Skip to Content

Saturday, April 17th, 2021

ڕاگەیاندنە كوردییەكان و قەیرانی نەبوونی ناسنامە

Be First!
by November 18, 2008 گشتی

 ڕاگەیاندنە كوردییەكان و قەیرانی نەبوونی ناسنامە
 محەمەد عەدنان

   وەك لای هەمووان ئاشكرایە ڕاگەیاندن یەكێكە لەو دەزگایانەی كە ڕوَڵێكی كاریگەر دەگێڕێ لە بەرەو پێش چوونی كوَمەڵگا و بەرزكردنەوەی ئاستی هوَشیاری تاك لە زوَربەی ڕووەكانەوە هەربوَیە لە دنیای ئیمڕوَدا و لە ووڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا گرنگییەكی زوَر بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەدرێت لە هەموو ڕووەكانەوە و بوَ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدرێت كەسانی بە توانا و لێهاتوو و خاوەن پسپوَری لەم دەزگا هەستیارەدا دابنرێت, دیارە ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە كە لە دوای ڕاپەڕینەوە كەناڵە ڕاگەیاندننە كوردییەكان بە ڕوَژنامە و ڕادیوَ و تەلەفزیوَنەكانیشەوە بە قەیرانی نەبوونی ناسنامەدا تێدەپەڕن بەجوَرێك زوَربەی ئەو كەناڵانە خوَیان ساغ نەكردوَتەوە و هەتاكو ئێستاش نازانن كە ئایا ئەوان تایبەتن بە (هەواڵ , وەرزش , هونەر یا كاروباری كوَمەڵایەتی….هتد ) ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە دنیای ئەمڕوَدا هەر ماس میدیایەك بوَخوَی خاوەن پسپوَرییەكی تایبەتە و گرنگی بە بوارێك دەدات , بەڵام بەداخەوە لەلای ئێمە جگە لەوەی كە ڕاگەیاندنەكانمان پسپوَرییان لە هیچ بوارێكدا نییە ئەو گوتارانەشی كە لە ڕێگەی بەرنامەكانەوە ئاراستەی خەڵكی دەكەن گوتاری هاوشێوەن و ئەوەندە دووبارە كراونەتەوە سوواون , بوَ نموونە كەناڵە تەلەفزیوَنییەكانمان بەرنامەكانیان هاوشێوەیە و زوَربەشیان لە كەناڵە عەرەبییەكانەوە كوَپی كراون لەوەش سەیر تر ئەوەیە كە دەبینیت هەموویان لەیەك كاتدا بەرنامەی هاوشێوە پێشكەش دەكەن , دیارە ڕادیوَكانیش بەهەمان شێوەن بوَ نموونە بەرنامەی گوَرانی داواكراو لە زوَربەی ڕادیوَكاندا هەیە بەڵام بە ناوی جیاجیاوە وەك (خواستی گوێگران , داخوازی گوێگران , گوَرانی داواكراو, بەخواستی ئێوە …هتد)
 هەرچی ڕوَژنامە كوردییەكانیشە بەهەمان شێوەن لاپەڕەكانیان بەیەك شێوە دابەش كردووە تەنانەت ڕوَژنامەكان ئەگەر ناوەكانیان لێ بكەینەوە ئەوا هەموویان یەك شێوەن و ناناسرێنەوە , جگە لەوەش دیاردەی بوونی بەرنامەی هاوشێوە لەیەك كەناڵدا زوَر دەبینرێت بەتایبەت ئەو بەرنامانەی كە تایبەتن بە گفتوگوَكردن و میوانێك یان دوو میوان بانگێشت دەكرێت بوَ قسەكردن لەسەر بابەتێك ئەمەش لە كاتێكدا كە لە ڕاگەیاندننە پێشكەوتووەكاندا تەنها یەك بەرنامەی لەو شێوەیە هەیە.
 بوَیە لێرەدا من پێشنیاری ئەوە دەكەم كە ماس میدیاكانمان بە خوَیاندا بچنەوە و هەوڵ بدەن ناسنامەیەكی تایبەت بە خوَیان هەبێت نەك ئەو چێشتی مجێورەی كە ئێستا لەهەموو كەناڵەكاندا دەبینرێت , هەروەها هەوڵ بدرێت ڕێگە بە خەڵكانی خاوەن بیروَكەی نوێ بدرێت كە بێنە ناو بوارەكە و هەر دەزگایەك خاوەن بەرنامە و خاوەن ناسنامەی خوَی بێت و ستراتیژی خوَی دیاری بكات لەپێناو زیاتر بەرەو پێش بردنی ڕاگەیاندنی كوردی  
 

Previous
Next

Leave a Reply