Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

مانای فەلسەفە لە سرووشتی فەلسەفەدا ئامادەیە

Be First!
by July 18, 2012 فەلسەفە

 

 

 

فەلسەفە دەستکەوتێ مرۆی شایستە و گەورەیە آ و، هاوکات ئەوەی مرۆڤ خاوەنی فەلسەفەیە ئەمەش لەخودی خۆیدا لە زیندەگی مرۆڤ دا ڕووداوێ مەزنە. بۆیە ئێمە قەرزاری فەلسەفەین و لە چەشنی فەلسەفەمان تا هەنووکەش نەدیوەتەوە کە بکارێ ئێمە وەک خۆی ، وەک ئەوەی هەین و بووین ، ڕاڤەکات. هەربەوجۆرە فەلسەفە گرینگیەکانی مرۆڤ پڕدەکاتەوە و مانای فەلسەفەش لەو گرینگییانەدا پەنهانە کە بۆ مرۆڤ هەیەتی. چرکە مرۆییە ئالۆزکاوەکانیش بەبۆنەی فەلسەفەوە دەشێ بیرخرێنەوە و لەوەشخرێن بۆهەمیشە خۆیان وەک چرکەگەلێ ئالۆزکاو دەرخەن. بەمجۆرە، فەلسەفە پێویستیەکانی مرۆڤ بیر مرۆڤ دەخاتەوە و مرۆڤیشیان لێدێنێتە قسەکردن. ئەو مانایەی فەلسەفە بۆخۆی پێکیهێناوە کۆنە و ماناکەشی لەدێرزەمانەوە لەسەر ئەوە وەستاوە فەلسەفە توانای بەتەنگ هاتنەوەی مرۆڤی هەیە و هاوکات فەلسەفە توێژینەوەی شیاوی و هەلومەرجی زانینیش دەکات(1). بیریشماننەچێت لێکۆڵینەوە لە دانای یان زانین ئەو مانایەیە فەلسەفە لەسەر خۆی بۆخۆی پێکیهێناوە. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەوەش دەڵێین، فەیلەسوفەکان کە پرسیارەکانیان دەخەنەڕوو نیازیان دۆزینەوەی زانینە لەبارەی ئەوەی پێینەگەیشتوون. ئەو زانینانە کە مانا دروستدەکەن لە سرووشتی فەلسەفەکردندا مەڵاسدراوە. جێگەینیگەرانیش نییە کە فەلسەفە سەرقاڵی مانا پێکهێنان بێت چونکە ئەوە بەشێکە لەو شیکردنەوە واتاییەی فەلسەفە کاریلەسەر دەکات. فەلسەفە کە بریتییە لە شیکردنەوەێ واتاییانە ئەمە پرۆسەێکە لە مانا پێکهێنان. بەڵام وادیارە کارکردنی بیرمەندانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەو مانایە یەکڕەنگ نەبووە. فەلسەفە کە خۆی لەتەک زیندەگی مرۆڤ ئاوێتەکردوە شرۆڤەێ زۆری لەسەر ئەو زیندەگیەی مرۆڤ کردووە. چونکە هەر فەلسەفە بووە زەمینەی بۆ مرۆڤ خۆشکردووە لە بونیادی هزری خۆی بگات، لەوە بگات عەقڵی هەیە و پێویستە وەگەڕخرێت. فەلسەفەش بەدرێژای ئەو دیرۆکە بەرین و قووڵەی هەیەتی ئەوەی چەسپاندووە مانا لە کردە فەلسەفیەکانا حەشاردراون و یەکمانایش بە زیانی فەلسەفەکردن دەکەوێتەوە. فەلسەفە کە کارێ زۆری لەسەر ئەو زیندەگیە کردووە ئەو کارکردنە دەستکەوتێ زۆری هەبووە. لە کۆتایدا ئەم دەستکەوتەش ئەو مانایانەی لێپێکهاتووە فەلسەفە بۆ مرۆڤی سازاندووە. ماناکان کە ناهاوشێوەن بوونە بەو ڕێنماییانەی مرۆڤ لە زیندەگی ڕۆژانەدا پێویستیپێیەتی. سەرنجڕاکێشترین شتیش کە بەملایەنەوە تایبەتە ئەوەیە، فەلسەفە کە وەدووی مانای زیندەگی مرۆڤ دەکەوێت ئەمە لە سرووشتی فەلسەفەدا شوێنقایمە و  بەشێکیشە لە پەرۆشیەکانی فەلسەفە. 

هاتنەکایەوەی فەلسەفە مانای بۆ زیندەگی مرۆڤ دروستکرد و ئەو هەلەی لەبەردەم مرۆڤدا ڕەخساند لەخۆی بگات و تێڕامان بەسەر دەوروبەری خۆشیەوە بکات. ئەمەش وایکرد فەلسەفە هەر بمێنێتەوە و وەک شتێکی هەتا هەتایش لە زیندەگی مرۆڤدا کارا بێت. ئەو بەرگریانەی فەلسەفە لە زیندەگی مرۆڤ کردونی تەنیا بەو دەستکەوتە تیۆری و هزریانە دەکرێ بپێورێن مرۆڤ بەهۆی بوونی فەلسەفەوە پێیگەیشتوون. ئەڵبەتە ئەوەش لەڕێگای فەلسەفەکردنە جۆراوجۆرەکانی فەیلەسوفانەوە بووە. فەیلەسوفان بۆئەوەی مانای بوونی فەلسەفە بەرزڕاگرن هەوڵیانداوە کاتەکانیان بەهەدرنەدەن و تاپێیانیشدەکرێت و تاپێویستیشدەکات فەلسەفەبکەن. کەوابێت، فەیلەسوفان نەهاتوون کوێرانە و بەجۆرێ هەڕەمەکی فەلسەفە بەسەر زیندەگی مرۆڤەوە بکەن و ماناش بۆ فەلسەفە داتاشن. ئەمەش بەو دیتنەدێت کە فەیلەسوفان فەلسەفەیان کردووە بە ئامرازێ بۆ ووتنهێنانەپێشەوە لەسەر بوونی مرۆڤ. مادەمەکی بوونی مرۆڤ و دەووروبەرەکەی هەرلە یەکەم ڕۆژەکانی فەلسەفەکردنەوە بۆ فەلسەفە گرینگبووە ناشێ مانای فەلسەفەمان پێلاواز و کەمبێت. کەوابێت دەکرێ بپرسین، بایەخ و گرینگی مانای فەلسەفە لە کوێدایە؟ بەدڵنییایەوە بایەخ و گرینگی مانای فەلسەفە لەوێدایە قسەلە مرۆڤ ، لە بوون و گەردوونی ئەم مرۆڤە دەکات. پێوەندی ئێمەش بەم گەردوونە و ئەڵبەتە بە بوونی خۆشمانەوە شوێنی بایەخی فەلسەفەیە بۆیە مانای فەلسەفە دەلکێ بەو پێویستیەی مرۆڤ بۆ فەلسەفە هەیەتی. بەپێیئەوەی بوونی مرۆی ئێمە بۆ فەلسەفە هەمیشە باسێ زێدە گرینگ بووە ئەمە وایکردووە مرۆڤ بەهۆی فەلسەفەوە کاربۆئەوەکات ووتنی خۆی لەسەر بوونی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری ناو ئەم بوونە هەبێت. وێرایئەوە پێوەندی ئێمە بە بوونەوەرەکانی ناو ئەم بوونەی فەلسەفە پێوەی سەرقاڵە دیسانەوە جێی سەرنجێ قووڵی فەلسەفە بووە. هەرلەبەرئەوە مانای فەلسەفە لە سرووشتی فەلسەفەدا پەنهانە. ئەم پەنهانبوونە ئەو زەمینەیەش بۆ فەلسەفە دەسازێنێ فەلسەفە ووتنی بەردەوامی خۆی هەبێت و ڕاشکاوانە بەو چەشنەی پێویست و گرینگە ڕەفتاربکات.

سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا، سەفەری فەلسەفە هەمیشە مانای بۆ مانای فەلسەفە هەبووە و، ئەو سەفەرە بێووچانەش فەلسەفە کردویەتی بەرگریێ گەورەی لە دیرۆک و بەسەرهاتی فەلسەفە کردووە. لێ هۆشیاری مرۆڤ وەک یەک نییە و گشت مرۆڤایەتیش بەیەکچاو تەماشای مانای فەلسەفەی نەکردووە و ئەو مانایەشی لە سرووشتی فەلسەفەدا نەدیوەتەوە. کەچی تائێستاش دەنگۆیئەوە هەیە فەلسەفە قسەی قۆڕ و نابەجێ و ناپێویستە. تاهەنوکەش گەلێ لەم کۆمەلگە و لەو کولتوور وادەڕواننە مانای فەلسەفە کە پڕە لە بێمانای و بێسوودی. ئەوانەی لە شارستانیە جیاکانا بەمجۆرە دەڕواننە فەلسەفە ژمارەیان کەمە و لەگەڵ کاتدا ڕوو لەکەمتر دەکەن. چونکە ئەوانەی پێوەندی لەنێوان کردەی فەلسەفی و کردەی عەقڵی دا نابیننەوە فەلسەفەیان بێزیاد و نابەجێیە بەڵام ئەوانەی لە کردەی فەلسەفەکردنا هەنگاوە لۆژیکی و ڕاسیۆناڵیەکانی مرۆڤ دا دەبیننەوە فەلسەفەکردنیان پێبەرز و بەکەڵگە. ڕەوشی فەلسەفەش لە ئێستادا ئەوە شیدەکاتەوە چەند فەلسەفە پێویست و مانادارە. یاخود بۆ فەلسەفە هەمیشە ئامادە و بەردەوامە. چونکە پەرۆشی و گەڕۆکی فەلسەفە یەک شت ڕوندەکاتەوە و یەک شتیش دەدا بە گوێی زۆرینەمانا: فەلسەفە کاری یەکلایکردنەوە و چارەسەر دۆزینەوەیە. 

گومانیشی تێدانییە، فەلسەفە ناتوانێ سوود و بەهای خۆی ئۆتۆماتیکیانە نیشاندات. بەڵکو تەنیا ئەو دەمە دەردەکەوێت کە فەلسەفە پێویست و بەهائامێزە، ئەو دەمەی کارمانپێیەتی و سوود لە دەرهاویشتە و ئاکامەکانی وەردەگرین. ئاخر فەلسەفە نەبایە لەوە تێنەدەگەیشتین چۆن ڕەفتار لەتەک ئاژەڵ کەین و پرسیار لەسەر خوڵقانی گەردوون و سەرچاوەکانی سرووشتیش کەین.

فەلسەفە نەبایە ئەستەم بوو تێگەیشتنمان بۆ جوانی، بۆ ڕەووشت بەرزی و بۆ وەفاداری و یەکسانی هەبێت. لەڕێگای ئەو مانایانەی فەلسەفە لەناخی خۆیدا دروستیکردون ، کە دیسانەوە ئێمەی مرۆڤ پێمانبەخشیوە، لەوەحاڵیبووینە بێدادی، هەژاری، زۆرداری و نادادپەروەری کێشەگەلێکی کوشندەن و پێویستە چارەسەری لۆژیکیان بۆ بدۆزرێتەوە. کەواتە، ئێمەی مرۆڤ سوودمەندین لە هەبوونی فەلسەفە و لەوەش کە سرووشتی فەلسەفە بەجۆرێ سازێندراوە مانابەخشە لەسەر بوون و هەبوونمان.  

گرینگە لەوەش حاڵیبین چۆن فەلسەفە مانا دەستەبەردەکات؟ فەلسەفە لەڕێگای لێخوردبوونەوە و بەدواچوونەکانی تێگەیشتن لەسەر زیندەگی و بوونمان دەسازێنێ. ئەم تێگەیشتنە کە بەشێکن لە زانینەکان ئەو مانایە دروستدەکەن ئێمە پێویستمانە. فەلسەفە مانا لەپێناوی ئێمە دروستدەکات. ئەوە ئێمەین ئەو مانایانەمان پێویستە و سەرئەنجام فەلسەفە ماناکان بۆ دروستکردنی زانین لەسەر بوون و دەوروبەرمان دەستەبەردەکات. کەوابێت ماناکان لە هیچەوە ناێنەدروستبوون. بۆئەوەی فەلسەفە سرووشتی خۆی نیشاندات ، ئەوە دەرخات چ ناخ و ناوەڕۆکێیکی کار لەسەر بوون و هەبوونمان دەکات. وەک پێویستیش هزری فەلسەفی ئێمە مانا بۆ فەلسەفە پەیدادەکات و پرسیار لەسەر ئەوە دەخوڵقێنێ بۆ ئەم هزرە گرینگە. ئەو بەدواچوونەی فەلسەفە مەبەستیەتی ئەنجامیبدات لە سرووشتی فەلسەفەوە زێدە نزدیکە. بەدواچوونی فەلسەفەش سێستەماتیکە و شوێنێکیشە بۆ وەدەستهێنانی مانا.

هەر تایبەت بەوی لایسەرەوە دەشکرێ بووترێت، مانای فەلسەفە بۆ فەیلەسوف و بۆ هەوادارانی فەلسەفە جیایە. فەیلەسوفەکان لە مەغزای ڕاستەقینەی فەلسەفە دەگەن و لەوەش حاڵین فەلسەفە وەک ڕێزمانی هزر (2) پێویستیێ مرۆییە. بەس لێرە کێشەکە هەوادارانی فلسەفەیە نەک خودی فەیلەسوفان. چونکە بۆ گەلێ لە هەوادارانی فەلسەفە مانای فەلسەفە گومڕا و ناسانایە. بۆ ئەمانە فەلسەفە دەکرا نەبێت و ، یانیش وەک کە هەیە دەکرا هێندە ئاڵۆز و ناڕوون نەبێت. ئەم بینینە پێماندەڵێت ناشێ ئەوەمان بیرچێت فەلسەفە بیرکردنەوەێکی عەقڵییە. ئەوانەی کە عەقڵ لەدەستدەدەن ناتوانن فەلسەفیانە بیرکەنەوە و ئەڵبەتە توانای فەلسەفەکردنیشیان نابێت. هیگڵ ووتەنیش بۆئەوەی فەلسەفیانە بیرکەیتەوە پێویستە لە شتی حسییەوە بەرەو شتی عەقڵی بڕۆیت. گرفتی خەڵکیش ، ئەوانەی فەلسەفە بەشێ ناڕوون دەزانن، ئەوەیە کە کاتێ شتێ فەلسەفی دەخوێننەوە دەیانەوێت گورج لە ماناکانی بگەن و دەسەڵاتیان بەسەر شیکردنەوەشی بشکێتەوە. کەوابێت ئەوانەی ئیشیان فەلسەفەیە زۆرتر لە مانای فەلسەفە دەگەن تا ئەوانەی حەزیان لە فەلسەفەیە. ئەوانەی حەزیان لە فەلسەفەیە نایانەوێت لەوە تێگەن فەلسەفە کردەێ عەقڵییە و تێگەیشتن لە ماناکانی پێویستی بە تێڕامانی عەقڵییە. کەوابێت بۆ هیگڵ بیرکردنەوەی فەلسەفی بیرکردنەوەێ عەقڵی ڕووتە نەک حیسی. 

بیرکردنەوەی عەقڵی بیرکردنەوەێ فەلسەفییە ئەمەش دەچێتە سرووشتی فەلسەفەوە. ئەم سرووشتە ناخی فەلسەفەیە و سازێنەری ئەو مانایەشە فەلسەفە پێماندەناسێنێ. گەر ئەمە پیشەی بیرکردنەوەی عەقڵی بێت هیچ شوێنێ بۆ خۆ-گەوجاندن مانای نامێنێ. ئەمەش بەواتاێتر ئەوەشمان پێدەڵێت شتێک نییە پێیبڵێن گەڕەلاوژەی فەلسەفی. چونکە فەلسەفە لە نیگەرانیەکان دەکۆڵێتەوە و پەل و پۆش بەرەو خستنەژێرپرسیاری گشت ئەو زانینانە دەهاوێت دەستماندەکەون. کەواتە فەیلەسوف تاکە کەسێکە خۆی بۆ تێگەیشتن لە مانای شتەکان تەرخاندەکات. فەلسەفە لەڕێگای ئەم پەرۆشیەی بۆ زانین زۆرترین مانا لەسەر هەبوونمان دەخولقێنێ و چییەتی شتەکانیش لە خودی خۆیاندا دێنێتە گۆ. ئەمی ووتمان بەرەو ئەو گۆشە نیگایەشمان دەبات کە فەلسەفە مانا دروستکەرە چونکە ئەمە تەنیا کاری ئەوانەیە لە نهێنی بیرکردنەوەی فەلسەفی تێگەیشتوون. واتە خەڵکی سادە ناتوانن لەو ماتماتیک (بیرکاریی) ە تێبگەن کە لە سرووشتی بیرکردنەوەی فەلسەفیدا قایمکراوە. ڕاستە ماتماتیک بیرکردنەوەێ ئەبستراکتە بەس ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەشێکە لە بوونمان و، بوونیشمان لە دەرەوەی ماتماتیک ئامادەیی نییە.

لێ ئەو ماتماتیکەی لە هزرمانا خۆی حەشارداوە پێماندەڵێت فەلسەفەکردن کارێ هەڕەمەکی نییە و بۆئەوەش نەهاتۆتەکایەوە هەڕەمەکیەت بخاتەوە. کەوابێت ئەو ساتەی فەیلەسوف مانا بەرهەمدێنێ خۆی لەو هەڕەمەکیەتە بەدووردەگرێ لە زیندەگیمانا بوونی هەیە. وەکیتریش ، فەلسەفە دژ بە هەڕەمەکیەتی زیندەگییە. بۆ پڕبایەخدارکردنی ئەم ووتنەش پیێلەسەر ئەوەدادەگرین کە فەیلەسوف بۆ ئەوە مانا بەرهەمدێنێ تا مانا لە شتەکانا بدۆزێتەوە. مانا لە شتەکانا دیار و ڕووکەش نین و پێویستە گەڕانیان بۆبکرێ. بۆئەوەی فەلسەفە مانا لە خودی شتەکانا دەربێنێ پێویستە بێ سڵەمینەوە و ڕاشکاوانە کاریخۆی ئەنجامدات و ئەو مانایانە وەگیرخات کە نابینرێن و ڕووکەش نیین. تایبەتێتی مانا فەلسەفیەکانیش لەوەدا کۆدەبنەوە کە تێگەیشتنن لەسەر ئێمەی مرۆڤ و دەورووبەرەکەمان. 

وێرایئەوی ووترا، فەلسەفە سرووشتی خۆی هەیە و ئەم سرووشتەش تایبەتێتی خۆی هەیە. تایبەتێتیەکە پێوەندی بە سرووشتی بیرکردنەوەوە هەیە کە لە فەلسەفەدا بنجبەست و زاڵە. کەواتە فەلسەفە بەوە لە زانستەکانی تر جیادەکرێتەوە کە هەمیشە بە بیرکردنەوە و  تێڕامانی گوماناوی بەردەوامەوە بارگاوییە کە لێخووردبونەوە و بەدواچوون بەرهەمدێنێ. بۆیە هەمیشە ئەوانەی ڕووبەڕووی واتای فەلسەفە دەبنەوە پرسیاری بۆ دەبێ فەلسەفە هەبێت؟ و مانا و سوودی فەلسەفە چییە؟ بەشێک دەبن لەو پرسیارانەی هەمیشە خۆیانقووتدەکەنەوە. ئەم جۆرە پرسیارانە لە زیندەگی فەلسەفەدا سەرنجڕاکێشن و بەشێ بنەڕەتیش لە دیرۆکی دێرینی فەلسەفە پێکدێنن. شوێنی ووتنیشە، سرووشتی فەلسەفە لەو سرووشتەی زانینەکانی تر هەیانە جیاوازە. سرووشتی فەلسەفە وا لە فەلسەفە دەکات بە لایەنێ لە لایەنەکانی زیندەگی و یاخود بوونمان سەرقاڵنەبێت هەروەها ناخوازێت زانین لەسەر بەشێ لە زیندەگی و یاخود بوونمان پەیداکات. بۆیە مانا و ئامانجی بوونی مرۆڤ و جیهان لە سرووشتی فەلسەفەدا ئامادەیە و ئەمەش وادەکات فەلسەفە بۆ بوونەوەر و بوون شتێ پڕبایەخ بێت. لەم حاڵەتەشدا هەرگیز ناشێ ئەوە پشتگوێخەین کە لە سرووشتی فەلسەفەدا ئەو دیتنەش پەنهانە کە ئێمە فەلسەفەبکەین یان فێری فەلسەفە بین؟ چونکە خودی فەلسەفە لەلاێ فەلسەفەفێربوون و فەلسەفەکردنیش دەوروژێنێ. بۆ گەلێ لە بیرمەندانی ڕۆژئاواش فەلسەفەفێربوون ئاسان نییە و شتێکە هەرگیز نایێتەدی. 

 

ئازاد حەمە

———————————————

سەرچاوەکان :

آ ئەم نووسینە لە گۆشەی “ڕوانگەی فەلسەفی ” ژمارەی 379 و 380 ی تەمووزی 2012 ی “ڕەخنەی چاودێر” دا بڵاوکراوەتەوە.

1.Swami Krishnananda. The Philosophy Of Life. Divine Life Society/Rishikesh 2003،p. 3

 

2.Michael Dummett. The Nature and Future of Philosophy. Columbia University Press ،2010، p.13. 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply