Skip to Content

Sunday, November 28th, 2021

که‌رنه‌ک….شێرزاد هه‌ینی

Be First!
by April 22, 2009 گشتی

که‌رنه‌ک
رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه‌.

   له‌به‌رچاوی رووباری نیل بوو که‌ فه‌رعۆنه‌کان ئه‌و هه‌موو پیرامێدانه‌یان به‌رزکردیته‌وه‌، له‌به‌ر پیرۆزی نیل بوو له‌رێگای دووره‌وه‌و به‌شانی زامداره‌وه‌و به‌سگی برسییه‌وه‌و به‌هۆشی به‌رزه‌وه‌، به‌ردی گه‌وره‌یان هێناوه‌ته‌ ئه‌و بیابانه‌ وشکه‌و په‌رستگایان دروستکردووه‌، له‌به‌ر به‌ژنی نازاداری نیله، که‌ ژیان و مان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ سه‌حراوییه‌ وا به‌رده‌وام و سه‌وزه‌.!
به‌ به‌له‌مێکی به‌ ماتۆڕ له‌گه‌ڵ چوار گه‌شتیاری رووسی مێینه‌و دووی تری پیاوو چوار که‌سی ئه‌ڵمان و ئێمه‌ش دوو که‌س له‌نیل په‌ڕینه‌وه، به‌له‌مه‌وانه‌‌ پێخوواسه‌ لاوازه‌که‌ له‌گه‌ڵ سه‌مای ئاوه‌که‌و ئاوازو گۆرانییه‌کان له‌سه‌ر ده‌می باریکی به‌له‌مه‌که‌ سه‌مای بۆ ده‌کردین و گۆرانییه‌که‌شی به‌جۆشه‌وه‌ ده‌وته‌وه‌، ئه‌و به‌و کاروانه‌و به‌سواربوونی ئه‌و چه‌ند نه‌فه‌ره،‌ هه‌ندی هه‌موو گه‌شتیاره‌کان دڵی خۆشبوو، سه‌مای ده‌کردو جووله‌و له‌رینه‌وه‌ی سمتی باریکی‌و ده‌سته‌ تیرۆگه‌که‌ی نیگای هه‌مووانی بۆ خۆی راکێشابوو.
ئه‌و په‌رستگایه‌ی که‌ناوی (که‌ر‌نه‌ک)‌ه‌، ئه‌گه‌ر بۆ چاوی پیرۆزی خواوه‌ند (ئامون)یش بووبێت بۆنی رووباری نیلی پێوه‌بوو، به‌قوڕو لیته‌ی ئه‌و رووباره‌ پارسه‌نگ بۆ دیواره‌کان به‌رزکراوه‌ته‌وه‌و ستونه‌ گه‌وره‌کان به‌رزراگیراوه‌‌، به‌و رووباره‌ که‌ره‌سته‌یتر گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و په‌رستگایه‌، بوویته‌ شاکارێکی دیاری ئه‌و جیهانه‌و هه‌موو میسرییه‌کان له‌به‌ر پیرۆزییه‌کان ناتوانن نکۆلی له‌گه‌وره‌یی فه‌رعۆنه‌کان بکه‌ن.!
که‌ره‌نک وه‌ک رێبه‌ره‌که‌مان وتی که‌ عه‌ره‌به‌کان له‌سه‌رده‌می گه‌یشتنی ئیسلام چاویان به‌ کۆشک و ته‌لاری باوک و پاشاو خوداوه‌نده‌کانی ئه‌و شاره‌ که‌وتووه‌، ناویان ناوه‌ الاقصر، واته‌ کۆی کۆشکه‌کان. به‌شه‌ زیندووه‌که‌ی ئه‌وشاره‌ له‌جوانی خۆرو ژیانه‌وه‌ هاتووه‌‌، بۆیه‌‌ به‌شه‌ خۆرهه‌ڵاته‌که‌ به‌شی ژیان و به‌رده‌وامی ناوی شاری زیندووه‌کانیان لێناوه‌، به‌شی ئه‌و به‌ری نیلیش به‌شی مردووه‌کان، ناشتنگه‌ی هه‌موو گه‌وره‌ فه‌رعۆنه‌کان و پاشاکانه‌. له‌ساڵی 1922 یه‌که‌م ناشتنگه‌یان به‌جوانی دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ سێ ده‌روازه‌ی کراوه‌ سه‌ردانی گۆڕه‌ درێژو نه‌خشین و فراوانه‌که‌مان کرد.
من له‌شاری زیندووه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی که‌رنه‌ک‌، به‌ره‌و شاری مردووه‌کان په‌رێمه‌وه‌، ترسم نه‌بوو، چونکه‌ به‌ناو ئاوی نیلی موژده‌ی ژیان و به‌رده‌وامی رووی خۆشی میسرییه‌کاندا ئاشنابووم، بینیم نیل هه‌ر که‌سکه‌، ئاوه‌که‌ی نه‌رم نه‌رم ده‌ڕوات، له‌نجه‌که‌ی ناسکه‌و سه‌ماکه‌ی به‌مۆزیکایه‌، میسرییه‌کان له‌و له‌نجه‌یه‌ فێربوون که ‌له‌سه‌رپشتی گوێدرێژه‌کانیشیان له‌شه‌قامه‌ به‌رینه‌کانی شاری الاقصری کۆنترین شاری جیهان ده‌په‌ڕینه‌وه‌ گۆرانی ده‌چرن، که‌ چایه‌چییه‌ ماندووه‌که‌ خزمه‌تت ده‌کات، به‌ بزه‌وه‌ به‌یه‌ک سڵاو ده‌تکاته‌ پاشاو معلم و ئوستاز. که‌ به‌له‌مه‌که‌ تۆ ده‌په‌ڕێنێته‌وه‌، دڵت له‌ خۆرهه‌ڵاته‌که‌ی جیانابێته‌وه‌، که‌ گۆڕه‌ رووناکه‌کانی فه‌رعۆنه‌کان له‌ناو ئه‌و شاخه‌ وشکه‌ سپییه‌ی (وادي الموت) ده‌بینیت، هه‌ستده‌که‌ین ژیان ئه‌وه‌نده‌ خۆش بووه‌، بۆیه‌ ناشتنه‌کانیان شکۆداربووه‌، هونه‌رو ره‌نگ ئه‌وه‌نده‌  پایه‌داره،‌ بۆیه‌ له‌ناو گۆڕیش تابلۆی سوورو ره‌نگی کراوه‌یه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان ناشتووه‌، له‌ناو دۆڵی مردووان هه‌ست به‌ ژیان ده‌که‌یت.!

 

 

Previous
Next

Leave a Reply