Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن یه‌كتر قبوڵبكه‌ن

پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن یه‌كتر قبوڵبكه‌ن

Closed
by August 10, 2009 گشتی

توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

له‌مێژه‌ كۆمه‌ڵناسی مه‌زن: عه‌لی وه‌ردی وتویه‌تی:" كۆمه‌ڵگاكه‌مان نه‌خۆشه‌ به‌په‌تای كۆنه‌پارێزی‌و خێڵه‌كی‌و دواكه‌وتنه‌وه‌، كولتووری ستایشكردن باڵاده‌سته‌‌و شه‌خس‌و زاتی ناودار ده‌په‌رستین، ده‌بێت هه‌موومان وه‌كو یه‌ك ره‌فتار بكه‌ین‌و جیاواز نه‌بین. ئه‌و وته‌ به‌نرخه‌ هه‌تاكو ئه‌مڕۆش بره‌وی هه‌یه‌‌و هۆكاری هه‌ره‌ گرنگ له‌قبوڵنه‌كردنی جیاوازیدا، په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی–خێزانییه‌، رۆحی جیاوازی له‌پره‌نسیپه‌ گرنگه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌، جیاوازی ره‌گه‌زیی (نێر‌و مێ‌)، نایه‌كسانی مامه‌ڵه‌كردن به‌رامبه‌ر به‌ جێنده‌ر‌و ته‌مه‌ن‌و ره‌نگ‌و سامان‌و زیره‌كی‌و ته‌مه‌ڵی‌و حیزبی‌و ناحیزبی‌و… تاد. ئاماده‌یه‌ له‌نێو خێزان‌و خێڵ‌و كۆمه‌ڵگا‌و داموده‌زگاكانماندا، بووه‌ته‌ كولتوور‌و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگای كوردی، به‌درێژایی مێژوو پیاده‌كراوه‌‌و به‌رجه‌سته‌ بووه‌ له‌نێو هه‌ست‌و نه‌ستماندا، بووه‌ته‌ پێكهێنه‌ری عه‌قڵییه‌تمان.! به‌درێژایی مێژوو، هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ته‌كانی جیاوازی (وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ، ئایین، زمان) بووه‌ته‌ هۆكار بۆ كوشت‌و كوشتار، ئه‌مه‌ش ترس‌و بێ متمانه‌یی لای تاكی كورد دروستكردووه‌‌و له‌هه‌ست‌و نه‌ستیدا كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌پێكه‌وه‌ ژیانی جیاوازه‌كاندا نه‌خه‌مڵیووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ئه‌رزی واقیعدا بۆته‌ فاكته‌رێك بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژی‌و زه‌بروزه‌نگی.! بۆ پاسادانی ئه‌م قسه‌یه‌شمان بڕوانه‌ مێژوو كه‌سیخناخه‌ له‌حیكایه‌ته‌كانی شه‌ڕ‌و كوشتن‌و كاولكاری..!
ره‌نگه‌ نه‌زانی‌و نه‌خوێنده‌واری‌و جه‌هاله‌ت كه‌ هۆكارن بۆ دروستكردنی مرۆڤێكی غه‌ریزیی ده‌مارگیر كه‌ فه‌رهه‌نگی شارستانی‌و مه‌ده‌نی‌و پێكه‌وه‌ گونجانی قبۆڵنه‌كردووه‌.. هه‌روه‌ها بیروباوه‌ڕی ئایینی په‌ڕگیر‌و مه‌زهه‌بی خۆسه‌پێن، فه‌رهه‌نگێكن جێی قبوڵكردنی جیاوازییه‌كانی تیادا نابێته‌وه‌ ، شه‌ڕو شه‌ڕانگێزی‌و به‌كارهێنانی توندوتیژی سروشتی كولتووری ئه‌م توێژ‌و چینه‌ن له‌ كۆمه‌ڵگادا، كه‌ به‌رده‌وام سڕینه‌وه‌‌و ته‌فروتووناكردنی جیاواز پیشه‌‌و كاروكرده‌وه‌یه‌تی..!
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌‌و لێكنه‌بووردن ستراتیژی هه‌میشه‌یی ئه‌مجۆره‌ توێژ‌و چینانه‌ن، له‌ كۆنه‌وه‌ په‌نده‌ ناوداره‌كه‌ی حاموڕابی" دانێك به‌ دانێ‌ چاوێك به‌چاوێ‌ " دروشمی ژیان بووه‌‌و وه‌كو یاسا‌و رێسا، ئه‌تنی‌و ئایین‌و مه‌زهه‌ب‌و نه‌ته‌وه‌ جوداكانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ وه‌كو دابونه‌ریتێكی سوونته‌؟؟ پێروز گه‌را كاریان پێكردووه‌.!!
هۆكارێكی دیكه‌ی قبوڵنه‌كردنی جیاوازی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان ساڵانێكی دوور‌و درێژ له‌ژێر ره‌حمه‌تی شه‌ڕ‌و كاولكاری‌و وێرانبووندا ژیاوه‌ كه‌شێواندنی كه‌سێتی‌و وێرانبوونی ده‌روون‌و تێكچوونی ره‌فتاری مرۆڤانه‌ی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌.. شه‌ڕ، مرۆڤ له‌ سروشتی هیومانیستی دێنێته‌ ده‌ر‌و سروشتی ئاژه‌ڵانه‌ی پێده‌به‌خشێ، له‌ كه‌شوهه‌وای ئاشتییانه‌‌و هێمنانه‌ی دوور ده‌خاته‌وه‌، كه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی جیاوازی قبوڵكردن‌و پێكه‌وه‌ گونجان‌و رق‌و كینه‌ن، كه‌ بناغه‌ن بۆ لێبوورده‌یی‌و نه‌هێشتنی بیرۆكه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌!
 به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخی كوردیدا، هه‌تا ئه‌مڕۆكه‌ش زه‌مینه‌ زۆر خۆشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی خێڵه‌گه‌رایی‌و مه‌زهه‌بی‌و ئه‌قلیمگه‌رایی‌و بنه‌ماڵه‌خوازیی و ئه‌تنیخوازی‌و ده‌ڤه‌رخوازی سه‌رده‌ست‌و باڵاده‌ست‌و خوازراو بن بۆ به‌هێزكردنی توێژ‌و چینێك دژ به‌ ئه‌وانه‌ی دیكه‌ی جیاواز، بۆیه‌ ستایشكردنی كاریزمای سیاسی یان كه‌سێتییه‌كی ئاینیی یان خێڵه‌كی یان حیزبی یان ئه‌تنی‌و مه‌زهه‌بی یان رۆشنبیری‌و مه‌عریفی.. كرده‌وه‌ گه‌لێكن له‌م رۆژگاره‌دا بره‌وی پێده‌درێن‌و زه‌ق‌و گه‌وره‌ كراونه‌ته‌وه‌..
زه‌مینه‌ خۆشه‌و ئاماده‌باشی له‌ ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاك به‌ جه‌ماوه‌ر‌و به‌ كۆمه‌ڵ بیر بكاته‌وه‌ و ره‌فتار بنوێنێ‌، بۆیه‌ ستایشكردن‌و پیاهه‌ڵدان ده‌كاته‌ فه‌رهه‌نگ و كولتوور..
 وه‌ك ئایدیۆلۆژیستێك، فوو ده‌كات به‌ جه‌سته‌‌و لاشه‌ی (كاریزما) یه‌كدا‌و شێخ یان ئاغا یان سه‌رۆك خێڵ ‌و حیزب یان نووسه‌رو بیرمه‌ندو مونه‌زرێكی سیاسی ده‌كاته‌ فریادڕه‌س‌و ئاسووده‌به‌خش، دواجار بنووس و نوسه‌ری ده‌ربار‌و ستایشكار‌و ئینشانووس‌و پیاهه‌ڵده‌ر، به‌ سه‌دان‌و هه‌زاران هه‌وادار كۆده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ پاراستنی رۆحی فووتێكراوی ئه‌م كاریزمایه‌.. هه‌روه‌ها به‌ هه‌زاران دوژمنی وه‌همی بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پاراستن‌و مانه‌وه‌ی كاریزما‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ی دروستده‌كه‌ن، ئیدی ئه‌م دۆزه‌ ئه‌وه‌نده‌ موقه‌ده‌س‌و پیرۆز ده‌كرێت، كه‌س ناتوانێت دژ به‌م شه‌پۆله‌ مه‌له‌ بكات، یان بدوێت و رچه‌شكێن‌و یاخی‌و سنوور به‌زێن‌و بوێر بێت، كه‌س رێپێدرا‌و نابێت دژه‌باوبێت، یاخود ره‌خنه‌گری ئه‌و ره‌وشه‌ دیماگۆگه‌ بێت چونكه‌ به‌ جووداكار‌و جیاواز حسێبی بۆ ده‌كرێت، به‌ یاخی‌و ئانارشیزم‌و گێره‌شێوێن‌و تێكده‌ر‌و تیرۆریست ناوزه‌د ده‌كرێت، به‌ دوژمنی سه‌رسه‌خت‌و باوه‌كوشته‌ی نه‌ته‌وه‌‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و كۆمه‌ڵگا‌و نیشتمان له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت، به‌خایینی گه‌وره‌ و پله‌ یه‌ك تاوانبار ده‌كرێت.. به‌ نه‌خوێنده‌وار‌و كاڵفام‌و جوانكوژ‌و كافر‌و كۆنه‌خواز داده‌نرێت.!
هه‌رچه‌نده‌ بانگه‌شه‌ی جیاوازی قبوڵكردن‌و دیالۆگ‌و دێبات‌و ئارگومێنتخوازی ده‌كرێت لێره‌و له‌وێ‌ ، به‌ڵام له‌راستیدا وانییه‌ ، دروشم‌و هیتاف‌و قسه‌ی زل زل ده‌كرێت به‌ مانشێت‌و به‌ باج‌و ئارم‌و لافیته‌‌و تایتڵ‌و به‌ نێوچه‌وان‌و سه‌رسنگه‌وه‌ بریقه‌یان دێت، به‌ڵام له‌ واقیعدا‌و له‌ كۆنه‌ست‌و كۆهۆشیاری زۆرێك له‌م هێزانه‌دا، دیوه‌ ناشرین‌و دزیۆ‌و قێزه‌ونه‌كه‌مان لێوه‌ دیاره‌‌و ره‌فتاری بزێو‌و بڕیاری دزێوترمان له‌گه‌ڵدا ده‌كات!
مه‌خابن و جه‌خار، هێشتاكه‌ له‌ نه‌ستی هه‌موو لایه‌كماندا رق‌و كینه‌ گرد ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ رۆحی شه‌ڕانگێزییه‌كی داپۆشراوه‌وه‌ بیرده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ گیانی نالێبورده‌یی‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌وه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا كه‌ ئاوێنه‌ن‌و وێنه‌ی تێكشكاوی خۆمان‌و ده‌روونمان‌و كرده‌وه‌كانمان نیشان ده‌ده‌نه‌وه‌.
توندوتیژین به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌ جارێك له‌ جاران وشه‌ی (نا)مان به‌رامبه‌ر به‌كاردێنێ‌‌و چیدیكه‌ پێی لۆژێك‌و ره‌وا نییه‌ وشه‌ی ( ئه‌رێ‌‌و به‌ڵێ‌) به‌درێژایی ژیان‌و خۆی به‌كاربێنێ‌!
كولتووری یه‌كڕه‌نگی‌و یه‌كده‌نگی‌و یه‌كحیزبی‌و یه‌كته‌وه‌ریی مێژووییه‌كی درێژی هه‌یه‌ لای ئێمه‌ی كورد.. ئه‌م توێژو چینه‌ یان ئه‌م ته‌رزه‌ هزرو بیركردنه‌وه‌یه‌ (له‌ ده‌سه‌ڵات)  فه‌رمانڕه‌وا بوون، به‌ ئاگر‌و ئاسن به‌ربه‌ره‌كانیی ره‌نگ‌و ده‌نگی جیاوازی كردووه‌، هه‌رگیز ده‌رفه‌تی نه‌داوه‌ كه‌ مینبه‌ر‌و سه‌كۆیه‌ك بۆ دیالۆگ‌و ئاخاوتن دابین بكات، هه‌میشه‌ پێناسه‌یه‌كی زل‌و وه‌همی بۆ خۆی كردووه‌ پێكهاته‌‌و ستراكتۆری توێژ‌و چین‌و كۆمه‌ڵی خۆی به‌ موقه‌ده‌س‌و هیلال هه‌ڵگرێكی پیرۆز وێنا كردووه‌، هه‌رده‌م هێزێكی توندبووه‌ به‌ڵام ترسیشی هه‌بووه‌ له‌ گووتنی راستی‌و هه‌قیقه‌ت.. له‌ ئاشكراكردنی قه‌یران‌و كێماسی‌و گه‌نده‌ڵییه‌كاندا..
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌‌و هه‌یبه‌ته‌ شكۆداره‌ (وه‌همییه‌ش) نه‌شێوێت، په‌نای بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژی‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتری جیاوازو ئۆپۆزسیۆن بردووه‌، میكانیزمه‌كانی به‌ربه‌ره‌كانیی دژ به‌ ناستایشكار‌و ره‌خنه‌گران‌و جووداخوازان به‌ شێوازی زه‌بر‌وزه‌نگی به‌كارهێناوه‌!!
 به‌ حوكمی خۆسه‌پێنی ده‌سه‌ڵات: كۆمه‌ڵگایه‌ك چێبووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ رێژه‌ی نه‌گۆڕ 7/22 بوون كه‌ هه‌واداری كوێرانه‌‌و ستایشخواز بگرنه‌ ئامێز‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا جیاوازی‌و ره‌خنه‌‌و ده‌نگی جووداییان پێ قبوڵنه‌كرێت…. به‌ حوكمی خۆسه‌پێنی ده‌سه‌ڵات:  كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌تا سه‌ر هێسك پڕه‌ له‌ ئیشكالییه‌ت‌و نه‌خۆشی‌و دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دزیۆ‌و ناشرین.. بره‌و به‌ یه‌كتاپه‌رستی‌و كاریزماپه‌رستی ده‌دات، تاكه‌كانی نه‌خۆش بن به‌ په‌تای نێرگسی‌و سادیزم‌و خۆپه‌رستی‌و ئایدیای دۆگمایی..
 به‌ حوكمی خۆسه‌پێنی ده‌سه‌ڵات: دیماگۆگیزم چێبووه‌ كه‌ هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی موقه‌ده‌سه‌  به‌ یه‌ك ئایین‌و شارستانی‌و كولتوور.. هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و هاونیشتمانیی كاڵتر كردۆته‌وه‌.. نایه‌كسانی‌و نادادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ناته‌بایی چێبووه‌..  نائومێدی باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ر كایه‌كانی ژیانیاندا… خۆشه‌ویستی‌و به‌های به‌رزی مرۆڤ‌و كولتووری لێبورده‌یی‌و ئاشتی تیایاندا نادیار‌و غایبه‌..!
به‌ حوكمی خۆسه‌پێنی ده‌سه‌ڵات: فه‌رهه‌نگی خێڵه‌كی‌و بنه‌ماڵه‌‌و پله‌‌وپایه‌‌و ساماندارێتی‌و هێز‌و ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ پێوه‌ر بۆ قبوڵكردنی به‌رامبه‌ر‌و ئه‌ویتری جوودا بۆ پێكه‌وه‌گونجان‌و پێكه‌وه‌ژیانێكی شێواو‌و له‌رزۆك‌و نابه‌رده‌وام..!
كه‌واته‌ له‌م چركه‌ساته‌وه‌:  له‌ كوردستانی ئه‌مڕۆدا پێویستمان به‌په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی–شارستانی–هیومانیستییه‌.. كه‌ خۆشه‌ویستی‌و رێزگرتنی ئینسان وه‌ك مرۆیه‌كی شكۆدار بكاته‌ پێوه‌ر بۆ هاوڵاتیبوون، كه‌ كولتووری لێبوورده‌یی‌و ئاشتیخوازی و یه‌كتر قبوڵكردن به‌هێزی یاسا‌و ده‌ستوور ده‌سته‌به‌ر بكات.. كه‌ دواجار بتوانێت سه‌رله‌نوێ ئاسووده‌یی ده‌روونی بۆ تاكی كوردی خاوه‌ن ئیراده‌ ده‌سته‌به‌ر بكاته‌وه‌، كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌: ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بتوانین به‌ ڕه‌وشت‌و ئه‌خلاق‌و عه‌قڵییه‌تێكی مه‌ده‌نییه‌وه‌، ئاین‌و مه‌زهه‌ب‌و نه‌ته‌وه‌‌و ئه‌تنی و حیزب و بزووتنه‌وه‌ی جوودا قبوڵ بكه‌ین..! ئه‌گه‌رنا ئه‌وا ئه‌گه‌ری بنیاتنانه‌وه‌ی دیكتاتۆری و فاشییه‌ت له‌ ئارادایه‌.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.