Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

لە جیهانی برسیدا، واتای ئەدەبیات چییە؟

Be First!
by February 6, 2013 ئەدەب

 

 

  کتێبی “وشەکان” لە زستانی ساڵی ١٩٦٤ بڵاو کراوە و لەگەڵ پێشوازیەکی زۆری خەڵک ڕووبەڕوو بووەوە. بە پێی گوزارشی گۆڤاری “ئێکسپرێس”، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانەکان وەرگێردراوە و لە زۆربەی وڵاتاندا بڵاو کراوەتەوە. لە بەرواری هەژدەهەمی ئاپریلی ساڵی ١٩٦٤، رۆژنامەی “لۆمۆند” وت و وێژێکی سەبارەت بەو کتێبە لەگەڵ سارتێر باو کردەوە. سارتێر لە بەشێک لەو وت و وێژەدا باسی واتای ئەدەبیات لە جیهانی برسیدا کرد و سەبارەت بە پابەند بوونی ئەو بەرنابەر بە مرۆڤە دابڕاو و برسیەکان قسەی کرد. لێرەدا هەڵبژاردەیەک لە قسەکانی سارتێر دەخوێنینەوە.

***

  لە جیهانی برسیدا واتای ئەدەبیات چییە؟ دەبێ بوترێت کە ئەدەبیات هەروەکوو ئەخلاق پێویستی بە هەمە گیری و گشتی بوون هەیە. لەبەر ئەوە، ئەگەر نووسەر دەیهەوێت خوێنەرانی بە گشتی خەڵک بن، دەبێ خۆی لە ڕیزی زۆرینەی خەڵکەکاندا دابنێت، واتە لە ڕیزی دوو ملیارد کەسی برسی، دەنا دەچێتە خزمەتی یەكێک لە چیینە باڵادەستەکان و وەکوو ئەو چینە باڵادەستە، دەبێتە چەوسێنەر. بۆ ئەوەی کە نووسەر وەها کۆمەڵی زۆری خوێنەری هەبێت، دوو رێگا لە بەرانبەریدا هەیە:

  رێگای یەکەم: چاوپۆشی بۆ ماوەیەک لە ئەدەبیات، بە مەبەستی بارهینانی خەڵک. لە ولاتێکی وەکوو وڵاتانی ئافریقایی کە کەسانی پەروەردە کراو و بارهێنراویان نییە، ئەگەر یەکێک لەوان لە ئەوروپا دەرسی خوێندبێت، بە چ حەقێک کاری مامۆستایی لە ولاتی خۆی ڕەت بکاتەوە؟ تەنانەت ئەگەر ئەو کارە بە نرخی لەدەستدانی توانا و خواستی نووسەرێتی تەواو ببێت. ئەگەر وەها کەسێک لە ئەوروپا دەست بکات بە رۆمان نووسین، بە بڕوای من کارەکەی شتێکە نزیک بە خیانەت. جگە لە هەندێ جیاوازی ڕووکەش، لە نێوان خزمەت کردن بە تاکی کۆمەڵگا و پەیامبەرێتی ئەدەبیات جیاوازیەک بوونی نییە.

  رێگای دووهەم: کە لە جیهانی ناشۆڕشگێری وەکوو فەڕانسە دەتوانرێت پەیڕەوی بکرێت، ئەوەیە کە بۆ مەبەستی ئامادەکاری بۆ سەردەمێک کە هەموو توانای خوێندنیان هەبێت، نووسەر دەبێت بابەتەکان بە بنچینەترین شێوە و ئاشتی وەرنەگرانەترین جۆری خۆی باس بکات.

  سەرنج بدەن کە! من بە هیچ شێوەیەک ئەدەبیاتی پۆپۆلیستی کە تایبەت بە چینەکانی ژێردەستە، پێشنیار ناکەم. خەڵکیش دەبێ بۆ تێگەشتنی مەبەستی نووسەر تێبکۆشن. ئەگەرچی نووسەر دەبێ لە ئاڵۆز کردنی لێهاتووانەی وشەکان خۆ بەدوور بگرێت، بەڵام ناتوانێت کە هەمیشە بابەتەکە بە ڕوونی بنووسێتەوە و بۆچوونە تازە و گوماناویەکانی خۆی بە شێوەی یاسا و ڕێسا کۆنەکان بنووسێتەوە. بۆ نموونە، من مالارمێ بە گەورەترین شاعیری فەڕانسە دەزانم و کاتێکی زۆرم بۆ تێگەیشتن لە شێعرەکانی ئەو داناوە، بەڵام بۆچوونی “هێرمتیسم”انەی (ئاڵۆز کردنی ئانقەستی وشەکان) ئەو پەسەند ناکەم و بە هەڵەی دەزانم. هەڵبەتە بابەتگەلێکی کە واتایان قورس بێت، ناچار خوێندنەوەشیان قورس دەبێت. لە لایەکی ترەوە، نابێت وا بزانرێت کە خەڵک تەنیا خوازیاری بابەتهایەکن کە خوێندنەوە و تێگەیشتنیان ئاسان بێت، ئەزموونی تازەی کتێبە گیرفانیەکان ئەوەیان سەلماند. لەو کاتەوەی کە کتێبەکانم بە بەشی بچووک بچووک چاپ دەکرێت، گروپی خوێنەرانی بابەتەکانم گۆڕاون. ئێستاکە نامەهایەکم لە کرێکاران و بەرنامە نووسانی ئامێرەوە بۆ دێت، کە لە سەرنج ڕاکێشترین نامەکانە.

  تا کاتێ کە نووسەر نەتوانێت بۆ دوو ملیۆن کەسی برسی بنووسێت، تووشی شێوەیەک لە ئازار و ناڕاحەتی دەبێت. نووسەر دەبێت قەڵەمی خۆی لە خزمەتی چەوساوە و ستەم لێکراواندا بخاتە گەڕ. ئەوە کارێکە کە دەبێت نووسەر بیکات، دیسانیش پلە و پایەیەک وەرناگرێت. چوونکە دانیشتن لەسەر کورسی و پشتی زوڵم لێکراوان گرتن شاکار نییە. قارەمانێک لە رێگەی قەلەمەوە دروست نابێت. بە بڕوای من، گرنگ ئەوەیە کە نووسەر نابێت لە ڕاستیەکان و بابەتە بنچینەییەکانی سەردەمی خۆی بێ ئاگا بێت. بابەتی برسیەتی جیهانی، بۆمبە ئەتۆمیەکان، بیگانە بوونی مرۆڤ لە خۆی، ئەوانە بابەتگەلێکن کە ئەگەر سەرتا پێی ئەدەبیاتی ئێمە نەگرنەوە جێگای سەر سوڕمانە.

 

   ن: ژانپۆل سارتێر

    و: هێمن ئەمانی (باران)

Previous
Next

Leave a Reply