فۆبیای ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی لای رۆشنبیر
وه‌ك چینی رێپیشانده‌ری كۆمه‌ڵگا ،رۆشنبیران له‌م دواییه‌دا توشی زۆرێك له هه‌ڵه و كه‌م و كوڕی بوون له نووسینه‌كانیاندا ده‌رباره‌ی ئیسلامی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی تیۆكراتی ،به شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م بابه‌ته پێویستی به واقیع بینێك له فیكر و نوێگه‌ریه‌ك له نووسینه‌كانیاندا هه‌یه .
ساڵێك ده‌بێت محمد مورسی به سه‌رۆكی نوێی میسر هه‌ڵبژێردرا دوای بردنه‌وه‌ی له كاندیدی ركابه‌ری (ئه‌حمه‌د شه‌فیق) سه‌رۆك وه‌زیرانی رژێمی پێشووی حوسنی موباره‌ك ،له‌و كاته‌وه باسی ئیسلامی سیاسی یه‌كێك بووه له‌و باسه گرنگانه‌ی كه كایه‌ی سیاسی ئه‌مرۆیان گه‌رم كردووه ،به شێوه‌یه‌ك بۆ هه‌ندێك لایه‌ن وه‌ك هه‌ره‌شه‌یه‌ك وایه ،بۆ هه‌ندێكیتریش موژده‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ركه‌وتنی فیكری ئیسلامی سیاسیه
ئه‌وه‌ی گرنگه باسی لێوه‌بكه‌ین هه‌وڵی ئه‌و دژایه‌تیكردنانه‌ی لایه‌نه‌كانی تره بۆ ئیسلامی سیاسی ،كه ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند لایه‌نێك دابه‌شده‌كرێن و هه‌ر لایه‌نێكیش به‌هۆكارێكی جیاوازه‌وه دژایه‌تی ده‌كات ،وڵاتانی كه‌نداو بۆ نموونه له بنه‌مای لاوازبوونی ئابوری وڵاته‌كانیان و ترس له سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه ئیسلامیه‌كان تێیدا له ژێر كاریگه‌ری هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌كانی میسڕ ،هه‌ندێك لایه‌نی تر به‌هۆی ترس هه‌بوون له دووباره‌بوونه‌وه‌ی نموونه‌ی تاڵیبان و قاعیده له ئه‌فغانستان و عێراق ،هه‌ندێكیتر له بنه‌مای دژبوونی ئه‌وان بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئاینی جا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك بێت كه ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه زۆرێك له خوێنه‌ران و رۆشنبیرانی گرتۆته‌وه ،بۆیه‌ش گرنگترین كۆمه‌ڵه‌یه كه باس له هۆكاره‌كانیان بكه‌ین بۆ دژایه‌تیكردنیان به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی .
ئه‌و ڕوانینه‌ی زۆرێك له رۆشنبیرانی ئه‌مرۆ هه‌یانه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی جیا له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ،روانینێكی تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌توانین بڵێین كۆنه و به‌سه‌رچووه ،ئه‌و روانینه‌یه كه له نه‌وه‌ده‌كانی ئه‌فغانستانی تاڵیبان و 2001ی قاعیده سه‌رچاوه‌ی گرتووه ،روانینێكه ناتوانێت فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی له‌یه‌ك جودا بكاته‌وه ،روانینێكه تا راده‌یه‌كی زۆر پێویستی به نوێبوونه‌وه هه‌یه . لێره‌دا نامه‌وێ پارێزگاری له هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێك بكه‌م ،ته‌نها شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و روانینه‌ی زۆرێك له رۆشنبیران هه‌یانه كه بنه‌مای له چه‌ند هۆكارێكی نه‌زۆك و لاوازه‌وه گرتووه . ئه‌وه‌ی رۆشنبیر پێویسته له بیركردنه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به ئیسلامی سیاسی زیاد بكات بریتیه له واقیع بینینی ئیسلامی سیاسی له ئێستادا ،چونكه مانه‌وه له بازنه‌ی قاعیده و تاڵیبان هیچ نوێگه‌ریه‌ك و فیكره‌یه‌ك پێشكه‌ش ناكات ،ئه‌مرۆ هێزگه‌لێكی ئیسلامی هه‌ن ده‌یانه‌وێت جیا له هێز ،به‌هۆی دیموكراسیه‌وه بگه‌ن به ده‌سه‌ڵات ،هێزگه‌لێك پێویستیان به خه‌ڵك نیه تا بیهێننه سه‌ر ئایدیۆلۆژیای خۆیان ،به‌ڵكو خه‌ڵك ئه‌وان به پێویست ده‌زانێت .هێزگه‌لێك جیا له ده‌مارگیری ئایدیۆلۆژی ،بنه‌ماكانی ئیسلام به‌كارده‌هێنن بۆ حوكمڕانی . ئه‌وانه گشتی چه‌ند خاڵێكن كه ئه‌گه‌ر بێتوو رۆشنبیر له روانگه‌یه‌وه نوێگه‌ری له نووسینیدا نه‌كات به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی ئه‌وه هیچ جیاوازیه‌كی نابێت و وه‌ك ئه‌وه وایه نووسینه‌كه‌ی له سه‌ره‌تاكانی 2000 نووسیبێت .
ترسێكی رۆشنبیران له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ،بریتیه له ترسی درووستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی تیۆكراتی له وڵات‌دا ،هه‌ڵبه‌ته به بۆچوونی من پێویسته رۆشنبیر پێش هه‌مووشتێك له بریاردان له‌سه‌ر تیۆكراتی بوونی ده‌سه‌ڵات بكشێته‌وه ، چونكه درووستبوونی ده‌سه‌ڵاتی تیۆكراتی به پله یه‌ك ده‌گه‌رێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی گه‌ل بۆ ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته ،واته ئه‌گه‌ر بێتوو گه‌لیش ده‌سه‌ڵاتێكی تیۆكراتی درووستبكات ئه‌وه رۆشنبیر بۆی نیه ده‌سه‌ڵات تاوانبار بكات تا ئه‌و كاته‌ی زۆرینه (گه‌ل) بریارده‌دات ،باشترین نموونه‌ش ده‌وڵه‌تێكی تیۆكراتی وه‌ك ئێرانه ،كه ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتێكی تیۆكراتی به‌هێزه به شێوه‌یه‌ك زۆر جار له باسه سیاسیه‌كان وه‌ك نموونه‌یه‌كی زه‌قی ده‌سه‌ڵاتی تیۆكراتی ده‌هێندرێته‌وه ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكه‌كه‌ی جگه له گله‌ییكردن له خزمه‌تگوزاری و شێوه‌ژیانیان ،گله‌ییان له جۆری حوكمرانی ئه‌م وڵاته نیه .
. زۆر جار ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌كان له‌وه گه‌وره‌ترن به ئایدیۆلۆژیایه‌ك پێناسه بكرێن ،به‌ڵكو ده‌كرێ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له رێگای ئایدیۆلۆژیاكه‌وه چه‌ندین بنه‌مای مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی و دیموكراسی تێیدا ره‌نگ بداته‌وه ،بۆیه گه‌ل له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ڵده‌بژێرێ كه ئایه ده‌سه‌ڵات پێویستی به گۆران ده‌بێت یان نا ، نه‌وه‌ك رۆشنبیر . هه‌بوونی فۆبیای ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له چه‌ند بنه‌مایه‌كه‌وه‌یه كه یه‌كێكیان بریتیه له تێكه‌ڵكردنی فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی ،یاخود گۆرانی ئیسلامی سیاسی له ده‌سه‌ڵاتدا بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی تیۆكراتی .
باسكردن له ئیسلامی سیاسی یاخود ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی زۆر جیاوازتره له باسكردن له ده‌سه‌ڵاتێكی تیۆكراتی له ئێستادا ،ره‌نگه له زۆر رووه‌وه پێشتر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی نوێكه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تیۆكراتی بوبێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه بزانرێت له لایه‌ن زۆرێك له رۆشنبیران و نووسه‌ران بریتیه له‌وه‌ی ئیسلامیه میانره‌وه‌كان (ئه‌و ناوه‌ی كه له‌خۆیان ناوه) ویستی به‌رێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتێكیان هه‌یه كه له زۆر شێوه‌دا له ده‌سه‌ڵاتێكی سیكۆلار و لیبرال نزیكه ،به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ش بێت پێویستی به راڤه‌كردنێكی نوێی سیاسی ده‌بێت
له ژماره 45ی رۆژنامه‌ی به‌یان بڵاوبۆته‌وه
– ئوسامه ئه‌نوه‌ر