Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

میلان کوندێرا، هونه‌ری ڕۆمان…. عه‌زیز عه‌لی

Be First!
by October 26, 2008 کتێبخانە

 میلان کوندێرا، هونه‌ری ڕۆمان…. عه‌زیز عه‌لی
  
 میلان کوندێرا ڕۆماننوسێکی چیکییه‌و تا ئێستا چه‌ندان ڕۆمان به‌ بایه‌خی نوسیوه‌و جێ په‌نجه‌ی به‌ ئه‌ده‌بی جیهانییه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دیاره‌.
 کوندێرا هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێ هه‌ڵده‌ستێ به‌ که‌وماڵکردنی بیرکردنه‌وه‌و تێڕامان‌و ڕوانگه‌کانی ده‌رباره‌ی هونه‌ری ڕۆمان‌و له‌ کتێبێکدا چاپی ده‌کا. بریا گشت داهێنه‌ره‌کان ئه‌م کارانه‌یان ده‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی خوێنه‌ر جارو با‌ر گۆشه‌نیگاو ڕاڤه‌ی خۆیانمان بۆ داهێنانه‌کانیان ده‌خوێنده‌وه‌‌و ده‌ستیان ده‌گرتین‌و گۆشه‌ تاریکه‌کانی داهێنانه‌کانیان بۆ ڕوناک ده‌کردینه‌وه‌.
 یه‌که‌م کتێبی لێکۆلێنه‌وه‌ی کوندێرا ده‌رباره‌ی هونه‌ری ڕۆمان له‌ حه‌وت به‌ش پێکاتووه‌. به‌شی یه‌که‌م لێکۆڵێنه‌وه‌یه‌که‌ ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆمان، هه‌ر له‌ سێرڤانتسه‌وه‌ هه‌تا نووسینی لێکۆڵینه‌وه‌که‌و کوندێرا خۆی به‌ قه‌زارباری سێرڤا‌نته‌س ده‌زانێ. به‌شی دووه‌م گفتوگۆیه‌که‌‌ ده‌رباره‌ی ڕۆماننووس‌و ڕۆماننوسیی کوندێراو ئه‌و ته‌کنیك‌و ده‌سته‌وازییانه‌ی کوندێرا له‌ ڕۆمانه‌کانیدا به‌ کاریان ده‌هێنێ. به‌شی سێیه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که‌ ده‌رباره‌ی خه‌وڕۆی هێرمان برۆخ. ئێمه‌ که‌مجار له‌ به‌رده‌م ده‌قێکدا داده‌نیشین، که‌ داهێنه‌رێک، له‌ داهێنانی دا‌هێنه‌رێکی دیکه‌ ڕۆ بچێ، ئه‌م ده‌قه‌ یه‌کێکه‌ له‌و ده‌قه‌ دانسقانه‌ی به‌ڵه‌دیمان بۆ دنیای ڕۆمانێکی کۆن ده‌کا. به‌شی چواره‌م گفتگۆ‌یه‌که‌ ده‌رباره‌ی هونه‌ری بیناسازیی له‌ ڕۆماندا. لێره‌دا کرسیتیان سالمان له‌ ڕێی پرسیاره‌کانییه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی کوندێرا نزیکمان ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵکو ده‌مانباته ناو بیناکانی ڕۆمانه‌کانییه‌وه‌و نه‌خشه‌و ڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانیمان بۆ ڕاڤه‌ ده‌کا. به‌شی پێنجه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که‌ ده‌رباره‌ی ڕۆمان‌و وه‌رگێڕان، کوندێرا ئه‌زمونه‌کانی خۆیمان له‌ وه‌رگێڕانه‌کاندا بۆ ده‌کا.
 به‌شی شه‌شه‌م له‌ شه‌ست‌و شه‌ش وشه‌ی ڕاڤه‌کراو پێکدێن، که‌ له‌ ڕێی پێناسه‌کانیانه‌وه‌ کوندێرا کلیلی ئه‌و وشانه‌مان ده‌داته‌ ده‌ست که‌ له‌ ڕۆمانه‌کانیدا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆمانه‌کانی پێکده‌هێنن.
 به‌شی حه‌وته‌م وتاری کوندێرایه‌ له‌ کاتی وه‌رگرتنی ‌خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی ئورشه‌لیم له‌ ئیسرائیل.
 ئه‌م کتێبه‌ که‌ریم په‌ڕه‌نگ له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌ وه‌ریگیڕاوه‌ له‌ ساڵی 2008دا له‌ لایه‌ن چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه‌ بڵا کراوه‌ته‌وه‌.   ‌
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply