Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

قەرەچی نەتەوەی بێ‌وڵات

Comments
by December 29, 2008 گشتی

 قەرەچی
 نەتەوەی بێ‌وڵات
 عەبدوڵڵا سەمەدی

قەرەچی‌یەکان نەتەوەیەکی گەورەی کۆچەرن کە پتر لە دوو هەزار ساڵە بە دنیادا بڵاو بوونەوە و وڵاتێکی تایبەتیان نیە و هیچ سنوورێک ناناسن و هەموو گێتی بە مەوتەنی خۆیان دەزانن. یەکەمجار لە باکووری ڕۆژئاوای هیندەوە وەڕێکەوتوون. لە بابەت یەکەم کۆچیانەوە گەلێک بیروڕا و قسەی جیاواز هەیە کە زۆربەیان وەک ئەفسانە و حەکایەت دەچن، وەک گێڕانەوەی حەکیم ئەبولقاسمی فیردەوسی لە شانامەدا لە ژێر سەردێڕی «خواندن بهرام لوریان را از هندوستان» کە دەڵێ: بارامی گۆڕ1 داوای لە شەنگەل یا شانگار فەرمانڕەوای وڵاتی هیند کرد تا مۆسیقار و خۆش‌وێژی بۆ بنێرێ، ئەویش دوازدە هەزار کەسی بۆ ڕەوانە کرد، بارام ئەوانی بەسەر هەموو وڵاتەکەیدا دابەش کرد کە دەبنە باپیرانی قەرەچییەکانی ئێستا. بۆچوونێک لەم بابەتەوە هەیە کە دەڵێ: وێدەچێ قەرەچییەکان لە چینی هەرە ژێرووی کۆمەڵی هیند بووبن کە بە (نَجِس/گڵاوintouchables) ناسراون و لە هیندوستان پێیان دەڵێن «پاریا»2، «دالیت»3 و«دراوید».4 فەرهەنگی وڵاتی هیند لە هەزاران ساڵەوە فەرهەنگێکی چینایەتییە و نزمترینی ئەو چینانە «پاریا»کانن کە تەنیا بۆیان هەیە کاری نزم بکەن، وەک شوشتنی ئاودەستەکان و خاوێن‌کردنەوەی ئاوەڕۆکان و کاروباری لەم چەشنە. جگە لەوە مافی ئەوەیان نییە نە دەست لە هیچ شتێک بدەن و نە کەس دەست لەوان بدا. لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا قەرەچییەکان بە «زەنگاری و زەنگالی» یا شێوەیەکی گۆڕدراوی ئەو وشەیە ناو دەبرێن، کە بە مانای «دەست لێ‌نەدران»ە. وشەگەلی تسیگۆینە zigeuner ی ئاڵمانی و زینگوری zingeuri ی ئیتالی و چیگانۆ ی پورتوگالی و گیتانۆgitano  ی ئیسپانیۆلی و چەنگەر ی ئەفغانی کە لە ناوەکانی قەرەچییانە لەو وڵاتانەدا، هەر شێوەی گۆڕاوی «زەنگار»ە. لێکۆڵینەوەیەک کە لە بوخارست لە لایەن «د. کوپرنیکی»‌یەوە ئەنجام دراوە، ئەوە دەسەلمێمێ کە ئێسکی کاسەی سەری قەرەچییەکان لە گەڵ کاسەی سەری (کاستی پاریا) کە چینی گڵاوەکانن، یەک دەگرنەوە. بە پێی کتێبە مێژوویی‌یەکان، قەومی ئاریا لە هەزاران هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە کۆچێکی گەورەیان دەست پێ‌کرد و دەستە دەستە بەرەو ئێران و ئەورووپا و هیند داگەڕان و لە ئاکامدا دووهەزار ساڵ پێش زایین، واتە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەتەواوی لەم وڵاتانەدا نیشتەجێ بوون5. ئاریایی‌یەکان بە چاوی سووک سەیری نەتەوە خۆماڵییەکانیان دەکرد و لە بەرامبەر ناوی خۆیاندا کە «ئاریا» بوو بەوانیان دەگوت «پاریا»؛ ئەم دوو وشەیەش بە مانای «نەجیب» و «نانەجیب»ن. کەوایە «پاریا»کانی ئێستای هیند، وەکی سوورپێستەکانی ئەمریکا، ڕۆڵەی دانیشتوانی ئەسڵی و خاوەن‌ماڵی وڵاتی هیندن. قەرەچییەکانیش کە دەستەیەک لە زانایان بە بەڵگەوە بڕوایان وایە ڕۆڵەی «پاریا»کانن، لەو کۆًچە گەورەیاندا بوونە دوو بەش؛ بەشێکیان بەرەو ئەورووپا ڕۆیشتن و بەشێکیش ڕوویان کردە ڕۆژئاوای ئاسیا. بەشەکەی ڕۆژهەڵات یەکەمجار لە مەڵبەندی گەورەی «سیند» و «کابول» کۆ بوونەوە و پاشان لە دەستەگەلی بچووکتردا بەرەو ئێران و باکووری ئەفریقا وەڕێ کەوتن. ناوەکانی «سینتی»، «کاوپی» و «کولی» هەر ئاماژەن بە «سیند» و «کابول». لە خودی وڵاتی هیندیش قەرەچی هەیە کە زۆربەیان لە ناوچەی «راجستان» دەژین و پێیان دەگوترێ گادولیالوهار کە بە مانای «ئاسینگەری ئاوارە»یە.
قەرەچییەکان لە نێو هەر هۆز و نەتەوەیەکدا بژین، بە زمانی ئەوان قسان دەکەن؛ بەڵام خۆیشیان خاوەنی زمانێکی تایبەت و سەربەخۆن بە ناوی ڕوومی یا ڕوومنی کە لە دەستەی زمانەکانی هیندو–ئەورووپی‌یە و ڕیشەی دەچێتەوە سەر سانسکریت. قەرەچییەکان لە هەر کوێی دنیا بژین دەتوانن لە ڕێگەی ئەم زمانە هاوبەشەوە لەگەڵ یەکتر باخێون، و ئەوە گرینگترین ئاڵقەی پێوەندی و هاوبەشییانە کە وەکی نەتەوەیەکی سەربەخۆ ڕایگرتوون. هەڵبەت ئەو زمانە خاوەن دەیان دیالێکت و لەهجەی جۆراوجۆرە کە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر شوێنە جۆراوجۆرەکانی جوغرافیایی کۆچە مێژوویی‌یەکەیان.
تا ئێستا لە زۆر وڵاتدا قەرەچی هەیە کە نیشتەجێ بووبێ و ئایین و فەرهەنگ و دابی ئەو وڵاتەی وەرگرتبێ. بەو پێیە هەرچەند دەبێ قەرەچی وەک نەتەوەیەکی گەورە و سەربەخۆ لێی بڕوانرێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ، بەڵام دەکرێ قەرەچییە نیشتەجێ‌بووەکانی هەر وڵاتێکیش وەکوو بەشێک لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە سەیر بکرێن. قەرەچییەکان بە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیادا بڵاوبوونەوە و لە هەر وڵاتێکیش ناوێکی تایبەتیان پێدەگوترێ، کە زۆربەی ئەو ناوانە مانای ناحەزیان هەیە. بەڵام ئەوان خۆیان بە ڕۆم ناو دەبەن کە لە زمانی ڕوومنی‌دا بە مانای مرۆڤـ ە. ئەم ناوە لە ئەرمەنستان بووەتە لۆمlom ؛ و لە یۆنان هەر ڕۆمە. ئیستاش دەستەیەکی چادرنشین لە هیند دەژین کە بە خۆیان دەڵێن دۆم. لە فەلەستینیش دەستەیەک لە قەرەچییەکان دەژین کە بەخۆیان دەڵێن «دۆم»، بەڵام فەلەستینییەکان بە «ناوار» ناویان دەبەن. هەڵدەگرێ ئەم ناوانە بەراورد بکرێن لەگەڵ وشەی «دۆم» لە زمانی کوردیدا، کە ناوی تیرەیەکی کوردن و لەگەڵ قەرەچی جیاوازییان هەیە. ئەو گومانەش دێتە ئاراوە کە دۆمەکانی کۆمەڵگای کوردی ئەو قەرەچییانە بن کە بە درێژایی مێژوو داب و نەریت و زمان و ئایینی کوردیان وەرگرتبێ و لە کوردستاندا نیشتەجێ بووبن. لە فەرهەنگ و سەرچاوە کوردییەکاندا، «دۆم» و «قەرەچی»‌ لێک جیا کراونەوە و دۆم بە هۆزێکی کورد ناو دەبرێ و دۆمە ڕەشکە یا قەرەچی بە ناکورد.6 بەڵام لە لۆڕی‌دا، کە بە لەهجەیەکی زمانی کوردی ناسراوە، بە قەرەچی دەگوترێ دومی dumi.7
لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و دیالێکتەکانی زمانی کوردیدا قەرەچییەکان بەم ناوانە دەناسرێن: قەرەچی «بە مانای خاوەن ڕەشماڵ، خاوەن پێستی ڕەش، ڕەشایی. بەراورد بکرێ لەگەڵ «قەرە»ی بەرامبەر جووتبەندە»، قەرەچ، قەرەج «ئەگەر لە غەرەجی عەڕەبییەوە هاتبێ، بە مانای تێنەگەیشتوویە»، کاوڵی، کاوەلی، کاوڵێ «ئاماژەیە بە مەوتەنی ئەسڵیی قەرەچییەکان، کە لە کاوڵ یا کابول ڕا بۆ ناوچەی سیند کۆچیان کردووە.»، سوزمانی «بە مانای ئافرەتی ڕووداماڵدراو و پێکراو»، دۆمەڕەشکە، لوتی، دومی، چگنی، غوربەتی، غوربەت، موتریب، چاوبەست، پاپەتی، بێژ فرۆش، توشمال، چنگنە.
قەرەچییەکان وەک چۆن زمانی خۆیان هەیە و بە زمانی ئەو نەتەوانەش دەدەدوێن کە لە ناویاندا دەژین؛ هەر بەم جۆرەش ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بریتییە لە بڕوا بە خوا و گرینگی‌دان بە مانگ و ئەستێرە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەسەر ئایین و باوەڕیی ئەو نەتەوانەن کە لە ناویاندا دەژین! واتە قەرەچییەکانی نیشتەجێی ئاسیا زۆربەیان مسوڵمان و سوننی مەزهەبن، و قەرەچییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا زۆربەیان مەسیحین.
قەرەچییەکان ڕەنگ پێست ئەسمەر و چاو ڕەش و قژ ڕەشن. هەرچەند سەرژمێرییەکی تایبەت و جێی بڕوا لە بابەت حەشیمەتی ئەوانەوە بە دەستەوە نییە، بەڵام سەرچاوە جۆراوجۆرە ناڕەسمییەکان ژمارەیان تا 30 میلیۆن کەس نووسیون. زۆربەی هەرە زۆری قەرەچییەکان بێ‌سەوادن و هەوڵی ئەو وڵاتانەش کە ویستوویانە منداڵانی ئەوان لە خوێندنگە دەوڵەتییەکان ڕابێنن، زۆر سەرکەوتوو نەبووە. ئینگلستان توانیویەتی بە داهێنانی شێوەگەلی تایبەت، بە منداڵانی قەرەچی بخوێنێ. لە ڕووسیا مامۆستای تایبەت و خوێندنگەی گەڕۆک بەرهەمی باشی لەمبارەوە داوە. خوێندنگەکانی تایبەت بە قەرەچیانی کازابلانکاش لە مەراکیش بەرچاو و سوودبەخش بوون. فەرەنسەش توانیویەتی بە دەستنیشان کردنی شوێنی لەبار بۆ مانەوەی درێژخایەنی قەرەچییەکان لە ساڵدا، هەنگاوی بە سوود بۆ فێرکردن و بارهێنانی منداڵانی قەرەچی باوێژێ. لە وڵاتی سوئێدیش چونکە زۆربەی قەرەچییەکان نیشتەجێن و لە سەر شێوەی ژیانی کۆچەری نەماون، منداڵانیان لە خوێندنگەکانی دەوڵەتی دەرس دەخوێنن و تەنانەت دەوڵەت بەرنامەی باسەوادکردنی گەورەساڵانیشیان بۆ بەڕێوە دەبا. لە وڵاتی ئیسپانیا دەوڵەت بە دانانی ڕێکخراوی تایبەت ئگاداریی کاروبار و خوێندنی قەرەچییەکان دەکات و ڕاپۆرتی هەوڵ و چالاکییەکان لە گۆڤارێکدا بە ناوی pomegia دا بڵاو دەکاتەوە. لە هۆڵەند دەوڵەت ئۆردووگای گەورەی ناوچەیی دامەزراندووە، کە لە ناویاندا خوێندنگە، نەخۆشخانە، وەرزشگا و کلیسا هەیە، بەڵام ئەو ئۆردووگایانە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە دوورەپەرێز و گۆشەگیرن. لە ئەمریکا خوێندنگەکانی قەرەچییان لە ڕێی یارمەتیی خەڵکەوە بەڕێوە دەچن و تایبەتن بە خوێندنی سەرەتایی. ئیتالیا لە ساڵی 1960ەوە کەوتە گرینگی پێدانی خوێندەواریی قەرەچییەکان و تا 1972 توانی 60 خوێندنگەی گەرۆک دابمەزرێنێ. لە ئیرلەند بەشی دەوڵەتی و خوسووسی بە یەکەوە کاروباری خوێندنگەکانی قەرەچییان هەڵدەسووڕێنن.
بە‌گشتی بێهداشتی قەرەچییەکان لە ڕادەیەکی نزم دایە و هەندێ نەخۆشیی عفوونی لە ناویاندا پەرەگرتوو بووە. زۆربەی قەرەچییەکان لە چادر دا دەژین، لە هەندێ وڵات چادرەکانیان لە «کوێن»ە و خۆیان سازی دەکەن. یەکێک لە ماناکانی وشەی «قەرەچی»ش هەر ئاماژەیە بە ڕەنگی ڕەشی چادرەکانیان؛ هەروەها ئەم وشەیە بە «پێست‌ڕەش»یش مانا لێدراوەتەوە. لە سەدەی پازدەی زایینییەوە لە هەندێ وڵاتی ئەورووپی هەوڵ دراوە خانوو بۆ قەرەچییەکان ساز بکرێ و نیشتەجێ بکرٌێن، بەڵام زۆرینەی هەوڵەکان بێ‌سوود بوون و قەرەچییەکان پێیان باشتر بووە کە ڕاخەریان زەوی و میچیان ئاسمان بێ و خۆیان پێبەندی خاک نەکەن. لە وڵاتانی جۆراوجۆر سەرپەنای قەرەچییان تاوپ، پەیتوون واتە دلیجان، ئەشکەوت، یا خانووی لە لکی دار و چرپی و گەڵایە.
قەرەچییەکان ئۆگرییەکی زۆریان بە مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕین هەیە و زۆربەی کاتی خۆْیان بە شادی تێپەڕ دەکەن. هەڵبەت تایبەتمەندیی مۆسیقای قەرەچییەکان پێوەندی هەیە بە فەرهەنگی ئەو نەتەوەیەی کە لە ناویاندا دەژین. قەرەچییەکانی نیشتەجێی ئوستانە جۆراوجۆرەکانی ئێران، شێعر و مۆسیقا و ئامێرەکانیان وەک یەک نین. بۆ نموونە یەکێک لە ئامێرەکانی قەرەچییەکانی لۆرستان، کەمانچەیە کە خۆیان پێی دەڵێن «زەمبەرا» و لە سیستان و بەلووچستاندا «قیچەک» و لە خوراسان «دو تار» و لە کوردستاندا «دوو زەلە»یە کە خۆیان «قۆشمە»ی پێ‌دەڵێن. کەوایە ساز و ئامێرەکانیان پێوەندییان هەیە بە فەرهەنگی ناوچەکەوە. ژنەکانی قەرەچی لە سەما کردندا لێهاتوویی‌یەکی زۆریان هەیە. ئەوان لە پیاوەکانیان زیاتر کار دەکەن. واتە بە ماڵ ڕادەگەن، منداڵ بەخێو دەکەن، لە ڕێی پزیشکێتیی خۆماڵی و شت فرۆشتن و فاڵ‌گرتنەوە داهاتی خێزان وەدەست دێنن و دەژین.
لە ناو قەرەچییەکاندا شاعیر، نووسەر، فەیلەسوف و هونەرمەندی گەورە هەڵکەوتووە و گەلێک بەرهەمی زۆر بە پێز و گرینگیشیان هەر بە زمانەکەی خۆیان نووسیوە. لە ناوداران و کەسایەتییە بەرزەکانی قەرەچی، کە لە دنیادا ناسراو بن، ئەبووحەنیفە نێعمان کوڕی سابیت کوڕی زۆتی ئیمامی ئەعزەم، پێشەوای مسوڵمانانی حەنەفی و ئەبوودەلەف شاعیر و جیهانگەڕ، و تیپۆ لەنگرۆ نووسەری بەناوبانگی ئەورووپی، جانگوورینهاردت مۆسیقازان، ڕۆزا تایکۆن و کاتارینا تایکۆنی خوشکی کە لە ئەورووپا و بە تایبەت لە سوئێد بە ناوبانگن و لێکۆڵینەوەی بەپێزیان لەسەر ژیان و فەرهەنگی قەرەچییان نووسیوە، هەروەها کەسانی وەک: تیکنو ئاجامس، جورج باردۆ و …دەتوانین ناو بەرین. قەرەچییەکان ئێستا لە دنیادا خاوەنی چەندین تەشکیلاتی سیاسین. یەکەمین تەشکیلاتی سیاسییان ساڵی 1888لە ئینگلیستان پێک هێنا. گۆڤار و بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە شەڕی دووەمی جیهانیدا لە لایەن ئاڵمانی نازییەوە تووشی ژێنۆساید بوون و هیتلێر بە تاوانی ئەوەی کە قەرەچییەکان لە ڕەگەزێکی نزم و نائەسڵن، بڕیاری بنەبڕ کردنی دان و ژمارەیەکی زۆر لە ڕووداوی هۆلۆکاستدا کوژران.
لە هەر وڵات و شار و شارۆچکەیەکدا قەرەچییەکان ناوێکی جیاوازیان هەیە و زۆربەی ناوەکانیش مانای باشیان نییە و نیشانەی ئەوەیە کە بە چاوی سووک لێیان دەڕوانرێ. لە ئێراندا ئەم ناوانەیان پێ‌دەگوترێ: «پووشە، جات، جەت، جاتی، جنگیانە، جووگی، چگینی، چنگانە، چنگی، چنگ زن، حەرامی، خانی، خنی، خەتیر، خونیاگەر، زەرگەر قووچانی، زەرگەر کرمانی، زۆت، زەنگانە، زەنگاری، زەنگی، شەهریشەن، شەرشەن، غەجر، غەربال بەند، غوربەتوو، غەرشمال، غەریب ئەشمار، غەریب‌زادە، فوقەرا، فیووج، فیج، قورشمار، قورشمال، قریشمار، قەراچی، کابلی، کاسب، کراچی، کزنگی، کەلیلانی، کەم‌بەند، کوسان، کوزنگی، گات، گەت، گجر، گیلانی، لوری، لوتی، لوولی، لەوەند، موتریب، یوت، کەمچنی و…» و ناوەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا بەم چەشنەیە:
لە ئاسیای ناوەندیدا پێیان دەڵێن موغات کە لە وشەی موغ ەوە هاتووە، بە مانای ئاگرپەرست. لە تاجیکستان و تورکمەنستان بە جوگی و مازنگ ناویان‌دەبەن، و لە ئوزبەکستان لوولی. لە وڵاتانی تر: ئاڵبانی مەگیو magiou، لە ئاڵمان سینتی و ڕۆما یان پێدەگوترێ و بە گشتی بە هەردووک لایان دەڵێن تسیگۆینە zigeuner، ئەرمەنستان پووشە، ئەوڕووپای ڕۆژئاوا و ناوەندی و ناوچەی باڵکان زیگان یا تزیگان، ئەمریکا جیپسی، ئیسپانیا ژیتانۆ یا گیتانۆ zitāno/gitāno و حەبانۆس کە بە مانای شەیتان ە، لە ئەفغانستان کە قەرەچییەکان لە پلەیەکی زۆر نزمی کۆمەڵایەتیدا دەژین گەلێک ناویان هەیە وەک: لوولی، غوربەتی، غەرچە، کووچی، لووری، جوگی، و… کە ئەم ناوانە سەرجەم ماناگەلی وەک نەزان، خوێڕی، ناچیزە، ناپیاو، نێرەمووک و… دەبەخشن. لە ئینگلیستان جیپسی و کیپتی  و کیپت کە ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر قفگ و قبگ بە مانای دانیشتوانی میسری کۆن. ئیتالیا زینگاری و زینگوری zingeuri، لە بەرزیل قەرەچییەکان دوو دەستەن بە ناوی کالۆنس و ڕۆم، لە پورتوغال چیگانۆ، لە ترکیە چنگانە یا زنگانە، لە چیک چیکن یا چیگن، لە دانیمارک و سوئێد و نۆروێژ تەرتەرێس tartares یا فینت بە مانای سواڵکەر، لە ڕووسیە سردنی/ تسیاتسکی/ تسیگانی، لە ڕۆمانی تسیگانی یا تزیگانی، لە سوریە ڕۆم/مەنووش/سین‌تی، هەروەها ئەو دەستە لە قەرەچییەکان کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هاتوونە سوریە ناویان نوور یا نوورییە کە دەچێتەوە سەر لووری کە پێشتر ئاماژەی پێکرا. لە سویس تسینگۆینە zingeuner، لە عەرەبستان و زۆربەی وڵاتانی عەڕەبی بە قەرەچییەکان دەگوترێ حەڕامی کە بە مانای دز و جەردەیە. لە سێربستان چیگانی čiganin، لە فەرەنسە بۆهێمیەن bohemiens، لە لیتوانی و لێمنۆس سینتی یا سیندی sinti/sindi کە ئاماژەیە بە وڵاتی باپیرانیان لە هیندوستان، لە لەهستان poland زینگن و زیگانی، لە مەجارستان hongrie چیگانی/جیگانی و pharaonemzetseg بە مانای فیرعەونی، لە میسر غەجر، لە هۆلەند هایدن hydens بە مانای کافر و بت‌پەرست و هەروەها گرد کە هەندێک بڕوایان وایە هەمان وشەی کورد ە، لە هیندوستان جات، زات(زُگ)، جت، گجر، و…، لە یۆنان ئاسین گانی/ئاتکینگانووس/ئاتسینگانووس، لە قەتەر شەرشەن.
لە کتێب و سەرچاوە کۆمەڵایەتییەکانی هەر وڵاتێکدا، قەرەچییەکان بایەخی تەواویان پێدراوە و وەکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی باسیان لێکراوە. لە کتێبخانەی زمانی کوردی‌دا ڕەنگە زۆر بە زەحمەت بکرێ شتێک لەم بابەتەوە بدۆزرێتەوە. وتاری حازری سەرەڕای کەموکووڕییەکانی، دامەزراندنی باسێک و کردنەوەی دەرگایەکە بە ڕووی ئەو بابەتەدا. 
 
 
 
 پەراوێز
 1. پانزدەهەمین پادشای بنەماپەی ساسانی، لە 421ی زایین هاتە سەر حوکم و لە 438 کۆچی‌دوایی کرد.
 2. pariah
 3. dalit
 4. dravidia
 5. بروانه‌: فەرهەنگی ئێریەن ڤاچ، محەمەد ئەمین هەورامانی، ل321.
 6. بروانه‌: فەرهەنگەکانی خاپ، مەردۆخ، هەنبانە بۆرینە، کوردستان، مەهاباد و گوپچنینەوە؛ وشەگەلی «دۆم، قەرەچی، کاوپی، دۆمە أەشکە»
 7. بروانه‌: فرهنگ لری، حمید ایزد پناە
 
 
 
 ژێدەر
 
 
1- افشار سیستانی، ایرج.  کولی‌ها؛ پژوهشی در زمینه‌ی زندگی کولیان ایران و جهان، تهران، انتشارات روزنه، 1377
2- مهندس باشي ( مشيرالدوله )، ميرزا سيد جعفرخان. رساله‌ي تحقيقات سرحديه، به اهتمام محمد مشيري، تهران، انتشارات بنیاد فرهنگ ایران، 1348
3- افشار سیستانی، ایرج. کرمانشاهان و تمدن دیرینه‌ی آن، جلد اول، تهران، انتشارات زرین، 1371
4- ناس، جان. تریخ جامع ادیان، ترجمه‌ی علی اصغر حکمت، ویراستار پرویز اتابکی، تهران، انتشارات و آموزش انقلاب اسلامی، چاپ چهارم، 1370
5- جغرافیای حافظ ابرو، به کوشش مایل هروی، تهران، انتشارات بنیاد فرهنگ ایران، 1349
 

Previous
Next

Leave a Reply