Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

كورد‌و ئۆباما‌وئاینده‌ی‌ سیاسی‌…عومه‌رمحمه‌د

Be First!

 كورد‌و ئۆباما‌وئاینده‌ی‌ سیاسی‌
 عومه‌رمحمه‌د

 ره‌نگه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بۆهه‌موو كه‌س گرنگیه‌كی‌ نه‌بێت، كه‌ ڕه‌شپێستێك دێته‌ مه‌یدان‌و پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئۆباما كه‌به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقی" ره‌ش پێسته‌"‌و  باوكیشی‌ موسڵمانه‌، گرنگترین سه‌رنجی‌ گه‌ره‌كه‌ له‌سیاسه‌تی‌ ئه‌مرۆی‌ ئه‌مریكادا، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ئه‌مریكا گوزه‌شت كه‌ڕه‌ش پێسته‌كان مافی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بوو له‌كافتریایه‌كدا به‌ئیسراحه‌ت قاوه‌یه‌ك بخۆنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م نوسینه‌ قسه‌ نیه‌ له‌سه‌ر خودی‌ ئۆباما ئه‌وه‌نده‌ی‌ قسه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ نوێی‌ ئه‌مریكا، كه‌ ره‌شپێست " كۆیله‌"یه‌ك به‌ڵام گه‌نجێكی‌ خاوه‌ن جیهان بینی‌ نوێ‌، ده‌خاته‌ سه‌رته‌ختی‌ ده‌سه‌ڵات‌و متمانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پێده‌به‌خشێت، هه‌ڵبژاردنی‌ ئۆباما له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌وه‌ گرنگه‌، كه‌ هاوڵاتی‌ هه‌ر سه‌رۆكێكی‌ نوێی‌ هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، به‌ڵكو به‌پێوانه‌كانی‌ تریش هه‌ڵبژاردنی‌ ئۆباما نوێیه‌ له‌مێژووی‌ وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكادا، به‌هیوام سیاسه‌تێكی‌ نوێشی‌ هه‌بێ‌ سه‌باره‌ت به‌ دژایه‌تی‌ كردنی‌ تیرۆرو مافی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ تر، به‌تایبه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌و گه‌له‌ ژێرده‌سه‌ته‌كان‌و له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ گه‌لی‌ كورد " تاكه‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ بێ‌ ده‌وڵه‌ت" ‌و بی‌ قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌، ئیتر ئۆباما چ سیاسه‌تێك له‌به‌رامبه‌ر كورد‌و هه‌لومه‌رجی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌وه‌یان ئاینده‌‌و رۆژگاری‌ ده‌سه‌ڵات سه‌نگی‌ مه‌حه‌كن.
 به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رایدا پێشبینی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ به‌ئاقاری‌ دیموكراسیه‌تێكی‌ باشتردا گوزه‌ر بكات، به‌ده‌ر له‌مه‌ ناتوانین گره‌و له‌سه‌ر داهاتووی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا بكه‌ین‌و لێی‌ تێبگه‌ین، هه‌رچی‌ بانگه‌شه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن‌و كێبه‌ركێی‌ هه‌ڵبژاردنیشه‌، ناتوانین هیوایه‌كی‌ ئه‌ووتۆیان پێوه‌ گرێبده‌ین، چونكه‌ ئه‌زموونی‌ رابوردوو ئه‌وه‌یه‌ (پروپاگه‌نده‌كانی‌ پێش هه‌ڵبژاردن‌و رۆژانی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر زۆریش پێچه‌وانه‌ نه‌بووبن، ئه‌وا شتێكی‌ ئه‌وتۆیان لێ جیبه‌جێنه‌كراوه‌) به‌ڵام وه‌كو له‌رواڵه‌تدا دیاره‌ ئۆباما به‌پێچه‌وانه‌ی‌ جۆرج بۆشه‌وه‌ پێناچێ‌ مه‌یلی‌ جه‌نگ‌و شه‌رو شۆڕی‌ هه‌بێ‌، ئه‌وه‌ش له‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ دێت كه‌ به‌ڵینی‌ كێشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌عێراق به‌خه‌ڵكی‌ ئه‌مریكاداوه‌‌و به‌ رێگای‌ دیبلۆماسی‌ كێشه‌ئالۆزه‌كان چارسه‌ر بكات "یه‌كێك له‌وانه‌ش كێشه‌ی‌ نێوان كوردو توركیا" یه‌‌و جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌تی‌ له‌ ریفۆرم به‌تایبه‌تی‌ ریفۆرمی‌ ئابوری‌ كه‌وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ گیرۆده‌یه‌.
  ئه‌وه‌ی‌ بۆئێمه‌ گرنگه‌، هیوای‌ لاوازكردنی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌ له‌ عێراقدا، چونكه‌ به‌درێژایی‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق ناوه‌ند به‌هێزبووه‌و په‌راوێزخستن‌و سه‌ركوت‌و ئیستبدای‌ كوردو شیعه‌ی‌ لێكه‌وتووته‌وه‌،بۆیه‌ هیچ كاتێك ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ هه‌ستیان به‌ هاوڵاتی‌ بوونی‌ خۆیان نه‌كردووه‌، كه‌پێناچێ‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ مه‌یلی‌ نوێگه‌ری‌ ئۆبامادا بگونجێ‌، هۆكاری‌ ئه‌م پێش بینیه‌شم، تێفكرینی‌"جۆزیف بایدن" ی‌ جێگرێتی‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ خه‌یاڵی‌ دابه‌شكردنی‌ عێراقی‌ هه‌یه‌و پلانه‌كه‌شی‌ له‌ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ سێ‌ هه‌رێمی‌ به‌هێز ( كورد، سوونه‌، شیعه‌)‌و ناوه‌ندێكی‌ بێهێز.
 بۆیه‌ به‌ ماڵئاوایی‌ جۆرج ده‌بلیوبۆش هه‌قه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ئه‌جندایه‌كی‌ تری‌ هه‌بێ‌، بۆمامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی‌ نوێی‌ ئه‌مریكادا، به‌تایبه‌تی‌ له‌مه‌ڕ به‌رێوه‌بردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌و مه‌سه‌له‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ. وادیاره‌ چیتر لێدانه‌وه‌ی‌ قه‌وانه‌كۆنه‌كه‌" له‌ روخانی‌ رژێمدا به‌شدار بووین "  به‌ده‌ردی‌ نه‌خوا،  ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رده‌می‌ بۆش خواردبێتی‌، پێناچی‌ ئه‌مجۆره‌ قسانه‌ به‌هایان بۆ سه‌رۆكی‌ نوێی‌ ئه‌مریكا هه‌بێ‌. ره‌نگه‌ باشترین هه‌وڵی‌ خۆگونجاندن په‌له‌كردن بێت له‌ریفۆرمی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناوهه‌رێم، به‌تایبه‌تی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بژێوی‌ هاوڵاتیان‌و خزمه‌تگوزاری‌ شایسته‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ هاوچارخ، له‌پێشه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ پێنج ملیونیه‌كه‌ی‌ وه‌زایران‌و په‌رله‌مانتاران، یان ئه‌وانه‌ی‌ له‌هیچی‌ خۆرایی‌ به‌پله‌ی‌ وه‌زیر موچه‌یان بۆبراوه‌ته‌وه‌‌و بوونه‌ته‌ مایه‌ی‌ به‌فیڕۆدانی‌ سامانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، موچه‌كانیان  دابه‌زێنرێ‌و هی‌ فه‌رامانبه‌رانیش به‌رزبكرێته‌وه‌ بۆئاستی‌ قابیل به‌بژێوییان.
 حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌م وێنه‌ شێواوه‌ی‌ ئێستایه‌وه‌ ناكرێت له‌رێزدا بووه‌ستێ‌ بۆ پێشوازی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ نوێی‌ ئه‌مریكا، هیوادارم سیاسه‌تی‌ ئۆباما وابێ‌ به‌حكومه‌تێك قایلنه‌بێ‌ لێوان بێ‌ له‌جیاوازی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ناهه‌قی‌‌و پێشێلكاری‌، بێگومان نامه‌وێت ببمه‌ موبه‌لیغی‌ ئۆباماو له‌ هه‌وه‌نته‌ به‌هار بهێنمه‌ چۆكان، نه‌خێر باش ده‌زانم  ئه‌مریكا لانكه‌ی‌ جیاوازیه‌ چینایه‌تیه‌كانه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كۆیله‌یه‌ك سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش وه‌كو ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ دێرینانه‌ی‌ لای‌ خۆمان نه‌بێ‌ كه‌ هاتنه‌ سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌مووشتێكیان له‌بیركرد‌و زۆر شتیان دۆراند، بۆیه‌ ئێستا هه‌رگیز له‌و كه‌سانه‌ ناچن كه‌ به‌نان‌و دۆیه‌كی‌ گوندنشینه‌كان مه‌منون بوون‌و هه‌ربه‌و نان‌و دۆیه‌ ره‌بایه‌شیان ده‌گرت. كه‌چی‌ ئێستا به‌كنتاكی‌‌و بۆفێی‌ هۆتیله‌ راقیه‌كانیش، به‌ئاسته‌م ده‌جوڵێن‌و قون له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان بڵند ده‌كه‌ن .
 ده‌بوایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان حكومه‌تی‌ خه‌ڵك بێ‌، ده‌بوایه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ كورد ئه‌وه‌ بزانن عه‌ره‌بی‌ شۆڤێنی‌ كه‌ ئێستا دژایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، كێشه‌ی‌ شه‌خێیان له‌گه‌ڵ  سه‌ركردایه‌تی‌ كوردانیه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستیانه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسی‌ شایسته‌ی‌ بۆخه‌ڵكی‌ كوردستان لێنه‌كه‌وێته‌وه‌، كاتێكیش دژایه‌تی‌ فیدرالیزم ده‌كه‌ن، به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌دای‌ خراپی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌نمونه‌ ده‌هێننه‌وه‌، بێگومان هه‌ر مه‌به‌ستێكیان هه‌بێ‌ به‌ده‌ره‌ له‌چاككردنی‌ وه‌زعی‌ هه‌رێم، به‌ڵكو بۆ هه‌مووان ئاشكرایه‌ عه‌ره‌به‌كان مه‌به‌ستێكی‌ سیاسی‌و سته‌مكارانه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ده‌بوو سیاسه‌تمه‌داری‌ كورد پاساو بداته‌ ده‌ستیان‌و به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ زه‌مینه‌ بۆ ئه‌م به‌ناشیرین ته‌ماشاكردنه‌ی‌ هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكات، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌ختێكی‌ له‌ده‌می‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ حزب‌و حكومه‌ت بگرتایه‌ته‌وه‌، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاریه‌كان ته‌رخانبكرایه‌، ئه‌وه‌ بۆ هه‌موولایه‌ك جوانتربوو، ئه‌گه‌ر چه‌ند به‌رپرسێكی‌ گه‌نده‌ڵ‌و تۆمه‌تبارانی‌ ئه‌نفالی‌ بدایه‌ به‌ دادگا، بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ بۆ روخساری‌ ده‌سه‌ڵات جوان بوو، بناغه‌یه‌كی‌ تۆكمه‌شی‌ بۆ ئاینده‌ی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌و متمانه‌ی‌ هاوڵاتی‌ داده‌نا‌و ئیستا ترسی‌ "ئیسناد"یش له‌گۆرێ‌ نه‌ده‌بوو. خۆ ئێستاش نه‌چووه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ كورد له‌ئێستاوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست به‌ دادگایی‌ كردنی‌ ویژدانی‌ خۆی‌‌و به‌رپرسه‌گه‌نده‌ڵه‌كان بكات باشتره‌ له‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ نه‌وه‌ی‌ داهاتوو دادگایییان بكات.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply