Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

كوردایەتیت پێدەفرۆشم…..موحسین خالیدی

Be First!
by February 17, 2009 گشتی

 كوردایەتیت پێدەفرۆشم
 موحسین خالیدی
 
 بیركردنەوە لە گلۆبالیزم و دەستهەڵگرتن لە ناسیۆنالیزم، كۆمەڵێك تیۆری بیرمەندانی ئەوروپییە كە بەپێی بارودۆخی تایبەتی ئەو وڵاتانە لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و رۆشنبیری هاتوونەتە كایەوە، سەپاندنی بە سەر نەتەوە ژێردەستەكانی وەك كورد، لە قسەی زل بەولاوە هیچی دیكە نییە. ئەو كوردانەش كە پەنای بۆ دەبەن، دەیانەوێ بەوشێوەیە ژێستێكی رۆشنبیرانە بەخۆیان ببەخشن تا ببنە (دریدا و كافكا)ی كوردی.
 ئەزموونی باشووری كوردستان و هەڵسوكەوتی دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا و وڵاتە ئیقلیمییەكان ئەوەی سەلماند كە گواستنەوەی دیموكراسی رۆژئاوایی نەیتوانی شۆڤێنیسم لە مێشكی وڵاتانی بەركەوتەی كورد بسڕێتەوەو كوردبوون بەلای ئەوانەوە لە هەموو تاوانێك گەورەترە.
  بەداخەوە زۆرێك لە ئێمە لەو هەلومەرجە ناسكەدا لەباتی پتەوكردنی ریزەكانمان و بزواندنی هەستی كوردایەتی، هەر كاممان لە لایەك تێدەكۆشین درز بخەینە بناغەكانی ماڵی كورد. بەرپرس بە گەندەڵی دارایی، نووسەر بە قەڵەمی ژەهراوی، فەرمانبەر بە خۆدزینەوە لە كار، هەندێك لایەنی ئیسلامی سیاسی بە فیتی وڵاتانی دراوسێ و چەند لایەنێكی عەلمانیش بەكەوتنە ناو داوای ئیسلامی سیاسی، هەروەها رێژەیەكی بەرچاو لە پیاوانی ئایینی بە زاڵكردنی هەستی ئایینی بەسەر هەستی نەتەوایەتی، زۆربەی خەڵكیش بە پارەپەرەستی و نەمانی ئینتیما و.. هتد، هەر كام لە لایەك ئاو لە ئاشی نەیارانمان دەكەین.
 ئەگەر كۆمەڵێ لە ئێمە باسی كوردایەتی دەكەین، دەمانەوێ كە ئەو دیاردانە نەهێڵین. ئەگەر بەرپرسێك هەستی كوردایەتی مابێ، خۆی لە خەڵك جیاناكاتەوە، ئەگەر نووسەرێك هەستی كوردایەتی مابێ، قەڵەمەكەی بە پارە نافرۆشێ ونابێتە دارەدەستی كەس. ئەو حزبانەش كە فڕیان بە سەر كوردایەتییەوە نەماوە، لەم بارودۆخە هەستیارەدا بیرۆكەی بودجەپەرستی و پڕكردنی گیرفان تەنگی پێهەڵنەدەچنین.
 ئەگەر ئەوپیاوە ئایینیانەی ئێمەش پابەندی كوردایەتی بوونایە، وەبیر خەڵكیان دەهێنایەوە كە پیرۆزیی خاك و نیشتمان لە هەموو شتێك گرنگترە و بە پێی كتێبە ئاسمانییەكان پرۆپاگەندەی بەرگری نیشتمانییان دەكرد و دەیانگوت، میللەتی بێ نیشتمانی ئازاد، دینداریش نییە. زۆربەی خەڵكیش ئەگەر وەك جاران ئینتیمای كوردایەتی بمایە، شارەكەی خۆی پیس نەدەكرد، خواردەمەنی ئیكسپایەری نەدەفرۆشت، كچەكەی نەدەكوشت، منداڵەكەی نەدەچەوساندەوە، لە پێناو هەر كێشەیەك دەستی بۆ چەك نەدەبرد، لە فەرمانگەكان بە باشی كاری دەكرد، لە چەند شوێن بە بن دیوار پارەی وەرنەدەگرت، تێدەكۆشا بێ واسیتە كارەكانی راپەرێنێ و…هتد. بەڵێ ئەگەر كوردایەتی لە ناخماندا مابا، ئێستا نە دوژمن لێمان قیت دەبووەوە، نە ئەوەندەش دەكەوتینە بەرهەڕەشە و مەترسییەوە، هاوكات وڵاتەكەشمان لەوە ئاوەدانتر دەبوو، ئەو دەم بەرپرس نەیدەوێرا گەندەڵی بكات، نەیاران نەیاندەوێرا سەر ببزوون، خەڵك وەك ماڵی خۆی سەیری شارەكەی دەكرد، چونكە قەڵەمی نیشتمانپەروەرەكان و هاواری كوردانەی خەڵك، وەئاگای دێنانەوە. كەواتە لێم مەگرە گەر كوردایەتیت پێدەفرۆشم.  
 

Previous
Next

Leave a Reply