Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

مۆته‌که‌ی گۆڕان … مه‌هزه‌له‌ی حیزب ‌!!

Be First!
by September 17, 2009 گشتی

پێده‌چێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان سوربن له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌کانی چاوترساندن و نانبڕین و هه‌ره‌شه‌کانیان، پێده‌چێت به‌قێزه‌ونترین شێوه‌ تۆڵه‌ی ئه‌و دۆڕانه‌ بکه‌نه‌وه‌ که له‌‌ 25/7 شکستیان تیا خواردو نه‌یانتوانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بهێننه‌وه‌، پێده‌چێت ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتی ئێمه‌ رۆژ به‌ رۆژ بیرو هزریان بچوک ببێته‌وه‌و جیهانبینی و ویژدانیان لاواز ببێت، پێده‌چێت تا ئه‌و کاته‌ی له‌سه‌ره‌مه‌رگا گیان ده‌سپێرن ئاماده‌ نه‌بن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆستانه‌ ببن که‌ هیچ کاتێک به‌ لێوه‌شاوه‌یی و ‌هێزی خۆیان به‌ده‌ستیان نه‌هێناوه‌ به‌ڵکو به‌ قودره‌تی قادر وه‌ریانگرتووه‌، پێده‌چێت ده‌سه‌ڵات له‌ وڵاتی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ قێزه‌ون ببێت‌ که‌ مرۆڤ‌ شه‌رم بکات بڵێت خه‌ڵکی کوردستانم.
له‌ ئه‌وروپا کاتێک مرۆڤێکی شه‌رقی ده‌که‌وێته‌ ناو ژیانی ئاساییه‌وه‌ که‌ ره‌گه‌ز و زمان و که‌لتورو سه‌رله‌به‌ری بونیادی جه‌سته‌یی وده‌رونی و په‌روه‌رده‌یی جیاوازه سه‌ره‌کی ترین برگه‌ی ژیان به‌به‌رجه‌سته‌یی ده‌بینێت، له‌ کورتترین دێڕدا هه‌ست ده‌کات که‌ مرۆڤه‌، به‌ڵام مه‌خابن له‌ کوردستاندا هاوڵاتی پله ‌یه‌کی وڵاته‌که‌ی خۆت له‌سه‌ر بیرورای جیاواز سزا ده‌درێت و سوکایه‌تی به‌ که‌سایه‌تی و بیروراو هه‌سته‌کانی ده‌کرێت و له‌ دیدی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ ئه‌وان مافی هاوڵاتی بون و ژیانیان نییه‌ و به‌کرده‌وه‌ش به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌کرێت!! حزبێکی به‌ناو ئه‌ندامی ئه‌نته‌ر ناشناڵ و به‌پێوه‌ره‌کانی خۆی بروای به‌ وشه‌ی شێوێنراوی دیموکراتی هه‌بێت و له‌ولاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێک ده‌نگی پێ نه‌داوه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆی هاوکێشه‌ی نیشتمان په‌روه‌ری و دڵسۆزی و خیانه‌ت و ناپاکی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ده‌ست بخاته‌ کاروباری حکومه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بۆ سزای خه‌ڵک به‌کار بهێنێت ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مه‌هزه‌له‌یه‌کی ره‌ها هیچ پێناسێکی تر هه‌ڵنا‌گرێت؟!
دوای سزادانی 25 مامۆستاو یاریده‌ده‌ر له‌سه‌ر بیرورای جیاواز له‌ سنوری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی دوکاندا که‌ بێگومان مه‌ڵبه‌ندی یه‌کێتی له‌ دوکان رۆڵی کارای له‌ ده‌ستنیشانکردن و سزادانیان هه‌بووه‌ (قسه‌م له‌سه‌ر به‌رپرسی پێشوی مه‌ڵبه‌ند نییه‌ که دوای زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی گۆڕان له‌سه‌رکار ده‌رکرا‌ که‌ له‌ بنچینه‌دا ئه‌سڵه‌ن نه‌ده‌بو هه‌ر بکرایه‌ به‌ به‌رپرس) له‌ به‌رپرسی ئێستای مه‌ڵبه‌ندی دوکان ده‌پرسم ئه‌گه‌ر به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی دوکان شاره‌زای دوکان نه‌بێت و له‌پێناو کورسیه‌که‌ی ژێر خۆی هه‌مو فه‌رمانێکی حیزبی جێبه‌جێ بکات به‌ڵام خۆ جه‌نابت ده‌مێکه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دوکان ئاشنایت و له‌ زۆربه‌یانه‌وه‌ نزیکیت، چۆن توانیت به‌و بریاره‌ رازی بیت که‌ 25 به‌رێوه‌به‌رو یاریده‌ده‌ری دۆست و هاورێت له‌سه‌ر کاره‌کانیان لاببرێن و هیچ هه‌ڵوێستێکت نه‌بوو!؟ نازانم ئێواران به‌ چ دڵێکی ئاسوده‌وه‌ ده‌گه‌رێیته‌وه‌ ناو ماڵ و مناڵه‌که‌ت؟! شه‌وانه‌ به‌ چ ویژدانێکی ئاسوده‌وه‌ خه‌و ده‌چێته‌ چاوه‌کانت؟! من هه‌رگیز ناتوانم بروا به‌وه‌ بکه‌م مرۆڤ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیدا دۆست و خۆشه‌ویسته‌کانی بکاته‌ قوربانی تا به‌ مه‌رامه‌کانی بگات له‌ کاتێکدا که‌ جه‌نابت هه‌ر ده‌مت بکه‌یته‌وه‌ باسی ئازادی و بیرورای ئازادو پیکه‌وه‌ژیان و کۆمه‌ڵێک قسه‌ی سواوی بریقه‌دار ده‌که‌یته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش په‌یوه‌ندی روحیت له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌وکه‌سانه‌دا هه‌بو که‌ ئێستا له‌سه‌ر بیرورای جیاواز به‌ ئیعازی جه‌نابت له‌سه‌ر پۆسته‌کانیان لابراون. ئایا ئێستا به‌و کاره‌ت ویژدانت ئازارت نادات؟ تۆ به‌هه‌مو ئه‌و کارانه‌ رازیت که‌ حیزبه‌که‌ت به‌و شێوه‌یه‌ سزای خه‌ڵکێک ده‌دات ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگیان پێ نه‌داوه‌؟ ئایا پێت وایه‌ حیزبه‌که‌ت به‌م کارانه‌ی ده‌توانێت خۆشه‌ویستی و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆخۆی بگێڕێته‌وه‌؟ ئایا له‌دڵته‌وه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ ناحه‌زو قێزه‌ونه‌ به‌ کۆمیدیا نابینیت؟ هه‌ست ناکه‌یت حیزبه‌که‌ت توشی سه‌رلێشێوان و قه‌یرانێک بووه‌ که‌ خۆشی نازانێت چۆن لێی ده‌رباز ببێت؟ تۆ ده‌زانیت ئێستا له‌ چ سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین و خه‌ڵک چۆن بیرده‌کاته‌وه‌؟ ئێوه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌کانی خۆتاندا بچنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خۆتان بکه‌ن تا متمانه‌ی خه‌ڵک بۆخۆتان بگێرنه‌وه‌ به‌ڵام سزایان ده‌ده‌ن؟ پێت وا نییه‌ رۆژێک دێت کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتتان دێت و ئه‌م کاره‌ ناشرینانه‌تان ده‌چێته‌ مێژووه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ چ لۆژیک و کارێکه‌ پێوه‌ی هه‌ڵده‌ستن!؟

Ako_majeed@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply