Skip to Content

Wednesday, January 19th, 2022

كوردستان له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردا

Be First!
by April 30, 2009 گشتی

كوردستان له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردا
راپۆرتی شیكاریی:ئاسۆ عوسمان

هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م سه‌رۆكی ره‌شپێست له‌ئه‌مه‌ریكاو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌عێراق، دوایین نموونه‌ش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كان له‌توركیا، ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماند خه‌ڵك له‌ئه‌مه‌ریكاوه‌  تا عێراق ده‌نگ به‌گۆڕان ده‌دات. له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراقدا كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌ك "یوسف حه‌بووبی" توانی له‌شاری "كه‌ربه‌لا" ركابه‌ریی له‌گه‌ڵ تێكڕای قه‌واره‌ سیاسییه‌كاندا بكاو سه‌ره‌نجامیش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت، بردنه‌وه‌ی ئه‌م كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆیه‌  هێمایه‌كه‌ بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی عێراق له‌ماوه‌ی " 6 "ساڵدا به‌ده‌ستیانهێناوه‌, به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان " 18 "ساڵه‌ ئازاده‌و بانگه‌شه‌ی دیموكراسیی ده‌كات. پارتی ویه‌كێتیش به‌رده‌وام شانازیی پێوه‌ده‌كه‌ن، نه‌یانتوانیووه‌ هه‌ڵبژاردنێكی هاوشێوه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردسستانیش كه‌وا بڕیاره‌ له‌مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت، هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری شڵه‌ژاندووه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌كانی پێشوویان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك پێیان بكرێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌قازانجی خۆیان بشكێته‌وه‌و درێژه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیان بده‌ن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی كوردستان داوای ئه‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنه‌كان دیموكراسییانه‌و به‌بێ ساخته‌كاربی ئه‌نجام بدرێت. به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ركیان به‌و راستییه‌ كردبێت له‌هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسییانه‌دا ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستناهێنن، هه‌ربۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێ ساخته‌كارییه‌كی زۆر له‌لایه‌ن پارتی ویه‌كێتییه‌وه‌ بكرێت.
یاسای هه‌ڵبژاردن وبه‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵات
لیستی داخراو، لیستی فره‌بازنه‌یی، پێكهێنانی كۆمیسیۆنێكی تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و رێگا یاساییانه‌ بوون پارتی ویه‌كێتی ده‌یانویست بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له‌ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی سه‌ر به‌و دوو حیزبه‌ن  بیسه‌پێنن، به‌ڵام دوای گوشارێكی زۆر، ته‌نیا توانیان لیستی داخراو بسه‌پێنن. چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه‌ لیستی داخراو كه‌لایه‌ن یه‌كێتی وپارتییه‌وه‌ داكۆكیی زۆری لێكرا، خراپترین شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌و له‌ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی پارتی ویه‌كێتی په‌رله‌مانی ئاینده‌ هاوشێوه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستا ده‌بێت، نه‌ك ناتوانێت نوێنه‌ری خه‌ڵك بێت به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بنه‌ فه‌رمانبه‌ری حیزب. په‌رله‌مانتارێكی سه‌ر به‌لیستی سه‌وز پێیوایه‌ لیستی داخراو یه‌كێكه‌ له‌ئاماژه‌كان ئه‌م دوو حیزبه‌ بۆ ساخته‌كاریی. ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ كه‌نایه‌وێ ناوه‌كه‌ی بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ ده‌ڵێت په‌رله‌مانی ئێستا په‌رله‌مانێكی بێكه‌ڵكه‌ وبه‌ده‌ست مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حیزبه‌كه‌وه‌یه‌و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ركردنی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌كێشان گه‌ڕاوینه‌وه‌ته‌وه‌ بۆمه‌كته‌بیی سیاسیی. باسی له‌وه‌شكرد یه‌كێتی حیزبێكی سۆشیال دیموكراته‌و به‌شێكی زۆری په‌ڕله‌مانتاره‌كانمان له‌لیستی سه‌وز خۆیان به‌چه‌پ ده‌زانن، به‌ڵام له‌سه‌رداوای حیزب ده‌نگمان به‌فره‌ژنی داو ئیستاش ئامانجی لیستی داخراو هیشتنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ به‌م بێده‌سه‌ڵاتییه‌ی ئێستایه‌وه‌.
مێژوو دووباره‌ نابێته‌وه‌
شرۆڤه‌كارانی سیاسیی له‌كوردستان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن مێژوو دووباره‌ نابێته‌وه‌و یه‌كێتی وپارتیش نابنه‌وه‌ به‌حیزبه‌ گه‌وره‌كان. هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێكی سیاسیی نوێ له‌كوردستان وپێده‌چێت چه‌ند لیستێكی نوێ‌ گره‌و له‌یه‌كێتی وپارتی ببه‌نه‌وه‌و شكست به‌لیستی پارتی ویه‌كێتی بهێنن .یان راستر وایه‌ بڵێین نایه‌ڵن ببنه‌وه‌ به‌حیزبه‌ گه‌وره‌كان. هه‌ربۆیه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ئیستفزازكردنی هه‌ر لایه‌نێك ببێته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ریان. ئه‌گه‌رچی له‌هه‌رێمی كوردستاندا هیچ لایه‌نێكی سیاسیی هاوشێوه‌ی هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وا باس له‌سه‌روه‌ریی یاساو كۆمه‌ڵگای "مووئه‌سه‌سات" ناكات به‌ڵام هیچ لایه‌نێكیش هاوشێوه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌ پێشێلی یاسای نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی تاڵه‌بانیدا تێنه‌په‌ڕیوه‌ بۆ بنه‌بڕكردنی ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له‌كاروباری حكومه‌ت، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسیی ومه‌ڵبه‌نده‌كانی یه‌كێتی خوێندنگاو فه‌رمانگاكانی حكومه‌ت به‌كارده‌هێنن بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن. KNN)) كه‌ناڵێكی سه‌ر به‌باڵی ریفۆرمه‌و چه‌ندین جار له‌و كه‌ناڵه‌وه‌ باس له‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ ده‌كرێت حیزب له‌كاروباری حكومه‌تی هه‌رێمدا ده‌یكات. تاڵه‌بانیش كه‌خاوه‌نی پڕۆژه‌ی چاكسازییه‌ تائێستا هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی نه‌كردووه‌، وه‌ها پێشبینی ده‌كرێت تاڵه‌بانی له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مان بگه‌رێته‌وه‌ كوردستان وخۆیشی به‌شداریی له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا بكات كه‌ئێستا حیزبه‌كه‌ی له‌نێو خوێندنگاو فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا ده‌كرێت. ئه‌گه‌رچی پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت یه‌كێتی وپارتی تێكڕای دامه‌زاراوه‌ حكومییه‌كان بخه‌نه‌ خزمه‌تی بانگه‌شه‌ی لیسته‌كه‌ی خۆیان به‌ڵام بتوانن مێژوی سه‌ركه‌وتنیان دووباره‌ ببێته‌وه‌.
هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات
قبوڵنه‌كردنی گه‌مه‌كانی دیموكراسیی له‌لایه‌ن پارته‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ شه‌قامیكوردیی نیگه‌رانكردووه‌و ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕێكی تریان هه‌یه‌. فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ژماره‌ "167" رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌: ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پێده‌چێت له‌كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی كوردستاندا شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ له‌نێوان كادرانی باڵی ریفۆرم ویه‌كێتی نیشتیمانیدا رووبدات. هه‌رچه‌ند فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر ده‌ڵێت"من بڕواناكه‌م به‌بڕیاری سیاسیی هه‌ردولا بڕیاری شه‌ركردن بدرێت به‌ڵام له‌خواره‌وه‌ خه‌ڵكی تێدایه‌ باش له‌مه‌سه‌له‌كان ناگات وباشیش حاڵی نه‌بووه‌. ره‌نگه‌ له‌سه‌ر سندوقی ده‌نگدان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی بچووك شه‌ڕبكه‌وێته‌وه‌". چاودێرێكی سیاسیی كه‌نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌ئاستی مه‌كته‌بی سیاسییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ئاستی سه‌ره‌وه‌ هێمایه‌كه‌ بۆ خواره‌وه‌ تا په‌نا بۆ توندوتیژیی به‌رن له‌كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا. ئه‌و چاودێره‌ پێیوایه‌ كڕینی ده‌هه‌زار پارچه‌ "ده‌مانچه‌" له‌لایه‌ن "ی ن ك"و هه‌ڕه‌شه‌ی قوله‌ی قاف ولێدوانه‌كه‌ی عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی به‌لیستی جیا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكات ده‌بێت باجه‌كه‌ی بدات!. هێمان بۆ توندوتیژیی لای ئه‌م دووحیزبه‌وه‌ كه‌ئه‌سته‌مه‌ بتوانن دۆڕان قبوڵبكه‌ن.
كادرانی پارتی ناڕازیبون
له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌ولێكترازانه‌ی نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وپێكهێنانیلیستی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ به‌شێكیزۆری جه‌ماوه‌ری یه‌كێتـی ده‌نگ به‌لیستی ریفۆرم بده‌ن. ئه‌گه‌رچی بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی وبنه‌ماڵه‌ی بارزانی لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی بڕاوه‌ته‌وه‌،  به‌ڵام به‌شێكی به‌رچاوی كادران وجه‌ماوه‌ری پارتی به‌و لیستی هاوبه‌شه‌ خۆشحاڵ نین وترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێـتی ده‌نگ به‌لیستی نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ن، یه‌كێتی نه‌توانێت ده‌نگێكی ئه‌وتۆ به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ئه‌گه‌رێكی ئاوهاشدا پارتی دیموكرات ده‌بێته‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م. نادیده‌گرتنی بۆچونی جه‌ماوه‌رو كادرانی پارتی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی لیستی ریفۆرم پێده‌چێت زیان به‌ڕیزه‌كانی نێوخۆی ئه‌و حیزبه‌ بگه‌یه‌نێت.
خه‌ونی له‌مێژینه‌ی ئیسلامییه‌كان
له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا پارته‌ ئیسلامییه‌كان هه‌رده‌م له‌به‌رده‌م بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی وپارتیدا شكستیان هێناو تۆمه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌پارته‌ ئیسلامییه‌كان هه‌رده‌م خه‌ڵكی عه‌لمانی كوردستانی رازیكردووه‌، ئیسلامییه‌كانیش هه‌میشه‌ به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤێكدا گه‌ڕاون وه‌ڵام بێت به‌و تومه‌تانه‌ی یه‌كێتی وپارتی، ئه‌گه‌رچی له‌رابردوودا دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ی ئیسلامییه‌كان ئه‌جندای خاریجیان هه‌یه‌و ناتوانن ئازادییه‌ فه‌ردییه‌كان دابینبكه‌ن، له‌كاتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات رێگه‌ له‌ژیانی فره‌حیزبی ده‌گرن، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌وه‌ زۆر نزیكن. لیستی چوار حیزبه‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی ویه‌كگرتوی ئیسلامی له‌هه‌وڵدان بۆ رازیكردنی هه‌ردوو حیزبی زه‌حمه‌تكێشان وسۆسسیالیست. له‌و پێناوه‌دا له‌ئاستی هه‌ریه‌ك له‌عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان وسه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ رازیكردنی هه‌ریه‌ك له‌قادر عه‌زیز سكرتێری حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان ومحه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، تا لیستی چوار حیزبه‌كه‌ پێكبهێنێت وله‌ئه‌گه‌ری درووستبوونی لیستی چوارحیزبه‌ كه‌ئیسلامییه‌كان هه‌لێكی مێژووییان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست ده‌توانن ده‌نگێكی زۆری عه‌لمانییه‌كان مسۆگه‌ر بكه‌ن.
رۆژی گرده‌كه‌ له‌هه‌ڵهاتن نزیكه‌
گرده‌كه‌ ئه‌و زاره‌وه‌ تازه‌یه‌یه‌ ئیستا له‌نێوه‌ندی سیاسیی كوردستان وشه‌قامی كوردیدا، بابه‌تێكی گه‌رم وگوڕه‌، له‌دوای جیابوونه‌وه‌ی باڵی ریفۆرم ودروستكردنی كۆمپانیای وشه‌ له‌گردی زه‌رگه‌ته‌، له‌وده‌مه‌وه‌ گرده‌كه‌ بووه‌ته‌ زاراوه‌یه‌كی سیاسیی وله‌نێوه‌ندی سیاسیی كوردستاندا ژماره‌یه‌كی گرنگه‌. باڵی ریفۆرم كه‌نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات وله‌م گرده‌كه‌وه‌ رینوێنی ده‌كرێت وابڕیاره‌ به‌لیستێكی جیا به‌شداریی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا بكات. یه‌كێتی نیشتیمانی شڵه‌ژاندووه‌و پارتیشی نیگه‌رانكردووه‌. لیستی ریفۆرم پێده‌چێت گورزێكی هێنده‌ كاریگه‌ر بێت یه‌كێتی له‌سه‌ر ته‌وقی سه‌ر بدات به‌ئه‌رزاو جارێكی تر نه‌توانێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێته‌وه‌. چاودێرانی سیاسیی وته‌نانه‌ت رای شه‌قامی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ كۆكه‌: ئه‌گه‌ر لیستی پارتی ویه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌و ساخته‌كاریی نه‌كه‌ن سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لیستی گرده‌كه‌دا ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت، ئه‌وا كارێكی زۆر سه‌خت ودژواره‌. شه‌ڕی ناوخۆو گه‌نده‌ڵیی ئیداریی ونه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان وداگیركردنی بازاڕه‌كان خه‌ڵكی كوردستانی به‌شێوه‌یه‌ك تووڕه‌كردووه‌، پێناچێت ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دووحیزبه‌دا ئاشتببنه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م دوو حیزبه‌ ده‌یانه‌وێت بچنه‌ نێو خه‌ڵك وله‌هه‌وڵی پاره‌ به‌خشینه‌وه‌و كڕینی ده‌نگدان، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م هه‌وڵانه‌ دره‌نگ بێت ونه‌توانێت كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ دابنێت، هه‌ربۆیه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن لیستی گرده‌كه‌ ده‌توانێت سه‌ركه‌وتنێكی  گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنێت.
پایته‌خت بۆ كێ ده‌بێت؟
واپێشبینی ده‌كرێت له‌شاری سلێمانی لیستی نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت ودهۆكیش یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆنتڕۆڵی بكات! هه‌رچه‌نده‌ راپرسییه‌كی دروست له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ به‌ڵام وا پێشبینی ده‌كرێت لیستی ریفۆرم له‌گه‌رمیانیش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت. ململانێی توندیش ده‌كه‌وێته‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت. هه‌رچه‌نده‌ ئیداره‌ی حكومه‌تی پارتی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا له‌رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ كاری باشی بۆ ئه‌و شاره‌ ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام تائێستاش دیارنییه‌ چ لیستێك ده‌توانێت له‌و شاره‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام پێشبینی ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ لیستی چوار حیزبه‌كه‌و لیستی باڵی ریفۆرم له‌و شاره‌دا قورساییه‌كی گه‌وره‌یان هه‌بێت وبتوانن سه‌ركه‌وتنێكی رێژه‌یی به‌ده‌ستبهێنن هه‌رچه‌ند یه‌كێتی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ لیستی گرده‌كه‌ له‌سلێمانی براوه‌ی یه‌كه‌م بێت، هه‌روه‌ك پارتیش خۆی به‌خاوه‌نی دهۆك ده‌زانێت! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی    2005 ده‌بینین پارته‌ ئیسلامییه‌كان له‌شاری دهۆك وزاخۆ گه‌شه‌یه‌كی زۆریان كردووه‌، پارتیش له‌رابردوو ئێستاشدا گه‌شه‌ی هه‌ر پارتێك چ ئیسلامی چ پارته‌كانی تری نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت.  گه‌شه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ده‌ڤه‌ری بادینان وترسی دۆڕاندنی لیستی پارتی له‌به‌رامبه‌ر لیستی یه‌كگرتوو له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی دووهه‌زارو پێنج، سه‌ره‌نجام شه‌ش باره‌گای ئه‌و حیزبه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی پارتی سووتێنران وچوار كادری باڵای ئه‌وحیزبه‌ش كوژران، پارتیش له‌ژێر گوشاردا ناچاركرا له‌به‌رامبه‌ر سووتاندن وكوشتنی ئه‌و كادرانه‌ی یه‌كگرتوو بڕی"6 "ملیۆن دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو بداته‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان.
چاودێرانی بیانیی وترسی پارتی ویه‌كێتی
بوونی چاودێرانی بیانیی له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پاریزگاكانی عێراق توانی رێگه‌ بگرێت له‌هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی ساخته‌كاریی كه‌كار له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، به‌ڵام لیسته‌كانی تر به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتی وپارتی داوای بوونی چاودێری بیانیی ده‌كه‌ن وپێیانوایه‌ له‌ئه‌گه‌رین ه‌بوونی چاودێرانی بیانیی یه‌كێتی وپارتی زیاترده‌رفه‌تی گزیی وساخته‌كارییان هه‌یه‌و مێژوویه‌كیشیان له‌ساخته‌كاریدا هه‌یه‌. یه‌ك له‌سه‌ر سێی ساخته‌كارییه‌كانیش له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌شارێكی بچووكی وه‌ك خانه‌قیندا بووه‌ كه‌ له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی پارتی ویه‌كێتیدایه‌.
كوردستان له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردا
سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان وسه‌قامگیربوونی ئاسایش هه‌یبه‌تێكی به‌خشیوه‌ به‌عێراق و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌رێمی كوردستان رۆژ له‌دوای رۆژ له‌نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ده‌بێته‌وه‌ له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵی ونه‌بوونی شه‌فافیه‌ت وگرتنی رۆژنامه‌نووسان وده‌یان مه‌له‌فی تر. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووانه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ناوه‌ندا، چاودێرانی سیاسیی پێشبینی ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی كوردستان دوا كارتی هه‌رێم ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر دنیای ده‌ره‌وه‌، له‌ئه‌گه‌ری په‌لاماری ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر لیسته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی یان ساخته‌كاریی ئه‌وا ئه‌زموونی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه‌و ئه‌م هه‌رێمه‌ ته‌واوی پشتیوانییه‌ نێَوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ده‌ستده‌دات. بۆیه‌ تاكه‌ رێگایه‌كی دروست وته‌ندروست هه‌ڵبژاردنێكی پاك وشه‌فافه‌، هه‌ردوو رێگاكه‌ش له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدایه‌و ئاكامه‌كانیش به‌باشی له‌به‌رچاوه‌. ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین بزانین كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت.

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply