
من کچی کێم پێ ده‌ڵێن؟!…..بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید
من کچی کێم پێ ده‌ڵێن؟!
بڕوام به فره‌ژنی نیه، به‌ڵام ده‌بێت فره‌ژنی هه‌بێت!
بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید
ئاشکرایه ژن له‌کۆمه‌ڵگای پێشکه‌وتودا له‌ئه‌نجامی خهباتو کۆششی درێژخایه‌نی سیاسی‌و کهلتوریو کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ده‌ستکه‌وتی جۆراو جۆر، گرنگ‌و بایه‌خداری به‌ده‌ستهێناوه. هۆکاری ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ش به‌هۆی پێشخستنی توانا‌و بیرکردنه‌وه‌ی خودی ژن خۆیه‌وه بووه. دیاره سامانی عهقلو هێزی بیرکردنه‌وه‌و به‌شداری‌و چالاکی ژن هه‌ر خۆی بوو، که وه‌ک بوونێکی تایبهتو به‌رپرسیارێتی، گۆڕانێکی ڕیشه‌ییان له‌کۆمه‌ڵگادا به‌ده‌ستهێنا. بێگومان یه‌کێ له‌و فاکته‌ره گرنگانه‌ی که ڕۆڵی گه‌وره‌ی له‌م گۆڕانکارییه‌دا بینی: به‌ده‌ستهێنانی شوناس‌و که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی ژن بوو.
که له‌ئه‌نجامی هوشیاری ژناندا به‌رامبه‌ر بهسهرکوتو چه‌وسانه‌وه‌ی لهکۆمهڵگاو خێزان‌و شوێنی کاردا به‌دیهات. ژنان به‌درێژایی هه‌زاران ساڵ، رۆح‌و کار‌و بیرکردنه‌وه‌و حه‌زو ئاره‌زووه‌کانیان له رێگه‌ی ئایدیۆلۆژیای پیاوسالارییه‌وه کۆنترۆڵ کرا بوو، ئاین‌و کلتوری پاشکهوتوش شه‌رعیه‌تیان به‌م سهرکوتو جیاکارییه دابوو. پرۆسه‌ی دروستکردنی کهسایهتیو شوناسی سه‌ربه‌خۆی ژن، له‌و خاڵه‌وه ده‌سیپێکرد که ژن هوشیار بۆوه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری یاخی بوو، له‌و خاڵه‌وه که ئیراده‌ی ئه‌وه‌ی تیا به‌هێز بوو له‌بازنه‌ی وابهستهییو پاسیڤبوونی خۆیان بێنهدهرو وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ئازاد، متمانه‌به‌خۆ، داهێنه‌ر.. بونی خۆیان بسه‌لمێنن. ڕوونتر بڵێین ژن ناسنامه‌یه‌کی پرشنگدار له‌ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ی باوک، هاوسه‌ر، برا، کچی فڵان، ژنی فیسارو خوشکی فڵان‌و کوره‌زای کێو کێی دابین کرد.
لێره‌وه چه‌ند سهرجێکم سه‌باره‌ت به‌بڕیاری فرهژنیو لێدوانی دوو ژنه په‌رله‌مانتار هه‌یه که له ژماره (146و 147)ی ئاوێنه‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌و یاسایه بڵاوکراوه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تا ده‌پرسم: ئایا ئه‌و ژنانه‌ی ئێستا له‌په‌رله‌مانی کوردستاندانو به‌رپرسیارێتی وا گه‌وره‌یان له‌ئه‌ستۆدایه، خۆیان ئاماده‌و په‌روه‌رده کردوه بۆ ئه‌م ئه‌رکه گرنگه؟ ئایا ئاستی هوشیارییان به‌و ئه‌ندازه‌یه که بتوانن داکۆکی له مافه‌کانی ژنان بکه‌ن؟
بێگومان ئه‌م پرسیاره له سه‌رسوڕمانی منه‌وه دێت به‌رامبه‌ر به لێدوانی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه ژنه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی که له‌ئاوێنه‌ی ژماره 146دا پێمانده‌ڵێ «خۆی بڕوای به‌فره‌ژنی نیه‌و ڕازی نیه ژنی به‌سه‌ر بێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له‌ڕیگای دینییه‌وه کێشه‌ی کچ‌و ژنان چاره‌سه‌ر بکات‌و ئه‌م یاسایه بۆ خه‌ڵکی دی به‌ڕه‌وا ده‌بینی، به‌ڵام بۆ خۆی نا»!
نه‌هامه‌تی ژنان له‌م جۆره روانینه‌وه بۆ دونیا‌و ژیان ده‌سپێده‌کات، که ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی یه‌کگرتوو، ژن به(زه‌عیفه) دهزانێو «پیاو» هێزه‌و کلیلی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیه‌تی. ئاخر دینێک که ژنی کردوه به‌پله دوو، ملکهچیو گوێڕایهڵیو ژێرده‌ستی بنه‌مای بێت، بۆ جاریکیدی ئه‌م چه‌وسانه‌وه‌یه ده‌کاته‌وه به‌ملی ژنی کورد، که تێکدان‌و ماڵوێرانی سه‌رلێشوانی خیزانیتر له‌خۆده‌گرێت، بۆ له‌چوارچێوه‌ی مافه‌کانی مرۆفو مافی ژن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کرێن؟ لهڕاستییهکهیدا ئه‌و به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ داکۆکی له‌وه ده‌کات که ژنان ده‌بێت ملکهچو گوێڕایهڵو ژێرده‌ستی پیاو بن. که ئه‌م بڕیاره پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافه‌کانی مرۆڤه، من له‌لای خۆمه‌وه به‌و خانمه ده‌ڵێم: مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی کچانم پێباشتره له‌وه‌ی شوو به پیاوێک بکه‌ن که بچوکترین رێز بۆ ژن دانه‌نێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه، من سه‌یرم له وته‌ی ئه‌و ژنه په‌رله‌مانتاره سۆشیال دیمۆکراته دێت، که له‌ئاوێنه‌ی ژماره 147دا بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازه، پێمانده‌ڵێ که کچی کێیه‌و سه‌ر به‌کام بنه‌ماڵه‌یه‌و کام شێخ‌و شاعیر باپیریه‌تی! سه‌یره‌که له‌وه‌دایه ژنێکی په‌رله‌مانتار که به‌حساب ده‌یه‌وێ به‌رگری له‌مافی ژن بکات، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی شانازی به‌توانای خۆیه‌وه بکات، به‌وه‌وه ئه‌نازێ که کچی فڵانه بنه‌ماڵه‌یه! که‌واته ئایا ئه‌وه توانا‌و هوشیاری ئه‌و به‌ڕێزه بوو که ئه‌وی کرد به‌په‌رله‌مانتار یان ئه‌وه‌ی که کچی فڵانه بنه‌ماڵه‌یه؟ ئایا ئه‌گه‌ر کچی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه نه‌بوایه قه‌ت رێی ده‌که‌وته په‌رله‌مانه‌وه؟
باشه ژنێک که خۆی بڕوای به‌گۆڕانکاری بێت‌و خۆی به یه‌کسانیخوازو سۆشیال دیمۆکرات بزانێت‌و داکۆکی له‌مافه‌کانی ژنان بکات، چ پێویستی به‌وه‌یه شانازی به‌پیاوانی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه بکات؟ بۆ ناڵێ خۆم کێمو چیم؟ که‌واته گه‌ر ژنێک، کوڕه‌زا یان کچه‌زای فڵان شاعیر‌و نوسه‌ر یان شه‌هیدو شێخ نه‌بێت، یان کچی پیاوێکی مسکێن و هه‌ژارو داماو بێ، ئیتر خاوه‌نی ئه‌قڵی پێشهکهوتوخوازانه نابێت؟! ئایا مه‌رجی ژندۆستیو داکۆکی کردن له‌مافی ژنان ئه‌وه‌یه که کچی خێزانێکی ناودارو تێکۆشه‌ر بیت؟ ئایا ده‌کرێت به‌مجۆره لۆژیکه داکۆکی له‌مافی ژن‌و دژایه‌تی یاسای فره‌ژنی بکرێت؟
گه‌ر سه‌یری دیدو بۆچوونی ژنه په‌رله‌مانتاری یه‌کگرتوو و سۆشیال دیمۆکرات بکه‌ین، ڕه‌نگه له‌شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئایدیا‌و بیروبۆچونیان جیاوازیان هه‌بێت، به‌ڵام لهڕاستیو له‌ناوه‌ڕۆکدا جیهانبینی هه‌ردوکیان لهعهقڵیهتێکی باوکسالارییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه. گه‌رچی هه‌ردوکیان به‌شێوازی جیاواز وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن: داکۆکی له‌مافی ژن ده‌که‌ن، به‌ڵام هیشتا خۆیان وابه‌سته‌ی پیاون‌و هه‌تا ئێستاش بڕوایان وایه ئه‌م سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی دین‌و بنه‌ماڵه كه له‌سه‌ر بناغه‌ی پیاوسالاری به‌ڕێوه‌ده‌چێ، سیسته‌مێكی ره‌وایه.
روانینی ئه‌مان ده‌مانباته‌وه بۆ دیارده‌ی پهسهندكردنو هه‌زمكردنی ژێرده‌سته‌یی‌و چاوپۆشین له‌چه‌وساندنه‌وه‌و ڕه‌وابینینی پیاوسالاریی. به‌مانایه‌کی تر ئه‌و میكانیزمه نادیارانه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان نێر‌و مێ، گروپی به‌هێزو لاواز، گروپی سه‌پێنه‌رو جێبه‌جێكه‌ر، ڕێكخستوهو ڕایگرتوه. پهیترسۆن پسۆرێكی هۆله‌ندییه، ئه‌و زاراوه‌یه‌ك، بۆ ئه‌م میكانیزمهو چۆنیه‌تی كاركردنی، ده‌خاته ڕوو که زاراوه‌ی (ئنتهرنالیزاسی)ه، که بریتیه لهخۆماڵیكردنو هه‌زمكردنی ئه‌و بیروبۆچونانه‌ی مرۆڤ وه‌كو ڕاستییه‌ك وه‌ریانده‌گرێت، خۆمالیكردنی سیفات‌و هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سایه‌تییه زۆر نزیكه‌كان، که ده‌بنه به‌شێك لهكهسایهتیان. پهیترسۆن باس له‌دوو شێوه لهئنتهرنالیزێر ده‌كات: یه‌که‌م، ئنتهرنالیزێری باڵادهستو سته‌مكار. دووه‌میش، ئنتهرنالیزێری ژێردهستو سته‌ملێكراو.
ستـــــهملێكراوهكان قــــــوربانی جیاوازكـــــارین، بـــــاڵادهســــتو ستهمكــــــارهكانیش لههــــهوڵدانی هێشتنه‌وه‌ی بڕیاری پێشوه‌ختن.
ئینتهرنالیزێری باڵاده‌ست: له‌هه‌وڵی پاراستنی ئه‌و دهسهڵاتانهدان كه تاكه‌كانی گروپی باڵاده‌ست به‌رامبه‌ر گروپی ژێرده‌ست بهكاریاندێنێ. ئه‌ویش له‌شێوه‌ی هه‌ستی خۆبه‌گه‌وره زانین. هه‌ستی نرخ به‌رزی، ئاساییكاری، ئه‌م هه‌ستانه په‌یوه‌سته به‌میكانیزمی نكۆڵیكردنی واقیعه‌ت، ترس، هه‌ست به‌تاوانكردن، لكاندن، هه‌ستی نامۆبون له‌خودی خۆ‌و له‌سروشت.
ئینتهرنالیزێری ژێرده‌سته‌یی: تاكه‌كانی گروپی ژێرده‌ست ئه‌و بڕیاره پێشوه‌ختانه‌ی كه گروپی باڵاده‌ست له‌دژیان به‌كاریان دێنی په‌سه‌ند دهكهنو ده‌بێته به‌شێك لهعهقڵیهتیان، ههزمكردنهكهش له‌شێوه‌ی هه‌ستی نزم تێڕوانینی خۆیان، هه‌ست به كه‌مكردنی خۆیان، هه‌ستی ڕقوكینه به‌رامبه‌ر به‌خۆیان، گۆشه‌گیری، ترس له‌توندوتیژی، بێده‌سه‌ڵاتی، ته‌نیایی، ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره ده‌یبینین پهسهندكردنو ته‌سلیمبونی ژن (گروپی سته‌ملێكراوه) به‌ژێرده‌سته‌یی. نمونه‌ش ژنه ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌که‌ی یه‌کگرتووه به‌پشتگیری له‌یاسای فره‌ژنی، که له‌چه‌وساندنه‌وه‌و ژێرده‌ستی خۆیان چاوده‌پۆشن. وا په‌روه‌رده كراون كه ئه‌وان ناتوانن هاو پله‌و پایه‌ی پیاو بن، به‌ڵكو پاشكۆن. ئه‌و رێنماییانه‌ی كه بۆ ژن دانراون (گوێڕایه‌لی، ملکه‌چی، وابه‌سته‌یی) جێبه‌جێ ده‌که‌ن.
ئه‌ندام په‌رله‌مانی سۆشیالدیمۆکراتیش له‌گفتوگۆو قسه‌کانیدا، ناڵی به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی خۆم چیه، ده‌ڵی به‌رهه‌می بنه‌ماڵه‌که‌مم، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا دانپیانانی توانا‌و به‌هره‌ی پیاوانه، له‌هه‌مانکاتدا بێبههرهییو بێتوانایی ژن دهردهخاتو ئه‌مانه عه‌قڵیه‌تیان وا ته‌نراوه که ئه‌و سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له‌سه‌ر بناغه‌ی باوكسالاری، خێڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و پله‌و ستاتوتهی كه كۆمه‌ڵگا بۆی دیاریكردون سروشتیه، لێره‌وه پاشکۆیو به‌ندایه‌تی خۆیان وه‌كو كارێكی سروشتی په‌سه‌ند ده‌كه‌ن (ئینتهرنالیزێری ژێرده‌سته‌یی).