Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

نوزه‌…… نامق هه‌ورامی

Be First!
by July 14, 2008 گشتی

 نوزه‌ ده‌نگێکی کپ کراوه‌،زۆرجار مامۆستا له‌مه‌کته‌ب که‌خه‌ریکی مه‌سج نوسین ده‌بێت به‌ قوتابییه‌کان ده‌ڵێت "نوزه‌تان له‌ده‌م  بێت نوزه‌تان ده‌بڕم" له‌نێوان ده‌نگ و نوزه‌دا جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه‌،  وه‌ک ته‌واوی ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌نێوان چینی سه‌رده‌ست و بنده‌ستا هه‌یه‌، له‌ماڵه‌وه‌ باوک و له‌قوتابخانه‌ مامۆستا و له‌دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تێشدا خزم خزمێنه‌و شتی تریش،زۆربه‌ی جار په‌یوه‌ندییه‌کان، په‌یوه‌ندی نێوان جه‌لاد و قوربانییه‌،
  ئه‌مه‌یان کوشنده‌ ترین ده‌ردی کۆمه‌ڵایه‌تی و روخێنه‌ری هیوای هیوادارانه‌ به‌وه‌ی رۆژێک له‌رۆژان ئه‌م شوێنه‌ی ناومان لێناوه‌ نیشتمان باش بێت وئه‌وه‌شی که‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ که‌مێک ریفۆرم بکات.
 ده‌گوترێت خوا ئاگای له‌ ته‌په‌ی پێی مێروه‌، ئه‌مه‌ حیکمه‌تێکی تێدایه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئافڕێنه‌ری دانا ده‌بێت ئاگای له‌ وردو درشتی ژیانی ئه‌وانه‌ بێت که‌ له‌ئه‌ستۆیدان له‌ زه‌ڕافه‌وه‌ تا مێروله‌، که‌چی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی لای خۆمان نه‌ک ئاگای له‌ خه‌ڵک نه‌ماوه‌ بگره‌ ئاگای له‌هه‌ندێک شتی خۆیشی نه‌ماوه‌، له‌ده‌رمانخانه‌کانا له‌یه‌ک جۆر حه‌ب چه‌ند دروسکراوێک هه‌یه‌، جۆرێکی به‌ 2 هه‌زار دیناره‌ جۆره‌که‌ی تری به‌ 25 هه‌زار دیناره‌، ئه‌گه‌ر لێم بپرسی بۆ؟ ده‌ڵێم با وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ڵامت بداته‌وه‌، رۆژ نییه‌ هه‌واڵی ده‌سبه‌سه‌را گرتنی چه‌ندین خۆراکی به‌سه‌رچوو بڵاو نه‌بێته‌وه‌، ده‌بێت چه‌ندیش ده‌رخواردی خه‌ڵک درابێت، که‌پێم ده‌ڵێت کێ به‌رپرسه‌ له‌مه‌ ؟ ناچارم راستییه‌که‌ بڵێم که‌ خه‌تای وه‌زاره‌تی بازرگانی و پلاندانانه‌ که ‌له‌م وڵاته‌دا کۆنترۆڵی جۆری نییه‌.
 له‌پیشکه‌وتوترین قۆناغی ژیاندا که‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌ که‌چی ئێمه‌ی دیموکراسی و خاوه‌نی جوانترین نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن له‌ناوچه‌که‌دا، ناتوانین گرفتی کاره‌با چاره‌سه‌ر بکه‌ین، که‌پێم ده‌ڵێی کو واده‌بی؟ ده‌ڵێم له‌ وه‌زاره‌تی عه‌له‌تریک بپرسن بزانن ده‌بی؟
 ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم کۆمپانیایه‌کی فینله‌ندی به‌نیازه‌ بێته‌ کوردستان بۆ دوو کاری گرنگ، یه‌که‌میان رزگارکردنی کشتوکاڵه‌ له‌ وشکه‌ساڵی، (هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ته‌نانه‌ت که‌ره‌وزیش له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنین) ،کاری دووه‌می ئه‌م کۆمپانیایه‌ خاوێنکردنه‌وه‌ی شاره‌کانه‌‌ له‌ پیسایی و پاشماوه‌کان و دواتر دروستکردنی وزه‌ی کاره‌با له‌و پاشماوانه‌، من لێره‌وه‌ گه‌ره‌نتی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌که‌م ئه‌گه‌ر گرفتی خۆمانه‌ی بۆ دروست نه‌که‌ن، دڵنیابوونم له‌سه‌رکه‌وتنی پرۆژه‌که‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ هیچ میلله‌تێک به‌قه‌ده‌ر خه‌ڵکی کوردستان به‌کاربه‌ر(مستهلک) نییه‌، ئه‌بێت بۆ ئه‌مه‌یان کێ به‌رپرس بێت؟ کاتێک خه‌ڵک ئه‌و هه‌موو نابه‌رابه‌رییه‌ ده‌بینن بۆئه‌وه‌ی بورکانی ناخیان خه‌فه‌ بکرێت ده‌کرێنه‌ فه‌رمانبه‌ری بێکار، جوتیارانی گونده‌کان ده‌کرێنه‌ سه‌رباز وپۆلیس و له‌شاره‌زوردا ته‌ماته‌ی سوری ده‌فرۆشرێت و له‌گونده‌کاندا دۆی ده‌به‌ی ئێرانی ده‌خورێته‌وه‌.
  له‌پاشماوه‌کانی ئه‌و به‌کاربردنه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌نده‌ وزه‌ی کاره‌با به‌رهه‌م بهێنین که‌بتوانین وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی بازاری کاره‌با بفرۆشینه‌ ده‌رو جیرانه‌کانمان.
 له‌بازگه‌یه‌کی حکومه‌ته‌که‌ی خۆماندا پۆلێسێک داوای ناسنامه‌ی له‌ رێبوارێک کردبوو، رێبواره‌که‌ ئه‌مه‌ریکی بوو له‌زانکۆی سلێمانی ده‌خوێنێ، ئه‌ویش پاسپۆرته‌که‌ی دایه‌ ده‌ستی کاکی پۆلیس، به‌ته‌واوی کارمه‌ندانی بازگه‌که‌وه‌ نه‌یانتوانی شتێک له‌ پاسپۆرته‌که‌ بخوێننه‌وه‌، ئه‌ی ناهه‌قمه‌ ئه‌گه‌ر بڵێم وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌مه‌ بۆ؟
 زۆرێکی تر له‌ دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت به‌وجۆره‌ن، له‌کۆ‌ی ئه‌م هه‌موو شته‌ ئه‌گه‌ر بپرسین یان بگه‌ڕێین به‌دوای که‌موکوڕییه‌کاندا بێگومان ده‌بێت حکومه‌ت وه‌ڵام بداته‌وه‌، ئه‌و هه‌موو هاواره‌ی ئێمه‌ به‌ نوزه‌ ده‌بیستن، ئاخۆ ئێمه‌ ده‌نگمان تاساوه‌ یان ئه‌وان گوێیان قسه‌کانی ئێمه‌ نابیستی؟
 ئه‌مه‌یان پرسیاره‌ به‌ڵام نازانین له‌کێ وه‌ڵامه‌که‌ی وه‌رگرینه‌وه‌.
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply