Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
پێكى عومر

پێكى عومر

Closed
by April 14, 2008 ئەدەب

  هەردى شەفیق……

 ئەى ئاشنا ترین هاوڕىَ ى دڵى من
 لەنێو تەموتومانى ئەم شەختەو گەڵا وەرینە
 بۆنى خەزانێك بكە لەهەناسەى پیرە درەختێكەوە دێتەدەرىَ
 تەنیا من وئەم پیرە دارەى پشتم پێوەداوە
 لەنێو ئەم گەڵاڕێزانەدا
 بەدەم كزەى ساردى ئێوارەكانى پایزەوە
 گوڵەكان وەك نمەى باران دەبارێنەسەر زەوى
 بۆنى بارانێك بكە لەبۆنى مەرگ و لەبۆنى پایز
 هاوڕىَ عەزیزەكەى دڵى من
 باران چەند جوانە لەگەڵ شەقاربوونى زەویدا
 ئەوساتەى بۆنى بارانى لێدىَ!
 **
 دوێنىَ لەئەرشیفى گەڵاوەریوەكانى درەختێكى پیرەساڵەوە
 گوڵى ڕۆژانێكى پەژموردەم بینى
 چاوەكانت پێیان بەخشیبووم
 ئاخر یارۆ ئەى میهرەبانترین ئاشقى سەرئەم زەمینە
 بۆ چ نەت وت:
 ڕێیەك نیە بمان باتەوەسەر ئەوبەهارانەى بەگەنجى تێدا عاشق بووین و
 لەسەرە ڕێ كاندا
 گۆرانیمان بۆچاوى كچۆڵەكان دەوت
 **
 یارۆ ئەى سەروەت مەند ترین حوزنى دڵى من
 نازانم من وتۆ بۆچ ئەو هەموو بوكەشوشەى ژیانمان شكاند؟
 لەشێوەدا لەتۆدەچوون نەك لەناخدا
 یارۆ خەتاى تۆ بوو ئاخر نەت وت:
 بۆچى هێندە حەزمان لەسوتانى ڕۆژەكانى خۆشەویستى بوو
 وەك حەزى ناخى تازە وێنەكێشێكى هەرزەكار
 بۆكێشانى پۆرترێتى ئافرەتێكى ڕوت
 **
 یارۆ دوێنىَ بینیم
 ئەو دێوانە پیرەى ساڵەهایەبەئومێدى
 گەڕانەوەى ڕۆژە لەدەست چووەكانى ئیشقەوە ئەژى
 بەئومێدى دووبارەبوونەوەى ئەوڕۆژانەى ناگەڕێنەوە
 یارۆ…..
 لەزەردەخەنەى گاڵتەجاڕانەى لێوەكانم ڕاماو وتى:
 ئەو لێوانەى لەلێوى ئاشقى ئیشق ناچن بیان سوتێنە
 وەك پەڕەى ئەو گوڵەشەفافانەى جوانى بەتەنها كەسێك ئەبەخشن
 لەهەناویانەوە
 گوڵاوى لێوە ماندووەكانى بێحەوسەڵەیی ئەڕێژن
 حەسرەتیش جوانە
 لەبێ ئومێدى تێپەڕینى تەمەن و
 وەرینى ڕۆژەبێهودەكانى فیراق
 كەم بەدیار چركەچركى كاتژمێرەكەتەوە ڕامێنە
 بەهێمنى هەستەو
          كاتژمێرەكەت بشكێنە
 **
 یارۆ ئاخر ئەوین بەدێوانەیی جوانە
 ئەگەرچى ئاسۆى پیرى ئەم چارەنوسە لەهیچ ڕۆژ هەڵاتێكەوە دەرناكەوێت
 بەڵام دێوانەبونیش هەرگیز ڕۆَژێكى لەڕۆژانى ڕابردوى ئەوین
  پێ نە بەخشیوین
 یارۆ ئەى كانگاى میهرەبانى
  تكا ئەكەم تكا…..
 بمبەرەوە كەنارى ئارامى بەخشى ئەو دەریاى
 لەكەنارەكانیدا بەدواى ئارامى ساتێكدا وێڵ بووین
 بمبەرەوە حزورى ئەوتۆفانەى
 عیشقى هەمووهەژارەكانى فرۆشت بەسەروەتمەندەكان و                              كەشكۆڵێك حوزن و
 مەرگێكى ئەبەدى و
 هەزارئاواتى پڕبەدڵى بەباچوو
 دێوانەییەكى هەتا هەتایی پێبەخشین
 **
 یارۆ ئەى حەكیمى هەموودێوانە كانى ئەوین
 ئاخر ئەم ئێوارە لەهەموو ئێوارەكان خەماویترە
 خۆریش لەهەمووڕۆژانێكى ڕابردوو
  نائومێدانەتر ماڵئاوایی ئەكات
 چاوى مناڵانیش فرمێسك بۆ بێهودەیی ژیان دەڕێژن
 یارۆ چى سەمەرەیە
 مناڵان هەرلەبیسَشكەدا سەریان سپى ئەبىَ و
 پیرەكان بەدەم سوتانى جگەرەكانیانەوە
 ئەسەف بۆبەهارەكانى عومرى جوانى هەڵدەكێشن!!
 
 20/11/2005
 
Jgarsoz8181@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.