Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ ''دارا ئه‌حمه‌د'' – به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ-

Be First!
by August 21, 2008 گشتی

 پێش ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کان هه‌بن
 ده‌سه‌ڵات تێکڕای میدیای بۆ خۆی داگیر کردبوو
 به‌لام ئێستا به‌رهه‌ڵستکاریش ده‌توانێ خۆی ده‌رببڕێ

 هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ ”دارا ئه‌حمه‌د” – به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ
سازدانی: ئاڵای ئازادیی

 
 ئاڵای ئازادیی: لەکوردستاندا یاسایەک نییە بۆ رێکخستنى رۆژنامەى ئەلکترۆنى، لەم حاڵەتەدا تاچەند دەتوانرێت رۆژنامەى ئەلکترۆنى وەک سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراو تەماشا بکرێت؟    
 
 دارا ئه‌حمه‌د: ئێمه‌ – تێکڕای میلله‌تی کورد – به‌ گوێره‌ی پێشکه‌‌وتنه‌کانی سه‌رده‌م یاساگه‌لێکی ئه‌وتۆمان نییه‌ که‌ شایسته‌ی رێکخستنی ژیانمان بێ، ئه‌وه‌ی هه‌شه‌‌ هه‌ر یاسای جه‌نگه‌ڵ و یاسای پڕ له‌ توندوتیژیین و ساده‌ترین ماف و ئازادییه‌کانی مرۆڤ  له‌به‌رچاو ناگرن ، ئه‌ی چۆن یاسایه‌ک هه‌بێ بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی.. به‌تایبه‌تییش یاسایه‌ک بۆ رۆژنامه‌ به‌ شێوه‌ی ماڵپه‌ڕ که سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات  نه‌ک ماندوبوونی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه له‌به‌رچاو ناگرن که‌ له‌م بواره‌ کارده‌که‌ن به‌ڵکه‌ ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێ زۆرجار به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ دژایه‌تییشیان ده‌که‌ن به‌ڵام‌ ‌ له سایه‌ی پێسکه‌وتنی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا ده‌سه‌ڵات ناتوانێ به‌ ئاسانیی سه‌رکوتیان بکا !                                               
 
 ئه‌مه‌ که‌نگێ مه‌رجه‌ ده‌بێ یاسایه‌ک هه‌بێ بۆ ئه‌و شێوه‌ رۆژنامانه‌ ‌ئه‌نجا وه‌ک سه‌رچاوه‌کی باوه‌رپێکراو ته‌ماشا بکرێن !؟ پرسیارێکی سه‌یره‌!!! ئاخه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ تایبه‌تییش ده‌سه‌ڵاتێکی ( نه‌دیوبدی) وه‌ک  ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی و پارتی که‌نگێ ده‌یانه‌وێ یاسایه‌ک هه‌بێ ژیانی رۆژنامه‌گه‌ریی به‌تایبه‌تییش رۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ر ئه‌نته‌رنێت رێکبخه‌ن .. ئه‌وان هه‌ر ده‌یانه‌وێ یاسایه‌ک یان راستتر بێژین کۆمه‌ڵه‌ تۆڕ و داوێک  دروستبکه‌ن که‌ راوی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانی پێ بکه‌ن.                  
 
 ئاڵای ئازادیی: بەشێکى زۆر لەسایتە کوردیەکان تەداخول لەژیانى شەخسى کەسەکاندا دەکەن و ئەمە لەنووسینیشدا تەوزیف دەکەنەوە، هاوکات بەناوى رەخنەوە تەوهین و سووکایەتى بەبەرامبەرەکەیان دەکەن، بەڕاى تۆ ئەمە تاچەند دەچێتە چوارچێوەى سیستمى رۆژنامەى ئیلکترۆنییەوە؟                                                            
 
 دارا ئه‌حمه‌د: له‌ راستییدا من پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌لێم ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کان – کوردستانپۆست و کوردستاننێتی لێده‌رچێ که‌ له‌ژێره‌وه‌ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاتن و  هه‌ر ده‌سه‌ڵاتیشه‌ گه‌وره‌ و قه‌به‌ له‌به‌رامبه‌ر ماڵپه‌ڕه‌ ئازاد و بێلایه‌نه‌کان نیشانیان ده‌دا- زۆر به‌ که‌میی سووکایه‌تیی به‌ که‌سه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ ماڵپه‌ڕ و رۆژنامه‌ و گۆڤار و رادیۆ وته‌له‌فزیۆنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن رۆژانه‌ له‌لایه‌ک به‌تاک سووکایه‌تیی به‌ که‌سه‌کان ده‌که‌ن و که‌سیش ناوێڕێ بڵێ له‌ فلانه‌ کات و له‌ فلانه‌ شوێن جنێویان پێدام و سووکایه‌تییان پێکردم و با سکاڵایه‌ک له‌ دادگا تۆمار بکه‌م.. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وکه‌سه‌ سه‌ر به‌یه‌کێک له‌و حیزبانه‌ نه‌بێ ئه‌وا هه‌ر ناوێرێ فززه‌ بکا ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا زۆر به‌ئاسانیی دووچاری سووکایه‌تیی پتر و ئه‌شکه‌نجه‌دان و گرتن و ته‌نانه‌ت بنبزرکردن و تیرۆرکردنیش ده‌بێته‌وه‌..نموونه‌ش هه‌ر یه‌کجار زۆره‌ له‌م رووه‌وه‌ .. له‌لایه‌کی تریش رۆژانه‌ به‌کۆمه‌ڵ سووکایه‌تیی به‌خه‌ڵک ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌ر لێپرسراوه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌ ماڵپه‌‌ڕ و رۆژنامه‌ی کاغه‌زیی ناوه‌ستن به‌ڵکه‌ له‌ رووی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ جنێو به‌ خه‌ڵک ده‌ده‌ن پێیان ده‌ڵێن ‌ بیژیی و گێل و نه‌زان و بێ هۆش و دواکه‌وتوو و زۆر جار به‌ که‌ر و سه‌گ و … هتد یێیان ده‌چووێنن.تۆ سه‌یرکه‌ مۆدێلی جنێو و هێرشکردنه‌ سه‌ر لایه‌نی ژیانی که‌سی له‌ رۆژنامه‌ و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی یه‌کێتیی و پارتی دامه‌زرا  ئه‌وا ماوه‌کیشه‌ ده‌یانه‌وێ به‌هۆی چه‌ند رۆژنامه‌یه‌کی کاغه‌زیی به‌ناو ئه‌هلیی و چه‌ند ماڵپه‌ڕێکی جنێو فرۆش و بێزه‌وه‌ر  ماڵپه‌ڕه‌ ئازادو سه‌ربه‌خۆکان به‌تایبه‌تییش ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له‌و شه‌ڕه‌ جنێو و سووکایه‌تییه‌ بئاڵێنن و تا ئێستاس سه‌رکه‌وتوو بوونه‌ که‌ ته‌نانه‌ت کاری له‌ که‌سێکی وه‌ک تۆش کردووه‌ که‌ وا ده‌زانی ماڵپه‌ڕه‌کان ده‌ست له‌ ژیانی که‌سیی وه‌رده‌ده‌ن و به‌ناوی ره‌خنه‌ش سووکایه‌تی به‌ به‌رامبه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن .. که‌چی تۆ باشیش ده‌زانی ئه‌و جنێو و هێرشکردنه‌ سه‌رکه‌سه‌کان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری له‌ رۆژنامه‌ کاغه‌زیی و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ ده‌کرێن ئه‌وه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانیش ده‌کرێ ئه‌وا ده‌سه‌ڵات به‌ ئه‌نقسه‌ست چه‌ند ماڵپه‌ڕێکی به‌کرێ گرتووه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێ له‌و ده‌رفه‌ته‌ بگرێ که‌ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌ سه‌ربه‌خۆخواز و ئازادیخواز و یه‌کسانییخوازه‌کان ده‌یانه‌وێ ئه‌نته‌رنێت بکه‌نه‌ سه‌کۆیه‌کی ده‌ربڕینی ووشه‌ی ئازاد و پێشکه‌وتووخواز بۆ به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان- سه‌ربه‌خۆیی – و ته‌واوی ماف و ئازادییه مرۆییه‌کان.   
 
 ئاڵای ئازادیی: دووجۆر کەس لەسایتەکاندا بەردەوام نووسینیان دەبینرێت یەکەمیان بەناوى ئۆپۆزۆسیۆن ئەویتریان بەناوى دەسەڵاتەوە، ئەوەشى هەست پێدەکرێت لەنووسینەکانیشیاندا پابەند نین بەبنەماکانى رەخنەو پێوەرەکانى نووسینەوە، بەڕاى تۆ بوونى ئەو سایتانە نەبوونەتە فاکتەرێک بۆ ئەوەى ئەوجۆرە قەلەمانە درووستببن؟             
 
 دارا ئه‌حمه‌د: شتێکی زۆر باشه‌ ئێستا هه‌ردووک به‌رهه‌ڵستکار و ده‌سه‌ڵاتدار نووسینیان هه‌یه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌کان . پێش ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کان هه‌بن ده‌سه‌ڵات تێکڕای میدیای بۆ خۆی داگیر کردبوو به‌لام ئێستا به‌رهه‌ڵستکاریش ده‌توانێ خۆی ده‌رببڕێ.                                                                                                      
 
 که‌ به‌شێکی زۆر پابه‌ند نابن به‌ بنه‌ماکانی ره‌خنه‌ و پێوه‌ره‌کانی نووسین ئه‌وا من ده‌ڵێم دیارده‌یه‌کی زۆر ته‌ندروسته‌ چونکه‌ پێشتر به‌ هۆی باری گرانی کاری نووسین و رۆژنامه‌گه‌ریی – نه‌بوونی هیچ جۆره‌ ئازادییه‌ک که‌ بۆنێکی جیای لێدێ له‌ سیاسه‌تی به‌عس ،  که‌میی یاخود نه‌بوونی شوێنی په‌روه‌رده‌کردن و پێگه‌یشتنی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان ، نه‌بوونی هیچ جۆره‌ یارمه‌تییه‌کی  مادیی ته‌نانه‌ت نووسه‌ر یان رۆژنامه‌نووس زۆرکات ده‌بووایه‌ کاره‌که‌ی به‌ توانای مادیی خۆی ئه‌نجام بدا ، که‌میی خوێنه‌ر چونکه‌ خه‌ڵک له‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌ترسا و ده‌سه‌ڵات گرفتی بۆ دروستده‌کرد ، کوشتن و ئه‌شکه‌‌نجه‌ ترس و ده‌ربه‌ده‌ر بوون و هتد – که‌سێک نه‌یده‌توانی به‌ ئاسانیی ببێته‌ نووسه‌ر یان رۆژنامه‌نووس ئه‌گه‌ر زۆر رۆشنبیر ‌ و زۆر جه‌ربه‌زه‌ و چاونه‌ترس و خۆنه‌ویست نه‌بووایه‌.. بۆیه‌ ژماره‌یه‌کی که‌ممان هه‌بوون له‌و بابه‌تانه‌ که‌ له‌راستییدا ئه‌و ژماره‌ که‌مه‌ تێری میلله‌تێکی چوار پێنج ملیۆنیی نه‌ده‌کرد به‌ڵام پاش 1991 ئه‌و هۆیانه‌ی که‌ رێگر بوون زۆربه‌یان لادران ئیدی هورده‌ هورده‌ وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئاسایی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان روو له‌پتربوون بووه‌ تا ئێستا .. به‌ رای من هێشتاش زۆری ماوه‌  وه‌ک میلله‌تانی تر به‌پێی چه‌‌ندایه‌تیی مییلله‌ته‌که‌مان نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانمان هه‌بن ، به‌ڵام وه‌ک دێته‌ به‌رچاو ناسروشتییه‌ چونکه‌ پێشتر به‌وجۆره‌و و به‌و چه‌ندایه‌تییه‌ ناماندیتووه‌ ، خۆ له‌ قۆناغی ئێستای ژیانی مییلله‌تی ئێمه‌ و له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و فێرکردن و په‌روه‌روه‌رده‌کردنه‌ی که‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ چه‌وسێنه‌ره‌مان په‌یڕه‌وی ده‌کا هه‌ر پیشه‌کارانێک‌ و توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌گری هه‌ر که‌مینه‌یه‌کی زۆر که‌م به‌شێوه‌کی رێکوپێک سوودبه‌خش و به‌گوێره‌ی پێوست کاره‌که‌کانی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و زۆرجار و زۆر کات زۆربه‌یان هه‌ر پیشه‌که‌ ده‌شێوێنن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تاکڕه‌ویی و خۆپه‌رستیی به‌کاریده‌هێنن و ده‌سه‌ڵاتیش هێنده‌یتر رێیان بۆ خۆشده‌کا و پشتگیرییان ده‌کا ، به‌ڵام وه‌ک تۆ ده‌یڵێی که‌ ته‌ڕ و هیشکت به‌یه‌که‌وه‌ سووتاندووه‌ ده‌ڵێی هه‌موویان له‌ نووسینه‌کانیاندا وان  ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ت نییم به‌ڵکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵکێک هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تییش له‌ناو به‌رهه‌ڵستکاره‌کان زۆر لێزانانه‌و ره‌خنه‌گرانه‌ به‌ مانای ووشه‌ ده‌نووسن و کارتێکردنێکی زۆریشیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێگرتن له‌ پێدرێژییه‌کانی ده‌ه‌سه‌ڵات و په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌یه‌کی چاونه‌ترستر و هۆشیارتر.               
 
 ماڵپه‌ڕه‌کان نه‌ک هه‌ر نه‌بووینه‌ هۆیه‌ک بۆ دروستبوونی ئه‌و جۆره‌ پێنووسانه‌ که‌ تۆ لێیان ده‌دوێی به‌ڵکه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان خستۆته‌ سه‌ر ئه‌و پێنووسانه‌ی له‌ رۆژنامه‌ کاغه‌زییه‌کان و تێکڕای میدیای ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کان ده‌نووسن ‌ ‌ چیدی نه‌توانن به‌ ئاسانیی و به‌ ئاره‌زووی خۆیان به‌ پێخواسیی به‌ناوبکه‌ون و سووکایه‌تیی به‌ خودی میدیاش بکه‌ن و وه‌ک سه‌رده‌می پاشایه‌تیی کۆنیش ته‌نیا که‌سوکاری به‌رپرس وده‌وڵه‌مه‌ندان له‌شوێنه‌ گرنگه‌کانی ده‌زگا میدیاییه‌کان و ته‌واوی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی دابمه‌زرێنن.                                                                                
 
 ئاڵای ئازادیی: هەر لەسایتەکاندا زۆربەى ناوى نووسەرەکان خوازراون و  ئاشکرانین، تۆ وەک سەرپەرشتیارى سایتى ئه‌مڕۆ، پێتوایە چون دەکرێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوە خوازراوو و بابەتەکانیاندا بکرێت و چۆن متمانەیان پێدەکەن؟    
 
 دارا ئه‌حمه‌د: من بۆ خۆم ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ردوو شێوه‌ی رۆژنامه‌ – کاغه‌زیی و ماڵپه‌ڕ- م هه‌یه‌؛ له‌ 1994 یه‌که‌م رۆژنامه‌ی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆمان به‌ ناوی (ئه‌مڕۆ)له‌ کوردستانی باشوور به‌ کاغه‌ز ده‌رکرد که‌چی ئه‌وکات نووسه‌ری ناوخوازراومان هه‌ر گه‌لله‌ک گه‌لله‌ک زۆرتر بوو له‌ ئێستا که‌ هه‌مان (ئه‌مڕۆ) به‌ شێوه‌ی ماڵپه‌ر ده‌رده‌که‌ین به‌ ئاستێک که‌ هه‌ر به‌راورد نه‌کرێ .. ده‌توانم بڵێم ئێستا له‌ سه‌ت بابه‌ت هه‌ر دوو یان سێ بابه‌تمان بۆدێ که‌ به‌ ناوی خوازراون ئه‌وانیش وای بۆده‌چین هه‌ر نووسه‌ره‌که‌ وای حه‌ز لێیه‌ نه‌ک بۆ شاردنه‌وه‌ی ناوی خۆی ، ئه‌وه‌ی من هه‌ست ده‌که‌م زۆربه‌ی مالپه‌ڕه‌کان وان و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناوی خوازراو هه‌رده‌م له‌ناو رۆژنامه‌ی کاغه‌زیی پتره‌  به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و دوو ماڵپه‌ڕه‌ی که‌ ته‌نیا ده‌زانن جنێو بده‌ن و بابه‌تی بێکه‌لک بڵاو بکه‌نه‌وه‌ به‌ ماڵپه‌ریان دابنێی ئه‌وا ده‌ڵێم به‌ڵێ له‌وێ ناوی خوازراو زۆره‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ر له‌ناو رۆژنامه‌ کاغه‌زییه‌کان پتره.                                      ‌
 
 ئێمه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێک بابه‌تێکی سه‌رنجراکێش بنووسێ یان بابه‌تێک په‌یوه‌ست بێ به‌ خه‌ڵکیتر یان هه‌واڵ بێت تا نه‌یناسین و متمانه‌ی ته‌واوی پێ نه‌که‌ین که‌ هه‌ڵبه‌سته‌ و ناڕاستیی له‌ نووسینه‌که‌ی نییه‌ بابه‌ته‌که‌ بڵاو ناکه‌وینه‌وه‌ و به‌  شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌که‌ین تا له‌و شته‌ی ده‌مانه‌وێ دڵنیا ده‌بین.                             
 
 ئاڵای ئازادیی: رایەک هەیە لەدنیادا دەڵێن: رۆژنامەى ئەلکترۆنى رۆژنامەى کاغەزى کز کردووە، ئەم رایە تاچەند سایتە کوردیەکانیش دەگرێتەوە؟     
 دارا ئه‌حمه‌د: به‌ڵێ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌مه‌ راسته‌ ، به‌ڵام هێشتا – جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر ئه‌زموونی رۆژنامه‌ی سه‌رکاغه‌زیش لای کورد زۆر کۆن نییه‌ و هێشتا به‌ ته‌واویی جێی خۆی نه‌گرتووه و تا ئه‌و ره‌وته‌ به‌ته‌واوی نه‌گاته‌جێ خاو نابێته‌وه‌ ‌- ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کان له‌به‌ر کێشه‌کانی وه‌ک – فۆنتی کوردی و رێنووسه‌ کوردیه‌که‌ی به‌ پیتی عه‌ره‌بی له‌ لایه‌ک و که‌می و گرانیی هێلی ئه‌نته‌رنێت و که‌میی کاره‌با  له‌ لایه‌کیتر و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش پڕوپاگه‌نده‌کردن  بۆ بێبایه‌خکردن و دژایه‌تییکردنی ماڵپه‌ڕه‌کانی ‌ ده‌ره‌وه‌ که‌ زۆربه‌یان به‌رهه‌ڵستکارن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و … هتد –  نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته که‌‌ رۆڵی رۆژنامه‌ کاغه‌زییه‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌یه‌ کز بکه‌ن به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ هه‌ر له‌پێشه.    
 
 ئاڵای ئازادیی: دواپرسیار پێمان بڵێ وەک ئەزموونت لەسایتى (ئه‌مڕۆ) تاچەند رۆژنامە ئەلکترۆنیەکان توانیویانە ببنە هێزى فشار  و راى گشتى درووستبکەن، یاخود تاچەند توانیویانە ببنە پردێک لەنێوان نووسەرانى کوردستان و ئەوروپا، ئەى تاچەند توانیویانە لەسەر پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان دیالۆگى جدى درووستبکەن؟                
 
 دارا ئه‌حمه‌د: بۆ دروستکردنی رای گشتی و بوون به‌ هێزی پاڵپه‌ستۆ تاراده‌یه‌کی باش کاری خۆی ئه‌نجام داوه‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان هێنده‌ لامل و دڕنده‌ن ئه‌و هێزی پاڵپه‌ستۆیه‌ خاوده‌که‌نه‌وه‌ و به‌هۆی داگیرکردنی بژێویی خه‌ڵک و ترس و تۆقاندنیش هه‌رده‌م تا ئێستا رای گشتییان له‌باربردووه.                                  ‌
 
 به‌ڵێ بوونه‌ته‌ هۆیه‌کی کاریگه‌ر بۆ دروستکردنی ئه‌و پرده‌ له‌ نێوان ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و پرده‌ دوو مینی له‌ جۆری (پاراستن و زانیاریی) له‌بن داندراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ک قیچ به‌ سه‌ربه‌ستیی و ئازادیی به‌سه‌ریدا بڕۆی ئه‌وا پرده‌که‌     ده‌ته‌قێته‌وه‌ تۆش تا ته‌پانی بنه‌وه‌ راناوه‌ستی.                                                                 
 
 توانراوه‌ جۆرێکی لاواز له‌ دیالۆگ له‌سه‌ر ئاستی گشتی چێبکرێ به‌ڵام که‌ رای به‌رامبه‌ر به‌ هێزی ماسوولکه‌ سه‌رکوتکرا و ئازادیی هه‌ر له‌بنه‌وه‌ بوونی نه‌بوو و ئازدییه‌کی ساخته‌ پایه‌دار بوو ئیدی دیالۆگی چی و ته‌ڕه‌ماشی چی!                        
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply