Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

ونبوی که‌شتییه‌که‌ی زه‌مه‌ن‌

Be First!
by January 6, 2008 ئەدەب

ئالان په‌ری……

ئه‌مڕۆ دایكم وه‌بیری هێنامه‌وه‌ كه‌ من ماوم….
بیری خستمه‌وه كه‌ من له‌شه‌ودا، ئه‌وکاته‌ی که‌ له‌‌نێو جێگای بوونمدام
بۆ خه‌وێكی سه‌رابیی ده‌گریم و
له‌ رۆژیشدا به‌ئاسمانی نائومێدی قاقالێده‌ده‌م.

ئه‌مڕۆ….دایكم  به ‌بێده‌نگی پێی گوتم..
كه‌ده‌بێ بێمه‌ قسه‌..
ده‌بێ تنۆكه‌ دوودڵییه‌كانی باران
یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بژمێرم،
ده‌بێ وشه‌ له‌ هه‌ور بستێنم و،
توڕه‌بوون له‌ بروسكه‌ بفڕێنم….
هه‌ست و سۆزی گوڵێک له‌ باخچه‌ نه‌مره‌کانی گیانم بۆن بکه‌م

ئه‌مڕۆ….دایكم وه‌بیری هێنامه‌وه‌ كه‌ من مرۆڤێكم..
له‌ په‌یكه‌ری ده‌ریا داتاشراوم،
له‌ بێده‌نگی ئاو ون بووم،
له‌ چاوی لم فێری نابینین بووم.
ئه‌مڕۆ….
هه‌ر كه‌ زه‌نگی ته‌نیایی لێیدا
دایكم زۆر شتی بیرخستمه‌وه‌…
هه‌ناسه‌كانم كه‌له‌مێژه‌ نه‌مسوتاندبون… به‌ رووی كه‌شتییه‌كانی ته‌مه‌ن سوتاندمن
 
ده‌سته‌كانم كه‌ ده‌مێكه‌ نه‌ شۆرابوون… له‌ ژێر لافاوی خۆڵه‌مێش شۆردمن

قژم كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ دامنه‌هێنابوو.. به‌ ئاڕاسته‌ی ڕه‌شه‌با دامهێنا.
 

دایكم له‌ به‌رینی ده‌شته‌ بێخاوه‌نه‌كانی كات
رایچڵه‌كاندم…..
من خه‌وتبووم؟!
دایكم خه‌ونه‌كانم  له‌ بێژه‌نگی هه‌تاو ده‌دا
دایكم ئاره‌زووه شكاوه‌كانی مناڵێتیم بۆ دروست ده‌كاته‌وه‌…
دایكم ….دایكم…..دایكم چه‌ند پڕ داهێنانه‌‌

ئێستا دایكم كه‌ ده‌گری
من تامه‌زرۆیی هه‌نسكێكم
كه‌ پێده‌كه‌نێ
من لێوم ده‌كه‌وێته‌ سه‌ما….

ئه‌مڕۆ دایكم له‌ سێبه‌ری شاراوه‌ی
سه‌ده‌كانی ماتبوونم لێك جیا ده‌كاته‌وه‌ و پۆشته‌ی خاوێنی و به‌تاڵیی به‌ره‌به‌یانم ده‌كاته‌وه‌…
به‌ڵام من له‌ یادكراوم ئه‌مه‌وێ پاکببمه‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ دایكم وه‌ك شیعرێكی سپی
شه‌رمێك له‌ پشتی جه‌سته‌م ده‌سڕێته‌وه‌ و په‌یڤێكی شیرین له‌ گه‌ردنی ئاسمان ده‌نوسێ
بۆ ئه‌وه‌ی له‌و مه‌رگه‌ په‌شمه‌کییانه‌ی ته‌منم نه‌ نوسرێمه‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ دایكم ختوكه‌ی مناڵیمی دا..
گۆرانییه‌كانی سه‌ر بێشكه‌ شكاوه‌كه‌ی
  زستانی نوێكرده‌وه‌
…………………..،
……………….،
………،
ئێستا دایكم جگه‌ له پاشماوه‌ی یادگارییه‌‌ شوشه‌ییه‌كانی،
سه‌ركێشیم هیچ شتێك هاوه‌ڵی نییه‌
جگه‌ له‌ وڕێنه‌ی جله‌ كۆنه‌كانم هیچ ده‌نگێكی نییه‌
جگه‌ له‌ ساردیی پێخه‌فی سه‌رماییم هیچ گه‌رماییه‌كی نییه‌

من ئیستا بیرم ده‌كه‌وێته‌وه‌
كه‌ دایكێكم هه‌یه
‌ وه‌ك چڕیی ته‌مه‌نی دره‌خت بۆ بێستانه‌كان
وه‌ك هزری نوقمی ده‌ریا بۆ ده‌ریاوان
وه‌ك ته‌بایی ئاسمان بۆ زه‌وییه‌كی پان
وه‌ك شه‌هوه‌تی نێرگز بۆ ژیان

به‌ڵام من له‌یادكراوم تازه‌ نامدۆزنه‌وه‌،  دایكانی هه‌موو دنیاش پاکم ناکه‌نه‌وه‌‌

alanpary@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply