Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

چــــــــرا …… قوبادی جه‌لیزاده‌

Comments
by October 31, 2009 ئەدەب

 

 

چرایه‌ك له‌ ئاسماندا
   
–  1 –
سێ‌ شه‌ممه‌ ..
پێنجی به‌یانی
به‌فر دایده‌كرد.
خودا له‌ ژووژێكی تاریكدا ،
چرایه‌كی هه‌ڵكرد .
ئه‌و ساته‌ ساتی ، هه‌ڵقوڵینی شیروو شه‌كر بوو .
ئه‌و رۆژه‌ رۆژی ، دابارینی نوورو به‌فر بوو  .

 – 2 –
چرایه‌ك داگیرساوه‌ …
ئیدی زه‌وی ،
نه‌ پێویستی به‌ تیشكی خۆره‌و
نه‌ به‌ تریفه‌ی مانگ !

– 3 –
مانگ داده‌به‌زێ‌ ..
نووری رژاوی چرا كۆده‌كاته‌وه‌و
به‌سه‌ر ئه‌ستێرانی دابه‌ش ده‌كات 1

– 4–
تا مانگ له‌ جاران جوانتر بێت ،
ئه‌مشه‌و سه‌ر به‌ سینگت ده‌كا
تكایه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ دامه‌خه‌ !

-5 –
تۆ چرایه‌كی ئه‌فسانه‌ییت  ..
كه‌ڕه‌كان ده‌تبیستن
لاڵه‌كان ناوت ده‌به‌ن
كوێره‌كان ده‌تبینن !

– 6 –
باڵات بستێك له‌ ئاسمان نه‌وی تر
بستێك له‌ ئاڵای نیشتمان ، بڵند تر !

– 7 –
چرا ،
چنارێكه‌ له‌ وه‌نه‌وشه‌ .

– 8 –
نه‌فام بووم ئه‌و رۆژانه‌ی ،
چاوی ره‌شم خۆشویستووه‌ !
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ،
سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاریم بوو .
سه‌رده‌می كوێریی !!

-9 –
كه‌ رووت ده‌بیته‌وه‌ ،  هه‌موو شتێك لینج
هه‌وا ،  لینج .
رووناكی ، لینج .
خه‌یاڵ ، لینج .

– 10 –
مووه‌ زه‌رده‌كانی بن باڵت ،
چه‌پكێ‌ وورده‌ تیشكن .
خۆر له‌بن كه‌وشت ده‌خه‌وێ‌ !

-11-
هه‌نوكه‌ ده‌مم له‌سه‌ر ناوكته‌ ….
نازانم له‌ قژته‌وه‌ دابه‌زیوم ،
یا له‌ په‌نجه‌كانی پێته‌وه‌ ،
 هه‌ڵكشاوم .

– 12-
له‌ نێوان دوو رووباری شیردا ،
لێوه‌كانم
له‌ چیمه‌نێكی ته‌ڕوو پاراوا ،
ده‌له‌وه‌ڕێن .

-13-
هه‌موو ئاوێنه‌كانت ده‌شكێنم .
ئیدی له‌به‌رده‌م قه‌سیده‌كانمدا ،
خۆت بگۆڕه‌ .
خۆم و هه‌موو جله‌كانت ده‌سووتێنم
گواره‌كانت ده‌توێنمه‌وه‌ ..
ئیدی خۆله‌ مێشی من بپۆشه‌ .
گلێنه‌كانم بكه‌ به‌ گواره‌ .

-14-
كه‌ دیوانه‌كه‌م له‌سه‌ر سینگم ده‌خه‌وێنی ،
وێنه‌كه‌م ده‌بێ‌
به‌ منداڵێكی شیره‌ خۆره‌ .

-15-
له‌به‌رگی دیوانه‌كه‌م دێمه‌ ده‌ر
دێم بۆ ژووری نوستنه‌كه‌ت .
رووت رووت ،
له‌ باوه‌شی مێرده‌كه‌تدا ، نوستووی .
ده‌چم بۆ مدبه‌قه‌كه‌ ،
یه‌ دوای تیژترین چه‌قۆدا ده‌گه‌ڕێم !

-16-
له‌دیوانه‌كه‌م ده‌ترازێم …
ده‌چمه‌ ناو دۆلابه‌كه‌ .
هه‌موو جله‌كانت بۆن ده‌كه‌م
ئاوه‌ڵكراسێكی په‌مه‌یی و
ستیانێكی ره‌ش ماچ ده‌كه‌م .
به‌ لیباسێكی مۆر ،
ورووژانم ده‌خنكێنم !

-17-
له‌ نێوانی ده‌می من و ده‌ستی تۆدا ،
ماچێك هه‌ڵوه‌ری .
ماچ بوو به‌ چۆله‌كه‌یه‌كی دڵشكاو
تا هه‌نووكه‌ش ،
نه‌ له‌ جووكه‌ جووك كه‌وتوه‌ ،
نه‌ له‌ هه‌ڵفڕین .

-18-
له‌ماڵه‌كه‌ی تۆدام …. بیرت نه‌چێ‌ :
سبه‌ینان ،  سێ‌ پیاڵه‌ چا
نیوه‌ڕۆیان سێ‌ كه‌وچك
شه‌وان سێ‌ جێگه‌ی نوستن !

-19-
ده‌نگی ده‌رگایه‌ …
ژنه‌كانی گه‌ڕه‌كن ،
سواڵی جوانیت لێ‌ ده‌كه‌ن .

-20-
بڕژێره‌ ژووره‌كه‌م ئه‌ی تۆفان …..
خۆم و مێزه‌كه‌م
خۆم و كتێبه‌ یاساییه‌كان
خۆم و كتێبه‌ پیرۆزه‌كان ن  غه‌رق كه‌ .
ئه‌مه‌ تۆفانی جوانییه‌ ،
تۆفانی كچی نووح !!

-21-
كه‌ رۆشتی ،  چاوم رژایه‌ به‌ر پێم …
ئێستا به‌و گۆچانه‌ رێده‌كه‌م ،
كه‌ تیشكی چاوه‌ سه‌وزه‌كانت ،
به‌خشی پێم .

-22-
ته‌ورداسی دووریت ،
وه‌ك لكه‌ دارهه‌نارێكی شكاو ،
سه‌رمی شۆڕ كردۆته‌وه‌
سه‌ر ئه‌ژنۆم .

-23-
ئه‌وه‌ی تۆی خۆشبوێ‌ ،
یا شێته‌
     یا منداڵ ,,,!
     من هه‌ردوكیانم !!

چرایه‌ك له‌ نێو حه‌مامدا

-1-
كه‌ رووت ده‌بیته‌وه‌ ،
به‌لووعه‌ ئاوی دێته‌وه‌
ئاو ئاو ده‌ڕێژێ‌ .

-2-
ئاو جله‌كانی فڕێدا …
سه‌رتاپا ،
رووتی تۆی پۆشی .

-3-
ئاو پێك پێك
 له‌ جوانیت ده‌خواته‌وه‌ .
خه‌یاڵی رژاوه‌ته‌ به‌ر پێت !

-4-
ئاو پڕ بووه‌ له‌ نووری جه‌سته‌ت .
دووش بارانی كریستاڵه‌ .

-5-
به‌سه‌ر ئاوێنه‌ی شانته‌وه‌ ،
دلۆپ دلۆپی ئاو ،
مشتێك مرواری رژاون .

-6-
له‌ناو هه‌موو دڵۆپه‌ ئاوێكی سه‌ر سینگت ،
په‌لكه‌ زێڕینه‌یه‌ك !

-7-
به‌ چیمه‌نی داوێنته‌وه‌ ،
رێژنه‌یه‌ك شه‌ونم .

-8-
تنۆكه‌ ئاوه‌ خزیوه‌كان ،
له‌ كانیله‌یه‌كی خنجیله‌ی گه‌رمدا
تێكه‌ڵاو ده‌بن !

-9-
گۆی مه‌مكت ، مۆریله‌یه‌كی داگیرساوه‌ ..
حه‌مام لێوڕێژه‌ له‌ ورووژان .
هه‌ڵم خۆی نووساندوه‌ ، به‌ مینای په‌نجه‌ره‌وه‌ .

-10-
كه‌  له‌شی په‌مه‌ییت ، له‌ناو كه‌فی چڕدا ون ده‌بێت ،
رۆندكه‌ ئاوه‌كانی بن میچ ، له‌داخا ،
خۆ هه‌ڵده‌دێرن .

-11-
مه‌مكت ده‌نوك ده‌دا ،
له‌ناو له‌پی كه‌ف
له‌ قه‌فه‌سی ئاو
له‌ لێوی هه‌ڵم !

-12-
ئاو له‌ ناوكته‌وه‌ ، زه‌نگوڵ زه‌نگوڵ
ده‌رَژێته‌ سه‌ر ،
( قۆخ ) ێكی قه‌ڵشیوی
كه‌ مێك تووكنه‌وه‌ .

-13-
به‌ له‌شی لووسته‌وه‌ ،
ئاو ،
خه‌یاڵ ،
كه‌ف ،
رووناكی ،
ده‌خلیسكێن و له‌ت و په‌ت ده‌بن !

-14-
له‌و دیو ده‌رگاوه‌ ،
گوێم له‌ خوڕڕه‌ی رووتی
شڵپه‌ شڵپی له‌زه‌ته‌ .

-15-
له‌ چاوه‌ڕوانیدا ، رۆبی حه‌مام
خۆی به‌ قه‌ناره‌دا ، هه‌ڵواسیوه‌ .

-16-
كه‌ دێیته‌ ده‌رێ‌
هه‌ڵم په‌ڵه‌ هه‌ورێكی سپییه‌ و له‌ به‌ژنت ئاڵاوه‌ .
ئاو فێی لێ هاتووه‌ .
په‌شته‌ماڵ دڵی بووه‌ به‌ ئاو
حه‌مام له‌ هۆش خۆی چووه‌ !

تێبینی : وه‌ختی خۆی (( ژنیك له‌ ناو حه‌مامدا )) بڵاو بۆته‌وه‌
         به‌ڵام  دواتر ئیشم تێیدا كردۆته‌وه‌ .

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply