Skip to Content

Monday, January 25th, 2021

لە گەرانەوەیەکدا لە جەهەننەمەوە بۆ سەر زەوی

Be First!

 

 

 


بابەت: ڕانانی کتێب

ناوی کتێب: خیمین ناو و حەوت ژیانەکەی

نووسەر: مو یان

وەرگێرانی لە چینییەوە بۆ سویدی: ئاننا گوستاڤسۆن شین

چاپخانەی ترانان

رانانی: بەکر ئەحمەد

 

مانگێک بەر لە وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ بۆ ساڵی ٢٠١٢، رۆمانی ( خیمین ناو و حەوت ژیانەکەیم کڕی).  بەوەی رۆمانێکی درێژە، ٦٣٢ لاپەڕە، هێشتا لە خوێندنەوەی تەواو نەبووبووم  کە کۆمیتەی نۆبڵ  خاوەنی ئەم ڕۆمانەی بە وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەمسال ناساند. (مو یان ) لە دوای خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵەوە، ناوێکەو لە ئاستێکی بەرینتردا، خوێنەر دەیناسێت. جێی تێرامانە کە تەنها ٣ رۆمانی مۆیان وەرگێردراوەتە سەر زمانی سویدی لە لایەن چاپخانەیەکی گەلەک بچکۆلەوە بە ناوی “ترانان”ەوە. 

 

“خیمین ناو” و حەوت ژیانەکەی

(خیمین ناو) یەکێک لە دەرەبەگەکانی ناوچەی گاومییە کە مو یان لە هەموو ڕۆمانەکانیدا بۆی دەگەڕێتەوە. لە شۆرشی جوتیارانی چیندا بە ڕابەرایەتی ماوتسی تۆنغ، خیمین ناو تیرباراندەکرێت و دەکوژرێت.

لەو دنیا ، لە بەرانبەر یامای پاشادا کە بەرپرسی جیهانی دوای مەرگە، بە سەخترین شێوە سزادەدرێت. لە کوڵاندن و سورکردنەوە  و چاودەرهێنانەوە بگرە، تا پێستگوورون و ئەوەی کە لە زمانی کوردیدا  و لە زاری مەلاکانی کوردەوارییەوە خراوەتە سەر زاری ئینسانی کورددا لە پەیوەند بە وەسفکردنەکانی جەهەننەمەوە، خیمین ناو دەخرێتە ژێر سەختترین سزاوە. بەڵام ئەو خۆی دەگرێت و لە بەرانبەر یاما و دەستوپێوەندەکانی ئەودا، سەرسەختانە ڕادەوەستێت و داوای ئەوە دەکات کە ئەم دەرەبەگێکی خراپ نەبووە و بێتاوان کوژراوە. بۆیەش خوازیاری ئەوەیە کە یاما ژیانی پێببەخشێتەوە و بیگێڕێتەوە بۆ سەر زەوی. 

یاما بە شایەتی دەست وپێوەندەکانی خۆی، بێتاوانی خیمین ناو دەسەلمێنێت و بڕیاردەدات کە داواکەی بۆ جێبەجێبکات و ئەو بگێڕدرێتەوە سەر زەوی. بەڵام نەک وەک خیمین ناوی ئینسان، بەڵکو وەک ئینسان لە بەرگی ئاژەڵدا.  خیمین ناو بۆ ئەوەی وەک ئینسانی لێبێتەوە، دەبێ قبوڵی ئەوە بکات کە پێشتر وەک کەر، گا، بەراز، سەگ و مەیمون ژیان تاقیبکاتەوە، بەڵام بە ڕۆحیانەتی ئینسانەوە.  

ئەوە ئەو گەمەیەیە کە یاما لەگەڵ (خیمین ناو) دا دەیکات و سەرەتای دەستپێکردنی رۆمانێکە کە تیایدا نەک پەیوەندی نێوان خواوەند و ئینسان تەوەری ئەم گەمەیەیە، بەلکو مێژووی وڵاتی چین لە سەرەتای شۆرشی ماوتسی تۆنگەوە تا ساڵی ٢٠٠٠ زەمەنی گێراندنەوەی رۆمانە. واتا سەرەتای ڕۆمان لە یەکی جانیوەری ١٩٥٠ وە دەستپێدەکات و پەنجا ساڵی میژووی چین دەگێڕدرێتەوە،  بەڵام لە چاوان و چارەنووسی خیمین ناوی ئاژەڵەوە.

خیمین ناو لە ژیاندا، سێ ژنی هەیە و لەگەڵ مردنی ئەودا، هەر یەکەیان بە جۆرێک درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. ژنی دووەمییان شوودەکات بە (لان لییان) کە سەپانی خیمین ناوە و  دەنگی گێڕەرەوەی دووەمی ڕۆمانە و  لە هەر گەڕانەوەیەکی نوێدا وەک ئاژەڵ، بە جۆرێک خیمین ناو دەکەوێتە لای کۆنە سەپانی خۆیی (لان لییان) و لە چاوی ئێستای خۆیەوە وەک کەر، گا ، بەراز، رووداوەکان دەگێرێتەوە. بەڵام لان لییان هەر سەپانێکی ئاسایی نییە، بەلکو تاکە جوتیارێکە کە لە پرۆسەی بە کۆلیکتیڤیزەکردنی زەویدا و لە کاتی دروستکردنی کۆمەلە هەرەوەزییەکاندا کە زەوی کرایەوە مولکی گشت لە کاتی شۆڕشی ماوتسی تۆنگدا، ئەو تاکە جوتیارێکە کە ناچێتە ژیر چەتری یەکێتییە هەرەوەزییەکانی جوتیارانەوە. لە زەمەنیکدا کە مولکایەتی تایبەتی (خاوەنداربوون بۆ زەوی خۆ) قسەکەرێکی نییە و جەبرەکانی شۆڕشی ماو جێگایەک بۆ جوتیار نا‌هێڵێتەوە کە خۆی خاوەنداری زەوی خۆی بێت، لان لییان بە دژی شەپۆلەوە مەلە دەکات و سەرسەختانە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا دەجەنگێت. نەک لەبەر ئەوەی لییان دژی شۆرشی ماوە و لە باری ئایدیۆلۆژییەوە ئەم شەرە دەکات، بەلکو تەنها لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە ئەو حەز بە هیچ جۆرە ئاغایەتییەک ناکات و دەیەوێ خۆی بە تەنها ئاغای خۆی بێت. 

خوێنەری کورد دەکرێ چێژ و لەزەتێکی تایبەتی لەم ڕۆمانە ببینێت ئەویش لە بەر ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە ئینسان لە بەرانبەر قەلەمێکدایە کە قوڵ بە ناخی کۆمەڵگای چیندا ڕۆچووەتە خوار و وەستایانە شارەزایی ژیانی سادە و پڕ لە مەینەت و شادی جوتیارانی کۆمەڵگای چینە. بە تایبەت لە باری پەند و دەربڕینی زمانەوانییەوە کە بۆ خوێنەرێکی ئەوروپی دەکرێ سەخت بێتە بەر گوێ، بەلام بۆ خوێنەری کورد دەکرێ لێکچوونێکی گەورەی زمانەوانی بدۆزێتەوە. کاتێکیش مێژووی گێراندنەوەی ڕووداوەکان دەبێتە تۆمارکردنی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگایەکی بە حزبیکراوی پڕ لە کۆمیتەی شار و دێ، دۆخێک کە کۆمەڵگای کوردستان تا ئێستاکەش بە دەستییەوە دەناڵێنێ، خوێنەری کورد زۆر خێرا لە کەش و هەوای کولتوریی و سیاسیی ناو ڕۆماندا بێ گرێ دەکرێ بداتە قاقای پێکەنین. 

یەکێک لە خاڵە سەرکەوتووە جوانەکانی ئەم ڕۆمانە، هونەری گێراندنەوەیە لە زمانی ئاژەلەوە و دواتریش پەڕینەوە بۆ زمانی ئینسان . ئەم تێهەلکێشکردنە هێندە وەستایانە ئەنجامدەدرێت کە هیچ گرێ و گوڵێک بۆ خوێنەر پێکناهێنێت و تەنها وەبیرهێنانەوەیەکی سادە بۆ خوێنەر دێتە پێش کە ئێستا خیمین ناوی کەرە رووداوەکە دەگێڕێتەوە نەک خیمین ناوئ ئینسان.  

 بۆ خوێنەر دەکرێ ئەو پرسیارە بێتە پێش کە  چۆن دەکرێ مێژووی چەندین ساڵی شارۆچکەیەک لە رێگای سەگێکەوە باس بکرێ، بەڵام کاتێک سەگ لە رێگای ناسینەوەی یەک بەیەکی خەلکی شارەوە بە هۆی هەستی بۆنەوە دەکەوێتە گێراندنەوەی کەسایەتییەکان، هەستدەکرێت چ تەکنیکێکی سادە و هەلبژاردنێکی بە ئاگاهانە بووە بۆ گێراندنەوەی مێژوو لە رێگای ئاژەڵانەوە. 

لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەیەکی زیادی مو یاندا سەبارەت بە تواناییەکانی ئەم پیاوە وەک نووسەرێکی گەورە، هەستدەکرێت ئەم ڕۆمانە هەتا بڵێی درێژە. ئەم ڕۆمانە سەجەلەی سێ نەوەیە کە لە دوای خیمین ناوەوە بەشداریی میژووی پەنجا ساڵەی بەشێک لە کۆمەڵگای چینن و لە ژیانی ئەوانەوە، مێژوو دێتە گێراندنەوە. خیمین ناو، منالەکانی خیمین ناو، منداڵی منداڵەکانی خیمین ناو و ئەو هەموو ناوە چینییانەی کە خوێنەر دەبێت ناوە ناوە سەیری سەجەلەی ناوەکان بکات کە لە سەرەتای ڕۆماندا ڕیزکراوە،  ئینسان تووشی سەرە گێژەیەکی کاتی دەکات. ئەم لایەنە لە ناو ڕانانە جۆراوجۆرەکانی رۆژنامەکانی سویدیشدا ئاماژەی پێدەدرێت.  بەڵام بۆ ئاشنابوون بە جیهانی مو یان، باشترە خوێنەر لە بەرهەمەکانی دییکەی مو یانەوە دەستپێبکات  نەک لە (رۆمانی “خیمین ناو” و حەوت ژیانەکە)یەوە. 

مو یان ئەگەرچی پاڵەوانێکی دژی سیستەمی کۆمۆنیستی دەکاتە کەرەستەی رۆمان کە خوازیاری مولکایەتی تایبەتییە، خاوەندارێتی بۆ زەوی خۆی و نەچوونە ژێر چەتری کۆمەلە هەرەوەزییەکانەوە، هێشتاش رۆماننووسی ئەو چین و توێژەیە کە کۆمۆنیزمی چین لە دوێنێ  و ئەمڕۆیدا، لە دەنگ بێبەشیکردوە و لە رێگای مویانەوە، هەندێک لە مەراقە ئینسانییەکەیان بۆ ئێمەی خوێنەر دەخرێتە سەر کاغەز. 

 

Previous
Next

Leave a Reply