Skip to Content

Wednesday, January 20th, 2021

له‌دایكبوونی جه‌لاد له‌ قه‌قنه‌سی شۆڕشه‌وه‌

Be First!
by February 19, 2012 ئەدەب

   

ئه‌ی جه‌لاد ,
تۆ , تۆ !
هه‌ی به‌زه‌بر فه‌رمانڕوا ,
هه‌ی شۆڕشگێڕی دێرین ,
له‌بیرت دێ‌ , به‌سه‌ر تاشه‌به‌ردی گونده‌كه‌ی ئێمه‌وه‌ ,
وه‌ك مه‌لێكی له‌ڕی بێ‌ نان و ئاو ,
هه‌ڵنیشتبووی ؟
له‌بیرتدێ‌ , بانگتكردم و ,
پێتگوتم :
ئێمه‌ په‌پوله‌ی شۆڕشین و
ده‌مانه‌وێ‌ وڵاتتان بۆ بكه‌ینه‌ په‌پولستان !
ئه‌ی نه‌تگوتپێم , كاتێ‌ كه‌ ئێوه‌ بێنه‌وه‌ ,
ئازادیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ !
ئه‌ی نه‌تچرپاند به‌گوێمه‌وه‌ ,
شۆڕش ته‌نها بۆ سه‌ربه‌ستی و
بۆ دادوه‌ری و
گێڕانه‌وه‌ی ئه‌شقه‌ بۆ نیشتمان !
خۆ ئێوه‌ بوون پێتان گوتین ,
كه‌ حه‌قیقه‌تی دزراومان ده‌ده‌نه‌وه‌ و
زامی له‌مێژینه‌ی بوونمان ساڕێژده‌كه‌ن !
ئه‌فسوس ,ئه‌فسوس!
ئێمه‌ بێئه‌ندازه‌ گه‌وج بووین و !
ئێوه‌ش درۆزن و ته‌ڵه‌كه‌باز ,
ده‌زانن بۆ , جه‌لادینه‌ ؟
خۆ ئێوه‌ هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌ و
ئازادی هه‌ر نه‌هاته‌وه‌ و
چه‌كه‌كانتان له‌بری قه‌ڵه‌م و په‌رتوكه‌كان ,
له‌جێی هه‌موو به‌ڵێنه‌كان ,
بوونه‌ دره‌ختی شه‌قام و
تارمایی جه‌نگی ناو بوونمان !
ده‌رگاوانی كۆشكه‌كانیش مۆته‌كه‌ی ناو ڕۆح و
ئه‌هریمه‌نی گیانكێشانمان !
به‌ڵام عه‌داله‌تتان هه‌رگیز , هه‌رگیز ,
بۆ جارێكیش له‌ناو دروشمه‌كانیشه‌وه‌ ,
سه‌رێكی لێنه‌داینه‌وه‌ و !
له‌ئازاری بوونی خۆیدا , عه‌داله‌تتان ,
پاش ناڵین و تلانه‌وه‌یه‌كی مه‌رگبار ,
له‌ خوێنی جه‌سته‌ی میلله‌تدا ,
دواهه‌مین جار ,
له‌ ناو ڕه‌هاترین تروكه‌ی مردنا و
له‌ ڕۆژی سوری حه‌ڤده‌ی شوبات , گیانی سپارد !


18- 2 – 2012  , شاری تامبۆڤ .
ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی – روسیا

Previous
Next

Leave a Reply