Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
لە ڕوداوەکەی بادیناندا … ئارام رەفعەت

لە ڕوداوەکەی بادیناندا … ئارام رەفعەت

Closed
by December 19, 2011 گشتی

 

لە ڕوداوەکەی بادیناندا باسی هەموو کەس دەکرێت تەنها قوربانییە ڕاستەقینەکە نەبێت. 

 
لە روداوەکەی بادیناندا هەموو کەس هاتۆتە دەنگ و بەڵام کەمییان باسی قوربانییە ڕاستەقینەکە دەکەن و زۆربەیان سەرگوزشتەی قوربانییە وەهمییەکان دەگێڕنەوە. پارتی و حیزبە هاوپەیمانەکانی لە دەسەڵات فرمێسکی پێشێلکردن و دەسدرێژی کردنە سەر مافی کەمینە ئایینییەکان و شێواندنی مێژوو و سومعەی پێکەوەژیان و لێبووردەیی دەڕێژن و  یەکگرتوو حیزبە هاوکارەکانی  لە ئۆپۆزسیۆن شینی سوتاندنی بارەگاکانی ئەو حیزبە و سەرکوتکردنی سیاسی و پێشێلککردنی دیموکراتی دەگێڕن. بەواتایەکی تر، لە دیدی کەمپەکەی پارتیدا قوربانی ڕوداوەکەی بادینان کەمینە ئایینییەکانە و لە ڕوانگەی بەرەی یەکگرتوشەوە ئەو حیزبە و بارەگاکانییەتی. بەڵام لەهەقیقەتدا ئەم دوانە (کەمینەکان و یەکگرتوو) هیچیان قوربانی ڕاستەقینە نین و هەردوکییان قوربانی لاوەکین و قوربانی راستەقینەو سەرەکی تاکی ئەم هەرێمەیە. قوربانییەک کە بەرەی پارتی دەیەوێت لەناو بڵێسەی مەیخانە سوتاوەکاندا سیمای بشێوێنێت و ونی بکات و بەرەی یەکگرتووش دەیەوێت لە ناو دوکەڵی بارەگاکانیدا بیشارێتەوە و پاسیفی بکات. بەمانایەکی تر، پارتی و یەکگرتوو خەتاباری شاردنەوەی شوێنەواری تاوانێکن، کە ئەویش لێدان و کوشتنی کەسایەتی تاکی کوردە.
بەڵام شاردنەوەی قوربانییەکە تاکە خەتای هاوبەشی ئەو دوو بەرە دەرگیرە نییە، خەتای ئەسلی ئەو دوو بەرەیە ئەو هاوڕاییە رانەگەینراوە و ئەو  هاوپەیمانییەتییە ناپیرۆزە ئیمزانەکراوەی نێوانییانە بۆ خستنەژێرپێی ماف و کەرامەت و ئازادییەکانی تاکی کورد. لە ڕاگەیاندنەکانی یەکگرتوو و هاوپەیمانەکانییەوە (بەداخەوە گۆڕانیش) لە بادینان جگە لەبارەگاکانی یەکگرتوو هیچ پێشێلکارییەکی تر نەکراوە و هیچ شوێنێکی تر نەسوتاوە، وە جگە لە لایەنگرانی ئەو حیزبە لەشكۆمەندی هیچ کەسی تر نەدراوە. هەرچەندە یەکگرتوو ئینکاری دەکات کە ئەوانبن هێرشییان کردبێتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان، بەڵام بەگشتی سوتاندن و هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانە وەک سەرکەوتنێک لە ناو دێڕ و ڕستەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەخوێنرێتەوە. ئەمە تۆمەتێک نییە و هەقیقەتێکی ئاشکرایە کە لای یەکگرتوو و  مەلا وابەستەکانی، مەی و مەساج نەک هەر مافی تاکەکان نییە بەڵکو تاوانێکە و هاوتای فەساد و بەدڕەوشتییە. لای ئەوان بەشێکی سەرەکی کێشەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بە تەحریمکردنی مەی و مەساج کۆتایی دێت. ئەگەر یەکگرتوو و ئیسلامییەکانی تر دیوێکی ئەو دراوە بن، ئەوا زێدەڕۆیی نییە گەر بگوترێت پارتی و هاوپەیمانەکانیشی دیوەکەی ترن. پارتی و هاوپەیمانەکانی نەک هەر جورئەتییان نەکردووە کە مەی و مەساج وەک مافی تاک بناسێنن، بەڵکو هاوشێوەی ئیسلامییەکان وەک بەدڕەوشتی و فەساد ئەم مافە لەقەڵەم دەدەن. ئەم هەقیقەتەش لەوەدا بەرجەستە بووە کە پارتی سوتاندنی شوێنە گەشتیارییەکان وەک هێرش بۆسەر کەمینە نئایینییەکان لەقەڵەم دەدات. وەک ئەوەی مەی خواردنەوە تاوانێک بێت و چونە مەساجخانەکانیش بەدرەوشتی بێت و تاکی موسوڵمانی کورد ڕوو لەو کارانە ناکات و ئەوەی کە ئەم تاوان و بەدڕەوشتییە دەکات کەمینەی ئێزیدی و کریستیانەکانن.
بەندە نە مەی دەخۆمەوە و نە لەژیانیشمدا چوم بۆ مەساجخانە. بەڵام ئەوە هەقیقەتە کە تەنها تاکی ئێزیدی و کریستیان مەی بەکارناهێنن، بە پێچەوانەوە ئەوان تەنها کەمینەیەکن لەچاو لەشکرێک لە تاکی موسوڵمانی کوردستان کە لەژیانی رۆژانەیاندا مەی بەکاردێنن. لە کوردستان بە دەیان و سەدان هەزار ئایینزای موسوڵمانی کورد هەیە کە خواردنەوەی مەی وەک بەشێک لە ریفاهییەت و هۆکارێکی ئاسودەکردنی رۆح و سیمایەکی شارستانی مرۆڤی سەردەم و مافێکی سەرەتایی خۆی دەزانێت.
بەڵام ئایا مەیخواردنەوە و مەساج کردن بەدڕەوشتی و فەسادییە دەبێت قەدەغە بکرێت یان مافێکی سەرەتایی تاکە و دەچێتە خانەی مافە مەدەنییەکان و ئازادی کۆمەڵگاوە و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و بەیاسا رێكبخرێت؟  بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە مافە مەدەنییەکان پێناسە بکەینەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە پرسیارێکی ترەوە دەست پێدەکەین ئەویش ئەوەیە ئایا ئێمە باوەڕمان بە دیموکراسییەت و ئازادی و دادپەروەری هەیە یان نا؟ ئەگەر وەڵام “ئەرێ”یە ئەوا سەرەکییترین پایەی کۆمەڵگا دادپەروەر و ڕۆشنگەر و دیموکراتەکان مافە مەدەنییەکانە، واتە ئازادییەکانی تاکە.
مافە مەدەنییەکان (rights-civil)  دوو بواری سەرەکی پەیوەست بە ئازادی و کەرامەت و سەروەری تاک دەگرێتەوە. یەکەم بوار پەیوەستە بە سیماو خەسڵەتی سروشتییانەی تاک، واتە ئەو کایەی مرۆڤ کە سروشتین و لەدەرەوری هەڵبژاردن و ویست و حەزی تاک خۆیەتی لەوانەش جێندەر (نێر یان مێ)، رەگەز و نەتەوە، ڕەنگی پێست، تەمەن، شوێنی لەدایک بوون، ئایینزادە، مەیلی سێکسی …هتد. بواری دووەم پەیوەستە بەو کایەیەی کە زادە و پەیوەستی وشیاری و ویژدانی مرۆڤەوە هەیە، وەک ئازادی بیرکردنەوە و عەقیدە و بیروباوەڕ، قسەکردن و رادەربرین، هەڵبژاردن و هەڵنەبژاردنی ئایینێک و هەموو لێکەوتە کەلتوورییەکانی لەبابەتی جل پۆشین، خواردن و خواردنەوە (لەوانەش خواردنەوەی مەی)، تایبەتمەندێتی کەسێتی، هتد.
مافە مەدەنییەکان بە هەردوو بوارەکەیەوە خەسڵەت و سیمای سەرەکی کۆمەڵگا ڕۆشنگەر و شارستانییەکانی ئەم سەردەمە پێک دێنن. لە جارنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە دەستوور و یاساکانی زۆرینەی وڵاتە ڕۆشنگەر و عەلمانییەکاندا، تاکەکان لە ڕووی پاراستنی ماف و کەرامەت و سەروەری و تایبەتمەندییەکانییان یەکسانن، هیچ یەکێک لەو خەسڵەتانەی سەرەوە نابێت ببێتە هۆی پێشێل کردنی ماف و کەرامەتی تاک. پاراستن و پێشێل کردنیی ماف و ئازادی هەرتاکێک یان گروپێک ڕاستەوخۆ بەمانای پاراستن و پێشێلکردنی کەسایەتی و کەرامەت و سەروەری ئەو تاک و گروپە و لێرەشەوە پاراستن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دێت و ئەمەش جەوهەر و پایەی دادپەروەری و دیموکراسییەتە. ئەم مافانە زیاتر وەک مافێکی جیهانی و شروشتی چاو لێدەکرێن و هیچ پەیوەست نییە بەوەی کە بیروباوەر و عەقیدەی گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو یان عورف و عادەتی زاڵی ناو کۆمەڵێك، یان یاسا و دەستووری وڵاتێک چەند تێڕوانینی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر ئەو مافانە هەیە. تەنانەت زۆرێک لە زانایانی بواری زانستە سیاسییەکان مافە مەدەنییەکانی تاک بە مافگەلی سەرەتا، سەرەکی، ئەولەوییەت و مساومە هەڵنەگری هەر کۆمەڵگایەکی دادپەروە لەقەڵەم دەدەن. واتە، لە کۆمەڵگا ڕۆشنگەر و دادپەروەرەکانی جیهانی پێشکەوتوودا مافە مەدەنییەکان (ئازادی تاک) سەرەتا و کۆتاییە. بەدەربڕینێکی تر، مافە مەدەنییەکان دەسپێکە و ناکرێت بەسەریدا باز بدرێت و قسە لەسەر دیموکراسی بکرێت. 
ئێمە لە ڕووداوەکەی بادیناندا لەبەردەم حاڵەتێکداین کە گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاری کراو (ئیسلامییەکان) نەک هەر دێت سنوورێک بۆ گروپێکی کۆمەڵایەتی تر (مەیخۆرەکان) دادەنێت، بەڵکو بە یاسای ئیگۆسەنتریزم کە لەسەر بنەمای ڕێ پێدراو و رێپێنەدراو حەرام و حەڵال ڕیگا بەخۆی دەدات کە هێرش بکاتە سەری. کەمپینی  ناوزڕاندن و سوکایەتی پێکردنی گروپی هێرشبەر بۆسەر کەسانێک کە مەیخواردنەوە بەمافێکی سەرەتایی و پێداویستییەکی رۆحی خۆیان دەزانن و دواتریش دەستدرێژی کردن و توندوتیژی لەدژییان، پێشێل کردنێکی مەترسی دار و ئاشکرای هەردوو بنەما سەرەکییەکەی مافی مەدەنی و ئازادی تاکەکانە و دەچێتە خانەی هێرشی ڕەگەسپەرستانە دەرهەق بە گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاری کراو. بە چاوپۆشین لەوەی کە پارتی مەیخانەکانی سوتاندووە (وەک لایەنگرانی تیۆری موئامەرە دەڵێن)، یان یەکگرتوو ئەم کارەی کردووە (وەک مەنهەج و بەرنامەکەی دەڵێت)، بێدەنگی پارتی و ئۆردووەکەی و خەنینی یەکگرتوو گروپەکەی دەرهەق بەم کار قێزەونە لەدژی مافی تاکی مەیخۆر، جگە لەشەریکە تاوان هیچ مانایەکی تر نابەخشێت. 
لە بیرمان نەچێت ئێمە باس لە مافە مەدەنییەکان و ئازادی تاک دەکەین وەک سەرەکی ترین پایەی بونیادی دیموکراسی و دادپەروەری. لەڕوانگەی مافە مەدەنییەکانەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان تاکێکی نوێژکەر و یەکێکی مەیخۆردا، وە ئافرەتێکی محەجەبە و یەکێکی مەساجکەردا نییە. هەردووکیان لە ئینسانییەت و هاوڵاتیبوندا یەکسانن و کەرامەت و مافی هەردوکیان وەک یەک پارێزراوە. بەهەمان شێوەش، هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان شکاندنی پەنجەرەی ئوتێلێکی گەشتیاری و دەرگای مزگەوتێک. لەو کۆمەڵگایانەی کە مافە مەدەنییەکانی تێدا بەرقەرارە جێگەوپێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی هیچ تاکێک لەسەر ئەو بنەمایە دیاری ناکرێت کە کێ دەچێتە مەیخانەو کامەش ڕوو لە مزگەوت دەکات. دەنگ و ڕەنگ و مافی هیچ کامێکییان بەسەر ئەوی ترییاندا بەرزتر نییە. بەمانایەکی تر، دابین کردن و پاراستن و پێشێل نەکردنی مافە مەدەنییەکانی هەرتاکێکی کۆمەڵگا بارۆمیتەری لێبوردەیی و دیموکراسییە لە کۆمەڵگادا.
لە خوێندنەوەی ڕوداوەکانی بادیناندا دەکرێت بگوترێت ئەم ڕوداوە ئەزمونێک بوو کەم لە هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لێی دەرچوون. لەم ئەزمونەدا سەرەکیترین پایەی دیموکراسی کە مافە مەدەنییەکانە بێ خاوەن مایەوە و خرایە ژێر پێیەوە. ئەم ئەزمونە پێمان دەڵێت کە پارتەکانی کوردستان، بە ڕاست و چەپییەوە، بە سەکولار و ئیسلامییەوە،  وە بە پێشکەوتنخواز و کۆنەپەرەستەکانییەوە نەک هێندە ماهییەت و جەوهەری دیموکراسییان تێدا نییە کە بەرگری و پێداگری لە مافە مەدەنییەکان و ئازادییەکانی تاک بکەن، بەڵکو بێدەنگییەک و جۆرێک لە رەزامەندییەکی گشتگیر هەیە لەسەر بە قوربانیکردنی ئەو ماف و ئازادییانە. بێدەنگی وهاودەنگییەکی ناپیرۆز لەسەر لێدانی کەرامەت و پێشێل کردنی مافی دەیان و سەدان هەزار کەس کە مەیخواردن بە مافی شەخسی و سەرەتایی خۆیان دەزانن. بازدان بەسەر ئەم هەقیقەتە لەسەر بنەمای هەر پاڵنەرێکی عەقیدەیی، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و بەرژەوەندیخوازی بێت داماڵینی دیموکراسییەتە لە جەوهەرەکەی و خۆ هەڵواسینە بە دیموکراسییەتێکی چەواشەکارانە. دیموکراسییەتێک کە بۆ لایەنی دەسەڵاتدار هیچ مانایەک نابەخشێ جگە لەوەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێت و بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش تەنها رەوڕەوەیەکە بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات. لێرەشەوە ئێمە لەکوردستان لەبەردەم ئیدیعاکارانی دیموکراسیەتێکی ساختە داین، دیموکراسییەتێک جگە لە داوەڵێکی بێ گیان هیچی تر نییە.

 

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٩٠ی رۆژنامەی هاوڵاتیدا بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.