Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

هه‌له‌‌یه‌ که‌رکوک به‌ ئه‌نده‌لوس بچوێندرێ

Be First!
by August 27, 2008 گشتی

 هه‌له‌‌یه‌ که‌رکوک به‌ ئه‌نده‌لوس بچوێندرێ
مه‌هدی کاوانی

  كورد كه‌ركووكی له‌ده‌ستچوو وه‌ك چۆن عه‌ره‌ب ئه‌نده‌لووسی له‌ده‌ستدا
 سه‌ردێری وتارێکی به‌ڕیز ستیڤان ئه‌حمه‌د شه‌مزینانیه‌ که‌ له‌ 23 ئۆگست له‌ سایتی کلاوڕۆژنه‌ بڵاو بووته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ گۆبڤاری نێوه‌ندیش که‌ خۆی سه‌رنووسه‌ره‌که‌یه‌تی هه‌مدیسان بڵاو بۆته‌وه‌ كورد كه‌ركووكی له‌ده‌ستچوو وه‌ك چۆن عه‌ره‌ب ئه‌نده‌لووسی له‌ده‌ستدا
 ئه‌نده‌لوس زێدی باوباپیرانی عه‌ره‌ب نه‌بووه‌ به‌لکو له‌ ڕێگای داگیرکاری ئیسلامی کۆنتڕۆڵی ئه‌و ولاته‌ کراوه‌و به‌ دوایه‌وه‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک عه‌ره‌به‌کان شانبه‌شانی خه‌لکی ڕه‌سه‌نی ئه‌و وڵاته‌ تێی نیشته‌ جێ بوون و له‌ ڕێگاشیه‌وه‌ هه‌ندێ فه‌رزی کۆمه‌لایه‌تی نیشته‌ جێبووی عه‌ره‌به‌کان تێیدا دروست ببوو‌. ده‌توانم بڵێم ئه‌و وێچوونه‌ زیاتر به‌ شه‌پۆله‌ یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانی تورکمانه‌کانه‌ بۆ زێدی نیشتمانی کوردان له‌ که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ میژوو هه‌ق وایه‌ ئه‌و هه‌قه‌ بده‌ین به‌ تورکمانانی ئیسته‌ که‌ نیشته‌جێی نیشتمانی کوردستان بووینه‌ و زۆرانێکیان دوور له‌ خواسته‌کانیان بووه‌ . هه‌ندێ جار له‌ پیناو پاراستنی ڕێگاکانی بازرگانی ئه‌و تیره‌و هۆزه‌تورکه‌ له‌یه‌کجیاوازانه‌وه‌ بووه‌ به‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌کانی ئیسلامی و شکسته‌کانی له‌ سه‌رده‌ستی ته‌یمورله‌نگ و دوا وێسگه‌ هێرش به‌ره‌کانی تر و…. چونکه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌می که‌رکه‌ک و ده‌ورو به‌ر بۆ پاراستنی ڕێگاکان ببوه‌ پێویستیه‌کی مێژوویی بۆ ئیمبراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی و پیشتریان که‌ ویستویانه‌ ده‌سه‌لاتی فراوانخوازی خۆیان له‌و ناوچانه‌ بپارێزن . به‌ڵام ئه‌و نیشته‌جێبوونانه‌ هیچیان به‌ ته‌واوه‌تی نه‌بوون به‌ ئه‌مری واقیع و له‌ پێناویدا کورد له‌ ناوچه‌کان به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ر بکرێ. به‌ پیچه‌وانه‌وه‌ ، چونکه‌ کورده‌کان هه‌‌میشه‌ زۆرایه‌تی بوون و له‌ ڕیگایه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ کۆتاییان پێ بهێنرێ و زۆر جار ئه‌و نیشته‌ جێبوونه‌ به‌ پیچه‌وانه‌ی خواسته‌کانی تورکمانه‌کان که‌وتۆته‌وه‌ ، واته‌ به‌ درێژه‌ کیشانی میژوو که‌مایه‌تیه‌کان له‌ ناو زۆرایه‌تی کوردی توانه‌ته‌وه‌. ئه‌و ڕه‌نگدانه‌وانه‌ بۆچ به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی نیشان داوه‌ . به‌شه‌هه‌ره‌ زۆره‌که‌ی له‌ به‌ر ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ که‌ کورده‌کان له‌ زێدی باو باپیرانی خۆیان بووینه‌و تورکمانه‌کانیش نیشته‌ جێ کراون . حاله‌تی وه‌ها به‌ سه‌ر کوردان  له‌ سه‌رده‌می سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبیش دروست بووه‌ . به‌ڵێ کاتێ که‌ سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی وه‌ک خه‌لیفه‌یه‌کی موسلمانان له‌ ناو ته‌واوی وڵاتانی ئیسلامی به‌ده‌رکه‌وت و قه‌له‌مڕه‌وی خۆشیان بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ برد که‌ ئێستاکه‌ پێی ده‌گوترێ وڵاتانی ئیسلامی و بگره‌ شوێنی تریش . مێژووش باس له‌وه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ نزیکه‌ی یه‌ک سه‌ده‌ حوکمڕانه‌تی باوانی ده‌کرد واته‌ پاش مردنی سه‌لاحه‌دین ده‌سه‌ڵات که‌وته‌ بن ده‌ستی کوردو نه‌وه‌کانی و هه‌مووشیان کورد بوون . به‌ڵام ئه‌و ته‌واجوده‌ کوردیه‌ نه‌بووه‌ به‌ واقیع تاوه‌کو کورده‌کان به‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی وێنده‌ر که‌ عه‌ره‌به‌کان بوون زاڵ بن به‌لکو به‌ درێژه‌ کێشانی مێژوو کورده‌کان بوون له‌ ناو زۆرینه‌ی عه‌ره‌به‌کان توانه‌وه‌ . ئه‌و نموونه‌یه‌ بۆ تورکه‌کانیش ڕاستی هه‌لده‌گرێ هه‌ر ته‌نیا له‌ که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری نا به‌لکو له‌ زۆر شوینی تر که‌ که‌تبوونه‌ ژێر کۆنتڕۆڵی قه‌له‌مڕه‌وی خۆیان ،  تورکه‌کانیش بۆ که‌رکوک به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ڵام بۆ هه‌ردووک لایان که‌ خه‌ون به‌و ته‌واجوده‌نیشته‌جێبوونه‌یان له‌ خاکی ولاتانی تر ده‌بینین، هیج ڕاستیه‌کی میژوویی به‌خۆوه‌ ناگرێ، که‌ تورک و عه‌ره‌بو هی تریش ئیدعای یان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن، ناشچێته‌ خانه‌ی ڕاستی . به‌ڵام. هی کورده‌کان به‌ گوێره‌ی به‌شی هه‌ره‌زۆری به‌لگه‌ میژوویه‌کان که‌ میژوویه‌که‌ی ده‌به‌نه‌وه‌ سه‌ر 6 هه‌زار به‌ر له‌ زایینو گۆتیه‌کان واته‌ نه‌ته‌وه‌کانی زاگرۆس به‌ نیشتمانی دێرینی کوردان ناو ده‌بری. هه‌نه‌ دوورتر بۆ ئه‌و میژووه‌ سه‌ره‌تای کاکله‌ بوونی کوردان بۆ نیشته‌ جێبوون له‌و شوێنانه‌ باس ده‌که‌ن وه‌ک بڵێن کورده‌کان چه‌رخی پێش ئاژه‌لدارێتیشیان له‌و ناوچانه‌ی که‌ ئێستاکه‌ لێی نیشته‌ جێ بووینه‌ بڕیوه‌ . به‌ هه‌ر حال  ڕێزم هه‌یه‌ بۆ ئه‌و براده‌ره‌ی که‌ که‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌لاتی کوردی به‌وه‌ ده‌شوبهینێ که‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه‌ که‌رکه‌ک وه‌ک ئه‌نده‌لوس ئاسا له‌ ده‌ست کوردان بچێ . چونکه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ وه‌بیر خۆمان بێنینه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی به‌عسیه‌کان به‌ کورده‌کانی که‌رکوک و ده‌وروبه‌ریان کرد له‌ مه‌ڕ پاکتاوی ڕه‌گه‌زی ، له‌ که‌م شوێنی جیهان کاری سه‌ختی وه‌ها به‌ سه‌ر کوردان کراوه‌ . که‌چی ئێستاکه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری کوردان له‌ که‌رکوک بکه‌ین به‌و هه‌موو که‌م و کورتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات وبێ ته‌تبیعیش که‌ چی هێشتا کورده‌کان زۆرینه‌ن . ڕه‌نگه‌ ئه‌و براده‌ره‌ نیگه‌رانی ئه‌وه‌ بێت که‌ بۆچی هه‌ول و تواناکانی حکومه‌تی هه‌رێم ناگه‌یه‌نریته‌ ئه‌و ئاقاره‌ که‌ هه‌تا زووه‌ که‌رکوک بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نیشتمانی دایک، له‌و حاله‌ته‌ ئه‌و لێدوانه‌ی له‌ شوێن خۆیه‌تی به‌ڵام که‌رکوک ناشوبهێنرێ به‌ ئه‌نده‌لوس . وه‌ختی خۆی تاریق عه‌زیزی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕژێمی پێشووی سه‌دام حوسێن له‌ کاتی گفتوگۆکردنیان له‌ گه‌ڵ یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان به‌ به‌ڕێز مام جه‌لالی گۆتبوو . واز له‌ که‌رکوک بێنن هه‌روه‌ک چۆن ئێمه‌ وازمان له‌ ئه‌نده‌لوس هێناو له‌ بیر خۆمان برده‌وه‌ ئێوه‌ش که‌رکوک له‌ بیر خۆتان ببه‌نه‌وه‌ . که‌چی ئێستا که‌رکه‌ک به‌و هه‌موو شێواندنه‌ی، زۆرینه‌ی کوردی خۆی پاراستووه‌ و ئه‌و وه‌زیره‌ به‌ڕیزه‌ش وا له‌ گرتوو خانه‌ ده‌ناڵێنێ و تاوانه‌ جینایه‌تیه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو ده‌خوا
 
 
 قسه‌م له‌ سه‌ر ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌ی نیه‌وهه‌ر هه‌موو ده‌ستنیشانکردنه‌کانی، که‌موکورتیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌ شوێن خۆیه‌تی به‌ڵام سه‌ردێری بابه‌ته‌که‌ی ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوو له‌ شوێن خۆی نیه‌ . زیاد له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگی کوردینه‌ی ئه‌و شاره‌ی پاراستووه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای هه‌رێم و جموجۆله‌ نیشتمانیه‌کانی پێشتر نیه‌ ، به‌لکو ڕه‌سه‌نایه‌تی کوردینه‌ی ئه‌و شاره‌یه‌ که‌ به‌ شکله‌ک له‌ شکله‌کان خۆی پاراستووه‌. ناڵێم بزاڤه‌ نیشتمانیه‌ پێشتریه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی ئێستای هه‌رێم هه‌ر هیچیان نه‌کردووه‌ یان هیچیان پێ نه‌کراوه‌ به‌لکو زۆرینه‌ نه‌توانه‌وه‌که‌‌ی که‌روک له‌ ڕێگای ئه‌مری واقیعی خه‌لکه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌یه‌تی . به‌ڕێز مه‌سته‌فا بارزانی له‌ سه‌ر که‌رکوک وتووێژی ئازاری(1970- 1974)ی به‌ شه‌ڕ گۆڕیه‌وه‌و ده‌ی گوت که‌رکوک دڵی کوردستانه‌ . به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانیش ‌ دوا به‌ دوای ڕاپه‌ڕین و جێگیر بوونی حوکمڕانی کورد چه‌نده‌ها جار ئه‌و درۆشمه‌ی ده‌گۆته‌وه‌ که‌ که‌رکوک قودسی کوردستانه‌ . پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌گه‌ر   ڕێوشوێنه‌کانی ئه‌و سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌ مێژووییه‌یان بگرتبایه‌ ده‌ست ، ئه‌وا ده‌یانتوانی کاری باشتر له‌ سه‌ر که‌رکوک و ته‌واوی کوردستانی ئازاد بکه‌ن و بۆ یه‌کیه‌تی و سه‌رۆکه‌که‌شی به‌ هه‌مان شێوه‌. چاککردنی باری که‌رکوک په‌یوه‌ندی به‌ به‌هێز کردنی ئابووری نیشتمانی کوردستانه‌وه‌یه‌. په‌یوه‌ندی به‌ وه‌به‌رهه‌م‌هێنانی داهاتی زه‌به‌لاحی نه‌وت و به‌ فیڕۆنه‌ دانی هه‌یه‌ . په‌یوه‌ندی به‌له‌ناوبردنی گه‌نده‌لی و به‌رقه‌ڕارکردنی یاساو گرتنه‌به‌ری ڕێوشوینه‌کانی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ونه‌هێشتن یان که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌وله‌تیه‌کانه‌وه‌یه‌ . کاتێ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم له‌ توانای دابوو گیروگرفته‌کانی نیشته‌جێبوون و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی له‌باری کار بۆ بێکاران و خۆشگوزه‌رانیان دابین بکات ، له‌ ڕیگایانه‌وێ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وت پاره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌زێنه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌توانی به‌شێکی له‌و پاره‌یه‌و پاره‌ی نه‌وت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رکراوان و نیشته‌جێبوونیان به‌بێ حکومه‌تی ناوه‌ند جێبه‌جێ بکات . خۆ ئه‌و فه‌رزبووه‌ واقیعه‌ی ئێستای که‌رکوکیش  که‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان ، به‌شه‌ هه‌ره‌ فراوانه‌که‌ی له‌ ده‌ستپێشخه‌ری توانای مادی خۆیانه‌وه‌یه‌ نه‌ک له‌ ڕێگای کۆمه‌ک کردنیانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم . حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌و زۆرانیکی تریشیان له‌ ئاستی که‌رکوک و به‌شه‌ کوردستانه‌ ئازاده‌که‌ بکردبایه‌ و هه‌لوێستی نیشتمانی سه‌رتاسه‌ری کوردینه‌شیان بپاراستبایه‌و چیتر به‌ بڕوبیانۆی پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌رێم تیرو توانجیان له‌م و ئه‌وی بزاڤه‌ نیشتمانیه‌کانی پارچه‌کانی تر نه‌گرتبایه‌ ، له‌ ڕێگایانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆزی که‌رکوک ده‌چووه‌ پێشه‌وه‌ . ئێستاش وه‌ک به‌ڕێز نه‌وشیروان گوته‌نی ئه‌گه‌ر خۆمان هه‌بین که‌رکوک له‌ ده‌ست نه‌چووه‌ . به‌ڵام کاری وه‌ها وه‌خۆکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نی پێده‌وێ.

 27/08/2008
 
 
 
 
 
 
 
  mahdikawani@yahoo.co.uk
 
 

Previous
Next

Leave a Reply