Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

که‌ هاتیته‌وه‌…. ئاری ئه‌بوبه‌کر

Be First!
by February 14, 2008 ئەدەب

که‌ هاتیته‌وه‌ بۆت ده‌گێڕمه‌وه‌ له‌ ئه‌لفه‌وه‌ بۆ "ی"ای، باسی چونه‌ ناو دۆزه‌خت بۆ ده‌که‌م، باسی خواو له‌دایکبونی ئاده‌مت بۆ ده‌که‌م، باسی یه‌که‌م خۆشه‌ویستی مرۆڤ، یه‌که‌م سێو و یه‌که‌م ماچت بۆ ده‌که‌م، که‌ هاتیته‌وه‌، گه‌رایته‌وه‌ بۆ ناو باوه‌شم، بۆناو هێلانه‌که‌ی خۆت، بۆ ناو سینه‌م، بۆت ده‌گێڕمه‌وه‌، باسی سه‌فه‌ری گلگامشت بۆ ده‌که‌م، سه‌فه‌ری نه‌مری، سه‌فه‌ری هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ڕه‌نگ و ده‌نگدا له‌ منی عاشق ده‌چن، باسی که‌وتنی بات بۆ ده‌که‌م، که‌ له‌ تاو عاشق بون به‌ تۆ که‌وت و هه‌ڵنه‌ستایه‌وه‌، با به‌و هه‌موو خوایه‌تییه‌ی خۆیه‌وه‌ نه‌یتوانی له‌ به‌ر تیشکی تۆدا خۆی بگرێت، ئیتر منێکی پیر چۆن داوای ئه‌وه‌م لێده‌که‌یت که‌ فه‌رهاد ئاسا کێوی بێستون هه‌ڵکۆڵم!!!

که‌ هاتیته‌وه‌ و باوه‌شت پیا کردم، باسی نشستیه‌کانی خۆمت بۆ ده‌که‌م، باسی که‌وتنه‌ یه‌ک له‌ دوایه‌که‌کانی پیاوه‌ بچکۆله‌که‌ت بۆ ده‌که‌م، باسی دا چه‌مان و شۆڕبونه‌وه‌م به‌ ناو ده‌شتی کاکی به‌ کاکییه‌کانی دۆزه‌خ و، دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو هاوڕێیانم، هه‌موو که‌سه‌کانم، جگه‌ له‌ تۆ هه‌موو هاماده‌ بوون له‌ دۆزه‌خ، هه‌موو ته‌یرو باڵداره‌کانی سه‌ر زه‌مین، هه‌موو ئه‌و‌انه‌ی له‌ کانی عه‌شق ئاویان خواردبووه‌ له‌وێ ئاماده‌بوون جگه‌ له‌ تۆ، هه‌موو عاشقانی دێ، سه‌رمه‌ستانی شار، گێره‌شێوێنه‌کان، تێکده‌ره‌کان، گومانداران، ڕۆژنامه‌ نوسان، شاعیران، نوسه‌ره‌کان، هه‌مویانم به‌ چاوی خۆم دیت.

که‌ هاتیته‌وه‌ که‌ بینیمیت بۆت باس ده‌که‌م، هه‌مووی هه‌ر هه‌مووی، ورد و درشتی، گه‌وره‌و بچوکی، که‌م و زۆری، هات و نه‌هاتی، باش و خراپی، ڕۆژ و شه‌وی، له‌ بسمیللاوه‌ بۆ سه‌ده‌قه‌ڵاوعه‌زیمی، هه‌موی بێئه‌وه‌ی مسقاڵه‌ زه‌ره‌یه‌کی لێقرتێنم، شه‌وانی دورودرێژی چاوه‌ڕوانی، ڕۆژانی سه‌ختی برینداری، نیوه‌ڕوانی هه‌ناسه‌ ساردی، هه‌نگوینی تاڵی ژیانی عاشقی، ماچه‌ خه‌یاڵییه‌کان، تێکه‌ڵاوبونه‌ بێگوناهه‌کان، ئاهه‌‌ فه‌رسه‌خیه‌کان ، هه‌سته‌ قوڵه‌کان، ئومێده‌ هه‌تیوه‌کان، مرۆڤه‌ بێباوکه‌کان،

که‌ هه‌تیته‌وه‌ وه‌ره‌ ئێره‌ تێر ماچت که‌م، باڕه‌نگت له‌ چاوانمدا بنه‌خشێت، ده‌مت له گوێمدا خه‌رق ببێت‌ ، شێی هه‌ناسه‌ت په‌نجه‌کانم به‌یه‌که‌وه‌ بنوسێنێت، داڵده‌ی په‌نجه‌ بێشه‌رمه‌کانم سینه‌ت و دراوسێکانی بێت،که‌ ها‌تیته‌وه وه‌ره‌ نزیکم، با به‌ڕۆژ بۆت بگریم و به‌شه‌ویش پاسه‌وانی دڵت، نه‌ بادا خوا نه‌ناسێک، بێ ئینسافێک بێ مروه‌تێک، بێ ئاگایه‌ک له‌ سوتانی من، بێت و دڵت له‌ خشته‌ به‌رێت، بێت و بنا‌غه‌ی ماڵی عیشقم تێکبدات و بتبات بۆ خۆی، هه‌موو ته‌مه‌نمی چنراوم بکاته‌وه‌ به‌ خوری، خۆت ده‌زانی چه‌ند هیلاکم؟

که‌ هاتیته‌وه‌، به‌پێخاوسی به‌سه‌ر ورده‌ شوشه‌دا به‌ره‌وڕوت هه‌مبه‌ڵه‌ ئه‌که‌م و دێمه‌ لات، گوڵێکی ته‌ڕ له‌ ڕه‌نگی پانتۆڵه‌ کاوبۆکه‌ت، بۆندار به‌ بۆنی سینه‌ت، شێدار به‌ لێوه‌کانت، کاڵ وه‌ک پرچه‌ خاوه‌که‌ت، پێشکه‌ش ده‌که‌م.
که‌ هاتیته‌وه‌ ملوانکه‌یه‌کت بۆ ده‌هۆنمه‌وه‌ له‌ ووشه‌، کاڵایه‌کت بۆ ده‌دورم له‌ ڕسته‌، ماڵێکت بۆ دروستده‌که‌م له‌ په‌ڕتوک، دنیایه‌کت ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ست له‌ خۆشه‌ویستی، گه‌ردونێکت ده‌ده‌مێ له‌ عه‌شق، دیاریه‌کت ده‌ده‌مێ شایانی خۆت بێت، خوایه‌تی، خوایه‌تیت ده‌ده‌مێ. ‌

Previous
Next

Leave a Reply