Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

ژنێک بەسەر منارەیەکەوە مێژووی گەلێک دەنووسێتەوە

Be First!


ژنێک بەسەر منارەیەکەوە مێژووی گەلێک دەنووسێتەوە
ڕانانێک بۆ رۆمانە نوێکەی  شێرزاد حەسەن

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ڕۆمان یەکێکە لە ژانرە مەزنەکانی جیهانی ئەدەب، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆتە پێشرەوی هەموو ژانرەئەدەبییەکانی تر. زۆر نەتەوە نەیانتوانییوە لە ڕێگای سیاسی و ئابووریی و وەرزشیەوە خۆیان بە جیهان بناسێنن ، بەڵام لە ڕێگای ڕۆمانەوە توانییویانە گەلەکەیان بە جیهان بناسێنن. ڕەسول هەمزاتۆڤ خەڵکی بچووکترین هەرێمی رووسیایە، بەڵام توانی لە ڕێگای بەرهەمەکانییەوە داغستان بە هەموو رووسیا و جیهان بناسێنێت. زۆرجاریش هەندێک کەسیاتی و چینی کۆمەڵایەتی هەن ، کە کەسمان حەزمان بە پەیوەندیکردن و ناساینیان نییە، بەڵام لەڕێگای رۆمانێکەوە ئاشنایان دەبین. کەسمان حەزمان بە پیاوکوژان نییە، بەلام هەمووشمان بە ڕاسکۆلینۆڤی رۆمانی ” تاوان و سزا” ی دۆستیۆفسکی سەرسامین. کەسمان ناتوانین  بەرگەی 12 سەعات کارلە خانە خەڵووزەکاندا بکەین ، بەڵام رۆمانە مەزنەکەی ” جێرمیناڵ” ی ئەمێل زۆلا هەموومانی سەرسامکردووە. ئەوە رۆمانە دەتوانێت ژیانی چینە چەوساوەکان و کەسە قێزلێکراوەکان ، لای خەڵکی خۆشەویست بکات و ببنە جێگای بایەخی خەڵکی تر. شێرزاد حەسەنین لە ڕێگای رۆمانی ( ژنێک بەسەر منارەوە) توانیوویەتی ژیانی ناخۆشی ( ژنان بەگشتی و بێوەژن و کچانی ئەتککراو) باسبکات. هەر لەڕێگای ئەم رۆمانەشەوە ، بۆتە داکۆکیەرێکی سەرسەختی ئەو گینالەبەرە بێ زمانانەی کە رۆژانە بە قێزەونترین و دڕندانەترین شێوە ڕاودەکرێن. هەر ئەم رۆمانەش بۆتە پارێزەرێک و بەرگری لەو بینا و شوێنەوارە مێژوویانە دەکات ، کەڕۆژانە لەلایەن مقاولە بێ هەست و بێ بەزەییەکان لەبەرخاتری پارە ، بەلەشکری دڕندەی بلدۆزەروشۆڤڵ دیانڕووخێنن. ژنێک بەسەر منارەوە، رۆمانێکە حکایەتی دوو نەوەی دژ بەیەک باس دەکات. مێژووی گەلەکەمان لە پێش و پاش راپەڕین دەنووسێتەوە.

بەڵام بەداخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆش لەناو میدیاکان دا بەتایبەت میدیای حیزبی و حکومی ئەم رۆمانە هیچ گرینگییەکی وای پێ نەدراوە.

بابەتە گرینگەکانی ئەم رۆمانە/

ئەم رۆمانە باسی ژنێک دەکات ، کە لەنزیک منارەکۆنەکەی شاری هەولێردا ، سەنگەرێکی گەورەی لە مقاول و کۆمەڵێک مەسئول گرتووە، بۆ ئەوەی نەیرووخێنن. بە فلاش باگ نووسەر هەوڵیداوە ، چیرۆکی ژیانی ئەم ژنە بگەڕێنێتەوە. لەهەمانکاتیشدا باسی تراژیدیای ژن و ڕاوکردنی ئاژەلەکان و وێرانکردنی شوێنەوارە کۆنەکان  دەکات . لەهەمانکاتیشدا باسی رەخنە وگلەیی نەوەی نوێ لەگەڵ نەوەی کۆن دەکات .

ژن /

ژن یەکێکە لەبابەتە گرینگەکانی ئەم رۆمانە . دیارە باسکردنی ژیانی تراژیدیای ژنان ، هەموو کاتێک بابەتی سەرەکی رۆمان و چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن بوون. هیچ کاتێک پرسی ژنانی  پشتگوێ نەخسوە. هەر لەم رۆمانەشدا ، نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێگای ژیانی بیوەژنێکەوە، کە چەوساوەترین توێژی ژنانە، تیشک بخاتە سەر ژیانی هەموو ژنان و کچانی ئەم وڵاتە. لە ڕێگای فلاش باگەوە ، باسی ژیانی کچ لە خانەوەداکەیدەکات .
” باوکێک کە لەسەر سفرەش نانی لەگەڵ ئێمە نەدەخوارد ، وەک ئەوەی نان خواردن لەگەڵ ژن وکچەکانیدا عەیبەیەکی گەورە بێ. ل.167
کە گەورەتر بووم هەستم کرد کە من و دایکم و خوشکەکانم کارەکەرین ، زۆرجار کارەکەرەکان لە ئێمە پتر ڕێزیان پێدەبەخشرا. ل168
ماڵ جگە لە  زیندانێکی خۆشەویستی هیچی تر نەبوو بۆ من .
باوکم و براکانم و کۆی کوڕانی  بنەماڵە ، وەکو بەڵایەک بۆ ئێمەیان دەڕوانی ، باڵقبوونی کچەکان ، گەورەبوونی غەم و بەڵاکان بوو.ل168
بەهەموو ژیانم باوکم یان یەکێک لە براکانم ڕۆژێک نەیانپرسی ئەرێ خوشکێ چ بەڵاتە؟
چ خەمێکت هەیەکچم ؟ ل 168
هەرگیز بەختی ئەوەم نەبوو بۆ یەکجاریش شەوێک قەدەر بەهەڵەدا بچێت و باوکم یان یەکێک لە براکانم ئەو ئەرکە قوورسە بکێشن ماچم بکات و پێبڵێم :
شەو شاد …کچە شیرینەکەم!
خەوێکی خۆش …خوشكە نازدارەکەم !  ل 169

نووسەر توانیویەتی لەڕێگای کامێرای خەیاڵی خۆیەوە ، بە جوانترین و ڕاستەقینەترین شێوە وەسف ژیانی ناخۆشی ژنان و کچانی ئەم وڵاتە بکات. شادی تەنها باسی ژیانی تایبەتی خۆی ناکات، بەڵکە لەڕێگای شادییەوە نووسەر هەوڵیداوە تیشک بخاتە سەر ژیان و ئازارەکانی ژنان و کچانی ئەم وڵاتە .
دیارە ژنان هەمووکاتێک تەنها لەماڵەوە نەچەوساونەتەوە ، بەڵکە زۆرجاریش باجی کارە دزێوەکانی پیاوانیان داوە، وەکو جەنگ . کەهەمووکاتێک شەرە خوێناویەکان ، پیاوان هەڵیدەگیرسێنن و ژنانیش دەبێت باجەکەی بددەن. بەداخەوە ئەم وڵاتەی ئێمە ، لەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی کۆمەڵێک جەنگی خوێناوی بوویەوە، کەهەندێکیان هەتاوەکوو ئەمرۆش بەردەوامن.
” لەوەتی پیاو هەیە لەسەردەمی ئەشکەوت و چاخی بەردینەوە،  خەریکی جەنگ بووە یان ڕاوکردن . لەوەتی ژنیش هەیە سەر بە هەش وچاوەڕێ و  دەست بەدوعاوە و نوشتەو نزای دونیا دەکات  کوڕ وبرا و مێرد هەموو نێرینەکانی تیرەو هۆزو بنەماڵەکەی  بە سەلامەتی بگەڕێنەوە   .ل 157
پیاوە ئازاو ترسنۆکەکان شەڕەکان هەڵدەگیرسێنن، ژنانەکانیش خۆیان بۆ غەم و جۆش دەهێنن و ڕەشپۆش دەبن، چ چارەنووسێکی ڕەش و ناشرینە. ل 158.

خاڵێکی گرینگی تر کە نووسەر تیشکی دەخاتە سەر ، مەسەلەی سێکس و پەردەی کچێنییە. چۆن ئەم پەردەیە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای تراژیدیاو ناخۆشی بۆ ئەو کچانەی ، کەئەم پەردەیان نامێنێت. لەمەشدا دیسانەوە ژنان باجی کردەیەک دەدەن ، کە پیاوان دەیکەن . شادی کاتێک لەگەڵ بەهرامی خۆشەویستیدا سێکس دەکات و ئەم پەردەیەی نامێنێت، دەرگای بەڵای لێدەکرێتەوە. بەهرامیش پاش ماوەیەک تێیدەتەقێنێت و بەرەو هەندەران دەڕوات و بەم شێوەیەش دۆزەخێکی گەورە بۆ شادی دروستدەکات .
” کێ هەیە قایل بێت کچێکی ( بێ بن) بخوازێت؟!. ل 134
لەپاش راپەڕین خەڵکێکی زۆر لە ئوروپاوە دەهاتنەوە بۆ ئەوەی لە کوردستان ژن بهێنن. پارادۆکس لەوەدابوو،  ئەو کەسانەی کەماوەی چەندین ساڵ لە ئوروپا ژیابوون، لەخەڵکە عەوامەکە زیاتر بەتەنگ پەردەی کچێنییەوە بوون. وەک بڵێیت ئەو چەند ساڵە کولتووری ئوروپی هیچ کاری تێنەکردبێتن.
پێم سەیرە  دوای ئەو هەموو ساڵەی مانەوەت  لەدەرەوە  باسی  شەرەف و نامووسی بنەماڵە دەکەی. ل 157

 شەڕی مانەوەی شوێنەوارەکان /
بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە جارێک کۆمەڵێک بازرگان و مەسئوول لەبەرخاتری خۆیان ، بەشێکی زۆری شوێنەوارو گەڕەکە کۆن و مێژووییەکانی شارەکانیان رووخان. دیارە بەبێ ئەوەی هیچ گوێ بددەنە هەست ونەستی خەڵکی ، کەئەم گەرەک و شوێنە کۆنانە، بەشێکی گەورەی مێژووی خەڵکی پێک دەهێنن. چەندین هەڵمەت و کەمپین دژی ئەم سووتاندنی مێژووە کرا،بەڵام هیچ سوودی نەبوو. شێرزاد حەسەن لەم رۆمانەیدا باسی ئەم تراژیدیایە دەکات ، کەلەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی کوردستان بووە. شادی و چەند بنەماڵەیەکی تری گەڕەکەکەیان ، دژی کۆمەڵێک بازرگان و مەسئوولی چاوپرسی دەجەنگێن ، بۆ ئەوەی منارەکە و گەڕەکەکەیان نەرووخێنن. لێرەدا نووسەر هەوڵیداوە ، کۆمەڵگا لەو ترسە گەورەیە بەئاگابهێنێتەوە، هۆشداری بداتە نەوەی نوێ کە دژی ئەم هەڵمەتە ڕاوەستن ، لەهەمانکاتیشدا ئەم رۆمانە وەکو پشتگیرییەک وایە بۆ ئەو کەسانەی کە پارێزگاری لە شوێنەوار و مێژووی گەلەکەیان دەکەن .

 دڵێکی زیندوو بۆ ئاژەڵەکان /

ئەوەی کەلەم رۆمانەدا زۆر جێگای خۆشحاڵیم بوو ، نووسەر باسێکی گەورەو گرینگی هوروژاندووەو تیشکێکی باشیشی خستۆتە سەر ، ئەویش بریتییە لە پرسی  کوشتن و ڕاوکردنی ئاژەڵەکان. بەداخەوە رۆژانە بە ناشریترین و قێزوەنترین و وەحشیترین شێوە پەلاماری ئاژەڵەکان لەلایەن مرۆڤەوە دەدرێت. ڕاوکردن لەوەتی هەبووە وەکو نیشانەی ئازایەتی و جوامێری پیاوان دانراوە. لێرەدا نووسەر هەوڵیداوە لەزمانی ئەو ئاژەڵانەوە گلەیی و هاواری خۆیان بە کۆمەڵگای کوردەواری بگەیەنێت. شاعیری گەورەو مەزنی گەلەکەمان قانیع یەکەم کەس بووە لە ڕێگای پارچە شیعرێکەوە ، سۆزێکی گەورەی بۆ کۆترو گیانلەبەرەکانی تر دەرپڕیوەو دژی ڕاوکردنیان بووە. بەڵام لە چیرۆک و رۆماندا هیچ شتێکی وامان نییە. شێرزاد حەسەن بەم کارەی ڕێچکەی شکاند و دەستپێشخەرییەکی ئێجگار مەزنی کردووە.
” بەخۆیان تاپڕو ساجمەزەنەکانیانەوە، سەرمەست بەو ڕەشە ڕاوەی لە ئاسماندا بەرپایان کردبوو،،، خاک و خۆخ و سێو و هەرمێ و گەڵاو گوڵیان  دەپلیشاندەوە،،
پەلاماری شڕشێتانە و جانەوەر ئاسا  لق و پۆپی  درەختەکانیان دەشکاندو دەپرینگانەوە.ل32

ئەم ڕۆمانە هاوارێکە بۆ سروشت و ئاژەڵە بێ زمانەکان . نووسەر لە زمانی شادی بێ دەسەڵاتەوە  هاوغەمی خۆی بۆ سروشت و ئاژەڵەکان دەردەبڕێت و ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەم هەوەسە وەحشیانەی پیاوان کردووە.

شەڕی نەوەکان /

بابەتێکی گرینگی تر کەلەم رۆمانەدا باسکراوە، مەسەلەی شەڕی نەوەکانە. نەوەی پێش ڕاپەڕین و نەوەی پاش ڕاپەڕین . نووسەر بە زمانێکی ئەدەبییانە رەخنە و گلەییەکانی نەوەی نوێ و ژنان بەتایبەت لە پیاوانی مەسئوول دەردەبڕێت.
” ئەو چەک بەدەست وجەنگاوەرە دێرینانە ،،، ئێستا بونەتە قۆنتەراتچی و قومارچی ، قومار لەسەر دۆڕانی هەموو تەمەن و خەون و جوانیمان   دەکەن  ل158
من تێناگەم دوای ڕاپەڕین ئەو هەموو  مارکسی و چەپخواز و نەتەوەپەرست و ئەی ڕەقیب بێژ و چوارپارچە پەرستە چیی لێهات ؟ بۆچی هەر هەمووان  تووکیان وا نەرم بووە؟.ل158
زۆرجاران سووپاسی راپەڕیندەکەم لەبەر یەک شت ، ڕەنگە نەیزانی ، ئەویش لەبەرئەوەی بۆم ساغ بۆوە کە مەعدەنی زۆربەی پیاوانی ئەم وڵاتە ،،، مەعدەنێکی خراپە. بە ژمارەیەکی زۆر بە شۆرشگێرانیشەوە لە کانزایەکی دەگمەنەوە نەهاتووە. ل 158
تۆ چەندجارە  باسی شەرەف و ئابڕووم لەگەڵدا دەکەی ، پێم ناڵێیت شەرف و نامووسی  ئەو پیاوانەی کەمن و تۆ دەیانناسین ، کە خەڵک و خاکیان بەیەکەوە فرۆشت لە کوێدایە ؟
ئەوانەی کە پەنچەیان لە خوێنی ڕژاوی براکانی خۆیان دەردەدا ، چۆن زات دەکەن باسی شەرەفی  من بکەن ، ئەوانە کێن و چین؟ل 159
چی لێهات حیکمەتی زۆری ناو  نامیلەکەی  زەرد و کتێبە قاچاغەکان ،،،،سەری زمان و بنی زمانتان پرۆلیتاریا و هەژاران بوو ..ل160
لە دوای ڕاپەڕین،، ئەو دونیایەی ئێوە بەناوی ئازادییەوە دروستتان کرد ، زۆر لەوە ناشرینترە کە خەیاڵی ئەهریمەنیش بتوانێت ڕەسمی بکات ل 161
جاران ناحەزانی نووسەر دەیانووت ( شێرزاد حەسەن) ، کۆن بووەو هیچی بۆ نەوەی دوای راپەڕین پێ نییە. بەڵام شێرزاد بەم ڕۆمانەی توانی ڕابەرێتی نەوەی پاش راپەڕینیش بکات . ئەم رۆمانە  گلەیی و ڕەخنەی جەماوەرە  دژ بە دەسەڵاتداران. شێرزاد نوێنەرایەتی نەوەی پاش ڕاپەڕین دەکات و ئاگای لە گلەیی و رەخنەکانی ئەوان هەیە.


چەند سەرنجێک /

دیارە وێرای دەستخۆشیمان بۆ نووسەر ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کەئەم رۆمانە دوورە لە کەموکورتی . من لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانەی خۆم دەربارەی ئەم رۆمانە دەرببڕم .
زاڵبوونی زمانی پەخشان و گێڕانەوە/
دیارە گێرانەوە یەکێکە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی رۆمان ، بەڵام رۆمانیش وەکو دروستکردنی خواردنێک وایە ، دەبێت بە پێی پێویست خوێ و داودەرمان و ڕۆنی تێبکەیت. لەم ڕۆمانەدا زمانی پەخشان و گێڕانەوە زۆر زاڵە. ئەمەش وایکردووە کە بەشی ڕەگەزەکانی تر بخوات. زۆرجار گێڕانەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێنەر تووشی هیلاکی و بێ تاقەتی بکات .

کەمی دیالۆگ /

دیالۆگیش رەگەزێکی گرینگی  رۆمانە. بەڵام لەم ڕۆمانەدا زۆر کەم دیالۆگی تێدایە. تاکە دیالۆگ ، دیالۆگی نێوان شادی و بەهرامە. ئەمەش زۆر کەمە. دەبوایە  هێندەی نووسەر گرینگی بە  گێرانەوە داوە، گرینگی بە دیالۆگ بدایە .
نەبوونی چیرۆکی لاوەکی/
بۆ دروستکردنی کۆشکی رۆمان ، نووسەر دەبێت تەنها پشت بە یەک چیرۆک نەبەستێت ، بەڵکە پێویستە کۆمەڵێک چیرۆکی لاوەکی بخاتە ناو رۆمانەکەیەوە. لەم رۆمانەدا هەست بە هەژاری ئەم ڕەگەزە دەکەیت . لێرەدا ئێمە گوێمان لە چیرۆکی ژیانی هۆمەر  و کەمێکیش بەهرام دەبێت . نووسەر هیچ زانیارییەک لەبارەی کەسایەتییەکانی ترەوە نادات .

زمانی نووسین /
ڕۆمان بە گشتی بە دوو جۆر دەنووسرێت . یان ئەوەتا نووسەر بە زمانی ” من” باسی ژیانی خۆی دەکات . یان ئەوەتا لە ڕێگای کەسێکی ترەوە باسی پاڵەوان و ڕووداوەکانی رۆمانەکە دەکات. واتە پشت بە ” ئەو” دەبەستێت. بەڵام ئەو زمانەی کەلەم رۆمانەدا بەکارهاتووە ، هیچ کام لەم دوو جۆرە پەیرەو ناکات . بەڵکە لێرەدا زیاتر نووسەر بە زمانی ” تۆ” قسە دەکات . واتە باسی ژیانی  پاڵەوانەکە دەکات بە ” تۆ” . ئەم زمانە زیاتر لە شیعردا بەکاردێت ، شاعیر دەیەوێت وەسفی کەسێکی تر بکات و هەمووکاتێک باسی جوانی یان ناشرینی و سیماکانی ئەو کەسە دەکات . بەڵام ئەم زمانە بۆ رۆمان بەکارنایەت.

دووبارەبوونەوە/

لەم رۆمانەدا کۆمەڵێک شت دووبارە دەبنەوە، بۆ نموونە گلەیی شادی لە بەهرام و مەسەلەی ” پەردەی کچێنی” . ئەم دووبارە بوونەوەیە خوێنەر تووشی هیلاک بوون دەکات.

کۆتاییەکی خراپ/

ئەم رۆمانە لەسەرەتادا زۆر بەجوانی دەستپێدەکات و ، هەنگاو بەهەنگاویش خوێنەر بەرەو ناو ڕۆمانەکە ڕادەکێشێت. بەڵام بەداخەوە لە کۆتاییدا نووسەر دەزووی  رۆمانەکەی لەدەست دەدات . کاتێک دەگاتە کۆتایی رۆمانەکە ، زۆر ئاڵۆزدەبێت و نازانین بۆچی وای لێ دێت. بۆ نموونە نازانین شادی دەمرێت، یان هەر بەسەر منارەکەوەیە؟ پاشان لەپڕێکدا ئاگرێک لەماڵەکە بەردەبێت و نازانین بەهرام دەسووتێت یان ماوە؟ پاشان لەم ئاگرەوە ئەم ژنە چۆن چووە سەر منارەکە ؟ ئەم هەموو خەڵکە بۆ چی لێی کۆبوونەوە؟ ئایا شادی دەکوژرێت یان دەمێنێت؟
بەگشتی نووسەر لە کۆتایی ڕۆمانەکەیدا زۆر بابەتەکان ئاڵۆزدەکات و تێکەڵ و پێکەڵیان دەکات ، بەشێوەیەک کە هیچ کاتێک خوێنەر نازانێت کۆتایی رۆمانەکە لەکوێدایە . خۆزیا نووسەر لە کۆتاییەکدا وەکو سەرەتای رۆمانەکەی بە ڕوونی بابەتەکانی بنووسایەتەوە.

لەکۆتاییدا جارێکی تر دەستخۆشی لە بەڕێز شێرزاد حەسەن دەکەم بۆ ئەم رۆمانە نایابەی . بەدڵنیاییەوە ئەم رۆمانە توانییویەتی مێژووی دوای ڕاپەڕین بنووسێتەوە. لەهەمانکاتیشدا توانیوویەتی گلەیی و رەخنەی  ( ژنان ، شوێنەوارەکۆنەکان ، نەوەی نوێ لە نەوەی کۆن ، سروشت و ئاژەڵەکان)  بگەیەنێت. هیوادارین سەرنجەکانمان بە دڵێکی فراوان وەربگیرێت چونکە تەنها مەبەستمان ناساندنی رۆمانەکەیە .

شێرزاد حەسەن . ژنێک بەسەر منارەوە. چاپی یەکەم . 2011

Previous
Next

Leave a Reply