Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

غه‌زه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌ ….. ڕزگار عومه‌ر

Be First!

 
 دوێنێ شەو لە خەونێکی سپیدا
 ئەم شارە لە بێ دەنگی و خۆپەرستیدا نقووم ببوو
 وەکو برینداری شەڕێکی بێ ناونیشان
 دووا هەناسەی ڕۆحی خۆی دەدا ،
 من لە یەک کاتدا چەندین دەست پاڵیان پێوە دەنام بەرەو ژوور
 لەوێ لە نێو گۆڕەپانی بەردەم دادگایەگی شیندا
 کە کرم بە سەر دیوارەکانی ، بە سەر چاوی حاکمەکانی دەهاتە خوارەوە
 وەستابووم غەرقی  سەرسامی بووم
 چاوەکانم کوێر ، زنجیر لە دەستم ،  سەر لە نوێش لاڵ کرابومەوە ،
 تەنیا بە بۆن کردن بە گوێ گرتن پەلەقاژەم بوو
 دەمویست دۆست ، ئەوانەی ڕقیان لێمە
 مناڵ و پەپولە لێک جیا بکەمەوە  ،
 پۆلێ بنیادەم بە ڕووخسار خەڵکی ئەمڕۆ
 بە دل و دەروون مردووی دێرینی دوێنێ
 گەمارۆیان دابووم
 هیچیان کەسی من نەبوون
 هیچیان خەڵکی ئەمڕۆ نەبوون
 دەستم لەدەم و چاویان دەدا ،
 دانەیەک و دووان
 دەمویست بەرائەتێک لە و حەشاماتە ببینمەوە ،
 کە بتوانێ  بۆنی باخچەی هەوراە دوورەکان
 یان یادەوەریە پەمیەکانی پێش کوێر بوونم بەبیر بینێتەوە ،
 ئەوان چ سادە بە لاما تێپەڕین
 چ سادە لە مردنی خۆیان دڵنیایان کردم ،
 دڵنیایان کردم من خەڵکی ئێرە نیم
 من لە گەڕەکێک لە دایک بووم دیواری حیکایەت و دەرسەکانی قوتابخانە
 تەنیا بە لێدانی داری دەستی مامۆستاکەم جیا دەکرایەوە ،
 من قوتابیەک بووم لە دەرسی ماتماتیکا خەیاڵم لای  برا وون بووەکەم بوو
 لە دەرسی دینا خەیاڵم لای خەوتنی نیوەڕۆی هاوینا بوو
 من نەدەبوایە هەرگیز قوتابی بوومایە
 خۆزگە بمتوانیبا لەم خەونە
 یان لە دوای بێدار بوونەوە بە  مەعبەدی زەمەن شاد بوومایە
 وەکو تۆبەکارێک وەکو پەشیمانێک لە بن دەست و پێ ی گژوو گیای ئەو مەعبەدە
 دەپاڕامەوە
 کە لێم گەڕێ  سەر لەنوێ لە دایک ببمەوە
 لێم گەڕێ عومری ڕابردوو بە ڕەنگێکی تر بنووسمەوە ،
 ڕۆژ بە ڕۆژی چرپەکانی خۆشەویستی م دەکرد بە وەرزی درێژ درێژ
 نەمدەهێشت ووشیار بمرێ و برای هەموو نێرگزەکانم زیندوو دەکردەوە ،
 دەبووم بە دوکتورێک جانتام پڕ دەکردلە گۆرانی سەر سنوور
 پەڕی نیرگزو لالەو شەوبۆی  هەموو دونیام
 لەنێو  تەشتێک ئاوی کوڵاوی هات و هاواری گەڕەک کۆدەکردەوە ،
 دەبووم بە رووبارێکی خەجاڵەت بارو پەشیمان لە ڕفاندنی ئازیزان
 دەبووم بە قەدرەێک
 کەسی ناشیرین
 کەسی دوژمندارم دروست نەدەکرد
 کەسێکم دروست نەدەکرد ، دوو دڵ ، دوو وەرز ، دوو ئینسان لە یەکتر بکا
 دەبووم بە غەزەلێک ڕق و کینەی دوای هیلاکی کارکردنی کچانی قەیرە
 لە بیر باتەوە
 دەبووم بە کۆلانیک جێ ی شیعرەکانم و جێ ی  هەموو ئەوانەی  شیعرەکانم دەخنکێنن لێ ی ببێتەوە ،
 دەبووم بە گفتوگۆی نێوان دوو کۆتری ڕوو له‌ پیری و لێک دابراو
 کە بتوانێ برینی بەد حاڵی بوون لە گمە گمی  ئەوەی بەرامبەر
 ساڕێژکاته‌وه،‌
 دەبووم بە ئاوەدانی سادەی مۆمێک
 کە بتوانم بێ ڕووشانی سۆز
 ئەشکەوتی نێو کەللە سەری ئەوانەی خەون بە داڕمانم دەبینن
 ئاوەدان کەمەوە ،
 خۆم دەکرد بە ڕۆمانێک سەر لە نوێ
 شەو بە شەوی
 ساڵی سفری  دوای لە دەست چوونی خاوەری خۆم دەنووسیەوە
 دەبووم بە هەوری غەزەلێک دوور دەڕۆیشتم
 بە سەر باخچەیەکی  لە بیر کراو دەباریم و
 بە یەکجاری بۆ لای هات و هاواری پڕ لە بەرائەتی گەڕەک
 لە تەنیشت باولێک لە چیڕۆکی نەنوسراوی تازیەکانیان
 لە تەنیشت یەک سەبەتە گۆرانی پڕ لە شەرمی شادیەکانیان
 ماڵێک له‌ په‌شیمانی دادەنێم
 دوا ئاوڕ لەم خەونە تاڵە دەدەمەوە  !
 
 

Previous
Next

Leave a Reply