بۆنی نه‌وت…..بەشی یەکەم….زاهیر باهیر
بۆنی نه‌وت
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
بەشی یەکەم
خوێن و نه‌وت (Blood and Oil)
نووسینی: مایکڵ کله‌یر Michael Klare
له بڵاوه‌کراوه‌کانی : Penguin Group
چاپی یه‌که‌م، ئه‌مریکا، 2004
سه‌ده‌ی رابوردوو سه‌ده‌یه‌کی خوێناوی بوو. کاره‌سات و ڕووداوی گه‌وره و جه‌رگبڕی به خۆیه‌وه دی. سه‌رتاپای جیهان به ئه‌وروپایشه‌وه له‌و کاره‌ساتانه بێبه‌ش نه‌بوو. ئاماژه‌کردن به نموونه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناوه‌ندی ئاسیا، خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا وه‌ک ڤیێتنام و که‌مبۆدیا و لاوس و..، ئه‌فه‌ریقا به هه‌موو پارچه‌کانییه‌وه، ئه‌مه‌ریکای لاتین و ژاپۆن و چین و ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه دێننه به‌رچاو.
به پێی ئاماره فه‌رمییه‌کان، سه‌رجه‌می خه‌ڵکانێک که له نێوان ساڵانی 1950 و 2000 دا کوژراون، زیاترن له سه‌رجه‌می قوربانییه‌کانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، ئه‌مه بێ له قوربانییه‌کانی تری وه‌ک خه‌ڵکانێک که زیانمه‌ند بوون چ له ڕووی مادییه‌وه یا له ڕووی جه‌سته و له‌شیانه‌وه، یا هه‌موو شتێکیان له‌ده‌ست داوه به هه‌ڵکه‌ندنیان له شوێنه‌کانی خۆیان و ڕاگواستنیان بۆ شوێنی تر.
هه‌موو ئه‌مانه سه‌رئه‌نجامی جه‌نگه چکۆله‌کان بوون، که هه‌ندێکیان زیاتر له 30 ساڵیان خایاندووه و زۆربه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌یش له‌بری ڕووسیا و ئه‌مه‌ریکاوه کراون، یا هه‌ر دوای ده‌ستپێکردنیان خۆیان به یه‌کێک به‌و دوو جه‌مسه‌ره جیهانییه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه، به تایبه‌ت دوای گه‌شه‌کردنی ئه‌مه‌ریکا و ده‌رکه‌وتنی وه‌ک هێزێکی گه‌وره‌ی جیهانی له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م له ململانێی شووره‌وی جاراندا.
ئه‌مه‌ریکا له نێوان ساڵانی 1945 و 2005 دا هه‌وڵی هێنانه‌خواره‌وه‌ی 50 حوکوومه‌تی داوه، که زۆربه‌ی ئه‌و حوکوومه‌تانه دیموکراتی بوون و هه‌وڵی تێکشکانی 30 بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییانه‌ی داوه، که جه‌نگیان دژی ڕیژیمه سته‌مکاره‌کان کردووه و 25 وڵاتیشی بۆردومان کردووه، که بووه‌ته هۆی له‌ده‌ستدانی ژیانی میلیۆنان خه‌ڵک و هه‌ڵکه‌ندن و بڵاوه‌پێکردنی میلیۆنانی تر.(1(
هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه تویژینه‌وه‌یه‌کی زۆر کراوه له سه‌ر هۆی شه‌ڕه‌کان و ئاقار و به‌رنامه و ده‌سکه‌وته‌کانیان. زۆربه‌ی تویژه‌ره‌وه‌کانیش له سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتوون، که شه‌ڕه‌کان شه‌ڕی جیاوازی بووه، شه‌ڕی به‌یه‌کدادانی شارستانییه‌تییه‌کان بوو، شه‌ڕی ئایین و مه‌زهه‌ب و شه‌ڕی به‌یه‌کدادانی ڕه‌گه‌ز و تیره و هۆز و شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی بووه.
مایکڵ کله‌یر(Michael Klare)، له‌م کتێبه‌یدا(خوێن و نه‌وت BLOOD AND OIL)، ڕایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه، که له زۆربه‌ی توێژه‌ره‌وه‌کانی دیکه جودایه. له پێشه‌کی کتێبه‌که‌یدا، له لاپه‌ڕهx دا ده‌ڵێ:"دوای تاوتوێیه‌کی زۆری ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و شه‌ڕانه‌ی، که له ئه‌فه‌ریقا و ئاسیادا به‌رپا بوون، گه‌یشتمه ئه‌نجامیکی تر، که جیاوازییه‌کی ڕادیکالی هه‌یه له هه‌نتینگتن(Huntington)، که ئه‌ویش سه‌رچاوه‌ی ئابووری و سامانه نه‌ک جیاوازی شارستانییه‌تی یا ناسنامه، که ڕه‌گی به‌یه‌کدادانه هاوچه‌رخه‌کانن. له ئه‌نگۆلا و سیاره‌لیۆن، کۆنترۆڵکردنی کێڵگه‌کان یا چاڵه‌کانی دایه‌مۆند، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ڕاگری ئه‌و شه‌ڕه خوێناوییانه بوو. له کۆنگۆ زێڕ و مس و له بۆرنۆ و که‌مبۆدیا دار و دارستان بوون. گیانی ئایینی و هه‌ستی که‌مینه‌یی نه‌ته‌وایه‌تیی به دڵنیاییه‌وه ڕۆڵیان له‌و به‌یه‌کدادانانه‌دا بوون و کایه‌یه‌ک یا تاکتیکێکی بزوێنه‌رانه یا هانده‌رانه بوون له لایه‌ن سه‌رانی تیره و هۆزه‌کانه‌وه، که ئه‌وانیش به ده‌وری خۆیان به‌ڵێنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و سه‌رچاوانه‌یان داوه. توێژینه‌وه‌که‌ی من هه‌میشه بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆ و قسه‌وباس له سه‌ر شه‌ڕ، وای نیشان داوه، که شه‌ڕه‌کان خه‌باتکردن و کێشمه‌کێش بوون بۆ وه‌ده‌ستخستنی کانزا که‌مه نایابه‌کانی وه‌ک دایه‌مۆند و زێڕ و مس و ماسی و ئاو و دار و دره‌خته کۆنبووه‌کان، که بۆ زه‌وییه به پیته‌کان ڕوواون و له چه‌ند نموونه‌یه‌کیشدا نه‌وت".
کله‌یر، له‌م کتێبه‌یدا و له نێو هه‌موو سه‌رچاوه سروشتییه‌کاندا زیاتر جه‌خت له سه‌ر نه‌وت ده‌کات، که بووه‌ته جووڵێنه‌ری ماشێنی ژیانی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌مه‌ریکییه‌کان خراپ فێر بوون. ئه‌وان فێری ئه‌وه بوون، که نه‌وتێکی زۆر و به نرخێکی هه‌رزانیان له‌به‌رده‌ستدا بێت، که ئه‌مه‌یش تا ساڵی 1940یا ڕاستتر تا چله‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو، واته: تا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌مه‌ریکا وه‌ک هێزێکی باڵاده‌ستی گه‌وره له گۆڕه‌پانی ململانێی جیهانیدا سه‌ری هه‌ڵنه‌دابوو و نه‌وتی به‌شی خۆی هه‌بوو، کارێکی ئاسان بوو. له ساڵی 1860ه‌وه تا جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ئه‌مه‌ریکا وڵاتی یه‌که‌م بووه له ده‌رهێنانی نه‌وتدا و پێویستی به نه‌وتی شوێنانی تر نه‌بوو، به‌ڵام له چله‌کانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه ئه‌مه گۆڕا و ئیدی ئه‌مه‌ریکا ده‌ستیکرد به هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه، له ساڵی 1950دا هێنانی نه‌وتی ئه‌مه‌ریکا له ده‌ره‌وه 15%ی سه‌رجه‌می نه‌وتی به‌کارهێنراوی ئه‌مه‌ریکا بوو. له ساڵی 1960دا ئه‌م ڕێژه‌یه چووه سه‌ره‌وه بۆ ڕێژه‌ی 18% و له ساڵی 1970دا ڕێژه‌که دووقات بووه‌وه.
ئه‌مه‌ریکا پێش ده‌ستپێکردنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م 20 ملیار به‌رمیل نه‌وتی پاشه‌که‌وتکراوی هه‌بوو، به‌ڵام له ساڵی 1942دا ڕۆژانه 4 میلیۆن به‌رمیل نه‌وتی پێویست بوو، که ئه‌مه‌یش له ساڵێکدا ده‌یکرده1.45 ملیار به‌رمیل.
بردنه‌وه‌ی هه‌ر جه‌نگێک، له‌وانه‌یش جه‌نگی دووه‌می جیهانی، به پله‌ی یه‌که‌م پشتی به نه‌وت ده‌به‌ست. هه‌ر له ڕۆژانی هێرشکردنه‌سه‌ر پیرڵ هاربه‌ر(Pearl Harbor)1) تا ساڵی 1945، ئه‌مه‌ریکا به 6 میلیار به‌رمیل نه‌وت له‌گه‌ڵ هێزه هاوپه‌یمانه‌کاندا، که سه‌رجه‌م 7 ملیار به‌رمیلیان سه‌رف کردبوو، به‌شداری کرد. بۆ نموونه له‌و جه‌نگه‌دا به‌تالیۆنیکی ئاسایی له ڕێکردنی ته‌نیا 100 میلدا 17000 گاڵۆن به‌نزین و گازی پێویست بووه و به چه‌ند دانه‌یه‌ک له پاپۆڕه جه‌نگییه‌کان یا فڕۆکه جه‌نگییه‌کان له‌گه‌ل پیداویستییه‌کانی تری جه‌نگدا وه‌ک که‌شتیگه‌لی پێنجه‌می ئه‌مه‌ریکی(US fifth fleet)، 630 میلیۆن گاڵۆن گازی له ماوه‌ی ته‌نیا 2 مانگدا سه‌رف کردووه.
ئه‌مه سه‌رده‌می جه‌نگ، دوای جه‌نگیش ئه‌مه‌ریکاییه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وت، که ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت درێژه به به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی ئاسایی ڕۆژانه‌یان بده‌ن، پێویسته رێگه چاره‌یه‌کی تری بۆ بدۆزنه‌وه، چونکه نه‌وت له شاده‌ماره‌کانی له‌شی ئه‌مه‌ریکاییه‌کاندا جێگه‌ی خوێنی گرتووه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌وت له هه‌رسێ بواره سه‌ره‌کییه‌کانی ژیانیان: به‌ڕێکردنی ژیانی ڕۆژانه‌یان، به‌رهه‌مهینان و بازرگانی( واته: کاروباری ئابووری)، هه‌روه‌ها له جه‌نگه‌کانیشیاندا، که بێ نه‌وت ناکرێن، زیاد له پێویست به‌کاری ده‌به‌ن.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه ناگه‌یه‌نیت، که ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه هه‌ستیان به پێویستی نه‌وت کردبێت، به‌لکو زۆر پێشتر له‌م پێویستییه تێگه‌یشتبوون. که‌سێک که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی باشتر ده‌رک پێ کردبێت سه‌رۆک فرانکلین ڕۆزفێڵئلت بووه، که له ساڵی 1945ه‌وه و پێشتریش شا عه‌بدولعه‌زیز کوری سعوودی بینیوه سه‌رجه‌می باسوخواسه‌کانیان به دۆکیۆمێنت هه‌ن. به ڕای کله‌یر مه‌سه‌له‌ی ده‌ستکه‌وتنی نه‌وت به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بووه‌ته ستراتیجییه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌مه‌ریکا و بگره بووه‌ته به‌شێکی گه‌وره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که هه‌ر نه‌وت شێوه و ناوه‌ڕۆکی ئه‌م سیاسه‌ته پێکده‌هێنێت و هه‌ر له سه‌ر ئه‌و بناخه‌یه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه تا ئه‌مڕۆیش داده‌ڕێژرێت تا ڕاده‌یه‌ک مه‌سه‌له‌ی نه‌وت له پاش11-9-2001 ه‌وه وای لێهات، که به ئاساییشی ئه‌مه‌ریکاوه وه‌ک ده‌وڵه‌ت و وه‌ک هه‌یبه‌ت وه‌ک که‌ڵه‌گای جیهان، گرێ بدرێت. هه‌روه‌ها به پاراستن و ده‌سته‌به‌رکردنی ئاساییش و ژیانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌یشییه‌وه.
نووسه‌ر زۆر به وردی و به تێڕوانینێکی قووڵه‌وه باس له مه‌سه‌له‌ی به‌ستنه‌وه‌ی نه‌وت به ده‌ستبه‌رکردنی ئاشتی و ئاساییشی ئه‌مه‌ریکاوه ده‌کات، چونکه هه‌ر ئه‌مه‌ریکا نییه، که ده‌یه‌وێت نه‌وتی به نرخێکی هه‌رزان ده‌ستکه‌وێت، ژاپۆن و ئه‌وروپایش دوو هیزی سه‌ره‌کین و ئێستا چینیشی هاتووه‌ته سه‌ر، که هه‌ر هه‌مان مه‌به‌ستیان هه‌یه. چین، پێش ئه‌وه‌ی خۆی بکاته‌وه بۆ بازاری جیهانی و ببێته ئه‌ندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، واته: سه‌رده‌می جه‌نگی سارد، نه‌وتی خۆی به‌شی خۆی ده‌کرد، له‌م دواییه‌دا"له ساڵی 2001 دا، ڕۆژانه نزیکه‌ی 3.3 میلیۆن به‌رمیل نه‌وتی ده‌رده‌هێنا، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا 5 میلیۆن به‌رمیلی سه‌رف ده‌کرد، که ده‌کاته ئه‌وه‌ی 1.7 میلیۆن به‌رمیلی دیکه‌ی ده‌وێت و ئه‌مه‌یش ته‌نیا به هێنانی نه‌وت پڕ ده‌کرێته‌وه. ئه‌م ناته‌واوی و جیاوازییه له نێوان نه‌وتی خۆی و هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه ڕا به ڕێژه‌ی سه‌دی ده‌کاته 34%، که ئه‌گه‌ر به‌راوردی به ئه‌مه‌ریکا بکه‌یت، که 54% ه، ئه‌وا ئه‌وه‌ی چین که‌متره. وا پێشبینی ده‌کرێت که له ده‌یه‌کانی داهاتوودا ده‌رهێنانی نه‌وت له چین وه‌ک خۆی بمێنیته‌وه، به‌ڵام داخوازی نه‌وت له ساڵانی داهاتوودا به ڕێژه‌ی 4% ساڵانه به‌رز ده‌بێته‌وه، که ئه‌مه‌یش ده‌کاته هه‌بوونی داخوازییه‌کی گه‌وره له هێنانی نه‌وت له ده‌ره‌وه. کارگێڕی وزه وا پێشبینی ده‌کات له ساڵی 2025 دا چین 12.8 میلیۆن به‌رمیل سه‌رفیاتی هه‌بێت، که ده‌رهێنانی نه‌وتی خۆی له هه‌مان ساڵدا له 3.4 میلیۆن به‌رمیل نه‌وت تێپه‌ڕ ناکات. ئه‌میش ده‌کاته ئه‌وه‌ی که هاوردنی نه‌وت له ده‌ره‌وه ده‌چێته سه‌ره‌وه بۆ 9.4 میلیۆن به‌رمیل له ڕۆژێکدا"ل 165
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌دا ده‌توانین دوو شتی گرنگ ڕه‌چاو بکه‌ین:
1. نه‌وت له‌و شوێنانه‌دا زۆره، که ئاساییشی تێدا به‌رقه‌رار نییه.
2. ڕکابه‌ری له سه‌ر نه‌وت له هه‌موو کاتێکی پێشتر زۆر به‌هیزتره.
بۆیه کله‌یر ڕای وایه ئه‌گه‌ر گۆڕانیکی بنه‌ڕه‌تی له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادا نه‌بێت، مه‌حاڵه خۆ له به‌یه‌کدادانه خوێناوییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه بپارێزرێت. زۆربه‌ی کات باسوخواسی سه‌ره‌کی سیاسی و له‌شکرییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له کۆر و کۆبوونه‌وه‌کانیاندا له سه‌ر نه‌وته. کله‌یر، له لاپه‌ڕه 4 ی کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێ"له ساڵی 1997 جه‌نڕاڵ 3Peay J.H Binford ی، که به House Subcommittee گوت:"| 65% یه‌ده‌کی نه‌وتی جیهانی له وڵاتانی که‌نداودان و له‌م ڕێژه‌یه ئه‌مه‌ریکا 20%ی ده‌هێنێت بۆ پێویستییه‌کانی خۆی و ئه‌وروپای ڕۆژاوا 43% و ژاپۆنیش 68% ی پێویستییه‌کانی خۆیان له‌وێوه ده‌هێنن، هه‌ربۆیه ده‌بێ کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی ناوچه‌که‌دا ده‌ستی کراوه بێت".
سه‌رۆکه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌میشه هه‌ستیان به مه‌ترسی سیاسه‌تی پشتبه‌ستن به هاوردنی نه‌وت له ده‌ره‌وه کردووه. هه‌ر بۆ نموونه جۆرج بووشی گه‌وره له ئابی 1990 دا له به‌رانبه‌ر مه‌ترسی داگیرکردنی سعوودییه له لایه‌ن عیراقه‌وه، هێزێکی گه‌وره‌ی نارده ئه‌وێ و گوتی:"له ئێستادا نه‌ته‌وه‌ی ئێمه ئه‌و نه‌وته‌ی که به‌کاری ده‌هێنێت تا ڕاده‌یه‌ک هه‌مووی له ده‌ره‌وه ده‌هێنێت، ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریمان لێ ده‌کات". بووش ئه‌مه‌ی له 8-8-1990 دا له سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن گوت و له درێژه‌ی قسه‌کانیشیدا گوتی:"پاشکۆنه‌بوونی سعوودییه یا سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌نده گرنگه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه" ل 5
شه‌ڕه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ده‌ستێوه‌ردانی له کاروباری وڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی/ فارسی ته‌نیا بۆ ده‌سته‌به‌رکردن و پاراستنی نه‌وت بووه. هه‌ر وه‌ک لای زۆرمان ئاشکرایه شه‌ڕی پێشووی که‌نداو و داگیرکردنی عیراقیش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌ک شتێکی تر یا ئامانجێکی تر بووه.
نه‌وت که شاده‌ماری ژیانی ئه‌مه‌ریکایه، بڕانی یا که‌مکردنه‌وه‌ی له ڕاده‌ی پێویست، ئه‌گه‌ر ژیان له‌وێ نه‌وه‌ستێنێت ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه گۆجی ده‌کات. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه کله‌یر په‌نا بۆ قسه‌ی پسپۆرێکی وزه ده‌بات ناوی ئێدوارد مۆرس(Edward Morse)ه. مۆرس ده‌ڵێ:"سه‌لمێنراوه که نه‌وت گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی وزه‌یه و هه‌روه‌ها باشترین سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ گۆڕینی بۆ شتی تر(واته: به‌نزین، گازۆیل و دروستکردنی مادده‌ی تر) که له ناوجه‌رگه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی هاوچه‌رخدا دۆزراوه‌ته‌وه" ل7. کله‌یر له سه‌ر ئه‌مه ده‌ڕوا و ئاماژه به هه‌ندێ ئاماری فه‌رمی ده‌کات و له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا ده‌ڵێ:"ئه‌مه به دڵنیاییه‌وه له ئه‌مه‌ریکادا مه‌سه‌له‌یه‌که. له کاتێکدا که نه‌وت سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه بۆ وزه و هه‌روه‌ها کلیلی گه‌شه‌کردنی ئابووریشه. نه‌وت نزیکه‌ی 40%ی سه‌رجه‌می وزه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات، که زۆر له هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کی تر زیاتره، له کاتێکدا گازی سروشتی 24% و خه‌ڵووز 23% و وزه‌ی ناووکی 8% و سه‌رجه‌می ئه‌وانی دیکه 5%ی ئه‌وه ده‌ده‌ن". هه‌ر لێره‌دا کله‌یر باسی سووده‌کانی نه‌وت ده‌کات و ناوی ئه‌و شتانه‌یش ده‌بات، که نه‌وت بۆ کارپێکردنیان و دروستکردنیان پێویسته. کله‌یر پێ له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که:"له ئێستادا نه‌وت 97%ی هه‌موو ئه‌و سووته‌مه‌نییه ده‌دات، که ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له به‌کابردنی ئۆتۆمبیل به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه، پاس و فڕۆکه و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و که‌شتی و ئامرازه‌کانی خۆگه‌رمکردنه‌وه و گه‌رمکه‌ر و…". پاشان کله‌یر پێشبینی ئه‌وه ده‌کات، که له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌رهێنانی نه‌وت ده‌گاته چڵه‌پۆپه و دوایی ئه‌مه ورده‌ورده که‌م ده‌بێته‌وه و گه‌رچی ململانێ له سه‌ر نه‌وت و پێداویستی نه‌وت پێویست‌تر و تیژتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها پێی وایه، سه‌رچاوه‌کانی تر که ده‌توانن جێگه‌ی نه‌وت بگرنه‌وه به هۆی گرانییانه‌وه سه‌خته جێگه‌ی بگرنه‌وه، بۆ نموونه له‌به‌ر که‌مییان وه‌ک گازی سروشتی و هایدرۆپاوه‌ر، یا زۆر ته‌کلیف ده‌کات ئه‌گه‌ر به هۆی با و هه‌تاوه‌وه دابین بکرێ، یا زیانبه‌خشه وه‌ک خه‌ڵووز که کاربۆن دایۆکسیدیCarbondioxid ده‌داته‌وه یا له به‌کارهێنانی هێزی وزه‌ی ناووکیدا Redioactive Waste به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
کله‌یر بڕوای وایه، که نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت خولقێنه‌ری هه‌موو ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییانه‌ن که تا ئێستا ڕوویانداوه. له‌و نموونانه‌یش بڕینی نه‌وت له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌ی که ده‌رهێنه‌ر و نێره‌ری نه‌وت بوون هه‌ر وه‌ک چۆن بووه هۆی زیادکردنی نرخی به‌نزین له کێشه‌ی 1973/دا1974، شۆڕشی 1979ی ئێران، داگیرکردنی کووه‌یت له لایه‌ن عیراقه‌وه له ساڵی 1990 دا، هه‌روه‌ها ساڵانی 2000 و 2002، چونکه نه‌وت ده‌ورێکی کاریگه‌ری هه‌میشه بینیوه له ئابووری ئه‌مه‌ریکا و لایه‌نه‌کانی تری وه‌ک له‌شکر و ژیانی ڕۆژانه‌یان.
Robert. E. Eber ، که له نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی ئه‌مه‌ریکادایه له نیسانی 2002 دا وتی:"نه‌وت وزه و هێزی له‌شکری و گه‌نجینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی جیهانیشه".
ئه‌مه‌ریکا، که دانیشتووانه‌که‌ی که‌متر له 5%ی سه‌رجه‌می دانیشتوانی جیهان پێکده‌هێنیت 25%ی نه‌وتی جیهان به‌کار ده‌هێنێت.
کله‌یر، ڕای وایه مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و سیاسه‌تی ئێستای ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به نه‌وت و دابینکردنی، ئه‌مه‌ریکای خستووه‌ته گیروگرفتێکی گه‌وره‌وه، که‌چاره‌سه‌رکردنی زۆر گرانه، بۆیه له لاپه‌ڕه 11 ه‌دا ده‌نووسێت:"نه‌وت ئه‌م وڵاته به‌هێز ده‌کات، به‌ڵام پاشکۆیه‌تی له چه‌ند ڕوویه‌که‌وه لاوازمان ده‌کات: یه‌که‌م: باڵبه‌ست و بێده‌سه‌ڵاتمان ده‌کات له‌و کاتانه‌ی که وڵاتانی بیانی نامانده‌نێ و لێمان ده‌گرنه‌وه، جا ئیدی به ڕێککه‌وت بێت یا به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست. وه‌ک بڕینی نه‌وت له هه‌ژانه‌که‌ی 1973-1974 و 1979 و 1980 دا، که بووه هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وت له بازاڕدا و به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخه‌که‌ی و دروستکردنی قه‌یران…له لایه‌نی سیاسیشه‌وه پاشکۆیی نه‌وت زۆربه‌ی کات وا ده‌خوازێت، که به‌ده‌م وڵاته سه‌ره‌کییه خاوه‌ن نه‌وته بیانییه‌کانه‌وه، ئه‌وانه‌ی نه‌وتمان ده‌ده‌نێ، ببین و هه‌موو شتێکیان بۆ بکه‌ین، ئه‌گه‌ر خۆشمان بووێن یا نه. له کاتێکدا که نه‌وتمان پێ ده‌فرۆشن، چاوه‌ڕوانی پاره‌ی زیاتری قه‌ره‌بوو ده‌که‌ن، ده‌بێ پشتیان بگرین له ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوودا. چاوه‌ڕوانی گواستنه‌وه و وه‌رگرتنی نوێترین چه‌که‌مه‌نیمان لێ ده‌که‌ن. چاوه‌روانی پارێزگاری سه‌ربازی و شتی ترمان لێ ده‌که‌ن. ئه‌گه‌رچی سه‌رۆکه‌کانمان نایانه‌وێت ئه‌مانه بکه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی کات ناچارن، که ده‌بێ بیکه‌ن تاکو هه‌رخوڕه‌ی نه‌وت بێت. له هه‌موو شتێک خراپتر پاشکۆییبوون ئاشتی و ئاساییشمان ده‌خاته غه‌رغه‌ره‌وه به تێوه‌گلانمان له شه‌ڕی نه‌وتدا له وڵاتانی ده‌ره‌وه یا ته‌شه‌نه ده‌دا به دوژمنایه‌تی و ڕوودانی ئاژاوه و شه‌ڕوشۆڕی سیاسی و ئایینی، که به هه‌بوونی پێگه و هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی له ناویاندا ڕق و کینه و بیزارییان زیاتر ده‌کات". (درێژەی هەیە)