
دیمانه له‌گه‌ڵ ژیلیای گۆرانی بێژ –ئاماده‌کردنی زانا گه‌ڵاڵی
ڕقی له زستانه :
به‌ڵام به کوردی و ئینگلیزی گۆرانی ده‌ڵێت
نه‌رویژ/ زانا گه‌ڵاڵی……
ژیلیا-ی کچه گۆرانیبێژ: له ساڵی 1988 له‌شاری هه‌ولێر له دایک بووه‌و له ساڵی 1998 له گه‌ڵ بنه‌مه‌ڵه‌که‌یان به‌ره‌و وڵاتی دانیمارک کۆچیان کردووه‌و به‌هه‌ردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی گۆرانی ده‌ڵێت ..
له‌م دیداره‌دا که بۆ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ سازدراوه ژیلیا ده‌ڵێت : له ئێستادا له ستایلی گۆرانی ئینگلیزی‌دا سه‌رکه‌وتووترم ، به‌ڵام له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدام بهئاڕستهی کارکردنی به‌رده‌وام له گۆرانی کوردی و هیوادارم به‌هاکاری هونه‌رمه‌ندانی تر له‌م بواره‌دا پێش بچم . له به‌شیکی تری دیداره‌که ژیلیا ده‌ڵێت : رقم زۆر له زستانه، چونكه وه‌رزێکی تاریكه هه‌میشه حه‌ز به رووناكی ده‌كه‌م، دوو رِوویی دڵته‌نگم ده‌كا. له‌گه‌مان بن بۆ یه‌واوی دیداره‌که
له‌وه‌ڵامی پرسیارى (ژیلیا كێیه؟) ئه‌و وتى: من ناوم ژیلیایه، له‌ساڵی (1988) له‌شاری هه‌ولێر له‌دایكبووم. دواتر له ساڵی (1998) له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌مان به‌ره‌و وڵاتی دانیمارك هه‌وارمان پێچاوه‌ته‌وه.
به‌هۆی كاریگه‌ریی باوكم له هونه‌ر نزیكبوومهوهو له‌ساڵی (1998)ه‌وه خولیای هونه‌ر بووم، له‌سه‌ره‌تادا به‌لاساییكردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده بیانییه‌كان دهستمێکردو له‌دواییداو له‌سه‌ره‌تای (2004)ه‌وه به‌هۆی كاریگه‌ریی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی كورد‌و هاندانی بنهماڵهكهمهوه زیاتر خۆم له هونه‌ری كوردی نزیككرده‌وه.
* ده‌رباره‌ى تۆماركردنى یه‌كه‌م به‌رهه‌میشی وتى: بێگومان کێشه زۆرن له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ند به‌تایبه‌تی له‌هه‌نده‌ران، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد په‌نا ببه‌مه‌وه بۆ كوردستان و له رێگه‌ی هاورێیه‌کی كۆنی باوكم به‌ناوی مامۆستا ئه‌رسه‌لان ده‌شتی، یه‌كه‌م به‌رهه‌می هونه‌ریم له‌دایكبوو، به‌ڵام له‌ناو ستۆدیۆ زۆر سه‌خت نه‌بوو بۆم به‌هۆی كاركردنی پێشترم له‌ستۆدیۆدا.
ئه‌م به‌رهه‌مه له ئاواز‌و هۆنراوه‌و دابه‌شكردنی ئه‌رسه‌لان ده‌شتی-یه‌و به‌ڵێنی هاوكاری زیاتریشی پێداوم و زۆر سوپاسی ده‌كه‌م و سوپاسی هه‌موو هونه‌رمه‌ندێک ده‌كه‌م كه له كاركردنمدا ده‌یانه‌وێ هاوكاریم بكه‌ن. به‌ڵام ئاوازه‌كانی گۆرانی ئینگلیزی خۆم دایانده‌نێم.
* له‌هیچ خوێندنگه‌یه‌ك یان كۆرسێكی هونه‌ری خوێندوته؟
-نه‌خێر ته‌نها له رێگه‌ی ستۆدیۆیه‌كی گه‌نجان له‌و شاره‌ی كه‌لێی ده‌ژیم هاوكاری كراوم، به‌ڵام وه‌كوو كۆرس یان خوێندن به‌شداریم نه‌كردووه.
* تاكو ئێستا به‌دوو زمان گۆرانیت هه‌یه، زمانی كوردی و ئینگلیزی و به‌دوو ستایلی جیاش، بۆیه ده‌پرسین خۆت له‌كامیاندا بهسهركهوتووتر ده‌زانیت و به‌نیازیت له‌كامیاندا به‌رده‌وام بیت؟
-له‌ئێستادا له‌ستایلی ئینگلیزی سهركهوتووترم، به‌ڵام هه‌وڵی به‌رده‌وامم له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ئاراسته‌ی گۆرانی كوردی ده‌بێت و هیوادارم به هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی تر له‌م بواره‌دا به‌ره‌و پێشبچم.
*تا چه‌ند شێوه‌ی كلیپ له‌ته‌كنیك و وێنه‌گرتن و ده‌رهێنان كارده‌كاته سه‌ر سه‌ركه‌وتنی گۆرانی؟
-بهرِای من هه‌موو كاره‌كان له‌هه‌ر به‌رهه‌مێک ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، به‌ڵام هه‌ندێكجار دووره ده‌ستی له هاوكاری كارده‌كاته سه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ی كه هونه‌رمه‌ند ده‌یه‌وێت بیهێنێته‌دی.
*تا چه‌ند پێویسته هونه‌رمه‌ندانی ژن بۆ نووسینی تێکستهكانیان پشت به نوسه‌رانی ژن ببه‌ستن؟
-گۆرانی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی جوانه له ژیاندا، بۆیه گرنگ نییه پیاو بینوسێت یان ژن، چونكه هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن بۆ شته جوانه‌كان.
* رقت له‌چییه‌و چ شتێک دڵ ته‌نگت ده‌كا؟
-رقم زۆر له زستانه، چونكه وه‌رزێکی تاریكه هه‌میشه حه‌ز به رووناكی ده‌كه‌م، دوو رِوویی دڵته‌نگم ده‌كا.
* ژیلیا تاچه‌ند برِوای به‌خۆشه‌ویستییه؟
-ده‌توانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له چه‌ند وشه‌یه‌ك كۆبكه‌مه‌وه، خۆشه‌ویستی مانای ژیانه، ژیانیش بریتییه له گرێدانی مرۆڤ به خاك و كه‌لتورو هه‌موو شته جوانه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌نێوانیشیاندا خۆشه‌ویستی مرۆڤه‌كان بۆ یه‌كتریی، ئه‌مانه هه‌مووی ده‌كرێت ببنه هه‌وێنی خه‌ون و ئاره‌زووی هه‌ركه‌سێک.
* جوانترین دیاری كه‌مرۆڤ پێشكه‌ش به‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بكات چییه؟
-راستگۆیی سۆز‌و خونچه گوڵێک.
* ژیلیا چ جۆره جلوبه‌رگێکی لا جوانه‌و رقی له چ جۆره جلوبه‌رگێکه؟
-له كاتی كاركردن یان خوێندن هه‌ر جلوبه‌رگێک بێ لام گرنگ نییه، بۆ ئاهه‌نگ زۆر حه‌ز به‌جلوبه‌رگی كوردی ده‌كه‌م یان هه‌ر جلێکی كه پێمجوانبـێ.، جلێ چه‌ند كچانه بێت جوانه پێم، ئه‌و جله‌ی كه رقم لێتی پانتۆڵه، چونكه له‌به‌ركردنی لای من فراوان نییه بۆیه كه‌م پانتۆڵ به‌كاردێنم.
* تاچه‌ند گرنگی بهماكیاژ ده‌ده‌یت؟
-به‌كارهێنانی كه‌مێک مكیاژ به مه‌رجێک رووخساری سروشتی نهگۆرِیت.
*خه‌ونه‌كانت چییه؟
-خه‌ونه تایبه‌تییه‌كانی خۆم، به‌ده‌ستهێنانی برِوانامهیهك كه له دوارِۆژ میلله‌ته‌كه‌م سودی لێ وه‌ربگرێت و پێشكه‌وتن له بواری هونه‌ریی و بۆ وڵاته‌كه‌شم سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، ئاواته خوازیشم له دوارِۆژێکی نزیك كۆنسێرت بگێرم، داهاته‌كه‌ی له‌خزمه‌ت ئه‌و مناڵانه‌ی كوردستان بخهمهگهرِ كه تائێستا له خه‌ونه‌كانیان بێبه‌شن.
* تاچه‌ند گرنگی به‌وه‌رزش ده‌ده‌ی؟
-تا راده‌یه‌كی باش گرنگی به وه‌رزش ده‌ده‌م له پێنااو ته‌ندروستییه‌كی باش تۆپی پێ و تۆپی سه‌به‌ته‌ش (باسكهت باڵ) زۆر حه‌زم لێیه.
له‌دواجاریشدا، ژیلیا وتى: سوپاسی بهسهركردنهوهتان ده‌كه‌م و هیوادارم یه‌كه‌م كلیپیشم به‌دڵی عاشقانی گۆرانی بێت له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی وڵات.
تێبینی – له‌ژماره (4489 ) ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ له‌لاپه‌ڕه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگ بڵاو کرایته‌وه .