
پیرۆزی‌و ته‌لیسمی خه‌یاڵ ….جوتیار ئه‌حمه‌د
پیرۆزی‌و ته‌لیسمی خه‌یاڵ
جوتیار ئه‌حمه‌د
به‌نیازم چیرۆكێك بنوسم، به‌ڵام ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی كه ئه‌مه‌وێت بیخوڵقێنم كێشه‌م بۆ دروست ئه‌كات، چونكه ئه‌و فریوی خه‌یاڵی خواردووه، یان چاكتر وایه بڵێم له‌گه‌ڵ واقیعدا كێشه‌ی هه‌یه‌و ناگونجێت، هه‌میشه له به‌رده‌م ئاوێنه‌دا دانیشتووه به‌شێوه‌ك خۆی ئه‌گۆڕێ كه له‌گه‌ڵ دنیای ناو ئاوێنهیا بگونجێ، به‌رده‌وام له ئاوێنهیا به‌شوێن خۆیدا ئه‌گه‌ڕێ، ئیتر په‌یوه‌ندی به ژیانه‌وه نه‌ماوه وه‌ك په‌یكه‌ری لێهاتووه. ئه‌و هیچ كاتێك ئاماده نییه له خه‌ڵك بڕوانێت، یان خه‌ڵك له‌و بڕوانن، هه‌موو به‌یانیان پێشئه‌وه‌ی بهڕیكهوتایه بۆ زانكۆ كاتژمێرێك له‌گه‌ڵ وێنه‌ی خۆی ئه‌دوا له ئاوێنه‌دا. ئه‌و كه‌سێكه له خهیاڵهكانیشیدا ته‌نهایه له هیچ شتێكی واقیع ڕازی نییه (به‌نیازی شوێنی خوا بگریته‌وه چاره‌نوسم بۆ دیاری بكه‌ی چیرۆكنووس، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه به‌خۆم بده‌ی، نهێنیه‌كانی ژیانم بۆ خوێنه‌ر باسئهكهی) له كاتێكدا ده‌ستم كردووه به نوسینی چیرۆكی ژیانی تۆ كه پاڵه‌وانێكی شكستخواردووی، بۆئه‌وه‌ی زامه‌كانت نهكولێنمهوه ناچاری ئه‌وه‌ی من ئه‌ینوسمه‌وه پێیڕازیبی. تۆ كێشه‌یه‌كت هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له خه‌یاڵا ونبووی به‌ناو ئاوێنه‌كه‌دا ڕۆچووی ئه‌وێش شوێنی ته‌نها كه‌سێكی تیائه‌بێته‌وه ئه‌گه‌رچی هه‌موو جیهانیش پیشان بدا، ته‌نانه‌ت له ده‌موچاوی خۆشت ڕازی نه‌بوی چه‌ندینجار مكیاژه‌كه‌ت ئه‌گۆڕی، به به‌رده‌وامی خه‌ریكی خۆڕازاندنه‌وه بووی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شته‌كانت به دڵ نه‌بوو، كاتێك به لای كوڕه‌كاندا ئه‌ڕۆیشتی سه‌رت بۆ ئاسمان هه‌ڵئه‌بڕی، قسه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌ئه‌كرد ورته ورت پیشه‌ی تۆ بوو ئه‌تویست هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتێكت شاراوه‌بێ. نازانم ئێستاش كچه‌كه‌ی جارانی، چونكه من ئێستا له نادیاری تۆدا له‌سه‌ر كاغه‌ز به وشه دروست ئه‌كه‌مه‌وه به‌و هیوایه‌ی گه‌ر به ڕێكهوتیشبێ بیخوێنیه‌وه، ته‌نها چاوت یه‌ك ڕه‌نگ بوو، هه‌میشه له خۆگۆڕیندابووی هه‌ر ڕۆژه‌و جلوبه‌رگێك، جۆره مكیاژێكت به‌كار ئه‌هێنا ئه‌تویست واقیع چاو له تۆ بكات، به‌وه‌یا ئه‌مزانی ڕوانینت نه‌گۆڕاوه، چونكه چاوت هه‌میشه یه‌ك ڕه‌نگبوو (چیرۆكنوسێكی ناتوانی به ئه‌مانه‌ته‌وه ئه‌و ڕوداوانه بگێڕیته‌وه كه له خه‌یاڵ ئه‌چن، تۆ و هاوڕێكانی زانكۆم درۆ ئه‌كه‌ن تۆ به زمانێكی زبر و نێرانه باسم ئه‌كه‌ی، تۆ ته‌نها بنووسه لێگه‌ڕێ با من بگێڕمه‌وه، گێڕانه‌وه‌ی ڕوداو به وردی هه‌ر له مێینه جوانه، پیاو واته ده‌سته‌ڵات، نوسینه‌وه به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی) زۆر خۆت له گێڕانه‌وه هه‌ڵمه‌قورتێنه، ئه‌گین له‌م چیرۆكه‌دا به ئازارێكی سه‌خته‌وه كۆتای به ژیانت ئه‌هێنم، ئه‌ته‌وێ هێزی من تێكشكێنی من به‌نیازم ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه درێژه بكێشێ و له چیرۆكه‌وه ببێته ڕۆمان، تكایه بهێڵه ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ر كه‌سایه‌تیدا به‌هێزبێ. له بیرته دوای ئه‌وه‌ی له پاشه‌مله باسی شه‌ره‌فی یه‌كێ له هاوڕێكانت كرد بوو به‌خراپه، كه له به‌شه‌ناوخۆی وه‌ك خوشك له ژورێكا ئه‌ژیان، بێئه‌وه‌ی خه‌ڵك تێگه‌یه‌نێ له ژورهكهیا سه‌رزه‌نشتی كردی له كۆتایشدا ئه‌یویست به‌ره‌و دنیای واقیع بهكێشتبكا، به‌ڵام تۆ ته‌نها له ئاوێنهیا گوێت له خۆت ئه‌گرت … گێسوم ئه‌بێت ئهوهابێت ، په‌رچه‌مم بهناوچهوانما ناهێنمه خوارێ، وانیه خونچه گیان ، به‌یانی تاڵڵهكانی تریش زه‌رد ئه‌كه‌م ، لێوم ئه‌مڕۆ سورم كردی، به‌ڵام به‌یانی په‌مه‌یت ئه‌كه‌م … له مكیاژا بلیمه‌ت بووی سه‌رت له‌و كوڕانه شێواندبوو كه گیرۆده‌ت ئه‌بوون، چونكه ئه‌و ڕۆژه‌ی كه ئه‌تویست سه‌رنجی یه‌كێكیان به‌لای خۆتا ڕابكێشی، بۆ به‌یانی به جۆره مكیاژێكهوه ئه‌هاتیته‌وه بۆ زانكۆ كوڕه‌كه نه‌یئه‌توانی تۆ بناسێته‌وه چونكه خه‌یاڵ وه‌ك سهرابی لێكردبووی. ئه‌توانم بڵێم تۆ ته‌نها هاوڕێ نزیكه‌كانت ئه‌یان ناسیته‌وه ئاخر تۆ هه‌ر ڕۆژه‌و وێنه‌یه‌ك بووی. سهرزهنشتكردنهكهی سرود كاری تێكردی زیاتر بوغزت خوارده‌وه، هه‌رخۆت باسی سرودت بۆ ئێمه گێڕایه‌وه گوایه گله‌یت هه‌بوو، ڕۆژێك دوای ئه‌وه‌ی سرود سه‌رزه‌نشتی كردی زانكۆت جێهێشت ڕۆیشتیته‌وه بۆ شاره‌كه‌ی خۆت، چونكه ماڵتان له‌و شاره نه‌بوو بێزاربووی ئه‌تویست چه‌ند ڕۆژێك به ئارامی له ماڵه‌وه بگوزه‌رێنی (چیرۆكنوسێكی چهواشهكهری ناتوانی له خه‌یاڵا ڕوداو بخوڵقێنی، كتومت مێژوونوسه‌كانی سه‌ر به سیاسه‌تی رۆژ، تۆ هه‌میشه كهسێی خۆتێههڵقورتێنهر بووی ئه‌بینم ئێستا خۆت به‌سه‌رمنا ئه‌سه‌پێنی، بهێڵه هیچ نه‌بێ به خه‌یاڵ بژیم) زۆر سه‌ره‌ڕۆی ئاخر كه‌سانێك هه‌ن ژیانێكی تایبه‌ت ئه‌ژین كه ناكرێت پشتگوێخرێن. خۆت گێڕاته‌وه ئه‌و شه‌وه له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ دوو خوشكهكهتدا ڕاكشابوون باسی خه‌ڵكتان ئه‌كرد به‌ڵام تۆ ئاگات له‌وان نه‌بوو، چونكه سوكایه‌تیت پێكرابوو، ئه‌و شه‌وه باوكت به سه‌رخۆشی هاته‌وه، كه دایكت ده‌رگای لێكرده‌وه له‌تری ئه‌دا قاچه‌كانی دیلانێیان ئه‌كرد دایكت به باوكتی وت: خونچه گیان هاتۆته‌وه. ئیتر ئه‌و شه‌وه باوكت به تۆوه گرتی وه‌ك خۆت باستكرد باوكت پیاوێكی میهره‌بانه، به‌ڵام ئینسان كه سه‌رخۆشبوو خۆی لهدهسئهدا، هه‌ر كه زانی گه‌ڕاویته‌وه بۆ ماڵه‌وه بانگی كردی، تۆ هه‌رله‌خۆته‌وه له ژیان بێزاربووی ده‌موچاوت مۆنكردوو چوویت بۆ لای باوكت ئه‌و نه‌یده‌زانی شه‌وه یا ڕۆژ، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ ڕومه‌تت به‌رێ بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی سه‌رت تاوه‌كو ماچت بكا، ده‌ستی بۆ سنگ ومهكت برد، تۆ زۆر ئاسایی ئه‌و شه‌وه‌ت بۆ من گێڕایه‌وه گوایه له من ڕائه‌بینی، تۆ حهپهسای و ده‌ستی باوكت گرت، به‌ڵام نه‌توێرا توڕه‌ی خۆت ده‌ربڕی له ناخی خۆتا ئهتقیژاند بێزت له هه‌ناسه‌ی باوكت ئه‌بۆوه، له‌و كاته‌دا كه ده‌می هێنا بۆلای ڕومه‌تت هێڵنجێكیدا، ئیشه‌كه بۆ تۆ ناخۆشتربوو باوكت پێش خۆدا بۆلای ده‌ستشۆره‌كه، به لچ لاركردنه‌وه چهمۆڵهیهكتلێنا دایكتوخوشكهكانت له ژوری میوان چاوه‌ڕێی ئێوه بوون بێئه‌وه‌ی بایه‌خ به ئێوهبدهن، تۆش پڕبه‌دڵی خۆت ئهتقیژاند بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان بێ بۆ ئه‌وه‌ی تۆ خۆت له باوكت بدزیته‌وه، به‌ڵام كه‌س قسه‌ی نه‌كرد، كه‌س به ده‌نگته‌وه نه‌هات باوكیشت هیچی نه‌وت ویستی بڕشێته‌وه، به‌ڵام بۆی نه‌كرا ته‌نها ئاوی كرد به ده‌موچاویا تۆ له‌و كاته‌دا ویستت بڕۆی باوكت بانگی كردی بۆئه‌وه‌ی بیبه‌ی بۆ سه‌ر سیسه‌مه‌كه، كاتێك چووه سه‌ر جێگه‌كه‌ی و ڕاكشا داوای لێكردی گۆره‌وییه‌كانی بۆ داكهنی تۆ توشی سه‌رسوڕمان ببوی، واتئه‌زانی له‌و ماوه‌یه‌دا كه له ماڵ نه‌بوی یاسای خانه‌واده‌كه‌ت گۆڕاوه، چونكه كه‌س نه ئه‌هات بۆ لاتان گوێت له ده‌نگی كه‌سیان نه‌بوو، ئه‌وانیش گوێیان به ده‌نگی ئێوه نه‌ئه‌دا هه‌ر چه‌ندێكیش زیاتر هاوارت بكردایه … من تێناگه‌م ماڵ و ده‌ره‌وه ئێستا یه‌ك شێوه یه بۆ من، بۆ دایكم نایه بۆ لای باوكم له‌وانه‌یه ئه‌وانیش ڕقیان له من بێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش منیان ڕه‌وانه‌كرد بۆ شارێكی تر، كاتێك وتم له زانكۆوه دایئهبهزێنم بۆ په‌یمانگا هیچ نه‌بێ له ماڵه‌وه نزیك ئه‌بم به‌ڵام ئه‌وان ڕازی نه‌بوون … هه‌موو دنیات لێببوو به خیانه‌ت، نه‌گبه‌تی زیاتر هی ئه‌وه بوو برایهكیشتان نه‌بوو هه‌ر سێ خوشك بوون، پاشان گێڕاته‌وه به ده‌ستێك لوتی خۆت گرتبوو له به‌ر بۆنی گۆره‌وی به ده‌سته‌كه‌ی تریش گۆره‌وییه‌كانی باوكت دائهكهند، باوكت ئاگای له خۆی نه‌بوو ئه‌گین له‌به‌ر ئه‌و ڕه‌فتاره‌ت توڕه ئه‌بوو به بێده‌نگی جنێوت به باوكت ئه‌دا به ڕقه‌وه گۆره‌وییه‌كانت له‌پێ داكه‌ند، باوكت تكای لێئهكردی له سه‌رخۆ بجوڵێی قاچه‌كانی ئازار نه‌ده‌ی تۆ به خێسه‌وه لێتڕوانی له یادت چوبۆوه كه ئه‌و پیاوه باكته، ئه‌گه‌ر یه‌كێك به كه‌مترین شێوه بێزاری بكردیتایه ڕقت لێیئهبۆوه … ئه‌مه باوكه یان به‌ڵایه، به‌ناخێری گیانم هاتوومه‌ته‌وه تا له ماڵه‌وه به ئارامی دانیشم نه‌ك بۆنی گۆره‌وی هه‌ڵمژم … له كاتی قیژاندندا جنێوێكی زۆر ناشرینتدا سه‌رت وه‌ك كیسه‌ڵ له به‌ینی هه‌ردوو شانتا ون كرد و چاوه بزهكانت به چوار ده‌وری خۆتا گێڕا، به‌ڵام كه‌سیان تۆیان نه‌ئه‌بینی گوێشیان له ده‌نگت نه‌بوو تۆ له خه‌یاڵا دنیایه‌كت دروستكردبوو ته‌نانه‌ت باوكیشت گوێی له ده‌نگت نه بوو سیسركهكانیش ده‌نگیان نه‌ئه‌هات … خوایه به‌س نه‌بوو گوێیان له جنێوه‌كه‌م نه‌بوو … باوكت چاوه‌كانی لێكنا تۆش ئه‌وه‌ت به هه‌لزانی جێتهێشت.
هه‌رچه‌ند سهرنجئهدا سه‌یربوو به‌لاته‌وه چركه ژمێر و خولهك ژمێر و كاتژمێر هه‌ر سێكیان چوبوونه سه‌ریه‌ك و به یه‌كه‌وه ئه‌خولانه‌وه، چاوه‌كانت زه‌ق ئه‌كرده‌وه تاوه‌كو تێبگه‌ی، به‌ڵام كاتژمێر له‌گه‌ڵ دیواره سپیه‌كه‌دا ئه‌بوون به یه‌ك، نه‌تئه‌زانی به‌ره‌و شێتبوون ئه‌چی، یان ئینسانه‌كان تۆ ناگرنه خۆ، ملتنا بۆ ژوری میوان بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دایكتوخوشكهكانت باسی خه‌ڵك بكه‌ی، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌یانویست باسی زانكۆیان بۆبكه‌ی كاتێك سه‌رت كرد به ژوری میواندا كه‌سیان گوێیان به تۆ نه‌دا، هه‌ستت ئه‌كرد له هه‌وادا ونبوی شپرزه بووی له شوێنی خۆت ڕاچڵهكیت، هێزت نه‌بوو چیتر له دڵی خۆتا بقیژێنی ده‌ستت به سنگته‌وه گرت و نهتئهوێرا ئاوڕبهیهتهوه … باوه‌ڕناكه‌م ئه‌مه ماڵی خۆمان بێ … بیرت له ئاوێنه ئه‌كرده‌وه، چونكه ئه‌تزانی ئاوێنه‌كه‌ی هه‌میشه تیایدا له خۆت ئه‌ڕوانی ههڵیلوشیوی، كه‌وتیه گومانه‌وه له شوێنی خۆت نهبزوای ته‌نیا چاوت ئه‌سوڕاند قاچه‌كانت ئه‌له‌رزین، به‌هێواشی ده‌سته‌كانت له‌سه‌ر سنگت خشاند به‌ره‌وخوار تا سه‌ر ڕانت، بۆئه‌وه‌ی ڕایانگری پشتت به چوارچێوه‌ی ده‌رگاكه‌وه توند كرد، گومان له‌سه‌ر گومان به ڕوتا ههڵئهشاخا، سمت‌و پشتت له‌سه‌رخۆ له ده‌رگاكه ئه‌خشاند و به‌هێواشی به چیچكانه‌وه دانیشتی، خۆت له باوه‌ش گرتبوو ئه‌تویست ئه‌وان كرده‌وه‌كانت نه‌بینن، بۆ پاكانه كردنی ههڵسوكهتهكانت وات دائه‌نا كه ئه‌وان تۆ ئه‌بینن، دڵنیاش نه‌بووی ئایا ئه‌و ژوره چۆڵه، یان نا به نوزهیهكی پڕ له پاڕانه‌وه … دایه دایه گیان خه‌نده كه‌نار … كه‌سیان وه‌ڵامیان نه دایته‌وه ڕوحت له مشتدا بوو وه‌ختابوو بفلیقێتهوه، سه‌رت له باوه‌شتا ونكردبوو به دزیه‌وه فرمێسكی ورد ئه‌ڕشت، له‌پی ده‌سته‌كانت ته‌ڕبوون فزه‌ت له خۆتبڕیبوو(چیرۆكنووسێكی عه‌قڵ مناڵانه‌ی به‌ڕاستی تۆ له ئاوێنه فریودهرتری، له سه‌ره‌تادا باسی واقیعیه‌تی خۆت ئه‌كرد ئێستاش خه‌ونێكی هه‌ڵبه‌ستراو بگێڕیته‌وه، جگه له‌وه‌ی زیاده‌ڕه‌وی له گێڕاهوهكهیا ئه‌كه‌ی هه‌رگیز نه‌مئه‌زانی كه‌سێكی قسهگێڕهوهی، هه‌میشه وه‌ك خاوه‌ن ئه‌خلاق خۆت نیشانی ئێمه ئه‌دا، تۆ له‌و نوسه‌رانه ئه‌چی كه شه‌و و ڕۆژ به‌شوێن قونی خه‌ڵكه‌وه‌ن، تاوه‌كو نهێنیه‌كانیان لێدهركێشنو بیكه‌ن به نوسینێكی حه‌یابه‌ره و هه‌ڕه‌شه ئامێز، تۆ به‌چ غیرهتێكهوه كێشه‌ی خانهوادهكم باسئهكهی) خه‌ریكه به ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی چیرۆكه‌كه وه‌ك واقیع ده‌رئه‌كه‌وی، جار دوای جار زیاتر قسه ئه‌كه‌ی و من به درۆئهخهیتهوه، له‌هه‌مانكاتدا من درۆناكه‌م ته‌نها ئه‌وشتانه ئه‌گێڕمه‌وه كه ئه‌وكات ئهتگێڕایهوه، تۆ هه‌رگیز خۆت به تاوانبار نازانی له فریودانی زه‌مانه‌دا لێهاتووی. دیسان ئینسان به هاناته‌وه هات ئه‌وان وه‌ك تۆ نه‌بوون جن و شه‌یتان نه‌بوون، له ژوری نوستنه‌كه‌وه ته‌قه‌ی ده‌رگات گوێ لێ‌بوو هاتیته‌وه، سه‌رخۆ به په‌له سه‌رت هه‌ڵبڕی ئاوڕتدایهوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژوره، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ته‌قه‌یه بوو هیچیتر له‌و ژوره‌دا دایك و خوشكهكانیشت ونبوون، زۆر به بێده‌نگی دانیشتی ماوه‌یه‌ك هیچت نه‌بیست له‌پڕ وه‌ك شێت ههڵتكوتایه سه‌ر قه‌نه‌فه‌كان بۆئه‌وه‌ی جهستهیهكت بهردهستكهوێت، به‌ڵام كه‌س نه‌بوو له داخا زۆر به‌هێزه‌وه لهسهرسك خۆتدا به‌سه‌ر زه‌ویدا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری ژێر قه‌نه‌فه‌كان بكه‌ی، سنگت ئازاری پێگه‌یی تفێكت له ڕاخهرهكهی ژێر خۆت كرد، نه‌تئه‌زانی ماوه‌ی چه‌ند ئه‌بێت باوكت هاتۆته‌وه و تۆ كه‌وتویته‌ته ئه‌و ئاژاوه‌یه‌وه. ههستئهكرد ئه‌وه پاداشتی گوناههكانته، چونكه جوانیه‌كه‌ت وه‌ك جادوگه‌رێك ئه‌فرۆشت به خه‌ڵك بۆ ڕۆژی دوای جوانیه‌كه‌ت لای ئه‌و كه‌سه نه‌ئه‌ما به شێوهیهكیتر دروستئهكردهوه. گوێت له ته‌په‌ی پێ‌بوو خه‌نده بوو به ده‌نگێكی خه‌واڵو پێیوتی بچی بخه‌وی، پرسیارت لێ‌كرد به‌ڵام ئه‌و هیچی نه‌وت خۆشت گوێت له ده‌نگی خۆت نه‌بوو ناچار به‌شوێنی كه‌وتی بۆ ژوری خه‌وه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان گومانی شێت بوونت لێنه‌كه‌ن ههوڵتئهدا بێده‌نگ بی دوابه‌دوای خه‌نده چوویته ژوره‌وه ده‌رگاكه‌ت له دوای خۆته‌وه زۆر به هێزه‌وه داخست له به‌رگوێی تۆدا ده‌نگێكی به‌رزی لێوه‌هات، ترسای ده‌ست بهگوێچكهتهوه گرت و چاوه‌كانت داخست چاوه‌ڕوانی جنێوی دایكت و بۆڵه‌بۆڵی خوشكه‌كانت بووی، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت خه‌نده‌ش كه له پێشته‌وه بوو نه‌شڵه‌ژا وه‌ك ئه‌وه وابو گوێی له‌و ده‌نگه نه‌بووبێ، ترس زیاتر جه‌سته‌ی له‌رزۆك كردی … تێناگه‌م من هه‌ر له به‌شه ناوخۆییه‌كانی زانكۆم، یان ئه‌وان له ماڵه‌وه نین … له نێوان هه‌ردوو خوشكهكهتدا ڕاكشای، جێگه‌كه‌ی تۆ له سه‌ر په‌ڕ ڕاخرابوو به‌ڵام له ترسا به‌زۆر خه‌نده‌ت ڕاكێشایه سه‌ر شوێنه‌كه‌ی خۆت بێئه‌وه‌ی نوزه‌ی لێوه‌بێ، له ترسا له‌گه‌ڵ خه‌یاڵه گڵاَوهكانتدا خۆت متكرد ته‌نانه‌ت خه‌یاڵیش هه‌ر یه‌ك فلاشباك بوو دووباره ئه‌بۆوه، ده‌رگاكه جیڕه‌یه‌كی لێوه‌هات به هێواشی كرایه‌وه، تۆ ڕاچڵهكیت و رووت بۆ وه‌رگێڕا خوشكه‌كانت جوڵه‌یان نه‌كرد، باوكت تا ئه‌و كاته‌ش مه‌ستبوو ئه‌ژنۆی خسته سه‌ر ڕاخه‌ره‌كه و به‌سه‌ر خه‌نده‌دا چه‌مییه‌وه خۆی بۆ تۆ درێژ كرد، پهشۆكای خۆت خسته باوه‌شی( كه‌نار)ه‌وه كه‌نار به ئاگا نه‌هات، خندهش له‌ژێر سكی باوكتا جوڵه‌جوڵی بوو، به‌ڵام قسه‌ی نه‌ئه‌كرد سه‌رسام بووی نه‌تئه‌زانی ته‌ماشای كێیان بكه‌ی هه‌ر پاڵت به كه‌ناره‌وه ئه‌نا، به‌ڵام ده‌نگی نه‌ئه‌كرد، بێدهنگیوبێگوێی تۆی شێت كردبوو باوكت ده‌ستی به‌سه‌ر و پرچتداهێنا و تۆش خه‌می خه‌نده‌ت بوو ده‌ستت بۆ لای قهپرغهی برد … خه‌نده به خه‌به‌ری ئازارت پێناگا هه‌سته ئه‌و شوێنه چۆڵكه … خه‌نده ده‌نگی نه‌بوو باوكت تكای لێئهكردی كه خه‌به‌ریان نه‌كه‌یته‌وه، ئه‌و شه‌وه تۆ ته‌نها گوێت له ده‌نگی باوكت ئه‌بوو، ده‌ستی خسته سه‌ر سكت تۆش ده‌ستیت گرت ویستت لایبه‌ی، به‌ڵام باوكت زۆر به نه‌رمی به غهڵبهغهڵبێكی خاوه‌وه دهستیگرتی و لایبرد داوای لێكردی به‌و شه‌وه به‌شوێنی كه‌وی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون … كچم وه‌ره ئه‌چین بزانم سكت پڕنه‌بووه … چاوت چووه پشته‌سه‌رت بانگی دایكت كرد، باوكت زۆر به‌ڕێزه‌وه تكای لێكردی كه بێده‌نگبی نه‌كا ئه‌وان به‌خه‌به‌ر بێن، نه‌ك دایكت به هاناته‌وه نه‌هات، به‌ڵكو خه‌نده و كهناریش گوێیان له ده‌نگت نه‌بوو ئه‌گریای … چییه باوكه بۆناچی بۆ حه‌مام تا بێیته‌وه هۆش؟ وازم لێبێنه ئێواره دره‌نگ گه‌شتمه ماڵه‌وه هیلاكم، باوكه گیان شوره‌ییه چۆن قسه‌ی وا ئه‌ڵێیت من كچی خۆتم به‌وه نابێ له ماڵه‌وه دوركهوتومهوه شاره‌زای ڕه‌فتاری كچی خۆت نی؟ … به گریان و پاڕانه‌وه له‌گه‌ڵ باوكت ئه‌دوای ئه‌ویش زۆر له‌سه‌رخۆ به پێچه‌وانه‌ی تۆ … كچی خۆم زۆر ئاساییه زووكه با فریاكه‌وین خه‌ڵك پێمان نه‌زانێ و حه‌یامان نه‌چێت … بلوزه‌كه‌ی هه‌ڵدایته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له سكه ڕووتهكهت بدا هێزت ئه‌دایه به‌ر خۆت، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه وابوو جه‌سته‌ت له ڕوحت جیابوبێته‌وه خۆت به زه‌لیلی ئه‌بینی، ئیتر هاواركردنهكانت كه‌ڵكی نه‌ما ته‌نها گوێی خۆت و باوكت قسه‌كانیان ئه‌بیست، قوڕگت وه‌ختابوو ده‌رئه‌هات ته‌نها دڵت گوێی له ده‌نگت بوو قرخهقرختبوو، ده‌ستی باوكت بۆ ڕانه ئه‌گیرا به نوزه‌وه … باوكه شهرمكه ده‌ست بۆ كوێم ئه‌به‌ی … ئه پاڕایته‌وه نه‌تئه‌زانی خه‌وه یان ڕاستی تۆ شێتبوی یان بابه گیان، هه‌رچه‌نده ده‌ستی باوكت ئه‌گرت وه‌ك ئه‌وه وابو ده‌ست له هه‌وادا ڕاوه‌شێنی یاخود ده‌ستی بابه‌گیان چهوربێ و نه‌گیرێ … بابه‌گیان خۆمن نه‌چووم بۆ به‌ڕه‌ڵاخانه من چووم بۆ زانكۆ … خۆ ڕاپسكانهكانت له ده‌ستی بابه‌گیان بێ‌سود بوون، دنیا له تۆ ببوو به دوژمن، ئه‌و شه‌وه ئاواتت به زانكۆ ئه‌خواست، باوكت زیاتر ده‌ستی له سكه ڕووتهكهت توند ئه‌كرد، فانیله‌كه‌ی ژێر بلوزهكهتی هه‌ڵدایه‌وه و ئه‌و له مهستیا ئه‌و كرداره‌ی ئه‌كرد له هه‌مانكاتدا باوكت ترسێك هانی ئه‌دا، من نازانم پێئه‌چێ خۆت له مه‌به‌سته‌كه‌ی باوكت گه‌یشتبی. هه‌ستكرد سكتپڕبووه باوكت ده‌ستی ئه‌برد بۆ خوار ناوكت یاخود سهرسینهت، نوزهكهت ئه‌بوو به بوركان و ئهتقیژاند خۆت ڕائهچڵهكای له تاو قیژهكهت، به‌ڵام كه‌س نه‌هات به هاناته‌وه ده‌ستی باوكت هه‌رچۆنێك بێ بوو به ته‌ڵه‌ی ده‌سته‌وه نه‌تهێشت زیاتر سنوری خوار ناوكت ببه‌زێنێ، گریانهكهت پڕبوو له پاڕانه‌وه ته‌واو كه‌وتیته ناو ڕاستی ڕوداوه‌كه‌وه وڕێنه و خه‌یاڵ لای تۆ ڕاستی بوو ده‌ستت بۆ سكت برد … بابه‌گیان شه‌رم بتگرێ ئه‌وه كه‌ی ئیشی باوكه له‌گه‌ڵ كچی خۆی، باوكه ئه‌گه‌ر ئه‌زانی سكم پڕه بمكوژه با ڕزگارم بێ … ده‌ستی خسته سه‌ر ڕومه‌ته فرمێسكاویهكانت، په‌نجه‌كانی ته‌ڕ بوون بردی بۆ ده‌می سوێر بوو په‌نجه‌كانی خۆی ماچكرد واته ڕومه‌تی تۆی ماچكرد زیاتر به‌زه‌یت به خۆتا هاته‌وه … باوكه گیان چییه بوختانیان بۆ كردوم ؟ به خودا جه‌سته‌م له هیچ لایه‌كه‌وه خوێنی لێنهتكاوه هیچ پیاوێك منی رووت نه‌كردۆته‌وه … (ئه‌وه چییه بۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ی خۆت به‌وشێوه‌یه لاواز ئه‌كه‌ی نازانی ئه‌ده‌بی میله‌تێك لاواز ئه‌كه‌ی، ڕاسته ئاوێنه فریویداوم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش خۆم ئارهزوومكردووه، چونكه خه‌یاڵ شوێنی ژیانه، به‌ڵام ئه‌وكه‌سه‌ی شوێن خه‌ونێكی تاقانه ئه‌كه‌وێ هیچ زه‌وییه‌ك نایگرێته خۆی، تۆ چیرۆكنوسێكی بێخهیاڵی واقیع چه‌واشه ئه‌كه‌ی له كاتێكا ئه‌ته‌وێ بیگێڕیته‌وه، تۆ واقیعێكی ڕوتوقوت به‌یان ئه‌كه‌ی، نوسه‌ر بۆئه‌وه‌ی ئه‌فسونی داهێنانه‌كه‌ی به‌تاڵ نه‌بێته‌وه، هه‌رگیز سه‌ره‌داوێكیش بۆ درككردنی واقعیه‌تی ده‌قه‌كه‌ی ده‌رناخات، به‌چه‌ند كۆدێكی به‌هێز وه‌ك داوی جاڵجاڵۆكه ئهیتهنێت، به‌ڵام تۆ به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌ماوه ناوی سیانی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ت بۆ خوێنه‌ر ئاشكرا بكه‌ی، من ئه‌وكات وام به‌خه‌یاڵا ئه‌هات كه وه‌ك دكتۆرێكی ده‌رونی كه‌سێكی متمانه‌ت پێئه‌كرێت) بێده‌نگ به قسه‌كانت ڕوبه‌رێكی زۆریان داگیر كرد واههسئهكهم له چیرۆكه‌كه دێیته ده‌ره‌وه له ژورهكهیا ده‌سته‌و یه‌خه‌م ئه‌بی، به‌ڵام ڕێگه‌ت پێناده‌م ( تۆ تازه ناتوانی ڕێچكه‌ی چیرۆكه‌كه بگۆڕی، چونكه به نوسینه‌وه‌ی ژیانێكی ڕاسته‌قینه ده‌ستت پێكرد) چیه ئه‌ته‌وێت ده‌سه‌ڵاتی دنیای چیرۆكه‌كه بگریته ده‌ست؟ تائێستا هیچ پاڵه‌وانێك له‌گه‌ڵ چیرۆكنوسهكهیا وا زمان درێژ نه‌بووه ئاگاداربه یاسا‌و ڕێسا هه‌یه (ئه‌و یاسا و ڕێسایه‌ی كه ڕێگه به‌تۆ ئه‌دا نهێنیه‌كانی خه‌ڵك ئاشكرابكه‌ی؟ من ئه‌وه‌نده‌ی به مناڵی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌یان بۆ خوێندبێتمه‌وه یاسایه‌كی تیانابینمهوه، خهیاڵوئهفسانه وپهرهجو به‌كارهێنراون، ئه‌ویش له پێناو به‌رده‌وامبوونی ژیان، واته چیرۆكبێژ بۆ پاراستنی ژیانی پاڵه‌وانه‌كه‌ی خۆی هه‌موو جۆره ته‌كنیكێك به‌كار ئه‌هێنێ، ئهدهبو هونه‌ر خه‌یاڵی ئینسانه‌كانن له خه‌یاڵا یاسا جێگه‌ی نابێته‌وه) به‌سه ته‌واو بێزار بووم بهێله بنوسم خۆ تۆ تێكشكابوی وابڕوا خوێنه‌ریش ئه‌هێنیته ناو ده‌قه‌كه‌وه (زۆرباشه چیتر ماوه بینوسه ئه‌و بوختانانه‌ی كه ههڵبهستون، به‌ڵام له كۆتایدا منیش خه‌ونه‌كه‌ی تۆ باسئهكهم ئێستا هیچ ناڵێم) بابه گیان وازی نه‌ئه‌هێنا له‌سه‌رخۆ ده‌ستی به سكتا ئه‌هێنا په‌نجه‌كانی تێئهچهقاند، فرمێسك سینه و سكتی خوساندبۆوه، سه‌یر بوو به لاته‌وه كه دایكت نه‌ئه‌هات باوكت بباته سه‌ر جێگه‌ی خه‌وه‌كه‌ی.
ئه‌و شه‌وه دنیا ته‌نها تۆی تیا ئه‌ژیای، كه‌نار پرخه‌ی ئه‌هات مه‌گه‌ر تۆ بتجوڵاندایه ئه‌گینا وه‌ك ماری سڕی لێهاتبوو، باوكت ئه‌جوڵا و خه‌نده‌ش له ژێریا وه‌ك پارچه كهوڵێكی لێهاتبوو، توانات نه‌ما جه‌سته‌ی خۆت خسته ژێر ده‌ستی باوكته‌وه، قژه خاوه‌كه‌ی خه‌نده به‌سه‌ر سه‌رینه‌كه‌دا په‌خشان ببوو باوكت ئه‌نیشكی له سه‌رینه‌كه توند كردبوو خه‌نده ده‌موچاوی به قژ داپۆشرابوو، ڕوخساری هه‌ردوو خوشكه‌كه‌ت لێ‌ون بوون باوكت سه‌رنجی ڕاكێشایتهوه بۆ لای خۆی … كچم ئه‌چین بۆ نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون زوو ئه‌گه‌ڕێینه‌وه هه‌سته تا حه‌یامان نه‌چووه … تۆ چیتر به‌رگریت بۆ نه ئه‌كرا ههستئهكرد ڕووداوه‌كه ڕاسته … بابه گیان ئێستا دره‌نگه به‌ڵێنبێ به‌یانی زوو ئه‌چین، پێشئه‌وه‌ی خه‌ڵك به خهبهربێن … به‌و پێیه‌ی كه دایك و خوشكه‌كانت ده‌نگیان نه‌بوو ئه‌وه‌نده موخهنهك بوی … بابه‌گیان دایه و خوشكه‌كانم ئه‌و بوختانه‌یان … باوكت به‌و مه‌ستیه‌وه به‌رگه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی نه‌گرت كه تۆ داتهپاڵ دایك و خوشكه‌كانت، فرمێسكی ڕژانده سه‌ر سكی ڕوتت ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ڵگرتی و به بێده‌نگی هه‌ستا جێیهێشتی گوێت له هه‌نسكی بوو، كاتێك به‌و شێوه‌یه باوكت جێهێشتی به‌زه‌یت پیاهاته‌وه داوا مه‌رگی خۆت كرد به‌ڕاكشانه‌وه تفێكت هه‌ڵدا، به‌ڵام كه‌وته‌وه سه‌ر ده‌موچاوی خۆت، تۆ واتئه‌زانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێته‌وه نزیكن ئه‌یانه‌وێ فریوتبهن.
پاشئه‌وه‌ی گه‌ڕایته‌وه بۆ زانكۆ له به‌شه ناوخۆیدا نهخۆشكهوتی، دایكوباوكت هه‌فته‌ی جارێك سه‌ردانیان ئه‌كردی و دڵیان ئه‌دایته‌وه، به‌ڵام تۆ ههستئهكرد شێتیهكهت ئاشكرا ئه‌بێ وتت سه‌ردانم مه‌كه‌ن، سرود بۆ ئێمه‌ی ئهگێرَایهوه واته بۆ گروپه‌كه گوایه گه‌ده‌ت به نانخواردن ژه‌هراوی بووه … خونچه له به‌شه‌ناوخۆی هه‌میشه ئه‌ڵێت ئه‌ڕشێمه‌وه كاتێك ئه‌یبه‌مه حه‌مامه‌كه ناڕشێتهوه … ماوه‌یه‌كی زۆری پێنه‌چوو سرود هۆی نهخۆشیهكهتی بۆ ده‌ركه‌وت چوار ڕۆژ له خه‌سته‌خانه به‌دیارته‌وه بوو ویستی تلیفۆن بۆ دایكت بكات، به‌ڵام تۆ ده‌ستكرد به گریان كه‌ئیشی وانه‌كات، گروپه‌كه و ئه‌وه‌ی تۆی ئه‌ناسی هاتنه خه‌سته‌خانه تۆ زیاتر پهستبوی له پاشه مله زه‌می سرود كردبوو كه بۆچی خه‌ڵكی تێگه‌یاندووه، نه‌خۆشیه‌كه ته‌واو بێهێزی كردی، به‌ڵام درۆكردنت له‌گه‌ڵ جه‌سته و ڕوخسارتدا هه‌ر به‌رده‌وام بوو ئه‌گرچی مۆدێله‌كان كه‌متر ببونه‌وه به دوو ڕۆژجارێك شێوه‌ك خۆت پیشانی خه‌ڵك ئه‌دا، تواناكه‌ی جارانت نه‌مابوو، به‌ڵام ئه‌بوایه به‌رده‌وام بویتایه، چونكه ئه‌وه خووێكه و گیرۆده‌ی بووی هه‌میشه به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌كه شێوه‌ی خۆت ئه‌گۆڕی تۆ خه‌ڵك ئه‌بینی، به‌ڵام ئه‌وان تۆیان له‌بیرچۆته‌وه تۆ جگه له خه‌یاڵ هیچیتر نی، ئیتر به‌هۆی خۆگۆڕینه خهیاڵیهكانتهوه له به‌رچاوی خه‌ڵك ونبوی، له دنیای ئاوێنهدای ئه‌و دنیایه‌ش ته‌نها جیهانی یه‌ك ئینسانه. كاتێك له زانكۆ ئه‌مبینی هه‌میشه ئه‌خوێنیته‌وه زۆر بلیمه‌ت لێتێگهیشتبوم، به‌ڵام ئێستا پاش چه‌ندین ساڵ خوێندنه‌وه نوسه‌رێكی زۆر ده‌ستوپێسپی (تۆ كه‌سێكی نه‌خۆشی) به‌ڵێ ئه‌گه‌ر كه‌سێك مێژووی ئاڕاسته‌كراوی ژیان ڕه‌تكاته‌وه و یاخی بێ له پێناو خهیاڵهكانیا ئێوه به نه‌خۆشی دائه‌نێن یا پیاوكوژ (ئه‌بینم قسه‌كانی منی چیرۆكنووس ئه‌كه‌ونه ناو كه‌وانه‌وه چ جادوگهرێكی به‌توانای، به‌ڵام به‌داخه‌وه من چیرۆكه‌كه‌م ته‌واوكرد له كۆتایدا ده‌فته‌ره‌كه ئه‌خه‌مه سه‌ر ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كه) نا ئه‌وه له لایه‌ن ئه‌فسونی چیرۆكه‌كه‌و كه‌وانه‌كان دائهخرێنهوه به‌سه‌رتا، ئه‌بێ ڕێز له خوێنه‌ر بگری ئیشه‌كه به نیوه‌ناچڵی جێمه‌هێڵه هه‌ردووكمان تا كۆتای ئه‌ڕۆین. ئیشی دكتۆری ده‌رونی نهێنیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه گێڕانه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان نهدركێنێ، چونكه به دركاندنی، نهَنی ئیشه‌كه‌ی به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه (بیبڕه‌وه واز له‌و یارییه خه‌یاڵیه بهێنه، من هیچ كات ڕازی نابم پاڵه‌وانێكی بێ‌گیان فكره‌ی خۆی به‌سه‌ر قهڵهمهكهمدا بسپێنێ ئه‌م كه‌وانانه هه‌ڵگره) هه‌موو ئه‌و نێهێنیانهت باسكرد كه ڕۆژانێك خه‌یاڵێك بون‌و من هۆگریان بووم. تۆ هه‌میشه پاڵه‌وانه‌كه‌ی خۆت له‌ناو كه‌وانه‌دا بچوك ئه‌كرده‌وه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه من نیم تۆ بچوك ئه‌كه‌مه‌وه بۆ ناو كه‌وانه، به‌ڵكو ڕێڕه‌وی خه‌یاڵێكی بێتهمومژه، چاره‌نوسی چیرۆكه‌كه‌یه (به‌ڕاستی پاڵه‌وانێكی سركوپیسی ده‌سته‌مۆ نابی) كاتی ئه‌وه هاتووه من بگێڕمه‌وه (وام لێمه‌كه په‌شیمان بم له نوسینی چیرۆكه‌كه ئه‌گینا ڕِهشی ئه‌كه‌مه‌وه ته‌واو وڕسبووم، بۆ ئه‌وه‌نده پاڵه‌وانێكی بێمێشكی ئێستاش ده‌سه‌ڵات به منه) هه‌موكه‌سێك هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه خه‌ونێكی سه‌ركێشانه له ناخیایه، له‌به‌رئه‌وه نوسه‌ره ناشیهكان كاتێك خه‌وه‌كانیان له ژیاندا به‌دینه‌هاتووه ناچار له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی كاغه‌ز خۆیان كردووه به خوڵقێنه‌ری دنیایه‌ك، به ئاره‌زوی ویستی خۆیان، ئه‌وكه‌سه‌ی كه له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی كاغه‌ز ئهیخوڵقێنن، له دنیا خهیاڵیهكهیاندا زۆر كوێرانه بهلاڕێیا ئه‌به‌ن بێئه‌وه‌ی پێویستبێ له ناوی ئه‌به‌ن. ئێستا ئه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌ندین ساڵ لهمهوپێش بۆ زانكۆ بۆ باسكردنی خه‌یاڵه‌كانی خۆم نا، به‌ڵكو بۆ باسكردنی ئه‌م چیرۆكنوسهی ئه‌یویست بوختان بۆ من هه‌ڵئه‌به‌ستێ، ئه‌و چیرۆكنوسهی زۆر بێبهزییانه پاڵه‌وانه‌كه‌ی خۆی لاواز و ڕیسوا كرد، له كاتێكدا كه ئه‌وه‌ی ئه‌یگێڕایه‌وه یه‌كه‌مین چیرۆكی بوو پاش بیست و پێنج ساڵ خوێندنه‌وه، له زانكۆ هه‌میشه سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه بوو، ئه‌و كاته‌ی كتێبی ده‌ست نه‌كه‌وتایه بۆ خوێندنه‌وه ئه‌هات بۆ لای ئێمه، لاواز ڕیشهاتوو هه‌موو كاتی خۆی ته‌نها له كتێب خوێندنهودا به‌سه‌رئه‌برد ڕه‌نگی زه‌رد وه‌ك لاپه‌ڕه‌ی كتێبه كۆنه‌كان، به‌شێوه‌ك ئه‌چووه زه‌مه‌نی كتێبه‌كانه‌وه ڕوخساری به‌پێی ئاوهه‌واو به‌رزونزمی ههرێموجوگرفیای جیهانی كتێبه‌كه چرچولۆچی تێئهكهوت. له قۆناغی سێهه‌می زانكۆدا ماوه‌یه‌ك دیارنه‌ما، واته نه‌هاته‌وه بۆ زانكۆ دوای ئه‌و چوار ڕۆژه كه هاته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر پیر ببوو، به‌ڵام خۆی هه‌ستی به‌و گۆڕانه نه‌كردبوو، كه له جه‌سته‌یدا ڕویدابوو، مووی سپی ڕوخساری داپۆشیبوو، ته‌نها به جوڵه‌ی خوێن ده‌موچاوی ئه‌ناسرایه‌وه، خوێنێك كه زۆر به خێرای سوڕی خۆی ته‌واو ئه‌كرد، چووبووه ناو زه‌مه‌نی كتێبه‌كه‌وه، ئه‌یوت: له ماوه‌ی چوار ڕۆژی ڕابردووا ڕۆمانێكم خوێندۆته‌وه، باسی ژیانی سی ساڵی كه‌سێكی كردووه كه چۆن به ئازاره‌وه ژیانی تێپهرئهبێتو پیر ئه‌بێ، له كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ستم ئه‌كرد ڕوحی من دۆناودۆنی جه‌سته‌ی ئه‌و پاڵه‌وانه ماندو و شه‌كه‌ته بووه. هه‌روه‌ك چۆن سه‌رده‌می كشتوكاڵی ئینسان به كێڵگهكهیهوه به‌سترابۆوه له توانایدا نه‌بوو كۆچ بكا، ئه‌ویش گیرۆده‌ی كتێب ببوو چووبووه دنیایه‌كه‌وه له تێپه‌ڕ بوونی زه‌مه‌ن بێئاگابوو، یاخود لای ئه‌و زه‌مه‌ن بونی نه‌بوو زه‌وی سڕابۆوه. مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌وه‌نده‌ی ژیانی چه‌واشه‌ی منی ئه‌گێڕایه‌وه ڕابردوی خۆی بگێرایهتهوه نوسینێكی زۆر جوانی ئه‌خوڵقان، چونكه ژیانێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌بوو خوێنه‌ریك بوو چاوی به هه‌موو كتێبی دنیا پڕنهئهبۆوه كاتێك پێمان ئه‌وت بۆ نوسین بڵاو ناكه‌یته‌وه ئه‌یوت: هێشتا زووه ئه‌مه‌وێ شتێكی جوان بنوسم جیاوازبم له نوسه‌رانی تر، له كاتێكا هه‌ركه‌سێك دووسێ كتێب بخوێنێته‌وه دهسئهكا به‌نوسین، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر نه‌ینوسی دوای زانكۆش تا ئه‌و كاته‌ی من ئاگام لێی‌بوو هه‌ر نه‌ینوسی. من هیچ كاتێ ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌م نه‌بووه، واته شاره‌زایم له ئه‌ده‌بدا نییه، به مناڵی باوكم شه‌وانه پێش خه‌وتن چه‌ندینجار كتێبی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌ی بۆ ئه‌خوێندینه‌وه ئێستاش زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانیم له‌بیر ماوه، به‌ڵام شه‌وێك باوكم چیرۆكێكی جیاوازی بۆ خوێندینه‌وه، هی به‌لزاك بوو كه هه‌رگیز له له خه‌یاڵما كاڵنابێته‌وه، پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی به‌لزاك ناوی (لوئی لامبر) بوو پیاوێكی زۆر عاقڵوتێگهیشتو بوو له ناو خه‌ڵكیشدا خۆشه‌ویستبوو، ئه‌و پیاوه به هۆشترین ئینسان بووه له جیهاندا، ئه‌و پاڵه‌وانه تا ئه‌و كاته‌ی پیر بووه و مه‌رگ له كتێبی جیاكردۆته‌وه سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه بووه له ته‌نها ژورێكدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له مێشكیدابووه نه‌ی توانیوه دهریبڕێ، واته له گفتوگۆكردندا قسه‌ی بیرئهچۆوه، چونكه نه‌یتوانی په‌یوه‌ندی زمانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك دروستبكا، ئه‌و له زمانی كتێبدا له زمانی دنیایه‌كی ته‌نهادا ون ببوو. ئهوخوێنهرهی كه له‌مه‌و پێش ئه‌یویست بوختانم بۆ هه‌ڵبه‌ستێ له چاوه‌ڕوانی ده‌قێكی ناوازه‌دا سه‌ر ئه‌نێته‌وه، كه تائێستا هیچ عارفیێك ئه‌و شانسه‌ی نه‌بووه به‌خه‌یاڵیدا تێپه‌ڕێ، دۆزینه‌وه‌ی خهیاڵو چركه‌ساتێكی مێژووی كه تائێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، واته له‌ودیو سنوری عه‌قڵه‌وه له ئینسان شاراوه‌یه، وه‌ك ئه‌و كیمیاگهره خۆشخه‌یاڵانه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی ناسكی خۆیان له ئه‌شكه‌وت و ژوره لاته‌ریك و شێدارهكانا به‌هه‌ده‌ر ئه‌دا، تاوه‌كو ئۆكسیدێك بدۆزنه‌وه قوڕقوشم بكات به ئاڵتون، ئه‌و نهێنیه‌یان نه ئه‌زانی كه ژیان هه‌رچه‌ندێك درێژبێ بارته‌قای بچوكترین خه‌ون نییه، كاتێ به ئاگا ئه‌هاتن خۆره‌ی تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن جه‌سته‌ی ڕزاندبوون. ئه‌و خوێنه‌ره‌ی ئه‌یویست ژیانی من چه‌واشه بكا به نیازی نوسینێكه كه ئه‌وانه‌ی پێشخۆی ڕِهتكاتهوه، ئه‌یه‌وێ كتێبێك بێ كه ئینسان توانای كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی نه‌بێ، ده‌قێك بێ ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا بشكێ، وه‌ڵامی پرسیاری هه‌موو نه‌وه‌كانی هه‌ڵگرتبێ، كتێبێ كه ته‌ورات و ئینجیل و قورئان بسڕێته‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌كات ده‌ستی گۆ ناكات به عه‌قڵی خۆی دێڕێك بنوسێت، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌ینوسێت له خه‌ونه‌كه‌ی ناچێ، له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دایه ده‌نگێك له ئاسمانه‌وه ئه‌مری پێبكات، هه‌ر بۆیه هه‌میشه ته‌نها و دوره‌په‌رێز سه‌ری به‌سه‌ر كتێبا شۆڕِكردۆتهوه و خهیاڵَی له ئاسمانه.