Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

که‌یسێک بۆ فریودان ،که‌یسێک بۆ شه‌ڕ

Comments

        
  ناسیۆنالیزمی کورد،له‌ شه‌خسیه‌تی هه‌ردوو حیزبی سه‌ره‌کی،بۆ ڕه‌ونه‌ق کردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌یان له‌شانۆی سیاسه‌ت و له‌ کۆنتڕۆڵ کردنی جه‌ماوه‌ردا،به‌قه‌ده‌ر گولله‌وپاوان کردنی ده‌رامه‌تی گشتی،به‌قه‌ده‌ر ژماره‌ی حه‌سحه‌س و سیخۆڕه‌کان،پێویستیان به‌ ئه‌فسانه‌و فریو دان و گه‌رم کردن وجۆش دانه‌وه‌ی ڕای گشتی هه‌یه‌.زوڵم له‌ کورد و ده‌ستنیشان کردنی "دوژمن "ێک داهێنانێکی خوێناویه‌ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان لاسایی بکه‌نه‌وه‌،ڕه‌گه‌که‌ی له‌مێژووی سیاسه‌ت و له‌ نه‌سیحه‌ته‌کانی "میکیاڤیڵی" دایه‌.
 
 ئه‌مریکا له‌ شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌مدا،زۆر پێویستی به‌ که‌یسێک بوو تا ڕای گشتی ئه‌وسای هاوڵاتیانی پێ زه‌مانه‌ت بکا بۆ چونه‌ ناو شه‌ڕ.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ کۆڵۆنێڵ " ئێدوارد هاوس"ڕاوێژکاری سه‌رۆکی ئه‌وسای ئه‌مریکا"وێلسۆن" پرسی به‌ ڕاوێژکاری سه‌ربازی حکومه‌تی به‌ریتانیا "گرێی" کرد.ئه‌میش له‌وه‌ڵامدا لێ ی پرسی:- "ئه‌گه‌ر که‌شتیه‌کی پڕ له‌ هاولاتیانی سیڤیڵی ئه‌مریکا له‌ لایه‌ن هێزی ده‌ریایی ئه‌لمانیا بۆردومان بکرێ ونقوم بکرێ،چ کاریگه‌ریه‌ک له‌سه‌ر رای گشتی ئه‌مریکا داده‌نێ ؟" ئێدوارد هاوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ ووتی:- "به‌دڵنیایه‌وه‌ گڕ له‌ رای گشتی به‌رده‌دا !!"
  له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ که‌شتیه‌کی پڕ له‌ (1200)هاوڵاتی سیڤیڵی ئه‌مریکا به‌ نێوی"لویستیانیا" له‌ ئاوه‌کانی ئه‌ورپا به‌ فه‌رمانی ئه‌مریکا نزیک ده‌خرێته‌وه‌ له‌و سنورانه‌ی که‌ هێزی ده‌ریایی ئه‌لمانیا کۆنتڕۆڵی کردووه‌،ئه‌ڵمانه‌کان ده‌سبه‌جێ بۆردومانی ده‌که‌ن ونقومی ده‌که‌ن به‌ هه‌موو سه‌رنشینه‌کانیه‌وه‌.ئه‌م ڕوداوه‌ له‌ ڕێگای میدیاوه‌ رای گشتی ئه‌مریکای پێ جۆش دراو به‌ هه‌زاران که‌س نێوی خۆی بۆ سوپا نووسی،ڕای گشتی بۆ 1200 خه‌ڵکی بێ تاوانی سیڤیڵ چووه‌ ژێرباری قبوڵکردنی ئه‌و پلانه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی خۆی،به‌ڵام باجی ژماره‌ی کوژراوانی ته‌نیا ئه‌مریکا له‌شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م (323،000)که‌س بوو.
 
 له‌ فواره‌ی لێدانی سروده‌ حه‌ماسیه‌کان،له‌ ئاو و هه‌وای حازر کردنی خه‌ڵك بۆ "تۆڵه‌"یه‌کی گه‌وره‌تر،له‌‌ بڵاو بونه‌وه‌ی بۆنی باروت له‌نێو کۆڵانه‌کان و قه‌ڕه‌باڵغی ماڵه‌تازیه‌باره‌کانی ئه‌مڕۆی که‌رکوکدا،ڕه‌نگه‌ گفتوگۆی واقیعی سه‌دایه‌کی که‌می هه‌بێ،به‌ڵام هه‌ست کردن به‌لێپرسراوێتی به‌رامبه‌ر راگرتنی خوێنڕشتنی هاوڵاتیان له‌سه‌ر که‌یسێکی فریوده‌رانه‌ ئه‌رکی هه‌موو که‌سێکه‌ که‌ بیه‌وێ له‌ گۆشه‌یکدا خزمه‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئه‌فسانه‌ ئیعلامیانه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی بکا ،که‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ل هاوشێوه‌کانیان و شه‌ریکه‌کانی دوێنێیان له‌ ئه‌مریکا وحکومه‌تی عێراقی وبه‌ره‌ی تورکمانی، هه‌رهه‌موویان به‌یه‌که‌وه‌ به‌دوای کلیلی نه‌وتدا ئاماده‌ن شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی خوێناوی به‌رپا بکه‌ن.
 
 ئه‌گه‌ر دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر،هاولاتیانی کورد له‌ که‌رکوک،داوای مۆڵه‌تیان کردبا بۆخۆپیشاندان له‌دژی گه‌نده‌ڵی ،وه‌ڵامی پارتی ویه‌کێتی چی ده‌بوو ؟ وه‌ڵامه‌که‌ هه‌ر ئه‌و وه‌ڵامه‌ ده‌بوو،که‌ ئاسایش له‌سلێمانی وله‌هه‌ولێر به‌هاوڵاتیانی ده‌داته‌وه‌ "له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌منی مۆڵه‌ت نیه‌" ئه‌ی ئه‌و سیحره‌ چیه‌ که‌وای کرد هه‌ردوکیان ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌منیه‌ فه‌رامۆش بکه‌ن و نه‌ک له‌ سلێمانی وهه‌ولێر به‌ڵکو له‌ که‌رکوکێک که‌له‌به‌ره‌ی جه‌نگ ده‌چێ خه‌ڵک بانگه‌واز بکه‌ن بۆ خۆپیشاندان ؟ ئه‌وان فه‌رامۆشیان کرد،چونکه‌ خۆیان زۆر زیاتر له‌ حکومه‌تی عێراقی و به‌ره‌ی تورکمانی پێویستیان به‌ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی هه‌بوو .
 
 خه‌ڵکی که‌رکوک به‌ر له‌وه‌ی خۆیان بکه‌نه‌ قوربانی و گیرۆده‌ی ئه‌فسانه‌ فریوده‌ره‌کان،پێویسته‌ پرسیارێکی زۆر واقیعی له‌ خۆیان بکه‌ن،پرسیار له‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سلێمانی وهه‌ولێر له‌ 16 ساڵی ڕابردودا چ خۆشیه‌کیان له‌ کلیلی ئیبراهیم خه‌لیل و مه‌رزی پێنچوین بینی تا ئێوه‌ش خۆشی له‌ نه‌وتی که‌رکوک ببینن ؟
 له‌ باری ئاینده‌ی سیاسیه‌وه‌ ،ده‌سه‌ڵاتی کوردی خه‌ریکی ژماردنی لاپه‌ڕه‌ی شکستی ستراتیژه‌کانی خۆیه‌تی،بۆ وه‌ستاندنی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش‌،وه‌کو حکومه‌تی عێراقی وبه‌ره‌ی تورکمانی ئاماده‌یه‌ هه‌موو کارتێک به‌کاربێنێ،دوواکارتیشی موغامه‌ره‌ کردنه‌ به‌ خوێنی خه‌ڵکی کوردی که‌رکوک،بۆ وروژاندنی شۆڤێنیزمی تورکمان،بۆ فشارهێنان بۆ ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی مه‌رکه‌زی،ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌رکه‌زی که‌به‌بێ ته‌نازولاتی یه‌ک له‌ دوای یه‌کی پارتی ویه‌کێتی ،ئاوا زوو به‌ ڕۆژگارێکی وه‌کو ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت.
  
 
 rezgar70ca@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply