ڕێگاى کانى … نەوزاد بەندى
-1-
بە قسەم بکە ،
با لە پەنایەکا ،
یەخەى ( پیریى ) بگرین و
دەم و ددانى بشکێنین ..
-2-
بەیانى زوو
حەفارە و شۆڤڵێکى قەزەم ببەین و
ڕژێنەکانى فرمێسک ،
هەموو ى کوێر کەینەوە ..؟؟
-3-
ئێوارەیەک ،
بە سپۆنسەرى گەڵامێو ،
مەنجەڵێک پڕ کەین لە برنجى نهێنى و
شەربەیەک دۆ ،
لە دایکى گوێرەکەیەک بفڕێنین و
بچین بۆ سەیران ..
-4-
کەى واز لە پارە بێنین ؟
-5-
مزراح و کۆلارە و هەڵمات کۆکەرەوە ،
بەڵکو مناڵیى ،
دەرگامان لێبکاتەوە ..
نەیکردەوە ،
خۆمان ئەدەین بە لیژنەى پزیشکى ،
ئەیسەلمێنین هێشتا مناڵین ..
هێشتا شەیداى تول تولێن و
پێنج بەردى و
هەلوکێنین ..
ئێمە زلى بێ هونەرین ..
مناڵین لە کەوڵى پیرا ..
-6-
شاعیر و نوسەرە گەورەکانمان ،
کاسبن ..
تاقەتیان نییە دوو دێڕ بە خۆڕایى بڵاو کەنەوە ..
وشە ئەخەنە مەزادەوە ،
کێ زیاتر با ،
( شافلخێر ) بۆ ئەو ئەکەن و
ئامادەن دوانزە وتار ،
لەسەر پرخە-پرخ بنوسن و
بیشوبهێنن بە پێکەنین ..
-7-
بە قسەم بکە ،
با بچین بۆ لاى مێشولەیەک ،
بزانین ئەو قەد و باڵا و قامکە باریکانەى ،
لە کوێ هێناوە ؟
بەڵکو بە نرخێکى گونجاو بەرنامەکەى لێ وەرگرین ..
( مێشولە بوومایە ،
لە جیاتى گیزە گیز و خوێنمژین ،
ئەبوم بە عازیفى پیانۆ )
-8-
نان نییە خەمى تیا نەبێ
ئاو نییە خەمى تیا نەبێ ..
تەنانەت لە پێکەنینا ،
بگەڕێ ئەیدۆزیتەوە ..
ئۆقرەى لەبەر هەڵگیراوە و
چاوەڕوێى کارەساتێکە..
( ئیتر شاکاریش بنوسێ ،
هەر ئەیدڕم ..
کە دەم و قەپۆزى دەرکەوت ،
بە نوکتە و
سەما و
پێکەنین ، هەڵی ئەبڕم ..)
-9-
لە کوێ ئەمشاریتەوە ؟
فیرقەى مودەرەعى خەم هات ..
-10-
کە بە تەنیشت کارێزى وەستا شەریفا ئەڕۆم ،
ئەو پەپوسڵێمانکەیەم دێتەوە یاد ،
کە لە بەهارى 1973 نیشتەوە ،
ڕامکرد بەرەو ڕووى ..
لە نێوان سنەوبەرەکانا ون بوو ..
نازانم زەمین قوتى دا ..
یان ئاسمان هەڵیکێشا ..
( چەند پێویستم بەو پەپوسڵێمانکەیەیە ئێستا ..
تاکو وێنەى مناڵیم لە چاوەکانیا بشۆمەوە :
مناڵًێکى لاوازى ڕەنگ زەردى شەش ساڵان ،
بە شەڕواڵێکى خۆڵەمێشى و
کراسێکى شینەوە ..
بە جوتێ پێڵاوى لاستیکەوە ،
حەپەساوە و بە هانکە – هانک ،
بەرەو پەپوسڵێمانکەیەک ڕائەکا ،
ڕوخسارى تێکەڵەیەک لە خەم و خۆشى تێدایە..
تێکەڵەیەک
وەک تێکەڵەى برنج و داڕوجان ..)
-11-
خۆزگە بمزانیایە خوا ،
لە کوێ ڕۆژەکانمان ئەرشیف ئەکا ..
زۆر پێویستم بە دۆکیۆمێنتەکانى مناڵیە ..
-12-
حەزم ئەکرد ،
ڕۆژێک لە ڕۆژان ،
لە مینى بوسێکى خەتى زەرگەتە ،
سەرۆکى حوکمەت لە تەنیشتما ،
دانیشتایە ..
لە چایخانەى شەعب ،
چایەکى یەکسەرى و
لەبەر بەلەدیەکە ،
پڕ عەلاگەیەک ،
کەرەوز و جەرجیر و پونگەى بکڕیایە ..
( کە سابیر کوردستانى ئەڵێ :
من غەریبم .. من غەریبم .. من غەریب ..
یەکسەر سەرۆکى حوکمەتم بیر ئەکەوێتەوە .. )
-13-
خەڵک باسى ڕیاڵ مەدرید و
بەرشەلۆنە ئەکەن ،
زیاتر لە نالى و سالم ..
-14-
زەوى نوقوڵێکى ترش و شیرینى پەمەیى بو ،
ئێمە وەک مێرولە ،
تێى بەر بوین ..
کردمان بە پارچەیەک خەڵوز