Skip to Content

Friday, January 22nd, 2021

نیشتمانى دەرەجە دوو …. نەوزاد بەندى

Be First!

 

 

 

 

-1-

چەن دزێ

نقێمى موستیلەکەیان دزى ..

-2-

چەن کافرێ ،

سەرپۆشەکەیان لێ کڕى ،

بە نرخێکى خەیاڵى !

 

 

-3-

چەند چەتەیەک ،

حەوت – هەشت چەقۆیان لێدا ..

 

-4-

کۆمەڵێک 

بازرگانى بیانى ،

گورچیلەکانیان دەرهێنا ..

هێلکەدانەکانیان دەرهێنا ..

جگەر و پەنکریاسیان فرۆشت ..

(فێرى تەقینەوەیان کرد ..

کۆمەڵێ قومبەلەیشیان ،

لە بن هەنگڵ و

ژێر چەناگەیدا ڕواند،

بۆ یادگارى ! )

 

-5-

مناڵێکى چەتون ،

دینارە قەدکراوەکانى ناو فەقیانەکەى فڕاند ..

بە بەرچاوى دەوریەک پۆلیسەوە ..

 

-6-

کۆمەڵێ ڕاوچى ،

ئاگریان بەردایە زوڵفى ..

بۆ ئەوەى کەروێشک و ژیشک و

کەوەکان ، بەرەو ڕووى تاپڕەکانیان ، دەرپەڕن..

 

-7-

کۆمەڵێ تەنکەر ،

مەمکەکانیان هەڵمژى ،

( قەت لێرە تەنکەر 

لە شیرخواردن نابڕێتەوە ..

چونکە عەقڵمان ساوایە و گەورە نابێ )

 

-8-

کۆمەڵێ سەرخۆش ،

 شوشەیەکى بیرەیان 

بە تەوێڵیدا کێشا ..

 

-9-

هەزار و یەک قەسەب ،

خرایە پەرداخى نەوتەکەى .

 

 

-10-

بازاڕەکانى پڕ کران لە :

تلیاک

فیشەک

نێرگەلە 

خواردنى ژەهراوى ..

دەرمانى ترسناک ..

ڕۆژنامەى ناحاڵى ..

جل و بەرگى ناشیرین ..

( ئاى ! چیت بەسەرهات ،

ن ی ش ت م ا ن !! )

 

-10-

من ئەزانم کەى ئاشتى بەرقەرار ئەبێ ،

ئەو کاتەى کە کۆمپانیاکانى چەکى قورس و سوک  داخران ..

بەڵام هەتا پیاوى سوک لەو دنیایەدا بژین ،

نە کراسە شینەکانى یو ئێن سودێکیان هەیە ..

نە ڕیشە سپیەکەى بابا نوئێل ..

 

-11-

ئەمڕۆ بینیمیت ،

لەسەر عەرەبانەیەکى تۆزاوى ..

بە ناو ئاپۆڕەى کرێکارە بێ ئیشەکاندا ڕەت ئەبوى ،

بۆ ئەوەى برسێتى خۆتیان بەسەرا دابەش کەى ..

 

-12-

ڕۆژ و شەو 

خاس و خراپ ،

ئەتکڕێننەوە..

نازانم چۆن تەواو نابى ؟

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply