Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

فه‌رهه‌نگی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بسووتێنه‌

Comments
by March 1, 2009 گشتی

فه‌رهه‌نگی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بسووتێنه‌
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

حافزی شیرازی وتوویه‌تی: له‌ گه‌ڵ دۆستاندا جوامێربه‌ و له‌گه‌ڵ دوژمناندا پێكه‌وه‌ ژیانت قبوڵ بێت.عیسای مه‌سیحیش وتوویه‌تی: ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك زلله‌یه‌كی له‌ لای راستتدا، تۆ لای چه‌پیشی بده‌رێ (بۆ زلله‌یه‌كی تر). مه‌زنه‌پیاوی هیندستانیش (گاندی) وتوویه‌: رقت له‌ گوناه بێته‌وه‌، به‌ڵام رق ئه‌ستوور مه‌به‌ به‌رامبه‌ر به‌ گوناهبار..ئه‌و په‌ند و حیكمه‌ته‌ مه‌زنانه‌ به‌ درێژایی مێژوو، نه‌مر و شكۆدار ده‌مێننه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وان به‌ حوكمی هزر و مه‌عریفه‌ی بڵندی خۆیان خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیان كرد و كولتوری لێبورده‌ییان له‌ شوێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ داناو فه‌رهه‌نگی خۆشه‌ویستی و برایه‌تی و ته‌باییان خسته‌ نێو كولتور و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی هاوڵاتیانی خۆیانه‌وه‌.. به‌ڵام داخیگرانم لای ئێمه‌ به‌درێژایی مێژوو فه‌رهه‌نگ و كولتوور و گوتارێك سه‌رده‌ست بوه‌ و پیاده‌كراوه‌ كه‌ كوشتار و خوێنڕشتنی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، نالێبورده‌یی و توندوتیژی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ئامرازی یه‌كه‌مین بووه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تاكی كورد و كۆمه‌ڵگاكه‌ی پیاده‌كراوه‌ و بۆته‌ ئامانجێك بۆ قبوڵنه‌كردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتر (كه‌ تاكی كورد بووه‌).
به‌ڵام له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا سه‌ده‌هایه‌كی پێش زایین یاساكه‌ی حاموڕابی سه‌روه‌ربوه‌ كه‌ بریتی بوو له‌: "ددانێ به‌ ددانێ و چاوێ به‌ چاوێ" به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك ددانێكی شكاندی، تۆ ددانێكی ئه‌و بشكێنه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاوێكی كوێركردی یان ده‌رهێنای، تۆ چاوێكی ئه‌و كوێر بكه‌ یان ده‌ربێنه‌ره‌وه‌. كه‌ ئه‌م رێسا تراژیدییه‌ دڕندانه‌یه‌ بۆته‌ پره‌نسیپ و بنچینه‌ بۆ كولتورێك كه‌ لێوانلێو بووه‌ له‌ توندوتیژی و خوێنڕشتن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، كوشتن و سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ئاراسته‌كاندا به‌شه‌رعیكراوه‌ و حه‌ڵاڵبوه‌ خوێنی به‌رامبه‌ری جیاواز بڕێژرێت و رۆحی لێبورده‌یی لای تاكی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا، هیچ بوارێك و مه‌ودایه‌كی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ كه‌  ده‌سته‌به‌ر ببێت و زه‌مینه‌یه‌كی لۆژیكی و عاقڵانه‌ی بۆ بڕه‌خسێت. هه‌تاكو ده‌ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م كولتوره‌ لای ئێمه‌ی كوردیش بابه‌گه‌وره‌ و سه‌روه‌ر بووه‌ و په‌ند و دروشمه‌كانیش گه‌واهی راستی قسه‌كانمانن، بۆ وێنه‌ (تۆڵه‌ به‌ سه‌بره‌ ئه‌مما به‌ زه‌بره‌) هه‌تاكو كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، چه‌ندان هه‌زار له‌ نه‌وجه‌وانان و كوڕ و كچ و جوانی كوردی زینده‌به‌چاڵكرد و ژیانی هه‌مووانی پێشكه‌ش به‌ تاریكی و گۆڕستان و دۆزه‌خكرد…
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ حاڵه‌تێكی هزری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ ژینگه‌ و كۆمه‌ڵگا ده‌یخه‌مڵێنن ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی كه‌سێتی مرۆڤێك. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ توندوتیژی به‌رهه‌م بێنێت، ده‌بێته‌ هۆكار بۆ چه‌كه‌ره‌كردنی رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، چونكه‌ كاتێك سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ به‌ سه‌ر هزری مرۆڤێكدا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن، یاساش له‌و ژینگه‌دا سه‌روه‌ر نه‌بێت.. فه‌رهه‌نگی خێڵه‌كی و هۆزگه‌رایی رقئه‌ستوریش گوتارێكی به‌شه‌رعیكراوی نێو خێزان وبنه‌ماڵه‌ بێت. ئه‌ویتر و به‌رامبه‌ریش جیاواز بێت و تۆی جیاواز قبوڵنه‌كات، هه‌ر خۆی به‌ راست بزانێت و خۆپه‌رست و ره‌گه‌زخواز بێت، هێنده‌ بوغرابێت و خۆی به‌ گه‌وره‌ و تۆ به‌ بچووك بزانێت، زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت (تۆ)ش، لێی ببوریت، له‌ جێی رق: خۆشه‌ویستی و برایه‌تی پێ ببه‌خشیت و رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و(جیاوازه‌ی به‌رامبه‌ره‌) له‌ خۆتدا بكوژیت…
بۆ رۆژگاری ئه‌مڕۆ كه‌ باهۆزی جیهانگیری گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌ و دیكتاتۆری ملئه‌ستور به‌دارداكرا و ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ له‌ ژێر چاودێری فه‌رمی و ئه‌هلی و مه‌ده‌نیه‌تدان، ده‌ستور و یاسا و رێسا مرۆڤایه‌تیه‌كان ده‌یانه‌وێت نه‌فره‌ت له‌ شه‌ڕ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و توندوتیژی و تیرۆر و كوشتن بكه‌ن. ئه‌مانه‌ش ئومێدبه‌خشن و هیوا و خه‌ونه‌كانی حافز و جۆن لۆك و ڤۆڵیتر و كانت و جۆن ستیوارت میل و گاندی و ماندێلا دێننه‌ دی، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆكه‌ ره‌شپێستێكی وه‌كو "باراك ئۆباما" ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه‌ك كه‌ په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌نها سپی پێست له‌و وڵاته‌دا ده‌یتوانی نان بخوات و هه‌ناسه‌ بدات.. ئه‌مڕۆكه‌ش كولتوری جیاوازی یه‌كتری قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ دوژمنی دوێنێدا ئه‌و رۆحی لێبورده‌یی و ته‌باییه‌ی دروستكردوه‌ كه‌ زۆرینه‌ی سپی، سه‌رۆكێكی پێستڕه‌ش قبوڵ بكات..
وه‌ك پۆل ریكۆری فه‌ره‌نسی ده‌ڵێت: ده‌بێت توندوتیژی و رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ لای ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بنه‌بڕ بكرێت، به‌ یاسا سنوردار بكرێت و له‌ بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكیدا بسڕدرێته‌وه‌ و تۆڵه‌سێنه‌ر سزای توند بدرێت. ده‌بێت دیارده‌ی ده‌مارگیری و په‌ڕگیری و شه‌ڕانگێزی به‌ یاسا و به‌ ده‌ستور سنوردار بكرێت و لاده‌ر و سه‌رپێچیكار سزا بدرێن. هه‌وڵ بدرێت تۆڵه‌ی شه‌ره‌ف و ناموسپه‌رستی كه‌ به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دیارده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، مه‌حكوم بكرێت و له‌ رێی یاسا و دادگاوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. حكومه‌ت و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان فه‌رهه‌نگی ئاشتی و كولتوری ئاشتیخوازی له‌ نێو خه‌ڵكدا سیستماتیزه‌ بكه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تایبه‌ت دابمه‌زرێت بۆ هاندانی رۆحی لێبورده‌یی و كه‌سی ئاشتیخواز و هێمن و لێبورده‌ش له‌ میدیاكانه‌وه‌ پاداشت بكرێن. كه‌سانی بكوژ و توند و تۆڵه‌ستێن، هه‌ر له‌ ڕێی میدیاوه‌ رووڕه‌ش و مه‌حكوم بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی چاولێكه‌ری و لاساییكردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤ رۆڵ ببینێ…!

Previous
Next

Leave a Reply