Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

نامه‌یه‌ك بۆ سه‌لام محه‌مه‌د

Be First!
by February 4, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

 

كاكه‌ سه‌لام محه‌مه‌د سڵاوی داهێنان و هه‌واڵپرسین: ئه‌م كتێبه‌ی له‌باره‌ی ئه‌زموونی تۆوه‌ ( له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ ڤێسته‌رۆس) ، كه‌ كاكه‌ ( عه‌بدوڵڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ) پێوه‌ی ماندوو بووه‌، به‌شی سه‌ره‌كی خۆت وه‌ك ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی و ژیانی نووسیوته‌ و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش نووسه‌رانی تر. مایه‌ی دڵخۆشی ئێمه‌یه‌ و سوپاسیش بۆ ئه‌وه‌. دووجارم خوێنده‌وه‌، زیاتر له‌ ده‌ڕۆژیش كاته‌كانی خوێندنه‌وه‌ی خۆمم بۆ ته‌رخان كرد و تێیدا سوودمه‌ند بووم و چوومه‌ ناو دووریی و ئاسۆ قووڵه‌كانی بوونه‌وه‌. پێم وایه‌ هه‌موومان، ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی شیعرین پێویسته‌ بیخوێنینه‌وه‌ و له‌ نێوان دێڕه‌كانیدا وردببێته‌وه‌. زۆر خه‌ونی ئه‌زموونمان لێ‌ ده‌بێته‌ واقیع. به‌هیوام ئه‌م كاره‌ نایابه‌ ببێته‌ نه‌ریتێك بۆ ئه‌زموونی شاعیرانی تریش بكرێت و به‌رده‌وامیش بێت. له‌و سی و پێنچ ساڵه‌ی من له‌ناو ڕۆشنبیری كوردیدام و ده‌خوێنمه‌وه‌ و هه‌وڵی ناسینی ده‌ده‌م. هیچ نووسه‌رێكم نه‌ناسیوه‌ وه‌ك تۆ ئاوا بڕوای به‌ خۆی بێت و خراپه‌ و چاكه‌ی خۆی بێ‌ پێچ و په‌نا و خۆحه‌شاردان له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستان بخاته‌ڕوو. ئاواش له‌ په‌رێز پاكی خۆی بێباك بێت. سوپاس بۆ ئه‌و شیره‌ گه‌رم و پاكه‌ی له‌ مه‌مكی (ئه‌سمه‌ر سلێمان)ی دایكت مژیوته‌ و دواتر تێكه‌ڵ به‌ شیری گه‌وره‌مه‌ندی شیعرت كردووه‌. حیساباتمان لێ‌ تێكنه‌چێت. شیری شیعر و شیری دایك یه‌ك شتن، كه‌چی زۆربه‌ی شاعیران به‌ هه‌قده‌ست و سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه‌ی شیعر ده‌ژین. ئه‌مانه‌ زڕ كوڕی شیعرن. شیری هه‌ڵبزڕكاو ده‌خۆن. شیری هه‌ڵبزڕكاویش ده‌بێته‌ ژه‌هر. قوڕبه‌سه‌ر ئه‌و شاعیره‌ی شیری لێ‌ ببێته‌ ژه‌هر، وه‌ك سیسركه‌ له‌ ئاوده‌ستخانه‌ی مێژوودا ده‌ژی. شیعری بێگه‌رد خه‌ڵاتی گه‌مژه‌یی ده‌داتێ‌، به‌هیوام هه‌موومان ئه‌و بوێرییه‌ی تۆمان تێدا بڕسكێت. ئه‌و ڕسكانه‌ ئه‌وپه‌ڕی پاكییه‌. ئه‌وپه‌ڕی بێباكییه‌ له‌ئاست هه‌ڵه‌ی بێ‌ گوناه و بێ‌ مه‌به‌ستت. سوپاس بۆ خودا و نووسه‌ره‌كان، له‌ته‌واوی كتێبه‌كه‌دا ده‌ربڕینێكی وای تێدا نییه‌. خودا نه‌خواسته‌ تانه‌ و ته‌شه‌ر بێت بۆ ئه‌زموونی هیچ كه‌سێك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای خۆم تێبینیم كرد ئه‌وه‌یه‌ له‌ نووسینه‌كه‌ی براده‌ری شاعیر و زۆر خۆشه‌ویستم كاكه‌ (به‌رزان هه‌ستیار) هه‌واڵی شاعیرێكی بزر و بێده‌نگ ده‌پرسێت. ئه‌ویش (كه‌نعان مه‌دحه‌ت)ه‌ و ئاماژه‌شی به‌شیعری (به‌ڵام ڕووبار، هه‌ر تۆی ڕووبار، ئه‌ی عێراق گیان)داوه‌. ئه‌م ناونیشانه‌ بووه‌ خولیا و كه‌ڵكه‌ڵه‌ و جۆرێك نه‌سره‌وتنم. حه‌زی به‌دواداچوون و ئاشكراكردنم تێدا داگیرسا، هه‌وڵمدا شاعیر بناسم و ڕاوێژی له‌گه‌ڵدا بكه‌م. كاتی خۆی شیعره‌كه‌ له‌ ژماره‌( 25)ی گۆڤاری به‌یان، مایسی 1975 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. خودا و ڕاستان به‌هۆی مامۆستا(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)ه‌ وه‌ شاعیرم دۆزییه‌وه‌ و ناسیم. له‌ بێده‌نگی و بزربوونیم پرسی. كه‌چی گه‌وره‌یی نواند و دوو كۆشیعری خۆی پێشكێش كردم، كه‌ له‌ سوێد چاپی كردوون. زانیم بێده‌نگ و بزرنه‌بووه‌، كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ له‌منه‌وه‌یه‌ و لێی بێ‌ ئاگام. زۆر جار ئێمه‌ له‌ بێئاگایی خۆماندا قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌زموونی كه‌سێك ده‌كه‌ین و هه‌ندێك جاریش قسه‌كانمان ده‌گاته‌ بڕیاری هه‌ڵه‌.

1_ گه‌ڕان له‌ به‌هجه‌ت حیكمه‌ت، ساڵی 1987، كۆشیعر. 

2_ چله‌ی شۆڕش و زیندووكردنه‌وه‌ی چه‌رخی میرنشینان، ساڵی 2001، كۆ شیعر. 

له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و بینینه‌كانی هه‌ردوو كۆشیعره‌كه‌دا ورد بوومه‌وه‌. پێش ده‌چێت شیعر له‌ناوه‌وه‌ داگیری نه‌كردبێت و وه‌ك ئاره‌زوویه‌ك وه‌ریگرتبێت، به‌شێكی سه‌ره‌كی ژیانیش بۆ ته‌رخان نه‌كردبێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌مز زۆر به‌ قووڵی به‌كارده‌هێنێت. ئه‌وه‌شم بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ شاعیران: (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و فه‌رهاد شاكه‌لی) ده‌ست پێده‌كات. هاوشاری و براده‌ری نزیكیان بووه‌، به‌ڵام ئه‌زموونی ئه‌و دواكه‌وت و كه‌م ده‌ركه‌وت.  

ئه‌م ناونیشانه‌ (به‌ڵام ڕووبار، هه‌ر تۆی ڕووبار، ئه‌ی عێراق گیان) له‌ كۆشیعری یه‌كه‌میدا بووه‌ته‌ ( به‌ڵام ڕووبار، هه‌رتۆی ڕووبار، ئه‌ی كوردستان) له‌ هۆكاری ئه‌م  گۆڕینه‌م پرسی، شاعیر گوتی: سكرتێری نووسینی گۆڤاری به‌یان، (مسته‌فا نه‌ریمان) بوو، به‌نیازی خۆی له‌به‌رژه‌وه‌ندی مندا  به‌بێ‌ ئاگاداركردنه‌وه‌م گۆڕیویه‌تی، نه‌ك هه‌ر ناونیشانه‌كه‌، به‌ڵكو یه‌ك دوو وێنه‌ی تریشی گۆڕیوه‌ و ده‌ستكاری كردووه‌. من له‌ كۆشیعره‌كه‌مدا گه‌ڕاندوومه‌ته‌وه‌ دۆخی خۆی. ڕه‌نگه‌ هۆیه‌ك له‌ هۆیه‌كانی له‌ هه‌مان ساڵدا وڵاتم به‌جێ‌ هێشت ئه‌م ناونیشان گۆڕینه‌بێت، به‌غه‌درێكی گه‌وره‌م زانی و به‌رگه‌ی مانه‌وه‌م نه‌گرت. بووه‌ بوارێكیش بۆ قسه‌ كردن له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعریمه‌وه‌.

 كاكه‌ سه‌لام ته‌ماشاكه‌ ده‌ستكاری چ جۆر و به‌هه‌ر به‌هانه‌یه‌ك بێت ساردییه‌كی كوشنده‌ ده‌خاته‌ ده‌روونی نووسه‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ڕۆژنامه‌نووس زۆر ده‌ستپاك بێت. بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی بابه‌تێك، كه‌ سه‌رنجیان له‌باره‌وه‌ هه‌بێت، زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی به‌ ده‌ستكارییه‌ك ئه‌تك بكرێت و به‌ ئه‌تككراوی بڵاوبكرێته‌وه‌. 

با هه‌موومان خه‌ریكی دروستكردنی ماڵێك بین. ماڵی شیعری بێگه‌رد، ماڵی شیعری بێگه‌رد ماڵی گه‌رم و ڕووناكی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت پشووی ئێستێتیكی تێدا بده‌ن.                                                  

 

 

برات 

  سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

2\2\2014 هه‌ولێر

Previous
Next

Leave a Reply