Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

له‌ ڕژێمێكی نا ته‌ندروستدا دادگاش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ سته‌مكاری !!

Be First!
by February 25, 2013 گشتی

 

 

 

مێژووی سیسته‌مه‌ تۆتالیتارو سته‌مكاره‌كانی جیهان مێژوویه‌ك بووه‌ پڕ له‌ خوێن ڕشتن و كوشتن و سته‌مكاری و نا دادوه‌ری به‌رامبه‌ر هاو نیشتمانیه‌كانی خۆی .  ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مانه‌ كۆشش ده‌كه‌ن له‌ ڕێی زوڵم و زۆره‌وه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بێده‌نگ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بداته‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ناڕه‌واو دكتاتۆره‌كه‌ی . له‌ گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا سیسته‌مه‌ تۆتالیتاره‌كان پیشه‌سازیه‌كی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و سینارۆیه‌كی مه‌هزه‌له‌ ده‌خوڵقێنن . ئه‌ویش به‌ كار هێنانی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریه‌ به‌ ناوی سه‌روه‌ر كردنی یاساوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كی سیاسی یان داواكاری مافه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی خۆیان و به‌رگری كردن له‌ ئازادی ئینسان و دیمۆكراسی  . به‌ڵام له‌ ڕاستیدا  دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئامانجانه‌وه‌ كه‌ بۆی دروست  كراوه‌ به‌ كار ده‌هێندرێت ، ده‌كرێته‌ ئامێرێكی سه‌ركوت كردن  بۆ داپڵۆسینی هاو نیشتمانیان و له‌ زیندان ئاخنینی چالاكوانی سیاسی و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان وه‌كو باقی ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئایدۆلۆژیاكانی تۆقاندن و له‌ خشته‌ بردن كه‌ له‌ بن ده‌ستی سیسته‌مه‌ تۆتالیتاره‌كانه‌  !! نه‌ك سه‌روه‌ری یاسا كه‌ خۆیان هه‌میشه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن به‌ به‌رده‌وامی !!  ، ئه‌گه‌ر سرنجێكی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و جۆره‌ سیسته‌مانه‌ بده‌ین ده‌بینین له‌ ڕێی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌م كوت كردن و پاكتاو كردنی ئۆپۆزسیۆن و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران دراوه‌  به‌ ناوی دادگاو سه‌روه‌ری یاساوه‌ . كه‌واته‌ دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری له‌ باتی ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتی سێهه‌م و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ پشتیوانی كردنی سته‌م لێكراوان و ماف خۆران ، خۆی ده‌بێته‌ ئامرازێكی تۆقاندن و بره‌ودان به‌ نادادوه‌ری به‌ تایبه‌تی له‌ سیسته‌مه‌ تۆتالیتاره‌كان . دكتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی ووته‌یه‌كی هه‌یه‌ ده‌ڵێت : ((در یه‌ك نڤام غلگ حاكم دروست  معنای ندارد))  ئه‌م گوته‌یه‌ی دكتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی زۆر ڕاسته‌ و لۆژیكیه‌ ، ڕژێمێك تا سه‌ر ئێسقان نا ته‌ندروست بێت ، بێگومان بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو بێ‌ لایه‌ن به‌ ناوی دادگاوه‌ تێیدا كه‌ بتوانێت وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی سێهه‌م پارێزگاری له‌ حورمه‌ت و كرامه‌ت و به‌های ئازادی ئینسان بكات  خه‌ون و خه‌یاڵ و پووچه‌ . جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كۆن و كلاسیكه‌كان  تا سه‌رده‌می  نوێ‌ هه‌ر له‌ سیسته‌می فاشی ئیتالیای موسیلینی و نازیزمی هه‌تله‌رو مباره‌ك و سه‌دام و قه‌زافی و تا ڕژێمی كۆماری خوێن ڕێژی ئیسلامی ئێران ده‌بینین چۆن ده‌سته‌ ده‌سته‌ گه‌نجان و چالاكوانی سیاسی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی   وڵاته‌كانیان له‌و قه‌ساوخانانه‌ كه‌ ناوی دادگایان لێ‌ نا بوو به‌ ده‌ستی هه‌ندێك ئینسان كوژو مافیاوه‌ به‌ ناوی دادوه‌ره‌وه‌ تاڵاوی مه‌رگیان به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پاند و له‌ ناویان ده‌بردن . ئێمه‌ شاهید حاڵی ساڵی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بووین جۆن ئینسان كوژێكی وه‌كو ((خه‌ڵخاڵی)) له‌ ئێران ڕۆژانه‌ به‌ ناوی دادگاو دادوه‌ره‌وه‌ ڕۆژی سه‌دان گه‌نجی له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات  ڕه‌وانه‌ی حوكمی سێداره‌دان  ده‌كران . ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕه‌وشه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر داواكردنی مافێكی سه‌رتایی كه‌ ئه‌ویش ئازادی ئینسانه‌  . ئه‌گه‌ر به‌ ووردی سرنج بده‌ینه‌ دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری و دادگا له‌ كوردستان نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی سێهه‌م ئه‌ركه‌كه‌كانی خۆی جێبه‌جێ‌ بكات ئه‌ویش پیاده‌ كردن و سه‌روه‌ری یاسایه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه‌و دوور له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌حزاب و به‌رپرسان . ئێمه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ڕاسته‌یه‌كی به‌رچاو ده‌بینین كه‌ دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری وه‌كو ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئایدۆلۆژی و هه‌ژموونگه‌رایه‌كانی حزب و ده‌سه‌ڵات ، ڕه‌وشێكی ترسناك به‌ ڕێوه‌ ده‌به‌ن كه‌ ئامانجیان سه‌ركوت كردنی بیروڕای ئازادو قه‌ده‌غه‌ كردنی ووشه‌ی ئازاده‌ له‌ كوردستان به‌ ناوی یاساوه‌ ، دیاره‌ ئه‌وه‌ش  به‌ خواستی  حزب و ده‌سه‌ڵات ئه‌نجام ده‌درێت  ڕۆژانه‌ چالاكوانانی بواری میدیاو ڕۆژنامه‌ نووسان له‌ سه‌ر نوسینێكی ئاسایی ده‌هێندرینه‌ به‌ر دادگاو زیندانی ده‌كرێن یان غرامه‌ی مالی ده‌كرێن . كه‌ چی له‌ولاشه‌وه‌ ده‌یان تاوانبار و ته‌قه‌ كه‌ران و ئینسان كوژه‌كانی ((17)) شوبات به‌ به‌ر چاوی  هاو نیشتمانانی كوردستان ده‌سوڕێنه‌وه‌ و دادگا لێی بێ‌ ده‌نگ و بێ‌ ده‌ربه‌سه‌ . ڕه‌نگه‌ دادگاو دادوه‌ره‌كان به‌هانه‌یان بۆ ئه‌و بێده‌نگی و بێ‌ ده‌ربه‌سه‌یه‌یان ئه‌وه‌ بێت و وای لێك بده‌نه‌وه‌ ئه‌وان هێزیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ تا تاوانباران ڕاكێشنه‌ به‌ر دادگا و  یاسایان به‌ سه‌ردا بسه‌پێنن ؟!! ، ده‌ی خۆ ده‌كرێت هه‌ڵوێستی خۆیان له‌ به‌رده‌م میدیاكان ڕوون بكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی و ده‌ست له‌ كاره‌كانیان بكێشنه‌وه‌ و ئه‌جندای حزب پیاده‌ نه‌كه‌ن و ئه‌وانیش نه‌بنه‌ به‌شێك له‌ سته‌مكاری ؟؟!! یان ئه‌و كاره‌یان ئاراسته‌ كراوه‌و پێیان سپێردراوه‌و چوار چێوه‌یه‌كی دیاریكراویان بۆ داڕێژراوه‌ ، كه‌ هه‌رگیز ناتوانن تێپه‌ڕێنن وه‌كو هه‌موو  ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئایدۆلۆژی و دسپلین و قه‌مته‌ر كردنه‌كانی ده‌سه‌ڵات  دژ به‌ ئازادی و دیمۆكراسی ؟ له‌ سیسته‌مێكی سیاسیدا دادگا بێ‌ ئه‌رزش كراو بوو به‌ ئامێری ئایدۆلۆژی  و سه‌ركوت كردن به‌ ده‌ستی دكتاتۆره‌كانه‌وه‌  پایه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ سیسته‌مێكی سه‌رتاپاگیرو تۆتالیتاره‌ . ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان به‌و ئاقاره‌دا تێده‌په‌ڕێت و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی وه‌همێكی ترسناكی تۆتالیتارانه‌ی له‌ پشته‌وه‌یه‌ ، به‌ڵگه‌ی ڕاستی بۆ قسه‌كه‌شمان هه‌موو ئه‌و سه‌ركوت و پێشێل كاریانه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات  دژ به‌ ئازادی و ڕه‌خنه‌ گردن و ڕۆژنامه‌ نووسان به‌ ڕێوه‌ی ده‌به‌ن  ،ته‌نانه‌ت ڕێخراوی هیومان رایس ۆۆچ  ڕاپۆرتی تێرو ته‌سه‌لی له‌ سه‌ر ئه‌و پێشێل كاریانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ . كه‌واته‌ دادگا له‌ سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه‌دا بێمانایی  و نه‌بوونی  دادوه‌ری خۆی  ده‌سه‌لمێنێت و ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان . 

یاسین  له‌تیف

 

Previous
Next

Leave a Reply