Skip to Content

Friday, November 27th, 2020

كاتژمێره‌كه‌م خوێنی له‌به‌ر ده‌چۆڕێت …

Comments
by August 10, 2009 ئەدەب

كاتژمێره‌كه‌م خوێنی له‌به‌ر ده‌چۆڕێت
(كه‌وشه‌نه‌كه‌م، بمناسه‌وه‌)
 
تێكۆشه‌ر خالید

لانه‌وازێكم…
كاژه‌ڵه‌م ته‌ژی بووه‌ له‌ وه‌هم
به‌س ته‌نها به‌تۆ ده‌ڵێم وونم مه‌كه‌..!
بۆ ته‌واوبوونی ئه‌م گۆرانییه‌ی من ته‌واو ده‌كات
هێشتا گومان ده‌كه‌م
عیشق له‌وێدایه‌   !!
له‌نێو تۆڕه‌ په‌رجوو ئاساكانی زه‌مه‌ن..
ده‌بێت بڕۆم..ئا ده‌بێت بڕۆم
تاوی جاڵجاڵۆكه‌كانی سه‌فه‌ر بدڕێنم
تا قه‌تماغه‌ی برین و ناسۆری ئێره‌
له‌وێدا بشكێنمه‌وه‌…
ئه‌وێ‌! ماڵی زه‌مهه‌ریریی ڕیشۆڵه‌یه‌كی ته‌نیا
تا به‌سه‌رهاته‌ ماندوه‌كانی هزرم
له‌ ئامێزی هه‌نگێكدا بته‌كێنم..
كه‌ هه‌رگیز
وانه‌كانی ئه‌وینی به‌رگوێ‌ نه‌كه‌وتبێ‌
نه‌زانێت گوڵ بخاته‌ ڕسته‌وه‌
شه‌رم له‌ شكۆفه‌كانی باخچه‌ بكات..
تا زاكونێك..تا وانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ
ڕه‌وانه‌ی ئافریده‌گه‌ر بكه‌ین..
به‌تاڵ ببینه‌وه‌..له‌كوفری شین..
فێرببین گۆرانییه‌ك بڵێین
نه‌گوترابێت..نه‌بیسترابێت…
كه‌وشه‌نه‌كه‌م..
وه‌لێ‌ چ بكه‌م..كه‌من
دڵم كانگای حیكایه‌ته‌ مه‌سته‌كانی شه‌وی عیشقه‌ و
زوبانم…ئااااخ …له‌ زوبانم
هێنده‌ لێڵه‌!
بۆگێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی دڵم
كه‌ ئیدی له‌و پاسارییه‌ ناچم
به‌دیار مه‌عشوقه‌كه‌یه‌وه‌ ته‌زیووه‌..
ئه‌وه‌ منم..!!
كه‌وشه‌نه‌كه‌م، بمناسه‌وه‌..!!
ئێره‌ مردنێكه‌
به‌ده‌م ڕاوه‌دوونانی
په‌پووله‌ سپییه‌كانه‌وه‌ 
له‌و ئاگره‌ی له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ ته‌ڵخه‌
به‌بینینی حه‌قیقه‌ت،
ئه‌ز لێوان لێوم له‌بێزاربوونی
كۆشێك سێوی په‌مه‌یی
هه‌نارێك په‌یامی ڕقاوی…
توڕه‌بوونت له‌قه‌ده‌ر
له‌و قافڵه‌یه‌ی منیان لێ‌ به‌جێمام
به‌ته‌نافی په‌یامێكا هه‌ڵمه‌واسه‌
تكائه‌كه‌م…
به‌ مه‌سجێك پڕم كه‌ له‌ هه‌تاو
بۆم بنووسه‌
"ئه‌ی سره‌وتم…
ملیمێك باران له‌ له‌شتا
له‌ گیای سه‌وزی هه‌ڵكێشاوم"
من ئه‌وه‌نده‌م نه‌ماوه‌
ببم به‌ جه‌للادی ڕۆحی سه‌فه‌ر..
ئه‌وا دێم و ده‌سته‌ پڕئومێده‌كانم
له‌نێو ده‌سته‌كانتدا  ده‌توێنمه‌وه‌…
شه‌به‌یخونێ‌ دێم و
ئێره‌ت بۆهه‌ڵده‌كه‌م
گه‌شبینیت له‌ هه‌تاودا بۆ ده‌چێنم
شه‌وی ڕه‌شی قه‌زا ده‌شكێنم
درز ده‌خه‌مه‌ گیانی دێوه‌زمه‌ی مه‌رگ و
ژیان بۆتۆی گوڵی سوور
ده‌كه‌م به‌ فیرده‌وس…!
ده‌ كه‌وشه‌نه‌كه‌م، بمناسه‌وه‌!!
كه‌ عیشقت ئاسمانی شینم بێت
له‌خۆمدا چی جێ‌ بهێڵم
كه‌بێ‌ تۆ چۆڵ  چۆڵم…گیانه‌
كه‌وشه‌نه‌كه‌م …
من به‌بێ‌ تۆ چاوه‌كانم
دوو زنه‌ن ده‌ڕژێن و كۆبوونه‌وه‌یان ونه‌
به‌ ڕاڤه‌ی خۆمه‌وه‌
لێره‌دا نغرۆم …!!!
نغرۆبوونێك
كه‌ئیدی له‌و قاصیده‌ ناچم
په‌یامی مه‌مله‌كه‌تێك عیشقی پێ‌ بوو..
ب م ن ا س ه‌ و ه‌ ، ك ه‌ و ش ه‌ ن ه‌ ك ه‌ م!!
دڵازاریم فه‌رامۆش كه‌
ئه‌وته‌نهاییه‌ دژواره‌!!
بێ‌ تۆ
شكاوترین كوڕی "با"م
غه‌مگینترین گۆرانیبێژی شه‌وه‌كانی خۆمم
قاوه‌یترین كوڕ
ژه‌رناترین ڕامێنی
نێو گومانه‌كانه‌ لۆچه‌كانی هۆشی خۆمم
بێ‌ تۆ
ئه‌وته‌نهاییه‌ داگیرساوه‌، ئه‌به‌دی!!
له‌ئامێزیدام و
لرفه‌لرفی كاسم ده‌كا
شازاده‌ترین له‌تووخمی به‌یبوون
وه‌ره‌و ئاوێته‌ی
ئه‌م سه‌رگوزشته‌ قاوه‌ییانه‌م ببه‌
له‌وبێسووسه‌دا دامبنێ‌  "كه‌خۆتی"
بابه‌سه‌ر ئه‌ودابچۆڕێمه‌وه‌
كه‌وشه‌نه‌كه‌م، بمناسه‌وه‌
به‌هێنده‌ی بارستایی دڵی مێرووله‌
له‌ته‌نهایی فێربووم ( مه‌رگ)
مه‌زنیش له‌تۆ (عیشق) !
ڕژانم له‌نێو گۆزه‌ی مه‌غزمدا گردكردۆته‌وه‌
وه‌لێ‌ هه‌ر ده‌بێت بپرژێم
به‌سه‌ر نیگا شینه‌كانتا..
كه‌وشه‌نه‌كه‌م..
توڕه‌بوونی تۆ
له‌دووری سپێده‌یه‌كی باڵنه‌كراو، كه‌وشه‌ن
توڕه‌بوونی تۆ
له‌چاوه‌ڕوانی زیاترله‌وه‌ی نه‌تده‌ویست
به‌ئاو ده‌چێ ،
من ده‌یبینم،ده‌یبیستم
چۆن چۆنی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی
ڕۆژانێك حه‌قیقه‌ت بوون
به‌تاڵ ده‌بنه‌وه‌و
تا قوڵایی ڕۆحت ناڕۆن
شه‌كه‌ت شه‌كه‌ت به‌لێواری لێوه‌كانته‌وه‌  ده‌نیشنه‌وه‌،!
بۆیه‌ ئه‌ی ڤرالی من
ئه‌ی سپێده‌تر له‌قه‌سیده‌یه‌كی شینی خۆت
درۆیه‌كی سپیم
خسته‌ نێو گفتوگۆ پڕ گله‌ییه‌كانی نێوانمان
تا داسه‌كنێ‌ توڕه‌یت
كه‌وشه‌نه‌كه‌م… بمناسه‌وه‌
ئـه‌ی ئیـمـپـڕاتۆر..
ئه‌ی وه‌ك تراویلكه‌ په‌رجوو
ئه‌ی  هه‌موو شت له‌م ڤاله‌ی دڵه‌مدا
ئه‌ی ڕێواسی سه‌وزی وه‌رزی…( ع،ی،ش،ق )
من به‌ بێ‌ تۆ
وه‌ك بێكه‌س ترین ده‌ریاوان
خه‌ریكی داگرتنی چارۆكه‌ی ئومێدم
من به‌بێ تۆ ته‌نهاترم له‌ خه‌زان
من به‌بێ‌ تۆ ڤارییه‌كم
كاتژمێره‌كه‌م خوێنی له‌به‌ر ده‌چۆڕێت
خوێنی له‌به‌ر ده‌چۆڕێت كاتژمێره‌كه‌م
له‌من مه‌پرسه‌ "هه‌ناسه‌كه‌م"
ئافریده‌، زه‌مه‌نی كوشت
نه‌ك (من)ێكی بێ‌ خۆم له‌م سارای هزره‌دا…
پێم مه‌ڵێ‌:
ئه‌رێ‌ ئه‌م لافاوی خوێنه‌ له‌كوێوه‌ هات ؟
ئه‌م نه‌وڕه‌سی ئومێدانه‌ كوێڕا پیربوون؟
هیچ مه‌ڵێ‌، چیم وت بیڵێره‌وه‌
به‌ چه‌لۆ قه‌سه‌م،كاتێك قوڕگی پڕ ئه‌بێ‌ له‌ گریان بۆ خودا
من تۆم خۆش ئه‌وێ‌..
هیچ مه‌لێ‌،ئه‌وه‌ی وتم بیڵێره‌وه‌…

((كه‌من لێره‌ له‌ دووری تۆ
نێوچه‌وانی ئاسوده‌گیم
به‌سه‌رپۆشی خه‌م به‌ستووه‌!.))
ده‌بێت ئه‌وه‌ چاوگی
ڕه‌قبوونه‌وه‌ی عیشق نه‌بێت ؟!
نا..نا…
كه‌وشه‌نه‌كه‌م… بمناسه‌وه‌
كوڕێكم قاوه‌یترم له‌خۆم
شینترم له‌ تۆ
بمناسه‌وه‌
ئه‌ی به‌فری ناو گۆرانییه‌كی كاروان عوسمان
ئه‌ی مۆمه‌ شیعری نه‌تواوه‌
له‌په‌رتووكی تراویلكه‌ ئاسای
هزر و بوونمدا
من  تۆز له‌ ئاوازه‌كانم هه‌ڵده‌ستێ‌
چاوه‌ڕێتم …
"بمكه‌یته‌وه‌ به‌ تیانووسی یادگارییه‌كانی خۆت و
شه‌ڵاڵم بكه‌یته‌وه‌
به‌ بۆنی ئێواره‌ مه‌سته‌كانی ژووان.."
كه‌وشه‌نه‌كه‌م…
ئه‌ی سێوتر له‌و ئێوارانه‌ی
به‌ده‌م سه‌رهه‌ڵبڕینێكه‌وه‌ بۆ ئاسۆ
ئاینده‌ت له‌ كۆشی بووندا ده‌لاواند
حه‌وت قه‌سیده‌ی پرته‌قاڵیمت
ده‌خسته‌ قوڵایی خه‌یاڵته‌وه‌و
جارناجارێكیش  گومانت له‌په‌ڵه‌ هه‌ورێكی چاوبز ده‌كرد
عیشقت سه‌یوان و سۆزت له‌په‌نجه‌كانت ده‌ڕژا
دڵنیاتر له‌خۆت ،دڵنیابوویت له‌من
ده‌ساوه‌ره‌ و بمناسه‌وه‌ …ئه‌ی كچی مه‌كر
ئه‌ی تۆختر له‌و شه‌وه‌ پڕ له‌ نووره‌ی
عیشقمان تێدا به‌یان كرد
عیشقمان تێدا ڕوواند..
خۆت هاتیت و ئاگرت به‌ردا
له‌ هه‌ڵبه‌سته‌ لیركه‌كانی زه‌مه‌نی پڕ ته‌نیایم
خۆم هاتم و
ڕووبارێ‌ زێمارم ڕژانده‌سه‌ر
كووره‌ی ئاگری حه‌زی بێ‌ حه‌ددی تۆ
ئه‌وه‌ من بووم
له‌نێو"سه‌رابی چاوه‌ڕوانی ده‌رم هێنایت..بمناسه‌‌وه‌..
ئه‌‌وه‌ من بووم
له‌شین بوونت ئاوی ئه‌‌وم ده‌خوارده‌‌وه‌
ئه‌وێك كه‌ خۆی به‌تاڵێك  قه‌صیده‌ی خۆڵاوییه‌وه‌
نووساندووه‌و
له‌ ڕاڤه‌ی گیا پیرتره‌..!!
مناڵانه‌ هاوار  ده‌كه‌م
بمناسه‌وه‌…كه‌وشه‌نه‌كه‌م
ئه‌وه‌ من بووم كاتێ‌ به‌ته‌نیشت ڕۆژدا
ئاسنگه‌ر ئاسا پرته‌وی چاوه‌كانت و
په‌یامه‌ مۆنه‌كانم ده‌چنییه‌وه‌و
داسێ‌ له‌ خه‌مم چێ‌ ده‌كرد
بۆ دروێنه‌ كردنی
ئه‌م لاشه‌یه‌ی پڕپڕه‌ له‌چڵ وچێو..له‌تۆ..تۆ..!!
بمناسه‌وه‌….كه‌وشه‌نه‌كه‌م
ئه‌ی ئیمپراتۆر
ئه‌ی هه‌موو شت  له‌م ڤاله‌ی دڵه‌مدا..
ب م ن ا س ه‌ و ه‌.
Tekoshar.khaled@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply