەرچاوەکان :

Featherstone, M (1991) Consumer Culture & Postmodernism. SAGE Publications Ltd. London.

Horkheimer, M. And Adorno,T (1947,1994) Dialectic of Enlightnment. London  

Ritzer, G (2004) The McDonaldization of Society. SAGE Publications Ltd.  

 

 

Previous
Next

Leave a Reply