Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

وەرە ئەى خواوەندى لەززەتو ڕەنگو ڕۆشنایى !!

Be First!
by July 22, 2008 ئەدەب

  
  zyadnadr@yahoo.com
 
 ئەمشەو بادەى عەشقت هەناسەى پڕتاوى ئاگرو
 خەراباتى سەری لێوڕێژى مەستىو شێتىو
 كوانووى رۆحیشى تەژى ئاورینگى بىَ ئۆقرەیىو بىَ ئاسودەگى كردووم ..
 ئەمشەو گڕى سوتێنەرى بیركردنەوە لەچاوى تۆ،
 لەهەناوما سەماى سووتانێكى سەرمەدى دەكاو
 چڵو چێوى هەداى ناخى هەڵقرچاوم زێتر دەسوتێنىَ !!
 ئەمشەو لە سەرابستانى دوورىو بىَ تۆیى وا دەخنكێمو
 دوا زایەڵەى هەنسكى گریانى سەرمەستیشم،
 بە جریوەى ئەستێرە دەسپێرم، كە هاتە هەوارى تۆوە
 هەواڵى هەناسە هەڵوەریوەكانى ڕوحى شاعیرێكت بە گوێچكەدا بچرپێنىَ.
 ئەمشەو.. لێوڕێژى خەیاڵى دوورى و بىَ تۆیى و بىَ ئاشناییم و
 تریفەى مانگ و، شنەى شیعرو، نەواى نیوەشەوانیش دڵنەواییم نادەنەوە!!
 ئەى هاوڕىَ ى ڕازگرو دوورە هەوارو نزیكە خوێن و ڕۆح،
 دەمەوىَ تەمى بیركردنەوەت لەسەر پەنجەرەى خەیاڵم بسڕمەوە،
 نا.. ناتوانم، چونكە هێند بە قووڵى بە ئۆقیانووسى ڕوحم ڕۆچووى!
 ئەمشەو.. مەستى خەمە شیرینەكانى تۆم و یادو یادگاریەكانت دەمكوژىَ و،
 سووتانى عیشقت لە شۆڕەبى ڕوحم ئاڵاوە و تا نێرڤانا نەبم  لێم نابێتەوە..
 سروەكەى خۆم.. ئەگەر ئەمشەو میوانى ماڵى تەنیایى من دەبووى،
 وەكو عاشقێكى تامەزرۆ تووند تووند بە باوەشى ئاگرینم دەگرتى و
 خەمى دووریم لە نێو سەوزەڵانى بەرو باوەشت دەتواندەوە..
 
 چلچراومۆم ..ئەگەر ئەمشەو میوانى ماڵى تەنیایى من دەبووى ،
 وشەى سیحراویەكانى شیعرم وەكو قردیلەیەك لە پرچى تۆدا دەداو
 شەكەتى و ماندوویەتى بیست و حەوت ساڵەى تەمەنى تەنیاییم لەباوەشتا لەبیر دەبردەوە !
 ئەى ژن.. ئەمشەو وەرە وا منى سیامەند بەدواى تۆى ( خەج ) دا وێڵم و
 حەزم لێیە هەناسەجوانەكانى عیشق و ئەوینت بخۆمەوە..
 ئەمشەو وەرە وا منى شێتى شاعیر بەدواى تۆى نەواو نەریدا خومار و پڕ تاسە و تامەزرۆم، حەزم لێیە لە نسێگەى لێوەكانت ماچى ئۆخژنى و سانەوە بكەم.
 ئەى ژن.. ئەى چارەنووس و پەناى شاعیر..
 ئەمشەو وەرە لە ڕۆشنایى چاوەكانتەوە هەموو ژیان بەدى بكەمو
 ناسكى تۆو لەززەتى وجود بچێژم ..
 وەرە.. سەرم پڕكە لە ڕۆمانیسەتو چاوم تەژى كە لە ڕەنگو لەپى دەستم پڕ ئاونگو زىَ ى شیعریشم پڕ شیرینىو شەهد ..
 وەرە.. لە چەمى باوەشى تۆدا شیلەو شەرابى عشق بخۆمەوەو
 تف لە كابووسى مەرگو دوورى بكەم ..
 وەرە ئەى ژن .. وەرە ئەى خواوەندى لەززەتو ڕەنگو  ڕۆشنایى !!
 ئەى نسارى سانەوەى بیستو حەوت ساڵەى تەمەنى بىَ تۆیىو تەنیایى!!
 
 
                                 شەوى  20/21/6/2007
 
 
 
 
 * ئەم شعرە لە گۆڤارى ڕاگەیاندن بڵاَوبۆتەوە
 

Previous
Next

Leave a Reply