چەند ئەرز و حاڵێک …. نەوزاد بەندى
-ئەرز و حاڵى یەکەم –
بۆ خوداى گەورە و میهرەبان
بابەت / وادەى مردن
داواکارم بفەرموون بە پێشخستنى بەروارى مەرگى هەژاران ، بۆ کەمکردنەوەى موعانات و
ئازار و
فرمیًسکى مناڵان و
گینگڵخواردنى دایکان و باوکان و
تەختبوونى شەقامەکە بۆ دەوڵەمەندان ..
لەگەڵ ڕێز و سوپاسدا ..
(ئەرز و حاڵى دووەم )
بۆ / بەڕێز وەزیرى دارایى ..
بابەت / پێویست ناکات
پێویست ناکات باسى چۆنێتى سەرفکردنى بودجە و
دابەشکردنى ملیارەکان و
پڕۆژەکان و
دامەزراوەکانمان بۆ بکەیت ،
ئەوەندە بەسە لە شارێکى یەک ملیۆن کەسیدا ،
هەزار ملیاردێر دروست بوون ..
(ئەرز و حاڵى سێیەم )
بۆ / بەڕێز ڕیشۆڵە
بابەت / چ خێرە ؟
داواکارم لە بەڕێزت بفەرمویت بە نیشاندانى هۆکارى ون بوونت لە زستانەکانى هەرێم و
گابەردەکانى سەرەڕێگاکان ..
( ئەرز و حاڵى چوارەم )
بۆ / بەڕێز خۆڵ
بابەت / گەڕانەوە
داواکارین بفەرمویت بە گەڕانەوە بۆ سەر زەوى و
بەجێهێشتنى ئاسمان ..
سییەکانمانت پڕ کرد لەخۆت ،
بێ قەزا بى ..
ئەگەر هەر حەزیشت لە فڕینە ،
لە هەموو پارێزگایەکدا فڕۆکەخانەیەک هەیە ،
بۆ گواستنەوەى بازرگان و
سیاسیەکان ..
ئەتوانیت پۆستێک وەربگریت وە
بچیتە ئاسمان ..
(ئەرز و حاڵى پێنجەم )
بۆ / بەڕێز سەردەمى مناڵى
بابەت / ئاگادار کردنەوە
تکایە ئەگەر ناگەڕێیتەوە بۆ ناو تەمەنمان ،
ئەوەندە خۆت مەخەرە ناو یادگارێکانمانەوە ..
ئەوەندە خەفەتمان پێًمەخۆ ..
ئەوەندە دیقە-دیقەمان پێمەکە ..
ئەوەندە تامى –تامیمان پێمەکە ..
بڕۆ ،
هەزار نوقڵى ترش و شیرینت لەگەڵ بێ ،
بڕۆ ..
( ئەرز و حاڵى شەشەم )
بۆ / بەڕێز وشکە ساڵى
بابەت / بە ڕاشکاوى ..
ئەگەر بە تەمایت وشکمان بکەیتەوە ،
پێویست بە نەخشەکێشان و
هێنان و بردن ناکات ،
زیاتر لە دە ساڵە ،
میللەتێکت لەى بەردەم جلیکانەدا ،
سڕ کردووە ..
خەوێکى خۆشى تیا نەبینراوە ، ئەم دەڤەرە ..
دە وەرە و
وەکو هۆلاکۆ و
هیتلەر و
هۆلۆکۆست ..
دە وەرە و
مردن مردنە لەقە فڕکەى ناوێ …