
كه‌ركوك له 2009 دا …شوان داودی
كه‌ركوك له 2009 دا
شوان داودی
*به‌چه‌ند رۆژێك پێش ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا.. جۆزێف بایدن سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد‌و داوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هاوبه‌شی له‌پێكهاته‌كانی شاره‌كه كرد.. دوای گفتوگۆی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كاندا به‌ده‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕایه‌وه..
*له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونیدا وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئۆباما باس له‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌عێراق دهكاتو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاری پێویستی داوه.
*دینس بلێر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی (CIA) له‌یه‌كه‌م دانیشتنی‌دا له كۆنگریس دۆخی شاری كه‌ركوكی به‌مه‌ترسیدار شوبهاندو وتی: كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ باری سهقامگیریو ئاسایش له عێراقدا.
*له‌مانگی رابردوودا، ئه‌مریكییه‌كان هێزێكی شه‌ڕكه‌ریان هێناوه‌ته كه‌ركوك كه به (بلاك جاك) ناسراوه، هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌م هێزه له‌كه‌ركوك مانۆری سه‌ربازیان ئه‌نجامداوه‌و چه‌كی جۆراوجۆریان تاقی كردۆته‌وه.
*جه‌نه‌راڵ ئۆدیرنۆ له‌سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا كارتی سوری بۆ لایه‌نه سیاسیه‌كانی كه‌ركوك ده‌رهێناوه‌و ئاگاداریانی كردووه كه ده‌بێت له‌ساڵی 2009 كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت‌و هه‌ڵبژاردنیش ئه‌نجامبدرێت.
*ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (بان كی مۆن) باس له‌وه ده‌كات كه سێ مانگی ئایندهی عێراق بۆ كێشه‌ی ناوچه‌كانی ململانێ ته‌رخان دهكرێتو به‌تایبه‌تی كه‌ركوك‌و ئه‌و ناوچانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن بهكهركوكهوهیه.
*له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی سوپا له‌كه‌ركوك گۆڕاوه‌و یه‌كه‌كانی فیرقه‌ی (12) هه‌وڵی خۆنزیك كردنه‌وه له خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌ده‌ن.. وه‌ك سوپایه‌كی خزمه‌تگوزار خۆیان نیشان ئه‌ده‌ن.
*حكومه‌تی عێراق هاوكاری لیژنه‌ی ماده‌ی (23) ناكات، له‌كاتێكدا كورد ته‌نازولی له‌پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا كردووه بۆ توركمان.. عهرهبو توركمانه‌كان ده‌یانه‌وێت گۆڕانكاری‌و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ته‌نها له هه‌ره‌می فه‌رمانگه‌كاندا بێت‌و رۆ نهچێتهخوار، كوردیش داوای ئه‌وه ده‌كات هه‌موو پێكهاته‌كان له‌سه‌رجه‌م دامودهزگاو فه‌رمانگه‌كاندا سه‌رتاپا وه‌ك یه‌كی لێبێت.
*كێشه‌ی بودجه له‌لایه‌كی تر كه سه‌رجه‌م دانیشتوانی شاره‌كه‌ی تووشی شۆك‌و بێ متمانه‌یی كردووه.
*له‌م كاته‌دا كه بڕیاروایه دیمستۆرا له‌مانگی ئازاردا به‌شی دووه‌می راپۆرته‌كه‌ی راگه‌یه‌نێ.. هه‌فته‌ی رابردوو هێڵی یهكهمو دووه‌می سیاسی‌و ئیداری پێكهاته‌كانی شاره‌كه چۆڵیان كردبوو.. سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌و جێگره‌كه‌ی (كه هه‌ردووكیان كوردن) له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، پارێزگار‌و جێگره‌كه‌ی (كه یه‌كه‌میان كورد‌و دووه‌میان عه‌ره‌به) هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، هه‌ریه‌ك له عه‌لی مههدیو حه‌سه‌ن تۆران كه لههیڵێی یه‌كه‌می سیاسی پێكهاته‌ی توركمانن ئه‌وانیش هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون.
*هه‌ر له‌و هه‌فته‌یه‌دا.. جه‌نه‌راڵ ئۆدیرنۆ ، ئیمسكای ، نوێنه‌ره‌كه‌ی دیمستۆرا، بابه‌كر زێباری-یش له‌كه‌ركوك ئاماده‌ییان هه‌بووه له‌به‌ر گه‌رمی دۆزه‌كه.
*ئه‌مریكییه‌كان بڕیاری كشانه‌وه‌ی خۆیان له‌عێراق داوه.. پێش كشانه‌وه‌یان ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه قابیلی نانه‌وه‌ی پشێوی‌و ئاڵۆزكردنو سه‌قامگیر كردنی عێراقه له‌وانه كێشه‌ی كه‌ركوك.
به‌ڕای چاودێرانی سیاسی چۆڵكردنی كه‌ركوك له‌هێڵی یهكهمو دووه‌می ئیداری‌و سیاسی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌م كاته ناسكه‌دا لهخۆڕانهبووهو به‌رنامه‌ی پێشوه‌خت هه‌بووه بۆ به‌تاڵ بوونی شاره‌كه له‌م كاته‌دا كه ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا شرۆڤه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ.
من پێم وایه هیچ كام له‌پێكهاته‌كانی كه‌ركوك دڵخۆش نابن به به‌شی دووه‌می راپۆرته‌كه‌ی دیمستۆرا كه بڕیاره رایبگه‌یه‌نێ..
-عه‌ره‌به‌كان داوای مانه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر ناوه‌ند ده‌كه‌ن كه ئه‌مه له‌لای كورده‌كان قبوڵ نیه‌و پێموایه دیمستۆراش خۆی به‌دور ده‌گرێ له‌و پێشنیاره.
-كورده‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێم، كه ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن توركمان‌و عه‌ره‌به‌كانه‌وه به‌توندی ره‌تده‌كرێته‌وه، دیمستۆراش ئه‌و هه‌ڵه‌یه ناكات.
-توركمانه‌كان داوای هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كه‌ركوك ده‌كه‌ن به‌و جوغرافیایه‌ی ئێستا بێ ئاسایی كردنه‌وه ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن كورده‌وه مهرفوزهو دیمستۆراش كورد له‌خۆی عاجز ناكات.
بۆیه پێم وایه ئاواتی هیچ كام له پێكهاته‌كان له‌راپۆرته‌كه‌ی دیمستۆرادا نیه‌و هه‌ر چاره‌سه‌رێكیش پێشنیاز بكرێت له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، ئه‌مریكییه‌كان پێش كشانه‌وه‌یان به به‌كارهێنانی هێز ده‌یچه‌سپێنن.