Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

مافى یەکسانى ژنان لەناو کوردەکان

Be First!
by August 21, 2008 ژنان

 مافى یەکسانى ژنان لەناو کوردەکان
 نووسینى: مارتین وان برونسن
 و: جەمال پوورکەریم
 بەپێى نوسراو و کتێبە کۆنەکان لەناو کوردەکاندا ، ژنان لەبوارى کۆمەڵایەتى لەگەڵ پیاوان یەکسان بوون . لەسەردەمى ئیسلامدا ، ژنانى کورد وەکوو موسوڵمانانى تر ، پەچەوچارشێویان بەسەرەوە نەبووە و لەبوارى کۆمەڵایەتییەوە لەپیاوان جیاواز نەبوون . جگە لە تاقمێکى زۆر کەم لە ئاغا وات و فیودالەکان ، پیاوانى کورد تەنیا ژنێکیان هێناوە.تاقمێک لەنووسەرانى کورد بۆ سەلماندنى ئەم ڕاستیە کە ژنان و پیاوان یەکسان بوون ئاماژە دەکەنە سەر ئەوەى کە بەشێکى زۆر لەژنانى کورد سەرۆک عەشیرەو سەرکردە بوون و ئەوە بۆ خۆى باشترین بەڵگەو شایەتە و لە ئاسیاى ناوەڕاستدا کورد لەم بوارە گەلێ لەپێشتر بووە . ئەوەى کەژنان لەکۆمەڵى کوردەواریدا لەمافى یەکسانى بەشداربوون و دواتر بەهاتنى ئیسلام یا حکوومەتەکانى ئیمپراتۆرى ناوەندى ئێران و عوسمانى لەدەستیان داوە تایبەتە بەچەند کەسێک لە ناسیۆ نالیستە کوردەکان .زیا گووکالپ (Ziya Gokalp) لەپێشڕەوانى قوتابخانەى ناسیۆنالیزمى تورک ( هەرچەند دوور نیە کە خۆى بەڕەچەڵەک کورد بێت ) ، وەها بۆچوونێکى هاوشێوەى سەبارەت بەعەشیرەتە ڕەسەنەکانى تورک هەبوو . مووسا عەنتەر (Musa Anter) لە نووسەرانى ناسیۆنالیستى کورد، لە کورتە بابەتێکى خۆى لەژێر ناوى (پێگە و جێگەى ژنان لە مێژووى کورد دا) سووربوونى خۆى لەسەر پێگە و جێگەى یەکسانى ژن لە کۆمەڵگەى کوردیدا دەردەبڕێت، عەنتەر لەیەکەم بەشى نوسراوەکەیدا ئاواى نووسیوە" بە پشت بەستن بە کتێبە کۆنەکان بۆمان دەردەکەوێت کە لەناو کوردەکاندا ژنان لە بوارى کۆمەڵایەتى لەگەڵ پیاوان یەکسان بوون، ئەو لە درێژەدا دەنووسێ"لەسەردەمى ئیسلامدا ژنانى کورد وەکوو مسوڵمانانى دیکە نە پەچە و ڕوبەندیان هەبووە و نە لە بوارى کۆمەڵایەتیش لە پیاوان جیا بوون، جێگەى باسە کە جگە لە تاقمێکى کەم لە ئاغا وات و ئەریستۆ کرات و فێئۆدالەکان، پیاوانى کورد تەنیا یەک ژنیان هەبووە، کاتی ڕوودانى شەڕ لەنێوان دوو عەشیرەت یان دوو حاکم، ژنانى هەردوو عەشیرەت بە تەواوەتى تواناى ئەوەیان هەبووە کە چەک و تەقەمەنى و ئیمکانات بگەیەننە پیاوانى شەڕکەرى خۆیان.، بێ ئەوەى کە کەسێک ئامانجى ڕاگرتن، پێش گرتن، یا هێرش کردنە سەر ئەوانى هەبێت. دێکۆمێنتیترین و پڕ بایەخترین هۆ و بەڵگە بۆ پلە و پایەى یەکسانى ژنان، کە عەنتەر بیرى لێ دەکاتەوە بوونى ژنان بە حاکمى هۆزەکانى کوردە. ئەو بە ئاماژە کردن بەچەند کەسێک سەرەتا باس لە عادیلە خانمى هەڵەبجەیى دەکا و پاشان باس لە ژنانى ناودارى دەور و پشتى ناوچەى خۆى (ماردینى تورکیا) دەکا، ڕەنگبێ بەناو بانگترین و زانا ترینیان پەرى خان خاتوون (Parikhan Khatun) بووبێ کە ڕێبەرایەتى تایەفەى ڕەمەن (Raman)ى هەتا کاتى پیرى مناڵەکانى لە ئەستۆ بوو، یەکێ لە کوڕەکانى بەناوى ئەمین (سەرۆکى یەکێ لە هۆزە بەناو بانگەکان) بەناوى ئەمین پەرى خان ناوبانگى دەرکردبوو، ئەوە دەیسەلمێنێ کە پەرى خان خانم خاوەنى دەسەڵاتێکى زۆر بووە لەبەرامبەر مێردەکەیدا. یەکێکى تر لەم ژنە حاکمە دەسەڵاتدارانە شەمسى خاتوون (Shamsi Khatun) لە خێڵى ئامەریان (Umaryan) بووە، ئەو پاش شوویەکەى بەناوى محەممەد، سەرۆکایەتى خێڵەکە لە ئەستۆ دەگرێ و تا ئەو کاتەى کوڕەکەى ( ئەویش ناوى محەمەد بوو) گەورە دەبێ لوتکەى دەسەڵاتى لەدەست دا دەبێ، کوڕەکەى ئەویش هەر زیاتر بەناوى محەممەد شەمسى ناوبانگى دەرکردبوو، نەوەک محەممەد محەممەد، دوایین نموونە کە عەنتەر ئاماژەى پێدەدا، دایکى خۆیەتى بەناوى فەسڵە خاتوون (fasla Khatun) کە ماوەى چل ساڵ سەرۆکایەتى خێڵى تەمیکا (Temika)ى لە ئەستۆ بوو هەتا ئەو کاتەى لە ساڵى 1963 کۆچى کرد، عەنتەر لەسەر ئەم باوەڕەیە کە دایکى لەیەکەم ڕیزى ژنان بووە، لەکاتى موختاریەتى (Mukhtar) (ڕێبەرایەتى هەڵبژێردراوى لادێیی تورکیا)، هەروەها هیچ پیاوێکى شیاوى نەدۆزیوەتەوەکە بتوانێت جێگرى بێت، عەنتەر بەبینینى ئەو ژنانەى کە تەنیا پاش کۆچى هاوسەرەکانیان دەبوونە سەرۆکى خێڵەکەیان دەڵێ" ئەوانە پێگەکەیان تەنیا و تەنیا لەبەر پلە بەرزى مێردەکانیان بووە، ئەولیا چەڵەبى (Evliya Chelebi) دەڵێ" ژنانى حاکم پێگە و جێگەیان لەبابیانەوە بە میرات بۆ بەجێ ماوە و مەمنوونى بابیانن و هەموو دەمێک دەسەڵاتێکى پیاوانە لە پشتیانەوە بووە، تا ئەو جێیەى ئەمن زانیاریم هەیە هیچ ژنێک لە بنەماڵەیەکى فەقیر و نزم ڕا نەیتوانیوە لەژێر سێبەرى هەوڵ و کۆششى خۆى بگاتە پلە و پایەیەکى بەرز، لە حاڵێکدا نموونەى ئەو جۆرە پیاوانە زۆرن" ، بەهەر حاڵ بەپێى ئەوەى گوترا نابێ نکۆڵى لەو ڕاستیە بکەین کە تەواوى ژنانى باسکراوى حاکم و دەسەڵاتدار بەناو و شۆرەتى خۆیان ناوبانگیان هەبووە نە بەناوى مێرد،یان بابیانەوە، خاڵێکى ڕوونى دیکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە ژنانە مێردەکانیان لەژێر سەیتەرەیاندا بوون و کوڕەکانیشیان زیاتر بەناوى دایکیانەوە بانگ کراون، تاوەکى بابیان. ئیحتیمالە بگەینە ئەم ئاکامە، کاتێک ژنێک گەیشتۆتە پۆست و دەسەڵاتێکى بەرز( کە تەنیا لە ڕێی بنەماڵە یان زەماوەند یان هەردووکیان بووە) وێدەچێ خاوەنى جنسیەتێکى سالم و بێ عەیب بووبێ، هەروەها هاوکات لەناو پیاوانیشدا کەسانێکى بەتوانا هەبووە، بەڵام ژنەکە توانیویەتى بەهۆى ڕاگرتنى کەسایەتى خۆى بەبەرزى بگاتە ئەم هێز و دەسەڵاتە، پیاوان بەهۆى ئەوەى ئەم ژنانە لە بنەماڵەیەکى سەروتر و بە ئەسڵ و نەسەبتر بوون دەبوونە فەرمانبەریان، چونکە لەلاى ئەوان ئەسڵ و نەسەب گرنگترە لە جنسیەت، کە هەڵەکە لێرەدایە، هەر بۆیە زۆربەى نووسەرانى کورد تووشى ئەم هەڵەیە دەبن، ( لە کۆمەڵگەى کوردەواریدا بیرێکى کوێرانە بە نسبەت جنسى ژنەوەکە گۆیا کەمترە، هەیە) سەیر ئەوەیە کە ژنانى خاوەن دەسەڵات دەتوانن زۆر کار بکەن کە ئەگەر ژنانى ئاسایى بیکەن، ئەوە گوناح و تاوانێکى گەورەیە، دوو باس کە یەکەمیان مێژوویى و ئەویتریان ئەفسانەیە زیاتر ئەم مەسەلەیەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.
 ئەویندارێکى پاک و بێباک
 ئێزیدیەکان وەکوو کۆمەڵێکى ئاینى و مەزهەبى غەیرى ئیسلامى کە لەبەشێکى گەورەى کوردستان دەژین، بریتین لە چەندین خێڵ و عەشیرەت، ئێزیدیەکان ئاینێکى تایبەتیان هەیە بەوێنەى سیستەمێکى دینى، بەرزترین پلەى ئەم ئایینە، کە نەسلێک لە شوول بەگەکان (Chol Beg) پاراستوویانە و لەژێر دەستیان دایە، دەدرێتە کەسێک کە پێی دەڵێن میر(Mir)و دەسەڵاتى سەروو لەناو ئێزیدیەکاندا بەوە و پێویستە میر هەر لەم بنەماڵەیە (Chol Beg) بێ. لە ساڵی 1913 تا 1957 ئەو شوێن و جێگەیە لەلایەن ژنێکەوە بەناوى (میعان خاتوون) (Mayan Khatun) پارێزرابوو (بەڕێوە دەچوو) دەگوترا کە ئەو بەهێزترین سەرۆکى ئێزیدیەکان لە ساڵانى ڕابردوودا بوو، ئەو سەرەڕاى ئەوەى دواى مەرگى هاوسەرەکەى بوختان و قسەى زۆریان وەدوو خست، توانى بگاتە ئەم پۆست و دەسەڵاتە، میعان خاتوون بوو بە جێگرى مێردە پیرەکەى، کە لە ساڵى 1913 بەهۆى کارەساتێکى گوماناوى و مەرگێکى نا تەبیعى گیانى لەدەست دا(ناوى عەلى بەگ و میرى پێشوو بوو). گەلێک هۆ و دەلیلیان بۆ مەرگى عەلى بەگ باس کردووە، کە یەکێک لەوان عەشقى ناشەرعى نێوان میعان خاتوون و سەرۆکى خێڵى موسلم دۆسکى (Muslim Doski) بەناوى سەفەر ئاغا (Safar Aga) بووە و دەڵێن سەفەر ئاغا شەوێ کاتی کوژرانى عەلى بەگ لەماڵیان بووە، تاقمێ لە کەسانى خەراپ و بیر تەسک و ئاژاوەچى بڵاویان کردەوە کە میعان خاتوون چاو پۆشى لەم کارەى سەفەر ئاغا کردووە، هەڵبەت ئەم باس و خواسانە پەیوەندى بە ئێمەوە نییە. ئەوەى کە گرنگە باس بکرێ ئەوەیە کە کۆمەڵگەى ئێزیدیەکان میعان خاتوونى بێوەژنى وەکوو حاکم و ڕێبەر قبوڵ کرد، کاتێ کوڕەکەى بەناوى سەعید بەگ گەورە بوو، میعان خاتوون دەسەڵاتى لەدەست نەدا. سەعید کوڕێکى بێ دەسەڵات بوو، تەنانەت دایکى بە ئاشکرا دەیشکاندەوە، میعان خاتوون پاشان بوو بە گاردى کوڕە گەورەکەى بەناوى تەحسین کە ببوو بە میر. میعان خاتوون هەتا کاتى مەرگى (ساڵى 1957) لە لوتکەى دەسەڵاتدا مایەوە و ببووە هۆى سەرسوڕمان، سادق دەملووجى (Sadig Damluji) کە عەرەبێکى عێڕاقى و لە ئەفسەرانى پێشووى عوسمانیەکان بوو، ماوەى چل ساڵ لەگەڵ کۆمەڵگەى ئێزیدیەکان لە پەیوەندیدا بوو، ئەو سەبارەت بە میعان خاتوون ( ساڵى 1949) دەنووسێ" ئەو بێوەژنە ڕۆشنبیرێکى زۆر تێگەیشتووە کە خەڵک حسابى لەسەر دەکا و ڕێزى لێ دەگرێ، زیبک و دەمار و دەسەڵاتێکى لە ڕادەبەدەرى هەیە و هیچ کەس تواناى بەر بەرەکانى لەگەڵ ئەودا نییە، هەموو ڕێزى ئەویان لەبەرە و بە نەبوونى پەرۆشن، ئەو لەخۆڕازی و بەدەعیە و خۆپەرستە، بەڵام کاتێک کەسێک دەچێتە بینینى گەورەیى و نەجیبى کردارى ئەوى بۆ دەردەکەوێ، ئەو پیاوانى بنەماڵە دەوڵەمەندەکانى پێ سوک و ڕەزیلە و ڕقى لێیان دەبێتەوە، میعان فێڵ زان و فێڵ باز و بێوەفایە و ڕکەبەرەکانى زۆر بێڕەحمانە دەکووژێت، ئێستا ئەو ڕێبەرێکى شیاو و بە زیبکە کە هەم دەبەخشێ و هەم دەستێنێ، هەم پاداشت دەدا و هەم سزا، هەم ئیزن دەدا و هەم قەدەغە دەکا، بەهەر حاڵ ئەو وەک باشترین کەس دێتە بەرچاو، بیر کردنەوە لەوەى کە پاش مەرگى ئەو چ دەقەومێ گەلێک دژوارە، بیهێننە بەرچاو کە ژیانى ئەو ڕوو لە کۆتاییە و هەموو شتێکى جگە لەبیر و زەینى بەرەو پیرى دەڕوا، ژنێک بە پێگە و شوێنە تایبەت مەندیەکانى میعان خاتوونەوە بە ئاشکرا لەسەروى داوەرى و حوکمى چین و توێژە عادیەکانەوەیە هەروەکى لەسەرێ باس کرا. تاقمێ لە نووسەرانى هاوچەرخ لە بەریتانیا ئەم کارانەى ئەو بە سیفەتە هەرە باشەکانى ئەو لەقەڵەم دەدەن و دەیهێننە ئەژمار، حوکمڕانى ژنانى بە زیبک و دەمار لە فۆلکلۆرى کوردیشدا دەست دەکەوێت، لە ئەفسانەى بەناوبانگى زەمبیل فرۆشدا، ژنێک لە بەرامبەر پیاوێکى خێزاندار و جوان چاکدا عەشقى جنسى خۆى بە ئاشکرا دەردەبڕێ ، قارەمانى چیرۆک پیاوێکى فەقیر و بێ پارەیە بەناوى زەمبیل فرۆش ، گەلێک شار دەگەڕێ بۆ فرۆشتنى ئەو زەمبیلانەى کە خۆى و خێزانە وەفادارەکەى پێکەوە چنیویانە، زەمبیل فرۆش لە ڕاستیدا کوڕى حاکمێکى دەسەڵاتدارە کە پاش مەرگى باوکى لەگەڵ ژیانى کۆشک نشینى ماڵ ئاوایى دەکا و بەبیر و ئەقڵ ژیانى دەروێشانە دەگرێتە بەر، زەمبیل فرۆش لەگەڵ بنەماڵەکەى پاش دەر بەدەریەکى زۆر دەگاتە پایتەختى ئیماراتى کورد، خاتوون، ژنى حاکم، بەبینینى زەمبیل فرۆش عاشقى دەبێت، کەسێک بەشوێنیدا دەنێرێت، هەتاکوو بێتە کۆشک زەمبیلەکانى پێشان بدات، خاتوون، زەمبیل فرۆش لە عیشق و خۆشەویستى خۆى بەرامبەر بەو دەگەیەنێ و پێشنیارى دەست تێکەڵ کردنى پێدەدات، زەمبیل فرۆش بە ئەدەبەوە ڕەتى دەکاتەوە و دەڵێ" من پیاوێکى تۆبە کارم و ئەرکى بنەماڵەم لەسەر شانە، خاتوون تەواوى ماڵ و سامانەکەى پێ پێشنیار دەکات، بەڵام زەمبیل فرۆش هەروا سورە لەسەر قسەکەى خۆى، خاتوون ئەوى لەناو کۆشکدا زیندانى کرد بەڵام زەمبیل فرۆش بە ڕاکردن لە سجن خۆى دەرباز کرد، لەدەست دانى وەها خۆشەویستێک ڕەنج و خەمێکى زۆرى بۆ خاتوون بە دیارى پێبوو، خاتوون نەیدەتوانى وێنەى زەمبیل فرۆش لەمێشکیدا فڕێدا و بیرى لێنەکاتەوە، ئیدى هیچ شتێک لە دنیادا بۆ ئەو بایەخى نەبوو، سەرەنجام قیافە و شکڵى خۆى گۆڕى و دەستى کرد بە گەڕان لەناو شاردا، ماڵەکەى دۆزیەوە و لەگەڵ ژنەکەى باسى کرد، خاتوون بە زێڕ و پارە و فیڵ توانى ژنى زەمبیل فرۆش ڕازى بکا هەتا شەوێک ماڵەکەى بۆ چۆڵ بکا و جلەکانیشى بە ئەمانەت بداتێ، زەمبیل فرۆش پاش تاریک بوونى وڵات دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ و خاتوون لە جلى خێزانەکەیدا بەرەو پیرى دەچێ و دەیباتە ناو جێگەوە، زەمبیل فرۆش کاتێک هەست دەکا کە پاوانەیەکى زیو بەلاقى ژنەکەوەیە تێدەگا کە ئەوە ژنەکەى خۆى نییە، بۆیە بە ناسینەوەى خاتوون ڕادەکا، بەڵام خاتوون دەکەوێتە شوێنی، زەمبیل فرۆش لەوپەڕى ناچارى و ناتواناییدا ( لەدەستى خاتوون) پەنا دەباتە بەر خوا و داواى لێ دەکا کە ڕوحى بەرێتەوە، دوعاکەى قبوڵ دەبێ و گیانى لەدەست دەدا، خاتوونیش لەخەم و پەرێشانى و نائومێدى عەشقەکەى و نەگەیشتن بە خۆشەویستەکەى، ڕوح دەدا و دەمرێ، خەڵک ئەوان لە تەنیشت یەکتر بە خاک دەسپێرن. ئەگەر چى خاتوون وەکوو ژنێکى قارەمانى ئەو داستانە بە ئاشکرا لە بوارى نامووسەوە کەسایەتى لەمەترسی دایە بەڵام یەکێ لەلایەنە بەرچاوەکانى داستان دڵسۆزى و ڕوحم و بەزەیى ئەوە، هەستە ئاگرینەکانى ئەو بەرامبەر بە زەمبیل فرۆش، لە چوارچێوەى وشە گەلێک بە ڕەنگ و بۆنى عارفانە دەربڕدراوە، کە جەخت لەسەر وێچوونى هەوڵى ڕوحى زەمبیل فرۆشە، هەردووکیان کۆشکەکانى خۆیان کە زەمانێک ژیانیان تێدا بەسەر بردووە جێ دێڵن و جلى تاج و تەخت دەگۆڕنەوە بە جلى ئاسایى و دەکەونە شوێن ئەویندارەکەیان. لەبەشى ئاخیردا هەردووکیان دەگەنە یەکگرتنەوەیەکى خوازراو، بەهەر حاڵ ئەوە خاتوونە کەلەتەنیشت زەمبیل فرۆش بەخاکى دەسپێرن، نەوەک هاوسەرەکەى. بەو پێیە لە ڕوانگەى باوى کۆمەڵگاوە خاتوون بەهۆى تەسلیم بوونى بێ غەرەز و بێ غەل و غەشى خۆى بەعەشق، شیاوى ئەوەیە کە بگاتە زەمبیل فرۆش و تێکەڵى بێت، حوکمە عادى و ئاسایى یە ئەخلاقیەکان، (ئەو جۆرەى کە کۆمەڵگایەکى سوننەتى و عەشیرەیى بۆ مرۆڤە ئاساییەکانى بەکارى دێنێ) بە نسبەت ئەم دوو ژنە دەسڵاتدار و خاوەن پۆستە ڕادەوەستێ، ئەفسانەى بەناوبانگى زەمبیل فرۆش، نە ئەخلاق و کردارى خاتوون بە ناپەسەند و بێجێ مەحکووم دەکا و نە بەباشیشى وەسف دەکات، سەبارەت بە میعان خاتوونیش ئەو باس و خواسانەى کە بە ناشیاویەکانى ئەو هەبوو لەلایەن لایەنگرانیەوە چاوپۆشی لێ دەکرێ و بۆى دادەپۆشرێ، بەهەر حاڵ ئەوەی کە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ ئەوەیە کەئەگەر بڵێین کوردەکان و کۆمەڵگاى کوردى بە نسبەت ژنانەوە بە کۆمەڵگایەکى ڕۆشنبیر لەقەڵەم دەدرێن تەواو لە هەڵە داین.
 جارێکى تر یەکسانى ژنان
 زۆربەى هەرە زۆرى پیاوانى ناسیونالیستى کورد پێداگرن لەسەر ئەوەى کە ژنان لە پێشوودا و لە کۆمەڵگەى کوردیدا لەگەڵ پیاوان خاوەنى مافى یەکسانى بوون، ڕاستیەکەى ئەوەیە کە ژنانێک هەبوون کە پێگە و شوێن پێیەکى گەورەیان لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەبووە، بەڵام زۆربەى هەرە زۆریان کارێکى ئەوتۆیان نەکردووە، لە هەندێ لە بەشەکانى کوردستان ژنان لەچاو زۆربەى بەشەکانى ئاسیاى ناوەڕاست جۆرێک ئازادى جووڵەییان هەبووە، بەڵام ئەوە گومانى تێدا نییە کە ئەم جۆرە ئازادى یە لە تەواوى کوردستاندا نەبووە، مووسا عەنتەر کەلەسەرو باسی بەشێک لە بابەتەکەیمان سەبارەت بە ژنانى حاکمى خێڵەکان و مافى ئەوان کرد، بە ئەنقەست بە هێنانى هەندێ باسى پێکەنیناوى (کۆمێدى)بابەتەکەى بەرەو دەلاقەیەکى دیکە واتا بەلاڕێدا دەبا و پێداگرە لەسەر ئەوەى کە ژنان جێگە و پێگەیەکى شیاو و خاوەن ڕێزیان هەبووە لە کۆمەڵگەى کوردیدا، لە درێژەدا دەڵێ" ئەوەى زۆرترین ڕێزی بۆ ژنان هێناوەتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەرکى پیرۆزى مناڵ بوونیان لە ئەستۆیە(ئەویش بە شێوەى مناڵانێکى زۆر)". هەروەک ئەوەى کە ئەفسەرێکى نیزامى و عەسکەرى بەهۆى مەدالیاکانیەوە دەبێتە جێگەى شانازى، ژنى کوردیش بەهۆى منداڵە زۆرەکانیەوە ڕێزى لێ دەگیرێ. نووسەرێکى کوردیش (وێدەچێ ژن بێ) بەناوى ئێف کاراهان (F. Karahan) بەباسێکى دوور لە سوحبەت و جەفەنگ و زۆر بە ژان و ترسێنەر باسێکى تازەى بێ سوودى سەبارەت بە جێگەى بەرزى ژنان، لەچاپ داوە، لێکدانەوەى کاراهان ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەروەک زۆربەى هەرە زۆرى کۆمەڵگە عەشایەرى و سوننەتیەکان ژنان لە جلى دایکایەتى و بێوەژنیدا ڕێزیان لێ دەنرێت نەوەک لە جلى کەسانێک کە بڵێی مافى خۆیان بێت، ئەو ڕێزەى ژنان لەبەرامبەر خزمانى مێردەکانیان (مێرد، باوک، برا، تەنانەت کوڕ)پارێزراو نییە، ئەو فیلمانەى کە دەرهێنەرى کورد (ئێلماز گۆناى)بەتایبەتى فیلمى سوورو (گەلە)ویۆڵ (جادە ، ڕێگا) کە براوەى خەڵاتیش بوون وێنەى خەفەت بار و پڕ لەداخ و کەسەر و پێگەى ژنان لە کوردستانى تورکیا نیشان دەدات، ژنان لەو فیلمانەدا ئارام و لەسەرەخۆ، فەرمانبەر و ڕەنج کێشاون و هیچ پەیوەندیەکیان بە چینى باڵاوە نییە و جگە لە دەسەڵات گەلێکى کەم نەبێت لە ژیاندا خاوەن دەسەڵاتێکى ئەوتۆ نین، چارەنووسی ژنێکى خێزاندار لە فیلمى یۆڵ تەواو بە پێچەوانەى چارەنووسى خاتوونە لە زەمبیل فرۆشدا، ئەو ژنە (لەناو فیلمى یۆڵدا) کە لەزەمەنى مەحکوومیەت و زیندانى بوونى مێردەکەیدا گومانى زیناى لێ دەکرێت، بە وێنەى حەیوانێک لەلایەن کەس و کاریەوە زیندانى دەکرێت تا ئەو کاتەى مێردەکەى دەگەڕێتەوە و تەسلیمى ئەوى دەکەن تا بیکووژێت، مێردەکەى لە یەکێک لە دراماتیکترین گرتە و پلانەکانى فیلمدا پاش دوو دڵێکى تەواو بڕیارى کوشتنى دەدا، لەهەر حاڵدا سەیر ئەوەیە کە تەنانەت دەرهێنەریش هیچ ڕێگەیەک بۆ زیندوو مانەوەى ژنەکە نادۆزێتەوە و بەپێی چەند هۆیەک مەرگى ئەو بە ناچار و ئیجبار دەزانێت.
 
 * سەرچاوە: گۆڤارى زیلان—زانکۆى ورمێ
 
 

Previous
Next

Leave a Reply