
له‌ودیوی ئیمانه‌وه ….. نوری بێخاڵی
روانگه
" هه‌وڵدان بۆ خوڵقاندنی به‌هه‌شت له‌سه‌ر زه‌وی، ده‌بێته مایه‌ی خوڵقاندنی دۆزه‌خ – كارل پۆپه‌ر"، ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی پۆپه‌ر له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و دروشم و بانگه‌شه‌ی سیاسی هێزه ئیسلامییه‌كان ورد بكه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین كه له سای ئه‌و هێزانه چ دۆزه‌خێك بۆمان به‌ڕێوه‌یه، به تایبه‌تی كه بۆ ئه‌وان (خوا) باشترین پاساوه تا لێیه‌وه بخزێنه ناو هوشیاریمان و دواجاریش پاساوی پڕۆسه و هه‌وڵه دژه ئازادی و دیموكراسییه‌كانیان بده‌نه‌وه. به مانایه‌كی دی هێزه ئیسلامییه‌كان، كه به‌رمه‌بنای عه‌قیده‌یه‌كی خاوه‌ن حه‌قیقه‌تی ره‌ها و نه‌گۆڕ په‌یامه‌كانیان ئاراسته ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵیدا (خودا) ده‌كه‌نه قه‌ڵغان بۆ چوونه سه‌ر ته‌ختی عه‌رش، به خه‌ونی به به‌هشت كردنی ژیان، جگه له هێنانی وێرانی و دروستكردنی دۆزه‌خێك، ئه‌سته‌مه شتێكی شیاوتر له‌گه‌ڵ خۆیاندا بێنن.
كاتێ ئه‌میری هێزێكی ئیسلامی به ئاشكرا له سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن ده‌ڵێ " هه‌ر یاسا و بڕیارێك له په‌رله‌ماندا ده‌ربچێ، كه له‌گه‌ڵ رۆحی ده‌ق و شه‌ریعه‌تدا نه‌گونجێ، ئه‌گه‌ر هاووڵاتی له ماڵی خۆی دژی نه‌بێ، كافره"، ئه‌وا رێك پێمان ده‌ڵێ عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌تان كلیل دهن و خۆتان راده‌ستی قه‌ده‌ری حه‌قیقه‌ته‌كانی من بكه‌ن، ئیراده و تاكێتی و ئازادییه كه‌سیه‌كانتان بده‌نه ده‌ست دوا حوكمه‌كانی من، چونكه له پشتی ئه‌و بیركردنه‌وه و حوكمانه‌ی من ده‌قی پیرۆز و خوا هه‌ن، كاتێكیش كه‌سێك به حه‌قیقه‌تی ره‌هاوه بێته مه‌یدان، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه بیركردنه‌وه و توێژینه‌وه و داهێنان و پێشكه‌وتن و گۆڕان، ناچارن بارگه و بنه‌ی خۆیان بپێچنه‌وه و ژیان پڕی ده‌بێ له دووباره بوونه‌وه و خۆجووینه‌وه و خولانه‌وه‌ی بێ ئاكام و پووچگه‌رایی، مه‌گه‌ر ته‌نزیری ئه‌و جۆره زاتانه بۆ خۆی ئاماژه نین بۆ هاتنه ئارای ئه‌و دۆزه‌خه، دۆزه‌خێك ئامرازه‌كانی بریتین له ته‌كفیر و دواجار شه‌رعیه‌تدان به تیرۆر، كه له رێگه‌یانه‌وه تاك ده‌بێته كائینێكی ده‌سته‌پاچه و پاسیڤی بێ پرسیار و گومان و نیگه‌رانی!
(سان جیرۆم) ده‌ڵێ " دوور نییه به ته‌نها خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌یه‌ك، پاكیزه‌یی خۆت له ده‌ست بده‌یت"، ئه‌و قسه‌یه‌ی جیرۆم ئه‌گه‌ر له ئاسته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی و له‌به‌ر رۆشنایی عه‌قیده‌ی ئیسلامی سیاسی‌دا بیخوێنیته‌وه، رێك به‌سه‌ر واقیعی كۆمه‌ڵگه نهریتسالار و باوهڕسالارهكاندا ده‌چه‌سپێ، كه كوردستان به‌شێكی ئه‌و جوگرافیا داخراوه‌ی نه‌ریت و ستراكتۆره كۆمه‌ڵایه‌تی و گوتاره ئاینییه‌یه، كه تاكه‌كانی مه‌حكوم كردووه به شه‌رمنی و ترسنۆكی و رۆحی پرسیاری تیا كووشتوون و له هه‌ر چركه‌یه‌كیشدا خودئیرادهیی له تاكدا ده‌ركه‌وتبێ، دواجار مه‌حكوم بووه به حوكم و بڕیاره پێشوه‌خته جیاوازی كوژه‌كانی ئه‌و گوتاره دۆگما و په‌ڕگیر و تاك دونیابینی و خاوه‌ن حه‌قیقه‌ته ره‌ها و به پیرۆزكراوانه.
به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌و تابۆ و تهوتهمانه، به تایبه‌تی له‌و رۆژگاره‌دا، كه خه‌ریكه چیڕۆكی نێو نووسینه‌كانی (ساراماگۆ) به شێوه‌یه‌كی تر له‌م ژینگه‌یه دووباره ده‌بنه‌وه، به‌وه‌ی ده‌ڵێ "تا خاوه‌ن كتێبه پیرۆزه‌كان نه‌هاتبوون، ئێمه خاوه‌نی زه‌وی و سامان بووین، كه ئه‌وان هاتن، بینیمان كتێبه‌كان له ده‌ستی ئێمه‌دان و نوێژ ده‌كه‌ین، ئه‌وانیش بوونه خاوه‌نی زه‌وی و سامانه‌كانمان)، ناشێ به‌ناوی ترس له نابوودكردن و له ده‌ستدانی پاكیزه‌یی، ئه‌و پرسیارانه له خۆمان نه‌كه‌ین به‌وه‌ی، ئایا بۆ ناسین و گه‌یشتن به خودا ته‌نها یه‌ك تاكه رێگا هه‌یه و ئه‌میر و ئهمیندارێك ده‌لیلی خه‌ڵكن بۆ گه‌یشتن به دوا هه‌واری ئه‌و رێگایه؟ ئایا خودا رێگه‌ی به كه‌س و لایه‌نێك داوه نماینده‌ی ئه‌و بێت و ده‌ستمان بگرێ به‌ره‌و به‌هه‌شت و ترسی دۆزه‌خمان لێ دوور بكاته‌وه؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بوون و لێمان نه‌بوونه ریش سپی، كه‌سمان خوا ناناسین؟ ئایا خودا له ناو گوتاره حه‌ماسییه‌كانی ئه‌واندایه و كه‌سمان له ناوه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست به بوونی خوا ناكه‌ین؟
ئه‌گه‌ر وایه ده‌ی با هه‌موومان بچینه حزوور خزمه‌تی ئه‌وان و له به‌رامبه‌ر خۆ سووركردنه‌وه و ده‌نگ هه‌ڵبڕین و وه‌عزه ئهخلاقییهكانیاندا داوای تۆبه و كه‌فاره‌ت بكه‌ین!