Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

پریاسکه‌یه‌ک له‌ ڕۆژگاری ئه‌نفاله‌وه‌….ڕووناک شوانی

Be First!
by April 14, 2009 جینۆساید

    پریاسکه‌یه‌ک له‌ ڕۆژگاری ئه‌نفاله‌وه‌

     ڕووناک شوانی
                                                                                            
ئازاری یاده‌کانی کاره‌ساتی ئه‌نفال نه‌ له‌ ژماردن دێن، نه‌یش کۆتاییان هه‌یه‌ . هه‌موو کاتێک له‌گه‌ڵ بیستنی ئه‌و وشه‌یه‌دا، موچوڕکێکی پڕ له‌ ئازار به‌ جه‌سته‌مدا دێت. ئاهێکی پڕ له‌ حه‌سره‌ت ناخم ده‌خواته‌وه‌ و له‌ سینه‌مدا ده‌مێنێته‌وه‌‌‌‌. لێ ئه‌و خه‌مه‌ی که‌ زێده‌تر حه‌سره‌ته‌که‌م چڕتر ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و منداڵانه‌ن که‌ که‌س و کاریان به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ ئه‌نفال کران، و خۆیان به‌ په‌رتووکێک یادی تاڵه‌وه‌‌ به‌ره‌و تووله‌ ڕێیه‌کانی جه‌نگه‌ڵی ژیان ملیان نایه‌وه‌ و به‌ره‌و ناوچه‌کانی خۆیان گه‌ڕانه‌وه. ئێستا ئه‌و مێژووی خه‌مانه‌ پێگه‌شتوون، ئه‌و ئازاره‌ له‌ گه‌ڵیاندا باڵای کردووه‌ و گرێکوێره‌کانی دڵیان ئاڵۆزتر بوونه‌ته‌وه‌ و تا هه‌تایه‌ به‌ ‌که‌س ناکرێنه‌وه. بۆشاییه‌کانی ژیانیان به‌ هیچ وشه‌ و ڕسته‌ و پاره‌ پولێک پڕ نابێته‌وه‌. خه‌مێکی قووڵ له‌ چاوه‌کانیاندا په‌نگی خواردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی که‌ خۆی به‌ زانای خوێندنه‌وه‌ی خه‌م ده‌زانێت، با بوێر بێت و بفه‌رموێ له‌ نهێنی ئه‌و حه‌سره‌ته‌ی منداڵانی کوردی خه‌ون ئه‌نفالکراو‌ بگات، مه‌حاڵه‌ بتوانێت کلیلی ده‌رگای ئه‌و دڵانه‌ بدۆزێته‌وه‌!!! ‌ئه‌و گه‌نجه‌‌ پیرانه‌ دایک و باوکێکیان گه‌ره‌که‌ که‌ سه‌رله‌ نوێ ژیانیان پێ ببه‌خشێته‌وه‌، ماڵێکی پڕ له‌ ڕووناکی و شارێکی تژی له‌ چراخان ئه‌واتن، ئه‌وان که‌ناریکی ئارامیان ئه‌وێ که‌ له‌گه‌ڵ شه‌پۆلدا خه‌مه‌کانیان به‌ ده‌ریا بسپێرن. نه‌ک سه‌رقافڵه‌کانی وشه‌ ئێسک قورسه‌که‌ی ئه‌نفال موڵکداری شاره‌که‌یان بێت و به‌ خه‌مه‌کانیان پێبکه‌نێت و ته‌مه‌نی لاوێتیشیان ئه‌نفال بکات.
 زامیکی دیکه‌ که‌ هه‌توانی له‌لای هیچ ده‌رمانسازێکی سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌یش په‌یدا نابێت، ئازاری کچه‌ جوانخاسه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌نفالکراوه‌کانه‌‌، که‌ ئه‌مڕۆ به‌ قه‌یره‌ کچانی پاش ئه‌نفال ناسراون. ئای له‌ خه‌ون و خه‌یاڵه‌ نه‌زۆکه‌کانی ئه‌و به‌دبه‌خته‌یله‌، داخ له‌ بوخچه‌ نه‌کراوه‌کانی ئه‌و بووکه‌ نازارانه‌ی وڵاته‌ بێکه‌سه‌که‌م‌. کێ بێت و گوێ له‌ داسانی شه‌وگه‌له‌ پڕ دێوه‌زمه‌کانی ژووره‌ تاریکه‌کانی عه‌رعه‌ر و نوگره‌سه‌لمان و زریکه‌ی ئه‌و که‌نیشکانه‌ بگرێت، کامه‌ رێخراوه‌ی ژنانه‌‌ ئه‌و لوغزانه‌ هه‌ڵدێنێت و په‌ی به‌ نهێنیه‌کانی په‌لکه‌ سپیه‌کانیان به‌رێت؟؟ ئاخۆ له‌م دنیای پڕ له‌ ته‌کنۆلۆژیا نوێیه‌دا، هۆیه‌کی ڕاگه‌یاندن ده‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌و زریکانه‌ به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگه‌وه‌ به‌ره‌و هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤ و مافی ژنی ئینسان، ژنی کورد بگوێزێته‌وه‌؟؟!! گه‌لۆ چی خه‌مگه‌لێکی دیکه‌ هه‌ن که‌ هه‌نووکه‌ په‌یمان پێ نه‌بردووه‌ و هه‌رگیز ده‌رکی ناکه‌ین!! که‌وابێت دروسته‌ ئه‌گه‌ر‌ ئێمه‌ مرۆڤی سه‌رده‌می ئه‌نفال به‌ به‌دبه‌ختترین مرۆڤی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین.

13/4/2009
ستۆکهۆڵم

Previous
Next

Leave a Reply